Skip to Content

کێشەی توێژینەوەی فەلسەفەیی.. کاوە جەلال

کێشەی توێژینەوەی فەلسەفەیی.. کاوە جەلال

Closed
by ئایار 9, 2021 General, Opinion


دەمەوێت لە ئەزموونی فێرخوازیی خۆمەوە بێمە نێو پرسی ناونیشانی ئەم نووسینەوە.
نیوەی یەکەمی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو فێرخوازی فەلسەفە بووم لە زانستگەی بامبێرگ. بێگومان فەلسەفە وەک بەشی سەرەکی، دوو بەشە لاوەکییەکەم بریتی بوون لە پسیکۆلۆژی و ڕامیاریناسی.
بەشەکەمان بچووک بوو، لەتەک مامۆستا و پرۆفیسۆرەکاندا زۆر جار لە “کاتی گفتوگۆی مامۆستا لەتەک فێرخوازان”دا، لێ لە دەرەوەی ئەو کاتانەش، دەرفەت دەڕەخسا تەنانەت لە پرسی دیکەی دەرفەلسەفەیی بدوێین. بۆ نموونە ڕۆژێک پرۆفیسۆرێک، دوای ئەوەی زانیی کە من کوردم، کەمێک بەماتی گۆتی: “گەلی ئێوە تۆپی پێی دەوڵەتانە، بەداخەوە، بەڵی زۆر بەداخەوە، ئاخر ئێوە شایانی لەوە زیاترن. لێ کێشەی سەرەکیی ئێوە خیانەتە. من باوەڕ ناکەم ئەوە تەنیا کێشەی سەرکردەکانتان بێت. من وای دەبینم خیانەت بە ئێوەی کورد توخمییە. ئاخر خیانەت هۆکاری ئەوەیە کە ئێوە دەوڵەتتان نییە. بێگومان ئێوە خۆتان دەبێت باشتر لە هۆکاری ئەوە تێبگەن. من ئەڵمانم و لە دەرەوە هەر ئەوەندە لێتان تێگەیشتووم.”
بە هەر حاڵ مرۆ ئەوها ڕاشکاوانە ڕای خۆی دەردەبڕی. بێگومان ئەو جۆرە گفتوگۆیانە زۆر دەگمەن و لاوەکی بوون، هەندێک جار وەک تێبینییەک لە دانیشتنێکدا دەردەبڕران و دەبوون بە بابەتی دانوستاندن، چونکە منیش بۆ نموونە لەسەر تێروانینی وەک ئەوەی سەرەوە وەڵام و ڕوونکردنەوەم هەبوو.
ڕۆژێک لەتەک مامۆستایەکدا کە کەمێک بوو بوو بە ناسیارم، گفتوگۆمان دەکرد. لەو میانەیەدا لێی پرسیم: دەتەوێت توێژینەوەی ماگیستەرەکەت لەبارەی چە پرسێک بنووسیت؟”، لە وەڵامدا گۆتم: “خۆت دەزانیت ماوەیەکە زۆر خەریکم بە پرسی “غوربەت”ەوە لای سارتر، ڕەنگە ئەمە پرسێک بێت، لێ هەنووکە کێشەی “ناسەرڕاستی” لە “بوون و نەبوون”ی سارتردا زۆر پێکاومی. ڕەنگە ئەمە بابەتێک بێت بۆ لێتوێژینەوە.” ئەو تەماشای کردم و بەپوختی پرسیی: “فەڕەنسی دەزانیت؟”، وەڵامم دایەوە: “نەخێر”، ئەویش سەرلەنوێ کورت و پوخت گۆتی: “کەواتە ناتوانیت لەبارەی سارتر بنووسیت.”
زۆر سەرم لەو حوکمەی ئەو سووڕما. هیچم نەگۆت، لێ هەر لە ناخمدا مایەوە، بۆیە لە دانیشتنێکی دیکەماندا ڕوومکردەوە ئەو کێشەیە و لێم پرسی: “بۆچی ناتوانم توێژینەوەیەکی ماگیستەر لەبارەی سارتر بنووسم تەنیا لەبەر ئەوەی فەڕەنسی نازانم؟”.
لە وەڵامدا گۆتی: “ئاخر نابێت. چونکە فەڕەنسی نازانیت. نوقتە. هەروەها لێت قبووڵناکرێت. ئەمیان سەرەنجامە. گرنگ ئەوەیە کە “تۆ” لە بنەڕەتی زمانەوە ناتوانیت توێژینەوەیەکی ئەکادیمیانەی ماگیستەر لەبارەی فەیلەسوفێکی فەڕەنسی بنووسیت. تۆ دەتوانیت ئەوە وەک توێژینەوەی “کاری ماڵەوە” کە هەموو فێرخوازێک دەبێت لە میانەی فێربوونی زانستگەییدا بیکات، ئەنجام بدەیت و دەچێتە خانەی خەریکبوونەکانتەوە لەنێو مێژووی فەلسەفەدا. لێ لە توێژینەوەی ماگیستەردا دەبێت ڕەچاوی نوێترین ئاستی توێژینەوە لەو بوارە هەڵبژێرراوەدا بکرێت، ئەوجا توێژەر مێتۆدییانە نوێیەتیی کارەکەی دەربخات. تۆ پەیوەند بە سارترەوە ئەو نوێیەت پێ بەدیدەهێنرێت گەر لە سارتر بە زمانی خۆی بتوێژیتەوە، ئەوجا دەتوانیت بۆ سەرچاوەی لاوەکی ڕووبکەیتە توێژینەوەی ئەڵمانی و فەڕەنسی یان ئینگلیزی لەبارەی ئەو. خوێندنی ماگیستەر لای ئێمە ئامادەکارییە بۆ بوون بە توێژەر. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە یاسا ڕێ دەدات، کە گەر فێرخوازێک بابەتێکی تایبەتیی هەبێت و شیاوی توێژینەوەی دکتۆرا بێت، هاوکات پرۆفیسۆرێک ئەوەی لێ قبووڵ بکات، ئەوسا دەتوانێت یەکسەر نەک توێژینەوەی ماگیستەر، بەڵکو دکتۆرا بنووسێت. بەکورتی: کێشەی کرۆکییانەی فەلسەفە زمانی فەلسەفەیە کە توێژەر بەڕێیەوە دەچێتە نێو پرسەکانەوە. تەماشا بکە، من هەموو پلاتۆنم لە وەرگێرانی شلایەرماخەر خوێندۆتەوە، باوەجو ئەو لە وەرگێڕاندا هەڵەی زۆری کردووە، ئەوەش گرنگ نییە، چونکە هیچ وەرگێڕانێک نییە هەڵەی تێدا نەبێت. لێ من لە توێژینەوەمدا دەبێت پلاتۆن بە زمانی خۆی بخوێنمەوە و گەر ئیقتیباسێکم پێویست بێت، خۆم وەریدەگێڕم، لە زاری پلاتۆن خۆیەوە، کە هەردەم جیا دەکەوێتەوە لە هەر وەرگێڕانێکی دیکەی پلاتۆن، ئەوجا لە کۆنتێکستی نووسینەکەم جیانابێتەوە.”
تێڕوانینەکانی زۆر پرسیاریان لام وروژاند: پرسیار لەبارەی توێژینەوەی فەلسەفەیی لە وڵاتە ئەرەبییەکان، لەبارەی وەرگێڕانەکان بۆ ئەرەبی، بە تایبەتی خەریکبوون بە فەلسەفەی ئەڵمانییەوە لە زمانانی دیکەی وەک فەڕەنسی و ئینگلیزییەوە، ئەوجا بۆ نموونە وەرگێڕانی تێگەی “گایست / Geist”ی ئەڵمانی (یان هێگل) بۆ “ئەلڕووح”، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەرەبەکان لە زمانی خۆیاندا “وشە”کەیان نییە، یان “بوون / Sein” بۆ “ئەلوجود” کە ئەمیش هەروەها بەهۆی نەبوونی وشەکەوەیە لە زمانی ئەواندا، لێ کێشەکە لێرەدا ئەوەیە، کە هەر ئەوەندەی وجود لەبریی بوون کرا بە بنەڕەت و هەرچییەکی وەک نووسین لەسەر بنیاتنرا، هەڵە دەردەچێت. ئاخر “بوون” و “لێرەبوون / وجود” دوو تێگەی جیاوازن و مرۆڤ ناتوانێت ببێژێت، ڕاستییەکەی بۆی نییە ببێژێت: “من بوون دەکەم بە وجود”، یان بە پێچەوانەوە: “من وجود دەکەم بە بوون”. مرۆڤ دەتوانێت ئۆنتۆلۆژیانە، واتا بوونناسییانە لە لێرەبوون / وجود بتوێژێتەوە، لێرەشدا ئاشکرایە دەبێت تێگەییانە جودا لە یەک دایانبنێت. یان گایست / هۆش بۆ نموونە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووحەوە نییە. ئاخر ڕووح خوداییە، خودا خۆی “دەیخاتە” نێو مرۆڤەوە و لێی وەردەگرێتەوە. کەواتە گەر مرۆ هێگلی بە زمانی خۆی بخوێنایەتەوە، ئەوجا لێی تێبگەیشتایە و بیبینیانە کە لە زمانەکەی خۆیدا واژەیەکی بەرانبەریی بۆ ئەو تێگەیەی هێگل نییە، ئەوسا واژە ئەڵمانییەکەی وەردەگرت و لە فەرهەنگۆکدا شرۆڤەییانە ڕوونی دەکردەوە، واتا دەینووسی “فينومينولوجية الغايست”، یان “گایست”ی بەگوێرەی نووسینەکەی هێگل ناوەرۆکییانە وەردەگێڕا بۆ “الوعي”. ئاخر “فێنۆمێنۆلۆژیی هۆش” لە بنەڕەتدا خەریکبوونە بە ئاگاییەوە.
با زۆر لە بابەتی سەرەکیمان دوورنەکەوینەوە. مرۆڤ بۆ “بڕێک” تێگەیشتن لە هەر فەیلەسوفێک دەتوانێت لە زمانانی نائۆریجینالەوە کۆششی خۆی بکات، تەنانەت بە بەرواردی چەند سەرچاوەیەکی وەرگێڕراو “تا ڕادەیەک” توێژینەوە ئەنجام بدات. لێ با بگەڕێمەوە بۆ لای ئەو بەڕێزە. کە پێم گۆت ئەرەبەکان “گایست”ی هێگلیان وەرگێڕاوە بۆ “ئەلڕووح” و واتای ئایینیانەی ڕووحم بۆ ڕوونکردەوە، یان “بوون و نەبوون”ی سارتریان کردووە بە “الوجود والعدم”، خۆی پێنەگیرا و دایە قاقای پێکەنین، لێ خێرا خۆی گرتەوە و ڕێزمەندانە گۆتی:
“ئەو جۆرە هەڵانە لە نێوان هەموو کولتوورەکاندا ڕوودەدەن، بۆیە من پێت دەبێژێم، ڕاستییەکەی ئێمەی ئەڵمان دەبێژین، کە بۆ نموونە مەرجی توێژینەوەی ئەکادیمیانەی کۆتایی لەبارەی سارتر شارەزاییە لە زمانی فەڕەنسی و فەڕەنسییەکەی سارتردا. بڕوانە لە ئەمەریکای لاتینی چییان لە هزری هایدێگەر کردووە. تەواو شێواندوویانە، کردوویانە بە ئەنترۆپۆلۆژی (مرۆڤناسی)! ئەوە چیدی هایدێگەر نییە، جا گەرچی ئەوان سەر بە هەمان بازنەی کولتووریی ئەوروپیانەن، کەواتە تەواو جیاوازن لە خۆرهەڵاتییەکان. ئێمە لە دێرزەمانەوە، لە چەرخی نێڤینەوە دەزانین کە لە زمانی ئەرەبیدا ڤێربی “sein” نییە کە لێوەی ناوی “das Sein” (being) دروستدەکرێت.
(لەوێدا یەکسەر تێبینییەکم دا و گۆتم، بەڵێ ئەوەم لای تۆماس هۆبس خوێندۆتەوە کە هێرش دەکاتە سەر پرسی ئۆنتۆلۆژیانەی “esse” ی لاتینی و بە زیادەی دادەنێت، ئەوجا نموونەی ئەرەبەکان دەهێنێتەوە کە گەرچی ئەو ڤێربە لە زمانەکەیاندا نییە، سەرباری ئەوە دەتوانن بفەلسەفێنن.) پاشان ئەو بەردەوام بوو:
“… بەڵێ، ئیدی بۆچی و چۆن خۆیان بە فەلسەفەکانی وجود، یان بە وجودگەرایی سارترەوە خەریکدەکەن؟ گەر پرسەکە فەلسەفەییانە لای ئەوان بەواتا بێت، ئەوسا دەبێت وشەیەک دروست بکەن کە شیاوی گەردانکردن بێت. ئاخر هەر ئەوەندەی لە نووسیندا “بوون” و “وجود” تێکەڵکران، ئیدی خوێنەر نازانێت مەبەستی ئەوان لەچییە (کەواتە تازە دەستپێکردوویەکی نێو فەلسەفە یەکسەر فریودەخوات و بەسەهووودا دەبرێت، کەواتە خیانەتی لێدەکرێت – ک.ج.). من ئێستاش تێناگەم کە بۆچی خەڵکی وڵاتە ئیسلامییەکان خۆیان بە فەلسەفەکانی ئەوروپاوە خەریک دەکەن؟ ئاخر سەرەتا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەوان چییان لەو فەلسەفانە دەوێت؟ ئەمە سەرەتا پرسیارێکی پرنسیپییە و ئاڕاستەی هەموو کەسێک، ئەڵمانێکیش، دەبێتەوە، ئەوجا پرسیارەکە ئاڵۆزتر دەبێت گەر کەسانی کولتوورێکی بە ئێمە نامۆ خەریکی فەلسەفەی ئێمە بن. ئایا بۆچی تۆ فەلسەفە دەخوێنیت؟ بێگومان گەر بتەوێت لە ئەڵمانیا بە ئەڵمانی لەسەری بەردەوام بیت، ئەوە بڕیار و ڕێگەی خۆتە، لێ گەر تۆ بتەوێت بە کوردی کاری فەلسەفەیی بکەیت، ئەوسا دەبێت ڕوانگەی ئەڵمانیانە و کوردیانەی خۆت جیابکەیتەوە و مشتوماڵیان بکەیت، خۆت زمانفەلسەفەیی بە هەردوو زمانەوە خەریک بکەیت. جگە لەوە ئێمە ئەمڕۆ لە خۆرئاوا بەر تەحەدای “کۆتاییهاتنی فەلسەفە” کەوتووین. ئەی ئێوە لە خۆرهەڵات خۆتان لەکوێی کارکردنی فەلسەفەییدا دەبیننەوە؟ تۆ جارێک گۆتت کە بەدەگمەن نووسینی فەلسەفەیی بە کوردی هەیە، لێ ئەدەبی کوردی دەوڵەمەندە. ئەمە لە بنەڕەتدا زەخیرەیەکی لەباری کارکردنە لە هزری کولتوورەکەی خۆتدا کە لەنێو ئەدەبەکەتانەوە دەربڕراوە. تۆ دەتوانیت مێتۆدی هزرینی خۆت گۆڕان پێبدەیت و لە ئەدەبی کولتوورەکەتدا کاربکەیت. یان یەکسەر لە ئەڵمانییەوە هەندێک بابەتی ئەڵمانی وەربگێریت، لێ من گومانم هەیە ئەم کارەیان سەربگرێت.”
ئێستا من بە سووڕماوی پرسیارم لێکرد: “بۆ سەرناگرێت؟”. لە وەڵامدا گۆتی: “نازانم. تەنیا گومانم هەیە. زمانی ئەڵمانی تێگەییە، زمانی ئێوە، کوردی، ئەرەبی، پەخشانییە.”
منیش گۆتم: “من ئەوە دەزانم، لێ دەتوانین لە کارکردنماندا خەریکی تێگەسازی بین. جگە لەوە زمانی کوردیش هاوشێوەی ئەڵمانی زمانێکی ناتورالیستییە و زۆر چاک دەرفەتی تێگەسازیی لەخۆگرتووە.”
زۆر سەری لەم حوکمەی من سووڕما و پرسیی: “چیییی؟”
منیش جەختم لێکردەوە: “ناتورالیستییە. ئێوە دەبێژن “Vorstellung” (فۆڕشتێلونگ)، ئێمە دەبێژین “پێشبینی”. فۆڕشتێلونگ لە پێشدانراوەوە، واتا لە دانراوەوە لە بەردەم خۆدا کە هزر ئەوەی کردووە، بەدیهێنراوە، کەواتە تێگەکە لە دەرککردنەوە سازێنراوە؛ یان ئێوە دەبێژن “begreifen”، کە واتای تێگەیشتن دەگەیەنێت، لێ ئەوە لە کرداری دەستەوە هاتووە کە دەیبات بۆ شتێک و دەیخاتە نێو مشتی خۆیەوە، ئەوەشتان کردووە بە “Begriff”، واتا بە تێگە؛ یان “Auffassung”، کە گرتنی شتێکە بە دەست لە سەرەوە و لای ئێوە واتای “تێڕوانین، بیروڕا” دەگەیەنێت”. ئێوەی ئەڵمان بە پێشگرەکانی نێو زمانەکەتان بەردەوام واژە و دەستەواژە و تێگەی نوێ دەسازێننەوە، ئێمەی کوردیش پێشگرمان زۆرە لە زمانەکەماندا، هاوشێوەی ئەڵمانی.”
بینیم ئەویش سووڕما و بە زەردەخەنەیەکەوە گۆتی: “ئاخسۆۆۆۆ (ئاوااا)، مەبەستت لە ناتورالیزم ئەوەیە!!”.
ئەو گفتوگۆیە پرسیاری دیکەی لەگەڵ خۆیدا هێنا و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. ئاخر ئەویش فزوولی بوو و دەیوست لە ڕێگەی فێرخوازێکی ڕەچەڵەک خۆرهەڵاتیی خۆیەوە باشتر لە هەندێک پرس تێبگات.


کاتێک ئەمڕۆ ئەو جۆرە گفتوگۆیانە و ئەزموونی دیکەی فرە دەهێنمەوە یاد، ئەوجا لە وەرگێڕانەکان دەهزرێم، پێکەنینم دێت. بۆ نموونە وەرگێڕانی هەڵەی “بوندسکانتسلەر / Bundeskanzler” بۆ “المستشار الالمانی” کە وەرگێڕانێکی فەرهەنگییە نەک تێگەیی، هاوکات کوردەکانیش ئەو هەڵە گەورەیەی ئەرەبەکانیان لە ئەوان وەرگرتووە و کردوویانە بە “ڕاوێژکار”. ئاخر کانتلسەری ئەڵمانی بەگوێرەی دەستوور سەرۆکوەزیرانێکە کە “ئاڕاستەکانی سیاسەتی ئەڵمانی دیاریدەکات”، “دەچەسپێنێت”، ئیدی ئایا چۆن ئەو دەسەڵاتە دەبێت بە “ڕاوێژکار”؟ ئەمیش لە بنەڕەتدا ناوێکە و گەرەکە وەک خۆی، هاوشێوەی ناوی “بەرلین” و “مارتین”، بەبێ وەرگێڕان دەرببڕرێت.
بەڵێ ئەو پرسیارە زۆر پڕبایەخە کە: ئایا خۆرهەڵاتییەکان چییان لە فەلسەفەکانی خۆرئاوا دەوێت؟ گومانی تێدا نییە کە هەندێک هزرڤانی ئەرەب مێتۆدی خۆییان گۆڕانپێداوە و کاری باشیان ئەنجام داوە، وەک ئارکون، یان نەسر حامد ئەبو زەید کە لە نووسینێکی قووڵمەغزایدا داوا دەکات پێویستە قورئان مێژووییانە بخوێنرێتەوە، لەسەر ئەوەش بە فەتوا لە ژنەکەی تەڵاق درا و ڕۆیشت بۆ هۆلەندا – هەر لەوێ سەرینایەوە.
ئێمە لەم جێیەدا لەنێو یەکێک لە پرسە کرۆکییەکانی ئەم کێشەکەداین. ئاخر کاتێک دەخوێنینەوە کە ئەرەبەکان، لایەنی کەم زۆر کەس لەوان، تێگەی “خودا” لای دێکارت وەردەگێڕن بۆ “الله”، جا گەرچی ئەو خودایە تەنیا ئیدێیەکە و “الله”یەکی ئافرێنەر نییە، یان ڕوونتر ببێژین، وەک ئیدێ تەنیا خودایەکی گەرەنتیدەری مەئریفەی ڕوون و ئاشکرایە، ئیدی بەر پرسیاری کەسی چالاکبووی هزری دەکەوین کە چۆن لەنێو هۆشی خۆیەوە کارەکانی ئەنجام دەدات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی کەسێکی پابەندی “الله”یەک خۆی بە دێکارتەوە خەریک دەکات؟ ئایا دژبێژیی دێکارت دەکات؟ ئەمە کارێکی ناڕەوا نییە، چونکە لێرەدا پرسی ڕوانگە فەلسەفەییەکان دێتەگۆڕێ، لێرەشدا دەکەوینە بەردەم پرسیاری “نەقڵ و ئەقڵ” لە لایەک کە کەسی دژبێژیکەر وەک بنەمای خۆی دایناوە، ئەوجا پرسیاری پێگەیاندنی سەبژێکتێکی ئاگامەند لای خودی دێکارت کە بە مەبەستی دەستگرتن بەسەر سروشتدا فەلسەفەییانە کاردەکات. کریستەکان خۆیان چەندین دژبێژیی بەم چەشنەی دێکارتیان کردووە. لێ مەسەلەکە لە وەرگێڕانی خشکەیی “خودا”کەی دێکارتدا بۆ “الله” ئەوەیە کە وەرگێڕەکان هەڵەیەکی گەورە قبووڵ دەکەن و تەنانەت گۆیا بۆ خاتری ئاوەزگەرییەک (!) دەیکەن بە نووسین، لێرەشدا کێشەکە بە هیچ شێوەیەک ئەوە نییە کە ئەوان لە دێکارت تێنەگەیشتبن. ئەمە نەشیاوە. ئاخر ئەوانیش زەینێکی سەلیمیان هەیە و کار دەکات، دەخوێنێتەوە و دەسەنگێنێت، کەواتە دەبینێت کە خوداکەی دێکارت ئافرێنەر نییە. نەخێر، مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەوان ئامادەییان بۆ درۆکردن تێدایە! کەواتە لە کرۆکەوە ئەلکەززابن! ئایا ئەوە لە ترسدا کە ئیدی بڕێک هزری دێکارتیان تا ڕادەی قبووڵکردن داوەتەوە؟ ئایا لە نائاگییەوە لەوە دەترسن کە بە دانوستانکردنی خودا وەک ئیدێ و الله وەک ئافرێنەر جیهان بەسەریاندا وێران ببێت؟ لێ ئەمە کێشە کرۆکییەکەی دێکارتە کە دەبێژێت، خۆت سەرەتا لە دابی سوننەتی ڕزگار بکە و ببە بە هزرڤانێکی ئازاد، ئەوجا ئازادانە خەریکی توێژینەوەکانت بە، لێرەشدا خودای چاک گەرەنتیدەری مەئریفە ڕوون و ئاشکراکانی تۆیە. یان ئایا ئەوان دەرەکییانە لە ترسی تاقمی ئەلئەزهەر و شێخەکانی دیکەی دین ئەوە دەکەن تا نەبینن ئەوان چییان دەوێت؟ گەر وا بێت، ئەوا پێویست ناکات لەبارەی دێکارت بنووسن! گەر فەلسەفەیەک بنەڕەتەکانی لە ئۆریجیناڵەوە بە زمانی خۆ دیارنەهێنرابن و بنەڕەتییانە لە کولتووری خۆدا نەکەوێتەوە کار، ئیدی هەر کارێکی لەسەر بکرێت، خۆفریودانە، فەلسەفە نییە، چونکە فەلسەفە لە ڕاستی و ڕاستبێژی جیانابێتەوە، نەخێر ئەوە تەنیا ڕستەسازییە بە زمانی سوننەتییانەی فەلسەفە.
پرسیارێکی دی: ئایا خۆرهەڵاتییەک دەتوانێت بە ئینگلیزی لە هزری هێگل تێبگات، جا نەخوازە لە ئەرەبی و فارسییەوە؟ یەکەمیان زەحمەتە، دووەمیان نزیکەی نەشیاوە. بۆچی؟ چونکە ئەو هزرە لە زمانی هێگل جیانابێتەوە. بۆ ئەمە نموونەیەک دەهێنمەوە.
هێگل لە دەستپێکی فێنۆمێنۆ-لۆژییەکەی خۆیدا، واتا خەریکبوونی فەلسەفەییدا بە پرسی ئاوەڵابوونی هزرینی دیالێکتیکییەوە، لە دەرککردنەوە دەردەچێت و شرۆڤەی دەکات. “دەرککردن”ی کوردی بە ئەڵمانی بریتییە لە “Wahrnehmung” (ڤارنێمونگ) کە وشەیەکی ئاوێتەیە، لە “wahr” و “nehmen”ەوە بەناوکراوە و واتای “ڕاست” و “وەرگرتن” دەگەیەنن. ئەوە هیچ کێشە نابێت گەر ئێمە بەگشتی ئەو واژەیە فەرهەنگییانە وەربگێڕین بۆ دەرککردن. ئاخر ڤارنێمونگ وشە بەرانبەرییە ئەڵمانییەکەی دەرککردنی کوردییە. لێ ئەم وشەیە وەک تێگەی هێگل لە کوردیدا دەبێت بە “ڕاست-گری”. بۆچی؟ چونکە هێگل یەکسەر بەگەڕی ناخات و بەدوویدا لەسەر نووسین بەردەوام بێت، کەواتە وەک چەسپیوێکی زمانەوانی گریمانەی ناکات، بەڵکو بۆ پێشاندانی هزری خۆی سەرەتا شرۆڤەی دەکات، واژە لێکدراوەکە بەش دەکات بەسەر کەرتە سادەکانیدا تاکو مەبەستی خۆی لە “ڤارنێمونگ” و واتاکەی لەنێو فەلسەفەی خۆیدا دیاربهێنێت. ئەو دەبێژێت: ئەوە کە من وەریدەگرم (لای خۆم بە سێنسەکانم / حەواسەکانم دەیگرم، دەرکی دەکەم)، ڕاستە، کەواتە گومانی لێناکرێت، بۆیە هزرینم دەشێت لەو ڕاستە (وەر)گیراوەوە بەرەو ژوور ئاوەڵاببێت. هێگل لە ڕەوتی خەریکبوونی فەلسەفەیی خۆیدا بە دیاردەی ئاگاییەوە و ئەوجا بۆ ڕوونکردنەوەی تێگەیشتنی خۆی لە دەرککردن (ی ئەڵمانی)، گەڕاوەتەوە بۆ واتای وشەکان و ڕەچاوی چاوگە ئەڵمانییەکەی کردووە، ئەوجا تێگەیەکی “نوێ”ی لە واتاکانی هەر یەکەی “ڤار” (ڕاست) و “نێمن” (وەرگرتن)ەوە سازاندووە و کردوویەتییەوە بە ڤارنێمونگ. گەر ئێمە هێگل بە زمانی خۆی بخوێنینەوە، ئەوسا لە هزرین و کارکردنی ئەو تێدەگەین، ئەوجا ناچار دەبین هەوڵی بێژتنی ئەوە بە کوردی بدەین کە ئەو بە ئەڵمانی بێژتوویەتی، لێرەشدا پێش هەموو شتێک بەر واژەی “ڤار / ڕاست” دەکەوین، لەم ڕوانگەیەشەوە دەبینین کە گونجاو نییە تێگەی “دەرککردن” بۆ “ڤارنێمونگ”ی ئەو دابنێین، بەڵکو گونجاوترە “ڕاستگری” بەکوردی دابنێین کە هەموو خوێنەرێکی فەلسەفەکار بە کوردی لێی تێدەگات، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە هێشتا هەر دانوستانکردنی وەک دەرککردن لە لایەن وەرگێڕ لە پەراوێزدا، لە لایەن توێژەر لە میانەی نووسینەکەیدا، پێویستە.
ئەمە بە هەمان شێوە تێگەی “زمان” لای هایدێگەر دەگرێتەوە. سەرەتا گەرەکە پەیوەند بەم پرسەوە ببێژین، ئەو دیاردەیە کە ئەڵمانەکان ناوی دەنێن “Sprache / شپراخە”، ئەرەبەکان ناوی دەنێن “لوغە” و کوردەکان ناوی دەنێن “زمان”. ئەمە دروستە. لێ پەیوەند بە هایدێگەرەوە کێشەیەکی زمانی دەکەوێتەوە، ئەوەش لە ڕووی بەناوکردنی چاوگی “sprechen” (پەیڤین) بۆ “Sprache” (پەیڤە) کە بە ئەڵمانیی گشتی و زانستی یان فەلسەفەییش واتای “زمان” دەگەیەنێت. بۆچی ئەمە پەیوەند بە هزری هایدێگەرەوە پڕکێشەیە؟ ئێمە سەرەتا دەگەڕێینەوە بۆ دەستپێکی بیبل کە دەبێژێت: “Und Gott sprach”، واتا: “خودا پەیڤی”. بۆچی؟ چونکە بەگوێرەی بیبل: سەرەتا پەیڤ هەبوو، پەیڤ لای خودا بوو، خودا خۆی پەیڤ بوو. ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتن لە هایدێگەر ڕەچاوی ئەم واتایە بکەین، جا گەرچی ئەو لە نووسینی “پەیڤە”دا ڕەتی دەکاتەوە بنەڕەتی پەیڤە خودایی بێت. ئێمە دەمانەوێت سەرەتا بەمە ببێژین کە “sprechen” لای هایدێگەر “ئاخافتن” نییە، بەڵکو “پەیڤین”ە، لە بەناوکردنیشیدا دەبێت بە “پەیڤە” کە مەبەستی ئەوە. کەواتە گەرەکە ئەم واژەیە بهێنرێتە نێو زمانی / کارکردنی فەلسەفەیی کوردییەوە لە هزری هایدێگەردا، تاکو مرۆڤ دروست لێی تێبگات. بۆچێ گەرەکە ئەمە بکەین؟ چونکە ئەو خۆی دەبێژێت:
“مرۆڤ دەپەیڤێت. ئێمە لە بێداری و لە خەوندا دەپەیڤێین. ئێمە بەردەوام دەپەیڤێین، ئەوە تەنانەت لەو کاتەشدا کە ئێمە هیچ وشەیەک دەرنابڕین، بەڵکو تەنیا گوێدەگرین یان دەخوێنینەوە، تەنانەت لەو کاتەشدا کە ئێمە نە گوێدەگرین و نە دەخوێنینەوە، بەڵکو لەبریی ئەوە کارێک ئەنجام دەدەین یان لەنێو کاتبەسەربردندا قاڵ دەبین. ئێمە بەردەوام بە هەر شێوازێک دەپەیڤێین. ئێمە دەپەیڤێین، چونکە پەیڤین بە ئێمە سروشتییە.” (…) “ئایا پەیڤین چە واتایەک دەگەیەنێت؟ بۆچوونی باو لەبارەی ئەوە دەبێژێت: پەیڤین چالاککردنی ئامرازەکانی دەنگدەربڕین و بیستنە، پەیڤین دەربڕینی دەنگی و ڕاگەیاندنی بزاوتە مرۆڤییەکانی هەستکردنە.” (…) “لە لایەکی دی پەیڤین بە چالاکییەکی مرۆڤ دادەنرێت. ئێمە دەبێت بەگوێرەی ئەم تێڕوانینە ببێژین: مرۆڤ (…) تەنیا زمانێک دەپەیڤێت.” (…) “ئەوجا بەرانبەر دیاریکردنی پەیڤین وەک بەدیهێنانێکی مرۆڤیی، کەسانی دی هەن و جەخت دەکەن، کە وشەی پەیڤە سەرچاوەیەکی خودایی هەیە. بەگوێرەی پێشگۆتنی ئینجیلی یۆهانس، پەیڤ سەرەتا لای خودا بوو، لێرەشدا مرۆ نەک تەنیا دەیەوێت پرسیاری سەرچاوە لە کۆتەکانی ڕوونکردنەوەی ڕاسیۆنال-لۆژیکی ڕزگار بکات، بەڵکو هەروەها لەمپەرەکانی وەسفکردنی لۆژیکیانەی زمانیش لادەبات”.
لێ هایدێگەر ڕەچاوی رۆڵی ئەو پێشبینییانەی زمان ناکات. ئەو بەردەوام دەبێت:
“پەیڤە دەپەیڤێت. ئایا پەیڤینی ئەو چۆنە؟ ئایا لەکوێ پەیڤینێکی ئەوها دەبینینەوە؟ بەباشترین شێوە لەنێو پەیڤراودا. لە ئەودا پەیڤین تەکامولی کردووە. (…) پەیڤین لە پەیڤراودا داڵدەدراو دەمێنێتەوە.”
پەیڤراویش بۆ هایدێگەر بریتییە لە هۆزان (شیعر). کەواتە هەر ئەوەندەی تێگەیشتنی هایدێگەرمان بۆ زمان بە واژەی زمان دایەوە، ئیدی لە مەبەستی ئەو دووردەکەوینەوە.
لێ با بگەڕێمەوە بۆ پرسی تێگەسازی لە ئەڵمانییەوە کە بۆ من گرنگە. لێرەش سەرلەنوێ نموونەی تێگەیەکی زۆر کرۆکیانەی دیالێکتیکی هێگل دەهێنمەوە، کە بریتییە لە تێگەی “هەڵگرتن”، بە ئەڵمانی “Aufhebung” / ئاوفهێبونگ.
ئەم تێگەیە لای هێگل سێ واتای هەیە کە بە هەمان شێوە لە وشەی “هەڵگرتن”ی کوردیشدا هەن، و بریتین لە: ١) نێگاسیۆن / تۆلەرە (tolere): ڕەوشێک، کارێک، کۆتایی پێدەهێنرێت و هەڵدەگیرێت بۆ ئاستێکی دیکە تا لەوێ بەردەوامیی پێبدرێت و ڕەوشێکی گونجاوتر بدۆرزێتەوە (یان دەشێت کەسێک لە پەیوەندییەکانی ژیانی ڕۆژانەوە ببێژێت: “با ئەم مەسەلەیە هەڵبگرین بۆ سبەینێ.”؛ ٢) پاراستن (conservare): من بۆ نموونە ئامانەتی کەسێک لای خۆم هەڵدەگرم، بۆی دەپارێزم؛ ٣) بەرزکردنەوە (elevare): من شتێک، ڕەوشێک، هەڵدەزنێنم بۆ ئاستێکی باڵاتر، وەک چۆن من جانتایەک لەسەر زەوییەوە بە دەست بەرزدەکەمەوە، هەڵدەگرم.
کەواتە گەرچی وشەی “هەڵگرتن” بەگشتی لە کاروباری ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێت، سەرەڕای ئەوە لای خەڵکیش هەر سێ واتاکەی لەخۆگرتووە، هاوکات دەشێت ببێت بە تێگەیەکی فەلسەفەیی، کە ئیدی هەر ئەوەندەی فەلسەفەکار تێگەکەی لە نووسینێکدا بینی، یەکسەر دەزانێت لە دیالێکتیکی هێگلەوە هاتۆتە نێو فەلسەفەوە و ئەویش کاری پێدەکات – وەک تێگەیەکی فەلسەفەیی. باوەجو هێگل دەیگۆت، تێگەکان لە هۆشی گەلدا هەن، ئەرکی فەلسەفە ئەوەیە بییاندۆزێتەوە، لە یەکدییان جیابکاتەوە، تایبەتێتییان پێبدات و ڕێکیان بخات. هێگل لە زمانی ئاخافتنی ڕۆژانەی خەڵکەوە دیالێکتیکەکەی خۆی ئاوەڵا کرد – واتا لە ئەڵمانییەوە فەلسەفەیەکی ئەڵمانی.
جارێک لەگەڵ ڕامیار مەحمود دانوستانێکمان لەبارەی تێگەی “مەئریفە” کرد کە داخۆ بە کوردی چی بۆی گونجاو بێت. سەرەتا گەرەکە ببێژم، کە مەئریفە واژەیەکی گونجاوە و دەربڕینی لەسەر زار خۆشە، بەکارهێنانی ئاساییە، لێ بەکوردیش واتای هەیە کە بریتییە لە “ناسیاری”. ئێمە لە ڕەوتی دانوستاندنەکەدا بەوە گەیشتین کە لە کوردیدا واژەیەک تایبەتدەکرێت بە ڕەوشێک، کرۆکێک، پەیوەندییەک و هتد، بوارەکە “دەگرێت” و ئیدی دەرفەت نادرێت لە واتای دیکەدا بەکاربهێنرێتەوە. واتا “ناسیاری” (ناسیاوی) تەرخانکراوە بۆ پەیوەندیی یەکدیناسینی دوو یان چەند کەسێک، بۆیە دەشێت گەر خوێنەر ئەوەی لە نووسینێکدا بینی، یەکسەر بۆ ئەو پەیوەندییە یان کرۆکە دیاریکراوە بڕوات! لێ ئەوە بەڕاستی شێوە هزرینێکی چەوتە. هەموو زمانە پێشخراوەکان واژە یان تێگەیان هەیە کە لە چەندین واتای جیاواز و لە بوار و زانستی جیاوازدا بەکاردەهێنرێن، بۆ نموونە واژەی لاتینیی ڕێپرەزەنتاسیۆن. ئەم واژەیە لە ڕامیاریناسیدا واتای نوێنەرایەتیکردن دەگەیەنێت، لە هونەرناسیدا واتای پێشاندان دەگەیەنێت، لە هەندێک فەلسەفە یان فەلسەفەی هونەردا واتای وێنەدانەوە دەگەیەنێت. لێرەدا ئاشکرایە کە پسپۆری هەر بوارێکیان دەزانێت مەبەستی ئەو تێگەیە لە بوارەکەی خۆیدا چییە.
بە هەر حاڵ مەبەستی من لەوەیە کە ئەو جۆرە کارانە گەرەکە بوێرانە ئەنجام بدرێن و ئەوەش ئەرکی بەشەکانی فەلسەفەیە، بەدووی ئەوانیشدا ئەرکی بەشەکانی کوردییە. ئاخر بەشەکانی فەلسەفە دەبێت ڕێبەری تێگەسازی بن، بەشەکانی کوردیش دەبێت خۆیان بە ئەوانەوە پابەند بکەن، یان هیچ نەبێت لەنێو خۆیاندا وانەی فەلسەفەی زمان بچەسپێنن، ئەوەش بێگومان نەک وەک زانیاری، بەڵکو وەک بزوێنەرێک بۆ کارکردنی ڕەخنەیی لە سەرجەم واژە و دەستەواژەکانی زمانی کوریدا پێوەی خەریک ببن، کەواتە نەک هەردوو لا سوننەتگەرایانە خەریکی “دریژەپێدان” یان “دەرخپێکردن” بن، یان تەنانەت لاسایی هاوییەکان بکەنەوە کە خۆیان بە هزرەوە هەڵواسیوە و بە زمانی هۆزانڤانی یان سەقەت پتر هزرین دەشێوێنن.
بەرانبەر ئەوە زۆر ئەکادیمی دەبێژن، گۆیا “تازە مەسەلەکە ئەوها هاتووە!!” و دەشێت ڕۆژێک لە ڕۆژان هەڵەکان ڕاستبکرێنەوە، واژەی گونجاو وەک لەبریی بۆ واژە هەڵەکان دابنرێن. لێ ئەمە ڕاکردنە لە بەرپرسیاری، درێژەپێدانی ئەوەیە کە سوننەتگەرییانە هاتووە. لە بنەڕەتدا پێویستە ئەوە کە سوننەتییانە هاتووە، بەری پێبگیرێت، بە ئەرگومێنتی زمانفەلسەفەیی دەرفەتی فڕێدان یان سڕینەوەی بۆ بڕەخسێنرێت، ئەم ئەرکەش لە ئەستۆی ئەواندایە. ئاخر بەرپێگرتن بەتوخمی سەر بە کارکردنی ئەکادیمیی ئەوانە. لێ ئەوە کاتێک دەبێت بە ئەرک، گەر هاتوو مرۆ لەتەک خۆیدا ڕاستگۆ بێت و هەڵەی پێقبووڵ نەکرێت، جددی بێت، سوننەتگەرایەکی درێژەپێدەر نەبێت، یان لە ڕووی نێگەتیڤەوە بببێژین کە ئەمیش کەم یان زۆر لەگۆڕێیە، مرۆ داماوێکی بڕوانامەخواز و ئەوداڵی ناساندنی پێگەکەی نەبێت. هزرینی ناوەرۆکگر ناچارە بەرەنگاری چەوتی و تێکدانەکانی هۆشی فێرخوازان بێتەوە. ئاخر گەر بەشەکانی فەلسەفە و کوردی سوننەتگەرایانە گەنجان بەچەوتی و سەرجەم هەڵە زمانی-هزرییەکان پێبگەیەنن، ئەوسا ئەوانیش وەک مامۆستا شاگردەکانیان بەچەوتی و رواڵەتی بەنێو خوێندندا “تێدەپەڕێنن”.
ئەم کێشەیە کاتی خۆی بە پێش چاوی پلاتۆنەوە بوو، بۆیە لە دیالۆگی “کراتیلۆس”دا دەیکات بە بابەتی پێوەخەریکبوون. پلاتۆن لە سەرەنجامی دانوستاندنەکانی نێو دیالۆگەکەدا ئەو ڕوانگەیە ڕادەگەیەنێت، کە چۆن دارتاش لەسەر ڕێنومای کەشتیوان سەوڵ دروستدەکات (ڕاستییەکەی دەبێت لە ڕوانگەی پلاتۆنەوە ببێژین: “سەوڵ دەسازێنێت”، چونکە دارتاش / وەستا لای پلاتۆن ئەو پێگەیە وەردەگرێت کە وەکو دی بە هونەرمەندان دەدرێت)، بە هەمان شێوە دانانی واژە ئەرکی یاسادانەرە کە ئەویش گەرەکە ئەرکەکانی لەژێر چاودێریی دیالێکتیکییەکاندا (واتا فەیلەسوفەکاندا) ئەنجام بدات. ئەمڕۆ بەشەکانی فەلسەفە لە زانستگەکاندا (زانکۆکاندا) ئەرکێکی بەم چەشنەیان دەکەوێتە ئەستۆ، ئەوجا دەبێت هەموو ئەوانی دی لە بەش و نێوەندە کولتوورییەکاندا پابەندیان بن. لێ بەشەکانی فەلسەفە ئەو ئەرکەیان پێڕادەپەڕێنرێت، گەر مەبەستمەندانە لیژنەی توێژەرییانەی زمانفەلسەفەیی پێکبهێنن و لە کۆبوونەوەی بەردەوامدا واژە بسازێنن و لەسەریان بە کۆنسێنس بگەن، ئەوجا دوای ئەوەی خۆیان بەگەڕیان دەخەن، هاوکات وەک ڕێنوما بییاندەن بە ئەوای دی، کە بێگومان ئەوانیش دەبێت پابەندیان بن – گەر ڕاستگۆ بن، گەر کەللەڕەقی بەخیل نەبن، کەواتە دەرووننەخۆش نەبن و وەرگرتن لایان مایەی شەرمەزاری یان شکاندنی شکۆی کەسێتیی رواڵەتییان بێت!!
بەڵێ دەتوانین سەرجەمییانە ببێژین، کە خۆهەڵواسین لە دەرەوە، لە هەر زمانێکی دیکەوە بە فەلسەفەی ئەڵمانی، فەڕەنسی یان ئینگلیزییەوە و وەرگێڕانی هەر بابەتێک لەو زمانە دەرەکییەوە، پڕکێشەیە، چونکە وەرگێڕراوەکە تەنیا و تەنیا بۆ دیراسەکەرانی فەلسەفەیی کولتووری خۆ ئەنجامدراوە، ئەوەش دەرفەت نادات بە خوێنەران / فێرخوازانی کورد بەو ڕێیەوە بچنە نێو هەر هزرێکی دەربڕراوی خۆییەوە بە ئەڵمانی، فەڕەنسی یان ئینگلیزی. بەڵێ ئەوە لە بنەڕەتدا نیشانەی ناجدییەتی خۆیە لە هزریندا، نیشانەی سوننەتگەرییە کە بەلایەوە ئاساییە لە هەر پێشدانراوێکی وەک ڕاستی یان وەک کامڵ گریمانەکراوەوە کارێکی وەرگێڕان ئەنجام بدات. هاوکات گومانی تێدا نییە کە ئەو جۆرە کارکردنە لە سەرەنجامدا پرسیاری ئەخلاقیی لێدەکەوێتەوە. ئاخر بەو جۆرە کارانە کەسانی سادەی تازە هاتوو بۆ نێو فەلسەفە فریودەدرێن، چونکە وا باوەڕ دەکەن، کە گۆیا ئەوان لەو وەرگێڕراوانەدا کانت، هێگل، سارتر یان هوسەرل و هایدێگەر دەخوێننەوە، کە بێگومان هەرگیز بەو ڕێیەوە هیچ کامیان ناخوێننەوە. لە بنەڕەتدا و هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەو تێڕوانینە سەروەرەش هەڵدەوەشێتەوە کە دەبێژێت “ئەو کتێبانە هەبن باشترە لەوەی کە نەبن”، کەواتە: لە ڕاستیدا نەبن باشترە لەوەی بەو شێوەیە هەبن، چونکە خوێنەرانیان، یان خوێندکاران / فێرخوازان کرۆکییانە لە هزری فەیلەسوفەکان دووردەخەنەوە. جگە لەوە گەر کەسێک بۆ نموونە ناڕاستەوخۆ بە خوێندنەوەی هێگل یان هایدێگەر بهەنگێورێت و بەو ڕێیەوە پرسیار لە ناخیدا سەرهەڵبدات، ئەوا پێویستە، ناچارە، سەرەتا هەوڵ بدات خۆی فێری ئەڵمانی بکات، ئەوجا خۆی دەست بە دیراسەی فەلسەفەکە بکات کە پاشان دەشێت لێوەی بە کوردی تێروانین بۆ دانوستاندن یان تەنانەت ڕاڤەی خۆیی هەڵبهێنجێت – یان بۆ کوردی وەریبگێڕێت. ئەوە لە پرنسیپدا شێوازی فێربوون و کارکردنی فەلسەفەییە. بۆ نموونە ئێرانییەکان بەشێکی زۆری فەلسەفەکانی ئەڵمانییان لە زمانی ئۆریجیناڵەوە بۆ فارسی وەرگێڕاوە. لێ ئەو کارەیان بۆ خۆیان کردووە. تەنیا و تەنیا بۆ خۆیان. ئیدی ئایا بۆچی کوردەکان کە بەگشتی چاولێکەرانە دەژین، خانوو دروست دەکەن یان خۆیان دەپۆشن و هتد، لێرەشدا چاو لەو شێوازە کارکردنەی ئێرانییەکان ناکەن؟

mm

Lives in Braunschweig From As Sulaymaniyah, Iraq

Previous
Next
Kurdish