Skip to Content

من پارەم هەیە کەواتە من هەم.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

من پارەم هەیە کەواتە من هەم.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 9, 2021 General, Opinion

کۆژێتۆکەی فەیلەسووفی مەزن (دیکارت) ئەمەیە (من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم). دیکارت لە ئەنجامی تێفکرینی زۆر و خوێندنەوەی قووڵی لە بواری فەلسەفیدا گەیشتە ئەو بڕوایەی مرۆڤ کائینێکە بەرئەنجامی بیرکردنەوە و رامانە، بە پێچەوانەی (مارکس)ەوە کە وای دەبینی مرۆڤ بەرهەمی کارە “هەڵبەت دیکارت پێش مارکس ژیاوە”، تێمای ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی کارە یان بیرکردنەوە؟ مشتومڕێکی فەلسەفیی زۆری لەسەر بووە و تانوکەش ئەم جەدەلە گەرموگوڕیی و گرنگی خۆی لە دەست نەداوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا. بەدڵنیاییەوە ئێمە نامانەوێت بەشداریی بکەین لەو دایەلۆگە و ئامانجیشمان شیتەڵ و شرۆڤەکردن و توێژینەوە نییە لە کۆژێتۆکەی (دیکارت) بە پێچەوانەوە گومان لەسەر ئەوە دادەنێین ئەگەر دیکارت لەم ئان و سات و چەرخە یان لە سەدەی بیست و یەکەمدا بژیابایە، تۆ بڵێی سوور بووایە لەسەر وتەزاکەی (من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم)؟ یان سوڕانی چەرخ و زەمەن قەناعەتەکانی پێ ئاوەژوو دەکردەوە و لەم دنیا ماددیی و قازانجپەرستییەی ئەمڕۆدا ناچار دەبوو کۆژێتۆکەی هەڵبگیڕێتەوە بۆ ئەم شێوەیە :(من پارە و سامانم هەیە کەواتە من هەم)؟!!.
دیکارت چەند سەدەیەکە لە دنیا دەرچووە و کۆچی دوایی کردووە، ناتوانین درۆی بەدەمەوە بکەین ئاخۆ چۆن تێزە فەلسەفییەکانی فۆرمۆڵە دەکرد، بەڵام لە دنیای قازانجخوازیی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و سەرمایەداریی هاوچەرخدا مرۆڤ رووتکراوەتەوە لە هەر بەهایەک، تاکە بەهایەک پێگەی مرۆڤ بە بەرزیی دیاریی بکات و وەک کائینێکی زیندوو بیهێڵێتەوە تەنیا سەنگی سامان و ئاستی سەرمایەکەیەتی، مرۆڤایەتی پێی ناوەتەوە قۆناغێکەوە کاغەزێکی وەک پارە بەهای هەر شتێک دیاریی دەکات، مرۆڤایەتی لە وەختێکدایە پارە بڕشتی لەبەر بڕیوە و جەستە و بیرکردنەوەی داڕزاندووە و لە بازنەیەکی تەسکدا گەمارۆی داوە. هەرچەندە لاف و گەزافی ئەوە لێدەدەین مرۆڤایەتی زۆر لە مێژە سەردەمی کۆیلایەتی تێپەڕاندووە، لێ بەداخەوە لە عەهدێکدا دەژین کۆیلایەتییەکی رووت و نوێ لە ئارادایە!!، ئەگەر لە قۆناغی کۆیلایەتی پێشاندا مرۆڤ هەر خۆی خاوەنی کۆیلە مرۆڤەکەی تر بووبێت، بەپێچەوانەوە خاوەن کۆیلەی نوێ مرۆڤێک یان وجودێکی زیندوو نییە، بەڵکو پارچە کاغەزێکی بێگیان و بێ جوڵەیە و بە بێدەنگییەکی سیحراویی مرۆڤی کردووەتە بەندەی خۆی.
کۆمەڵی کوردەواریی لە قۆناغی پەڕینەوەدایە بۆ کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریی و بازاڕی ئازاد، کارەسات ئەوەیە کۆمەڵێکە هەموو ماتریاڵەکانی سەرمایەداریی تێیدا ئامادەیە، بەڵام لایەنە فیکریی و زەمانەتە جۆربەجۆرەکانی ئەو سیستمە لە ناویدا غائیبە، بۆیە دەبینین پارەدارەکان “نەک سەرمایەدارەکان” لە پێشەنگی کۆمەڵگەن، لەم جۆرە کۆمینیوتیانەدا ئەگەر سوکراتێکی بێ پارە بیت لە فەرامۆشی و پەڕاوێزخستندا تووشی نەخۆشی دەروونی دەبیت و رەنگە هەموو حیکمەتەکانت لە وڕێنەیەک زیاتر بەولاوە نەبینرێت و پێدەچێت هەندێ جار مایەی بزە و پێکەنینی چەند پارەدارێک بیت، ئەو پارەدارانەی ئەگەر نیو هێندەی ژمارەی دەفتەر چەکەکانیان کتێب لە ماڵەکانیاندا هەبوایە بەس بوو بۆ ئەوەی بزانن ژیان تەنیا لە پارە و دەستکەوتەکانی دەوڵەمەندیی و پارەداریدا کۆ نەبووەتەوە، بەڵکو ژیان زۆر لەوە فراوانتر تا لە کونی کلیلی دەرگایەکی بچووکەوە سەیری بکەین. سویفت دەیووت (کەس ئامۆژگاریی وەرناگرێت، بەڵام پارە بدرێت بە هەر کەس وەریدەگرێت، کەواتە پارە لە ئامۆژگاریی بە نرخترە)!.
ئەگەر لەسەر شەقامێکی سەرەکیی رابوەستیت کیسەیەک دۆلارت پێ بێت بیبەخشیتەوە بەسەر خەڵکدا لە ژێر ناوی خێر یان هەر ناوێکی تردا بێت ئاپۆرەی داواکاران و ئەوانەی شان دەکوتن بۆ وەرگرتنی چەند سەنتێک و پڕکردنی گیرفانیان لە حوکمی چاودا نامێنێت، بەڵام ئەگەر نیتچە لە گۆڕەکەی بێتە دەرەوە بیەوێت دوو قسە بۆ قازانج و مێشکی مرۆڤ بکات بە دیار خۆیەوە خەوی لێدەکەوێت چون دوو کەس نییە بێزی بێت و ویستی هەبێت لەبەردەم ئەم (شێت)ەدا بوەستێت تا دوو وشە فێر ببێت، لەمەشدا رەنگبێ زۆر گلەیی لە خودی مرۆڤەکان نەکەین وەک تاکەکەس هێندەی دەبێت سیستمی باو و دەسەڵات لە قەفەزی تاواندا رابگرین و دادگایی بکەین. زۆرجار بەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا رۆشتووم سەیری هەموو ئەو مرۆڤە هەژارانەم کردووە بۆ پەیداکرنی نان و لوقمەی ژیان ناچاربوون سەر دانەوێن و وەک کۆیلەیەک لە بەردەستی پارەدارێکدا بچەمێننەوە، زۆر شەرمم لە خۆم کردووە لە کاتی بینینی دیمەنی ئەو پیاوە پۆشتە و پەرداخانەی لە ساتی دواندا وەک فریشتە دەدوێن، بەڵام قۆنەرەیان لە تەنیشت سەر و لەسەر سەری تەختەی منداڵێکی بۆیاخچی راگرتووە و بەدەم تریقانەوەوە بۆ کچە جوانەکانی سەر شەقامەکان دەڕوانن و پێیانوایە بە هەستی ناسک و شیکێتییەکەیان دڵی کچان راو دەکەن!.
لەم دیمەنانە زۆر بێزارم، دەبێت خانەدانێکی دەستڕۆیشتوو (لە هەموو سەردەمەکاندا) چی جیای بکاتەوە لە دەستفرۆشێک؟ ئەی منداڵێکی هەژاری عەلاگەفرۆش چی جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەو منداڵە خوا پێداوەی لە ژوورێکی پڕ لە رەنگی ژیاندا گەمە دەکات و تامی سەرما و گەرما و حەسرەتی هەژاریی و نان پەیداکردنی نەچێشتووە؟ زۆرجار دەڵێن پێویست ناکات مێشکی خۆت بەم غەمانەوە خەریک بکەیت و کۆڵ بە دنیاوە هەڵبگریت چونکێ ئەمە سوونەت و یاسای سرووشتە و بوونێکی رەهای هەبووە و هەیە لە مێژوودا! بەڵام ئەگەر ئەمە یاسا و حەتمییەتی ژیانیش بێت قەرار نییە مرۆڤ تەسلیمی ئەو یاسا و حەتمییەتە بێت، سەرەنجام مرۆڤ لە پێش و یەکەمینە نەک کۆمەڵە یاسایەک کە هەر بەرهەمی عەقڵ و دەستکردی مرۆڤەکان خۆیانە، مرۆڤ دەبێت سرووشت لەگەڵ خۆی بگونجێنێت نەک بەپێچەوانەکەی، ئەگەر مرۆڤ پاسیڤ بووایە ئەوە هەر لە مێژەوە بوو چرای ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە کوژابووەوە.
پارە خوایەکی نوێیە و لەهەموو خواکانی تر بەندەی زۆرترە و رەنگە هیچ خودایەک نەبێت هێندەی وی پەرستراو بووبێت و رەنج و زەحمەتی لە پێناودا درابێت و مرۆڤ و خوێنی بۆ بە قوربانی کرابێت. بۆ وێنە رۆژنامەیەکی ئینگلیزیی پرسیارێکی ئاڕاستەی خوێنەرانی کرد: پارە چییە؟ لەناو بەهێزترین وەڵام و پێناسەکانی خوێنەراندا بۆ پارە، ئەم پێناسەیە زۆر سەرنجڕاکێش و کاریگەرترین بوو (پارە بتێکە گەرچی پەرستگەی نییە، بەڵام تێکڕای گەلان دەیپەرستن). دەشێ یەکێک لەو فاکتۆرانەی پارە ببێتە خوای مرۆڤایەتی سیستمی سەرمایەداریی بێت، لەوەش ترسناکتر ئەوەبووە لە کۆمەڵگە پاشکەوتووەکانی چەشنی کوردستاندا ئەم بەندایەتیکردن و پەرستنە گەلەک قورس و زەحمەتترە، زۆربەی جار مردن لە ژیان ئاسانترە، زۆرجارانیش پارە خودایەکی ئێجگار دڕندە بووە و حەزی لە قوربانی زۆرتر بووە، بەپێچەوانەی خوداکەی ئیبراهیمەوە، ئەم خودایە خوێن و سەری بڕاوی ملیۆنان ئیسماعیل کاری تێنەکردووە و سۆزی نەجوڵاندووە، پارە خوایەک بووە دڵڕەقتر لە زیۆس لە بەرامبەر سیزیف، تووڕەتر لە خوای موسا لە فیرعەون. بۆکاشیۆ بە متمانەوە دەیووت (هەژاریی لە سامان بێ بەریمان دەکات، بەڵام ناتوانێت دەست بۆ ئابڕوومان بەرێت). لێ بەداخەوە هەژاریی لەم وڵاتەدا ئابڕووی زۆر مرۆڤی بە ئابڕووی تکاند، عیززەتی نەفسی کرد بە چێشتی فۆلکلۆریی و باوی نەماو، سەری زۆر سەربەرزی نەوی کرد، ملی زۆر گەردن کەچی هێنایە ژێر پێیەوە، غروری مرۆڤانەی زۆری وردوخاش کرد!، ئاخر هەژاریی نەک ئابڕووی تکان، نەک رێزی شکان، بەڵکو مرۆڤی کوردی هێناوەتە باری شێتبوون و بزڕکاندنەوە.
هاوڕێیەکی نێزیکم بۆی گێڕامەوە ساڵی 1997 کاتێ دوای چەند ساڵ گرانیی و ئابڵوقەی ئابووری سەر عێراق و کوردستان و لە میانی پڕۆژەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک چەند قافڵەیەکی ئازووقە و خواردەمەنی گەیشتە کوردستان و لە رێی وەکیلەکانەوە دابەش دەکرا، ژنێکی گەنج لە کاتی وەرگرتنی یەکەمین جاری بڕە ئاردی دیاریکراودا بە شێوەیەکی کتوپڕ کەوتە شەق تێهەڵدانی چەند فەردە ئاردێک و بە قوڕگێکی پڕ گریانەوە وتی: هەتا نەبوومە سۆزانی و لەشی خۆم بە سەدان پیاو نەفرۆشت نەهاتیت! تازە دوای چی دێیت و چیت لێبکەم!؟. ئەم چیرۆکە بە یەکێک لە دیوەکانیدا پێمان دەڵێت: هەژاریی دایکی هەموو نەگبەتی و دیاردە دزێوەکانە هەر وەک چۆن فاکتۆری هەموو جەنگ و کاولکاریی و کارەساتە لە یادنەکراوەکانی ناو دیرۆکی سەرجەم مرۆڤەکانی جیهانە. ئەگەر کەمێک وردبینەوە لە وزە و سووتەمەنی هەموو جەنگەکان و بکەرەکانی تاوان و قوربانییەکانی هەموو شۆڕش و سەرهەڵدانەکان و داینەمۆی بەردەوامبوونی ژیان هەر ئەو مرۆڤە هەژارانە بوون کە ژیانیان تەنیا رەنج و کڵۆڵی و چارەنووسی رەش و دڵی شکاو و ئازارچەشتن بووە و هیچی تر. ژیانی هەر هەژارێک بابەتی رۆمانێکە، خەونی هەر هەژارێک بابەتی داستانێکە، ئازاری هەر هەژارێک مەتەڵێکە، تۆڵستۆی لە پێشەکی رۆمانی (ئانا کارنینا)دا دەنووسێت (هەموو بنەماڵە خۆشبەختەکان لە یەکتر دەچن، بەڵام هەر بنەماڵەیەکی بەختڕەش بەدبەختیی تایبەت بە خۆی هەیە).
هەر مرۆڤێکی بێ پارە و نەدار، هەر هەژارێک، هەر لێقەوماوێک چیرۆکێکی بەدبەختیی و نەگبەتیی تایبەت بە خۆی لە هەگبەدایە، هەموو سەرمایەدار و خانەدانەکان کە بە پێچەوانەی نیتچەوە تا دوا سنوور رقم لە فیز و شێوە ژیانیانە هەموو لە یەک دەچن و هەروەک یەک و هەر بەیەک شێوە سەرقاڵی پەرستنی بتی پارەن و تەواو، هەموویان لە یەک جۆر خۆشیی و شادیی بەهرەمەندن، لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە و لە یەک فەلەکدا گیریان خواردووە، بەڵام هەژارەکان لە سینەی هەر یەکێکیاندا ئاگر و حەسرەتێکی جیا لەوی تر هەیە. بۆ ئەوەی نەبێت بە درێژدادڕیی، قسەکانم لەوەدا چڕ دەکەمەوە لە سەردەمی جیهانگیریی و چاوچنۆکیی کۆمپانیا فرە رەگەز و مۆنۆپۆڵەکان و سەرمایەداریی قرچۆکی محەلیدا، پارە و سامان پێوەرێکە بۆ مرۆڤبوونی هەر کەسێک، هەر تاکێک بە قەد قەبارەی سامانەکەی پشکدارە لە ژیان و هەر بەهەمان ئەندازەش رێز و حورمەتی لێ دەگیرێت و ددان بە بوون و کەسێتیدا دەنرێت و ئۆتۆریتەی دەبێت لە دنیای دەوروبەریدا، کێ دۆلارێک زیاتری هەبێت، نرخیشی زیاترە!!. کەوا بێت جێگەی سەرزەنشت نابم وتەزاکەی (دیکارت)م بەم جۆرە پێچەوانەوە کردووەتەوە (من پارەم هەیە کەواتە من هەم). لەوانەشە کەسانێک هەبن وا بیر بکەنەوە ئەم بۆچوونانە سەر بە ماڵی کۆمۆنیزمن، بەڵام ئەوەی من وتوومە حەقیقەتە جا بەر لە ئەز و دوای ئەزیش کۆمۆنیست دەیڵێت یان ئیسلامیی هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، هەر ئەوەیە بە جیاوازیی ئایدیال و ئیدۆلۆژییەوە راستییەکمان خستووەتە چێوەی نووسین و دەربڕینەوە.

ئابی 2007
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
سوێد – ستۆکهۆڵم

Previous
Next
Kurdish