Skip to Content

مرۆڤایەتی لەنێوان (بەڕەوشت) و (بێ ڕەوەشت)دا.. فازیل شــەوڕۆ

مرۆڤایەتی لەنێوان (بەڕەوشت) و (بێ ڕەوەشت)دا.. فازیل شــەوڕۆ

Closed
by ئازار 31, 2021 General, Opinion

دەزانم تەنگژە و دژوواریی ڕۆژانەی ژیان و ترسی پەتا و لێڵیی ئایندە، ئەوەندە تاکی کوردی سەرلێشیواو کردووە، کە نەک مەیلی خوێندنەوەی نییە، بەڵکو مەیلی باوەشە (خۆش و گەرمەکانیشی) وەکجاران نەماوە. حەزم دەکرد، بۆ چەند دەقیقەیەک، خۆتان لەبیرکەن و بەیەکەوە، ئەم بابەتە بکەینە دەردەدڵ و بە هزر و بیر و ناخێکی مرۆڤانەتر، گوێ بۆ یەکتری بگرین:

دەڵێم: ئێوەی قەدرگران، لە خۆتان پرسیووە: ئێمە بەرەو کوێ دەڕۆین و کۆتا قۆناغمان کوێندەرێیە و چۆنە و چ ئایندەیەک چاوەڕێمانە؟

ئێوەدەزانن: ئێستا، دەڵاڵخانە کراوەتەوە بۆ کڕین و فرۆشتنی زەویی سەر مانگ؟ ئێستا نووسینگەی گەشت و گوزار هەیە، بۆ ئەوانەی حەزیان لە سەفەرە بۆ سەر مانگ، دوو سەت کەسێکیش خۆیان ناونووسکردووە و پلیتی سەفەریشیان بڕیووە؟ ئێستا، ئەوا خەڵکانێک، خەریکی دابەشکردن و تاپۆکردنی پارچە پارچەی ئاسمانن؟ چەند ساڵێکی دیە، هەر وڵاتەی وێستگەی بەرهەمهێنانی (کارەبای خۆی) لە ئاسمانی خۆی دامەزراندووە و تیشکی خۆر، وەزەیەکی پاک و بەکارو بەلاشیان بۆ دەستبەر دەکات؟ ئێوە دەزانن، وەک چۆن ئێستا لە هەموو ماڵەکانی کوردستان بگەڕێت، چوار کەندوو نادۆزیتەوە، ئا بەم شێوەیەش، دوای چەند ساڵێکی دی، زمان هەیە، وەک ئەو کەندووانە لەناودەچن و مۆدەیان بەسەردەچێ؟ …. زۆری دیکەش، بن زەریاکان و مەریخ و …و …!

جا بەرانبەر، ئەو هەموو خەیاڵە داهێنەرانەی زانایان، ئێمرۆ، ژمارەیەکی بەرچاو لە زاناو فەیلەسووفەکانی زانستەکانی مرۆیی یان بڵێین (مرۆڤناسی بە هەموو ڕشتەکانیەوە)، شەو و ڕۆژ بەیەکەوە گرێ دەدەن و خەریکی وردترین و زانستییترین لێکۆڵینەوەن بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارە ئاڵۆزە: “ئێمەی مرۆڤ بەرەو کوێ دەڕۆین؟ ئایندەمان چۆن دەبێ؟”

لێتان ناشارمەوە، ئاکامی زۆر لە لێکۆڵینەوەکان، تەڵخ و ترسناک و ناخهەژێنن. ــ قسەیان لەسەر ناکەم، با پتر رەشبین نەبین ـ
بەڵام: خاڵێکی (زۆر بایەخدار) هەیە کە ئەو زانا و فەیلەسوفانە، هەڵوەستەی لەسەردەکەن و بە جددی کاری لەسەر دەکەن، ئەویش (بەڕەوشتی) و (بێ رەوشتی) یە.

چۆن:
یەک: تاکو ئەم ساتەوەختە، زاراوەی (ڕەوشت) پێناسەیەکی لە قالبدراوی نییە. کەسیش نازانی لە کەنگینێوە مرۆڤ، ڕەوشتی کردووەتە بەشێک لە بوونی خۆێ. زانستی ڕەوشت، یان ڕەوشتناسی و ڕەوشتزانی، هەر دوای سەداکانی ناوەند، وەک زانست لە ڕۆژئاوادا کتێبیان لەسەر نووسراو دواتر دەیان فەیلەسوف و کۆمەڵناسان کردیانە بابەتی خۆیان. دەگوترێ، رەوشت،”چەپکێک لەو بەها و نەریتانەی، مرۆڤ دایهێناوە بۆ جیاوازکردنەوەی جوانی و ناشیرینی، هەق و ناهەق، چاکە و خراپە . جا لە ڕێگەیی هۆشمەندی و ئاگایی مرۆڤەوە، ئەو نەریتانە دەبن بە پێوەر و تەرازووی هەڵسەنگاندنی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری کەسەکان، پتریش وابەستەی یەکسانی و سەربەستی و دادپەروەری دەبن”

دوو: هاتنی ئایینەکان، ج ئایینە داهێنەرەکان و چ ئایینە ئاسمانییەکانن، سنووری دیاریکراویان بۆ زاراوەی (ڕەوشت) دانا، بەگوێرەی لێکدانەوە و تێڕامان و پێویستی خۆیان، بۆ ئەو زاراوەیە. هەر بۆیە، جار هەیە جیاوازیی لە (رەوشت)ی کۆمەلە جیاوازەکاندا دەبینرێت.

سێ: بەگشتی جاران (ڕەوشت) لە نێو بازنەی چەند وشەیک و دەستەواژەیەکی دیاریکراودا، دەناسرایەوە، بۆ نموونە، لە لای خۆمان، بێرەوشتی (حێزی و دزی بوو.) بەرەوشتیش شتە جوانەکانی دیکەی مرۆڤ بوون. کۆمەڵ بۆ خۆی دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو، بۆ چەسپاندنی ئەو (رەوشتە)، – زۆربەیجاران، بەبێ ئەوەی هانا بۆ یاسا و چەک و دەسەڵات ببات. واتا منداڵ هەر کە دەهات گەورەبێ، وردە وردە لە ڕەوشت شارەزادەبوو، بە هەردوو دیوەکەیەوە.

چوار: ئێستا ئەو زانا و فەیلەسوفانەی خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر (رەوشت)، دەڵێن:”لەوەتەی مرۆڤ پێی ناوتە سەر ئەم زەوییە، قەت بە قەد ئیمڕۆ عەوجە بە ڕەوشت نییە و نەبووە”

چۆن؟
ئەوان دەڵێن، ئەو داهێنانە تەکەلۆژیا پێشکەوتووانەی سەردەم، ئەگەر زوو بە یاسا و ڕێساکانی (رەوشت) جەڵەونەکرین، ئەوا ژیان و بوونی مرۆڤ بەرەو هەڵدێرێکی زۆر ڕک و سەخت دەچێت. بۆچێ؟

چونکە لەمەودوا پێویست ناکات بە خەنجەر و دەمانچە و تفەنگ، بچیتە سەر کەس و بیکوژیت. تۆ دەتوانی ئەوەی گەرەکتە بیکوژی، تۆ هەر لە ماڵەکەی خۆت و کوژراویش لە ماڵەکەی خۆی.

بە زەنگی مۆبایلێک، بە کورتە نامەیەک، بە وێنەک، بە گرتەیەک، بە پڕۆپاگندەیەک، بە بڵاوکردنەوەیەک، بە یەکێک لە ئامێرو وەسیلەکانی بەردەست، وەک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئینتەرنێت و مۆبایل…، دەتوانی ژن و مێرد لێک بکەی، کچی شەریف ناشەریف بکەی، پیاوێکی پاک و بەڕەوشت ناپاک و بێرەوشت بکەی، سەرکردەی دەسەڵاتدار بڕوخێنی، کۆمپانیای گەورە مایەپووچ بکەی، چ شتێکی خراپت بە خەیاڵ دادێ دەتوانی بیکەی، ئەوکاتەی کە ئەو ئامێرانە بەبی ڕەچاوکردنی ڕەوشتی جوان بەکارهاتن.
زۆر لەمانەش ترسناکتر، ئەو زانایانە دەڵێن: ئیمڕۆ، ئەگەر (ڕەوشت) بە ڕووە جوانەکەی، نەکرێتە بەشێکی زیندوو لە بوون و ماهیەتی مرۆڤایەتی، ئەوا تەواوی چارەنووسی مرۆڤ لە بەردەم خەتەرێکی گەورە دایە. ئێمرۆ، ئەوەندە چەکە کۆمەڵکوژەی لە جبەخانەکانی جیهاندا ئامارکراون، بای ئەوەیە کە شەش جاران ژیان بە تەواوی لەسەر ئەم زەمینەی ئێمەدا بسرێتەوە و ئەوەی زیی روحە نەیهێڵی.

لەو ماوەی دوایدا، منداڵیکی هەرزەکار، توانی بووی بچێتە نێو دۆسیەیی گرنگترین بەشی چەکە خەتەرناکەکانی وەزاڕەتی بەرگریی ئەمەریکا. باشە چ روو دەدا، ئەگەر سبەینی، کەسێکی ئاڵوودەی مرۆڤ کوشتن، دەستی گەیشتە ئەو زانیارییانەو پەنجەی نا بە دوگمەی بۆمبە ئەتۆمییەکان؟!

بە کوردی و کرمانجی، دەستەیەکی زۆر لەو زانا و فەیلوسوفانە دەڵێن، ئێمە چەند خەریکی داهێنانی نوێی و پێشکەوتووین لە بوارەکانی تەکنەلۆژیاو و پیشەسازیدا، ئەگەر بەهەمان شێوە خەریکی پەروەردەیەکی سەرکەوتووانەی مرۆڤدۆست نەبین بۆ نەوەیەکی (بەڕەوشت) ئەوا دەبێ بزانین، هەرچی ئێمە دەکەین، بۆ کوشتن و قڕکردنی خۆمانە.

لێرەدا، بەندە، بۆچوونی ئەو زانایانە ـ کە من بە ڕاست و درووستیان دەزانم، بە ئایەتێکی قورئانی پیرۆز ڕاڤەدەکەم. کە زۆر پەیوەستە بە ڕۆژگاری ئیمڕۆ و دەکرێ، بەخۆبەدەرگرتن لە هەردوو جەمسەرەکەی توندڕەووی، سوودی لێوەرگرین و لە عیبرەتەکەی تێبگەین.

خودا دەفەرمووێ:(وَإِذَا أَرَدْنَا أَن نُّهْلِكَ قَرْيَةً أَمَرْنَا مُتْرَفِيهَا فَفَسَقُوا فِيهَا فَحَقَّ عَلَيْهَا الْقَوْلُ فَدَمَّرْنَاهَا تَدْمِيرًا).

کەواتە، ئەگەر مرۆڤ، وابزانێ کە بە تەنها بە ڕابواردن و بە وەدەستهێنانی شتە بەنرخ و گران بەهاکان، بەختەوەر دەبێ، ئەوا نەفامییەکی کوشندەیە. (رەوشت) نەکرێتە کۆڵەکەی ئەو ژیانە نوێیە، ئەوا داتەپینی حەتمییە.

زانا و فەیلەسۆفەکانی مرۆڤناسی و مرۆڤزانیێ هەروا دەڵێن، بۆیە کۆی مرۆڤایەتی دەبێ چاو بە زاراوەی (ڕەوشت) دا بخشێنێتەوە.
هاوڕێیانی ئازیزم. تکایە بابەتەکەم، بابەتێکی فەلسەفی قوولی ئایندەی مرۆڤایەتییە، بە کوشتنی ژن و تۆڵەسەندنەوەو شەرف ئەو شتانەی مەبەستنەوە.

رەوشت، بە واتای، هەر شتێ مرۆڤ جوانتر و پاکتر و ئاسوودەتر دەکات.

ئەم بابەتەم بۆ کاربەدستانی پەروەردە و ئایین و کۆمەڵناس و هەموو ئەوانەیە کە مرۆڤیان خۆش دەوێ و جوان بیردەکەنەوە بۆ ئایندەی نەوەکانیان.

Previous
Next
Kurdish