من و گۆڕستان.. نووسینی: دابین کامەڕان کەریم شارەزا
گۆڕستان بۆمن و دەوەن و کەشی ڕەنگین بۆ ئێوە….
من خۆم هیچ کاتێک لەگۆڕستان بێزار نابم، وە هەرکاتێک ناچاربم بچم هەوایەکی پاک و دوور لەجەنجاڵی ژیان هەڵمژم ئەوا بەبێ دوو دڵی گۆڕستان هەڵدەبژێرم.
لەنێو گۆڕستانەکاندا پیاسە دەکەم و پێم وایە ئارەزومە بەنێو گۆڕەکاندا بگەڕێم زیاتر لەشوێنەکانی تر.
بۆنی تەرمەکان زۆر ئارام بەخشن کە لەژێر گیا و خاک و گەڵاکانەوە دێت و نیگەرانت ناکەن.
هەر بە جدی مردووەکان ئازارت نادەن!ناتشکێنن! ڕەخنەی ڕووخێنەر ناگرن! تاکن و تاکیت قبوڵ دەکەن.
من بۆنی مردوو و بۆگەنیوی ئەوانم زۆر لە بۆنی زیندوەکان پێ خۆشترە (زیندووەکان)هەرچەندە خۆیان بشۆن و عەتر بدەن لەخۆیان هێشتا بۆنێکی وەرسکەر و ناخۆشیان لێدێ!ئاخر زیندووەکان لە قاڵبی مردوو هاتونەتە دەرەوە و لۆژیکانە بیر ناکەنەوە، بۆیە بیرکردنەوە بەبڕوای من کار دەکاتە سەر بۆن خۆشی و ناخۆشی کەسەکان.
بۆیە هەرکاتێک ناچار بین بچین بۆ گەشت و گوزار، گۆڕستانەکان بدەن بەمن و ئێوەش خۆتان بڕۆن بۆ باخ و دەوەنەکان.
لەگۆڕستان دەستەکانم دەخەمە ژێر سەرم لەنێوان بەدە گۆڕ و لار و گەورەکاندا پرسە دەگێرم، من چەندان ساڵە بەو شێوازە سەیران دەکەم تاکو ئێستا جام ڕەشێک، پاسەوانێک، کورد کوژێک؟..نەهاتووە بڵێ ئێرە بەردەرگای فلان بەرپرسە و موڵکی فلان پاشایە، لەگۆرستان تاکو ئێستا وەنەوشەیەک، ڕانجێک، مارسی(دز)ێکم دەبنی بشکێنێتەوە سەرم و ئازارم بدا.
یاداشت و ڕۆمان و بیرەوەریەکی هەزار لاپەڕی بەرپرسێک یاخود نووسەرێکی ژەهر ڕێژ بە هێندەی نووسینێکی کورتی سەر گۆڕەکان سوودبەخش نین، ئاخر ماڵوێرانی لەوە زیاتر من تا ئێستا هیوای لەناوچوون بۆ ستەمکار و خۆفرۆش و تاڵانچەکان دەکەم بەڵام لێرەوە پڕبەدڵ هیوای تەمەن درێژیان بۆ دەخوازم چونکە بەڕاستی مردوو پاکە و (پێم تاوانە) بچنە نیو ئەو قاڵبە.
نووسینی سەر کێڵی مردوە پاکەکان هیچ کاتێک بێ هۆ نەبوون، وەلێ نووسینی سەر هەندێک گۆڕ کە هی بەرپرسێک و دەستڕۆیشتوێکە لە ئاستی لۆژیک ئەوەندە گاڵتەجاری و پێکەنیناویە ناچار هەردوو دەستم توند بە کێڵی گۆڕەکە دەگرم تاوەکو لەگەڵ پێکەنینا نەکەوم!
ماوەیەكی زۆرە نووسینی سەر گۆڕەكەی خۆمم ئامادە كردووە و هێشتاش زۆر زۆر لێی ڕازیم. نووسینەكانی ترم هێشتا مەرەكەبەكەیان وشك نەبووەتەوە كە لێیان بێزار دەبم، بەڵام نووسینی سەر گۆڕەكەی خۆمم هێشتا خۆش دەوێت. ئەم نووسینە هەڵگری خاڵی دەستوورێكە. بەدبەختانە ئەوەندەش گومان ناكرێت كە ئەم نووسینە لەسەر كەللەیەك كە سەرپەرشتیی ئەوی كردووە دەستنیشان بكرێت، مەگەر ئەوەی دەوڵەت لەم بارەیەوە كارێك بكات.
بۆ ئەوەی یادی من بكەنەوە، یەكەم جار دەبێت خودی من بدۆزنەوە، من ترسم لەوە هەیە كە خزمان و هاوڕیان بۆ دۆزینەوەی مردنی من تەواو بكەونە زەحمەتەوە، هەر بەو جۆرەی كە دەكەونە زەحمەتەوە لە كاتێكدا زیندووم و دەگەڕێن بۆم. بە هۆی ئەمەوەیە كە پەلە دەكەم پێش ئەوەی كە درەنگ بكات ئەمە لێرەدا تۆمار بكەم.
لەکۆتاییدا حەزەکەم ئەو پارچە شعرەی پەشێو دابنێم کە بەڕاستی زۆر بەجوانی هۆنیویەتەوە.
لە گۆڕستان بۆ بترسم!
خۆ هیچ نەبێ لەوێ لەو وڵاتە
وەک تەرازوو کش و ماتە،
ماڵۆچکەیەکی خۆمم دەبێت
لانە و لانی دونیام لەبیر دەباتەوە!
ماڵۆچکەیەک نە مانگانە کرێی دەدەم
نە کەس داوای کلیلەکەی دەکاتەوە!