عـەشــقـم چـەنــد لەعــەشــقـی”نـالــی” ئـەچــێ ! … بۆتان لەتیف ماویلی
دڵی تەنیام کەوتۆتە سەر ڕێت..
سێبەرت لەجۆخینەی مانگ ئەولاترە لەجوانی..
دڵم ھات وڕەنگڕێژی ڕێی ھاتنت بکات
وەک بڵێی ھاتوویتە ناخمەوە..
تا بەبزەکانت ناو سینگم بکەیتە ئینجانەی دڵی گوڵاویت..
لەدەلاقەی دڵمدا ئەبی بەچراا..
چرای ڕەواندنەوەی تاریکی وتەنیاییم..
خانمەکەم..
ئێواران خەیاڵم بەدیار چاوەکانت دائەنیشێ و
پەنجەرەی ژوور واڵا ئەکا بۆ پێخوستەکانت
چۆڕاوکەی خوێنم؛ فەڕشی سوری بەر پێتە ڕەیحانی..
وەکو لەیلاکەی مەحوی چاوەڕێی وادەی لیقام حەیرانی..
کەھێشتا مانگ نەی ئەزانی لەکوێی شەودا ھەڵ بێت!؟..
کەھێشتا عارف نەی ئەزانی ڕووگەی عەشقی کوێیە!؟..
منیش نەم ئەزانی پیتی یەکەمی عەشقی ئەزەلم چیە!؟..
چڵە ڕەیحانەیێ لەبەر ھەنگاوم ڕواو باڵای کردو
یەکەم ئایەتی عەشقی منی لەپەڕەکانی نوسرابوو..
ئیتر ئەوەو ھەناری باخی بەختەوەریمە..
چیتر لەگۆشەی خانەقا کڕ ناکەوم..
ئەوە پەیکی عەشقی خوداییمە..
ئەوە ھەناری شکانی تامەزرۆیی خۆشەویستی و
ڕێژنە بارانی خاوبوونەوەی خەیاڵمە
ئەی لەو دەنگەی؛ وەکو “نەی” ەکەی مەولانا..
لێنەگەڕا لەم گەردووونە بێ بنەدا سەرپەڕ بم!..
ئەی کچی کوردەواری
داوەپرچەکانت وەکو ژێی ساز..
دەنگت؛ دەنگی سرودی سروشی ئیمانە..
ئەی یەکەم ئاوازی مۆسیقاریم..
چیتر ناڵێم، ئەوە نەبێ کەحەزرەتی”نـالــی” دەیگوت بۆ”حەبیبە:
” دەستم لەگەردنی خۆت ھەڵمەگرە ئەی حەبیبە
وابزانە خوێنی خۆتە یا منەتی ڕەقیبە
سەر بەردەبازی ڕێتە، تەن تەختەبەندی جێتە
دڵ مەیلی خاکی پێتە، ڕوح ماڵی خۆتە بیبە
ئەی گۆرانی ژیانم..
ئاوڕ مەدەوە، وەرە..
ئەدی ناڵێم:
چۆڕاوکەی خوێنم؛ فەڕشی سوری بەر پێتە ڕەیحانی..
ئەی خودایە..
عەشقم چەند لەعەشقی”نالی” ئەچێ!..
بۆتان لەتیف ماویلی”پـایــان”
٢٣/٧/٢٠١٦ هەولێر- خانزادی نوێ