Skip to Content

کورتەنامەی شیعریی..16.. فەتاح حەسەن

کورتەنامەی شیعریی..16.. فەتاح حەسەن

Closed
by تشرینی دووه‌م 4, 2022 General, Poems

( بەشی شازدەم )

ئەو ڕۆژەی

قاوە بێ تۆ بخۆمەوە

چەند شەکری تێبکەم،

هێشتا هەر تاڵە.

ئەو شەوەی

بێ تۆ سەر بخەمە سەر، سەرین

بەیانییەکەی پشتییەکە

لچم لێهەڵدەقورچێنێ.

ئەو ڕۆژەی

باران بەخوڕ دەبارێ

چەتری خۆم نا..

چەترەکەی تۆ، هەڵدەدەم.

ئەو شەوەی

ئەستێرە دەژمێرم

دەنگی تۆ دێتە گوێم..

دەڵێیت

ژماردنی کاکێشان، زۆر گرانە.

ئەو ڕۆژەی

گوڵی لالۆ عەباس

دەم دەکاتەو

تۆی دەم خونچەم

دێنێتەوە یاد.

ئەو شەوەی

ئەستێرە لەگەڵ مانگ

شەڕ دەکات..

شەڕەکانی خۆمانم

دێنێتەوە یاد.

ئەو ڕۆژەی

بەفر دەبارێ

کلوەکانی بەناخی تۆ،

بەراورد دەکەم..

لەبەرخۆمەوە دەڵێم

ئای کە، ڕەشە.

ئەو شەوەی

کە، پێی دەڵێن یەڵدا

چاوەڕوانیی خۆم

بیردەخاتەوە..

بۆ یەکەم دەمی ژوان

ئەو ڕۆژەی

کە، تۆ دییت

خونچە وەرزی لێتێکدەچێ و

بەزستان دەپشکوێ.

ئەو شەوەی

تاریك و نوتەکە

مانگ بەدەر دەکەوێ

ئەستێرە دەجریوێنێ

کە، تۆ دێی.

فەتاح حەسەن

دانیمارك / ڤالبی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish