Skip to Content

شیعر و کۆمێنت!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

شیعر و کۆمێنت!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by شوبات 25, 2023 General, Literature, Slider

زۆرجار، لە پەراوێزی بڵاوکرنەوەی شیعری شاعیرێک لە والی خۆیدا، بە دەیان و سەدان کۆمێنتی دەستخۆشانە، لە بارەی شیعرەکەوە بۆ شاعیر دەنووسرێن. هەندێکیان بە جوان و داهێنەرانە، هەندێکی تریان بە شیعرێکی جیاواز دەیناسێنن. بێگومان ئەگەر ئەمە وەک بەشێک لە دەربڕینی هەستی خوێنەرێک لە بەرانبەر تێکستی شاعیرێک سەیری بکەین، ڕەنگە ئاسایی بێت، وەک چۆن ڕۆژانە بە هەزاران کۆمێنت لە بارەی هەر بابەتێکەوە دەنووسرێن و دەردەبڕدرێن. بەڵام لێرەدا ئەوەی پەیوەندی بە شیعرەوە هەیە ئەوەیە، کە ئایا دەکرێت شیعر لە ڕێی کۆمێنتی فەیسبووکەوە هەڵبسەنگێنرێت؟ ئایا شاعیربوون بە پێوەری زۆری و کەمی کۆمێنتە؟ شیعری جوان و داهێنەرانە، ئەو شیعرەیە کە زۆرترین لایک و کۆمێنتی بۆ دەنووسرێن؟ دەکرێ شیعر وەک پێکهاتەیەکی زمانەوانی و بابەتی و مانایی، کورت بکەینەوە بۆ کۆمێنتێکی چەند وشەیی؟ یان شیعر خوێنەوە و هەڵسەنگاندنێکی قووڵ و گەورەی دەوێت؟ ئایا ئەو شاعیرەی فەیسبووکی نییە و شیعرەکانی لەو ڕێگەیەوە بڵاو ناکاتەوە و کۆمێنتی بۆ نانووسرێت شاعیر نییە؟ دەتوانین شوناسی شاعیری جواننووس و داهێنەرانە، بدەینە پاڵ شاعیرێک و پێوەریشمان بۆ ئەوە تەنها کۆمێنت بێت؟ ئەمانە و گەلێک پرسیاری دیکە، دەشێ لە پەراوێزی دنیای سۆسیال میدیا و مینبەرەکانی بڵاوکردنەوە بکرێن و مایەی هەڵوەستەکردن بن. بێگومان هەڵسەنگاندن و کردەی خوێنەوەی هەر دەقێکی ئەدەبی، وێرای ئەوەی لە ڕووی میتۆدییەوە دەبێ پەیڕەو لە میتۆدێک بۆ خوێنەوەی بکرێت، هاوکات پاشخان و تێڕوانینێکی هزریانەی قووڵی دەوێت، بۆ ئەوەی ڕەخنەگر بتوانێت کۆدە شاراوەکانی ئەو دەقە بکاتەوە و بە دوای پرسیارە بێ وەڵامەکاندا بگەڕێت. خوێنەوە و هەڵسەنگاندنی شیعر، خوێنەوەی دنیابینی و تێڕوانینی هزریانەی شاعیرێکە کە لە شیعردا بەرجەستەی دەکات. بۆیە شیعر وەک تێکست هەڵگری چەندین ڕەهەند و دەلالەتی شاراوەیە و ئەستەمە بە کۆمێنتێکی ڕاگوزەرانەی کەسێک، کە ڕەنگە لە هەموو ژیانی دوو دیوانە شیعری نەخوێنبێتەوە هەڵبسەنگێنرێت. خوێنەوەی شیعر، کردەیەکی هزریی و پرسیاریی ئاڵۆزە و دەبێ هەموو لایەنە هونەری و بابەتییەکانی دەقەکە بگرێتەوە، هەر لە زمان و واتاوە، تا دەگاتە کۆدە شاراوەکانی دەق، کە پرسیار لای خوێنەر دروست دەکەن. ئەوانەی بە کۆمێنت پەسنی شاعیرێکی فەیسبووکی دەدەن، کە گوایا تێکستەکەی جوان وداهێنەرانەیە و داهێنانی لە شیعر کردووە، لە ڕاستیدا ئەوانە ئەگەر خوێنەریش بن، ئەوا پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی دەقێکی ئەدەبی یاخود شیعری نازانن، چونکە بەلایەکی کەمەوە کاتێ دەستەواژەی جوان و داهێنەرانە دەدەینە پاڵ شاعیرێک، دەبێ ڕوونیشی بکەینەوە کە ئەو شیعرە لە کوێ جوان و داهێنەرانەیە و هەڵگری واتایەکی شیعریانەی قووڵە و شاعیرەکەش چۆن داهێنانی کردووە؟ نەک تەنها کۆمینتێکی ڕاگوزەرانە بنووسین. بە داخەوە ئەمڕۆ ئێمە لە بەردەم جۆرە هەڵسەنگاندێکی ئەدەبیانە بە تایبەتیش شیعر داین، کە نەک بەهایەکی بۆ خوێنەوەی دەقی شیعری نەهێشتۆتەوە، بگرە شیعری لە چێژ و جوانیش خستووە، چونکە بڕوامان وایە هەر کەسێک چەند قسەیەکی جوان و ڕۆمانسییانەی بە سەر یەکەوە ڕێزکرد، ئیدی ئەمە شیعرە نووسیویەتی، بە بێ ئەوەی لە شیعر و ماناکانی شیعر بگەین. هەڵبەتە دەرفەتی بڵاوکردنەوەی شیعر لەو مینبەرانە زیاترە وەک لە چیڕۆک و ڕۆمان، ئیدی شیعر زۆرتر ڕاگوزەرانە دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە. ئەم جۆرە هەڵسەنگاندن و خوێنەوانە، نەک ناچنە خانەی هەڵسەنگاندنی بابەتی و ئەدەبیانەی دەقی شیعری، بەڵکو خۆی لە خۆیدا پەسندانی شاعیرێکە لە سەر بەردەوام بوونی هەڵەیەک کە بەردەوام دەیکات، ئەویش کورتکردنەوەی شیعر و خوێنەوەی شیعرە لە چەند کۆمێنتێکدا. شاعیر و شیعری داهێنەرانە، لە ڕێی کۆمێنتی فەیسبووکەوە دروست نابن و نابێ شاعیرانی ئێمە ئەوە بە لایانەوە پێوەربێت بۆ شیعرەکانییان و بڕوایان وابێت چەند کۆمێنتی زیاتریان بۆ بنووسرێت، ئەوەندە شیعرەکەیان خوێندراوەتەوە و ئەوەندەش خوێنەر و جەماوەری شیعریان هەیە، چونکە هەرگیز دیدگای خوێنەرێکی فەیسبووکی کە لە ڕێی کۆمێنتێکی کورتەوە دەریدەبڕێت، وەک دیدگای خوێنەرێک نییە، کە بەو پەڕی قووڵایی هزریی و هوشیارییەوە شیعر دەخوێنێتەوە. لەوەی یەکەمیان تەنها ڕوانێنێکی ڕاگوزەرانە بوونی هەیە، بەڵام لەوەی دووەمیان، تێڕامان و سەرنجی ڕەخنەیی، پرسیار و گومان دێنە ئاراوە. بۆیە نابێ شاعیران بە زۆری کۆمێنتەکان هەڵبکشێن و پێیان وابێت بە ڕاستی شیعری جوان و جیاوازیان نووسیوە. چونکە ئەو کاتە، پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی شیعر خوێنەوە نییە بەڵکو تەنها کۆمێنت و دەربڕینی فەیسبووکانەیە. لەو ڕوانگەیەوە، سەیرم پێ دێت کە دەبینم شاعیرێک چڵ ساڵە و زیاتریش شیعر دەنووسێت، کاتێ شیعرێکی لە والی خۆی بڵاو دەکاتەوە زۆرترین کۆمێنتی بۆ دەنووسرێت، ئیدی بڕوای وایە بۆتە شاعیرێکی جیاواز نووس و داهێنەر. خوێنەوەی شیعر کردەیەکی هزریە، بەرلەوەی بینین بێت، بەو مانایەی شیعر دەبێ ئەو هەستە لای خوێنەر دروست بکات، ڕووبەڕووی پرسیارو گومان و گەڕان بە دوای مانا شاراوەکانی دەقی بکاتەوە. شیعر هەر تەنها چێژ و بەرکەوتن نییە لەگەڵ خوێنەر لە ئاستی دیتندا، بەڵکو گۆڕینی ئەو هاوکێشەیە، بە کردەیەکی ئاڵۆزتر ئەویش گەڕانە بەدوای مانادا. لێرەوەش کردەی خوێندنەوە لە پاڵ چێژ دەبێتە ماناش. بێگومان ڕاستە چێژ بەشێکە لە دەقی شیعری و خوێنەر جیا لە چیڕۆک و ڕۆمان، لە شیعردا بە دوای چێژی شیعرییەوەیە، بەڵام دەبێ باش ئەوە بزانین کە چێژ هەموو دەقی شیعری نییە، شیعر لەپاڵ چێژ، ماناو تیمای شیعرییە، وێناکردنێکی دیکەی شتەکانە بە چاوی شیعر. شیعر تەنها زمان، وێنە و چێژی شیعری نییە، بەڵکو مەودایەکی گەورەتری لەو ڕەگەزانە لە نێو دایە، ئەویش گەڕانە بە دوای مانا شاراوەکانی دەق. ئەمەش کردەیەکی هزرییە و ئەستەمە لە ڕاگوزەرێکی خێرای خوێنەوەی شیعرێک و بەرکەوتنی لە ڕێی بینینەوە، بەو ڕەهەندە شاراوانەی دەقی شیعری بگەین، کەواتا هەڵسەنگاندنی شیعر، خوێنەوە و کردنەوەی کۆدە شاراوەکانی، زۆر گەورەترە لەوەی لە ڕێی کۆمێنتێکی ئاساییەوە ببینرێن و بکرێنەوە، بەڵکو دەبێ شیعر، وەک پێکهاتەیەکی زمانەوانی و بابەتی و مانایی ببینین، کە خوێنەوەی کات و بیرکردنەوە و ڕامانی قووڵی دەوێت و زۆر لەوە گەورەترە، بە کۆمێنتێک بخوێنرێتەوەو هەڵبسەنگێنرێت و شاعیرانیش بەو کۆمێنتانە شاگەشکە بن و پێیان وابێت جیاوازنووسیویانە. ئەگەر شاعیرێک لە ماوەی پەنجا ساڵ نووسینی شیعرو بڵاوکردنەوەی دەیان دیوان، نەیتوانیبێت جیاواز لەوانیتر بنووسێت و داهێنان بکات، ئاخۆ بە کۆمێنتەکانی قەیسبووک ئەو هەستەی لادروست دەبێت و دەتوانێت ئەمانە بکا؟

sadiqrwandze@yahoo.com

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish