Skip to Content

مامۆستا عەزیز گەردی لە نێوان داغستان و بەحرکەدا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

مامۆستا عەزیز گەردی لە نێوان داغستان و بەحرکەدا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

Closed
by حوزه‌یران 17, 2023 General, Opinion


بۆ یەکەمجار ئەوم بینی لە کافتریای کۆلێژی ئاداب، بە جلێکی کوردی سادەوە، بەرەو ڕارەوەکە بۆ دەرەوە دەڕۆیشت، وام لێکدایەوە کە یەکێک بێت لە کارگوزارەکانی کۆلێژ، بە تایبەتی ناو کۆلێژو زانکۆ چەند کارگوزارێکی کوردی شەبەکی لێ بوو، کە شەرواڵێکی کوردی و چاکەتێکیان لەبەردەکرد، وای بۆچووم کە ئەم پیاوە چاکەتەکەی کردووە بە چۆغەو پشتوێنیشی بەستووە، بەڵام هەر زوو ئەم بۆچوونەم هەڵوەشایەوە، کاتێ بینیم بندەستێک کتێبی پێیە. پاش کەمێک لە نەزەند حەمە سەدیق- کە ئیستا نەزەند بەگیخانیە و شاعیرو نووسەرێکی دیارە-م پرسی ئەو پیاوە کێیە بە جلی کوردیەوە لە ناو کۆلێژدا دێت و دەچێت، وەڵامی دامەوە چۆن نایناسیت، ئەوە مامۆستا عەزیز گەردیە. من تا ئەو کاتە نەمدەزانی کە مامۆستا عەزیز گەردی خوێندکاری بەشی زمانی فەرەنسیە، چونکە من پێشتر چەند نووسینێکی ئەوم بینیبوو بە تایبەتی ئەدەبی بەراوردکاری و چەند ژمارەیەکی ئەدەبی بێگانان و ئافرەتی کورد. ئەوە یەکەمجار بوو من ئەم پیاوە بە جەستە لاوازو سادەو ساکارو کەسایەتی گەڵەگەت و پایە بڵندە لە دوورەوەو بێ قسەکردن ببینم.
دواتر من لە نزیکەوە مامۆستا عەزیزم ناسی، ئەوکاتە ئەو لە پۆلی سێیەمی بەشی زمانی فەرەنسی بوو، ئەوەی بەلامەوە سەیربوو ئەم پیاوە گەورەیە کە پێشتر پەیمانگای مامۆستایانی تەواوکردبوو، نزیکەی پانزە ساڵ مامۆستای سەرەتایی بوو، منداڵانی کوردی فیرکردبوو، ئێستا وەکو خوێندکاریک سادەو ساکار دەهاتوو دەچوو، کە جارجاریش دەمبینی لەگەڵ هەندێ لە مامۆستاکانیدا قسەی دەکرد، وەکو منداڵێکی سەرەتایی و بە ئەدەب و پەیوەستبوونێکی زۆرەوە رادەوەستاو قاچەکانی جووت دەکردو رێک رادەوەستا، هەرچۆن مامۆستا لە قۆناغی سەرەتایی پێی دەگووتین وریابە، ئەو لەباری وریابووندا ڕادەوەستا.
ئەو زمانی فەڕەنسی دەخوێند، بەڵام پێشتر چەند بابەتێکی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕابوو. دیارە ئەو خۆی فێری زمانی ئینگلیزی کردبوو، لە راستیشدا ئینگلیزییەکەی لە زۆربەی دەرچووانی بەشی ئینگلیزی باشتر بوو، زۆر جار دەمبینی خوێندکارانی کوردی زمانی ئینگلیزی لێی کۆدەبوونەوەو پرسیاریان لێ دەکرد. ئەو بەبێ ئەوەی بڵێت ئیوە خوێندکاری بەشی ئینگلیزین و من فەرەنسی دەخوێنم، وەڵامی دەدانەوەو هەندێجار بابەتەکانی بۆ باس دەکردن بە تایبەتی بابەتی ئەدەب، کە دیاربوو ئەو زۆرێک لەو رۆمان و دراماو شیعرانەی خوێندبووەوە کە ئێمە وەکو پرۆگرامی خوێندن دەبوو بمانخوێندنایە.
من یەکەمجار لە کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی وەرگیرام و دواتر گواستمەوە بۆ بەشی ئینگلیزی، هەندێ کەس پێیان دەگووتم بێ عەقلیەکی گەورەت کردووە، هەندێکی تر دەیانگووت تۆ چۆن تەنازولت کردووە، بەلام مامۆستا عەزیز هەمیشە دەیگووت ئەو کاک عەتایەی کە لە کۆلێژی ئەندازیارییەوە بەرزبووەتەوە بۆ بەشی زمانی ئینگلیزی، هیوادارم هەمیشە لەبەرزبوونەوەدا بێت ، هەرگیز تەنازول لە هیج شتێکدا نەکات. دواتر وەرگێڕانە نایابەکەی” داغستانی من”ی رەسوڵی هەمزەتۆفی پێشکەش کردم و لێی نووسیبوو: ئەم کتێبە کە رێنومایی ژیانە و هەمزاتۆف وەکو پەخشانێکی هونەری نووسیوویەتیەوەو تێکەلاوی چیرۆک و ئەفسانەی داغستانی کردووە کە چیرۆک و ئەفسانەی مرۆڤایەتین، بەو گەنجانە پێشکەش دەکرێت کە بەڵین بەخۆیان دەدەن لە دوارۆژدا خزمەتگوزاری میللەتەکەیان بن و چیان لە دەست دێت لەو بوارەدا کەمتەرخەمی نەکەن”.
ئەوەی کە بە کەم کەس دەکرێت ئەوە بوو کە مامۆستا عەزیزو هاوەڵەکانی کە ئەوانیش مامۆستای سەرەتایی بوون، دەوامی مامۆستایەتیان گواستبووەوە بۆ خویندنگای ئێواران لە هەولێرو رۆژانە بەیانی زوو لە هەولێرەوە دەهاتنە موسڵ و دوای تەواوبوونی وانەکانیان دەگەڕانەوە بۆ هەولێرو فریای دەوامی ئێوارانیان دەکەوتن، واتە لە هەمان کاتدا مامۆستاش بوون و خوێندکاریش، خوێندنی زانکۆی ئەوساش وەکو ئێستا نەبوو بە تایبەتی لە زانکۆی موسڵ کە نەهاتن بگەیشتایەتە رێژەیەکی دیاری کراو خوێندکار ئەو ساڵە بە کەوتوو دادەنرا. ئەوەی جێگای سەرنج بوو مامۆستا عەزیز هەرگیز ناوی لە لیستی خوێندکارانی نەهاتوودا نەدەبینرا.
من ساڵی یەکەمی خوێندنم بوو لە بەشی زمانی ئینگلیزی، نزیکی نیوەی ساڵ بوو، چوومە کتێبخانەی کۆلێژ، مامۆستا عەزیز لەگەڵ مامۆستا حسەین عەلی وەلی و مامۆستا عەلی جوکل دانیشتبوو، سڵاوم لێکردن، وتی وەرە کارم پێتە، لیڤاکسەکەی کردەوەو چەند پەڕەیەکی کۆپی کراوی پێدام و گووتی ئەوانەم بۆ وەرگێڕە، من زۆر بە لامەوە سەیر بوو، وتم مامۆستا چۆن وەری بگێڕم ؟ ئەو گووتی ئەوە چیرۆکێکە قورس نیە، ئاسانە چەند جارێک بیخوێنەوە، بۆ ئەوەی لێی تێبگەیت، هەر وشەیەکت نەزانی لە فەرهەنگ ماناکەی بدۆزەوەو بزانە ئەو مانایە لە رستەکەدا گونجاوە، ئەگەر نەگونجا بە دوای مانایەکی تری وشەکەدا بگەڕێ، دیارە ئاشکرایە کە وشەی وا هەیە لە زمانی ئینگلیزیدا چەند مانایەکی هەیە. من چیرۆکەکەم لێوەرگرت و بەو ئینگلیزیە کەمەی کە ئەو کاتە دەمزانی و دیارە بە کوردیەکی خراپیش چیرۆکەکەم کرد بە کوردی و پاشی چەند رۆژێک کوردیەکەو ئینگلیزیەکەم بۆ بردەوە. لە کتێبخانە لەگەڵم دانیشت رستە بە رستە بەراوردی کوردی و ئینگلیزیەکەی کردو کوردیەکەی من پڕی بوو لە هەڵە، رستەکانی بۆ راستکردمەوەو ئینگلیزی و کوردیەکەی دایەوە دەستم و گووتی دەستخۆش زۆر باشە، جارێکی تر وەرگێڕانەکەت بنووسەوەو بیر لەوە بکەرەوە کە خۆت ئاسایی کاتێ قسە دەکەیت چۆن رستەکان دەڵێیت، ئەم رستانەش بخەرە سەر شێوەی قسەکردنەکەی خۆت. جارێکی تر کوردیەکەی خۆمم نووسیەوەو بردمەوە بۆ مامۆستا، پاش ماوەیەک بەیانیەکی رۆژی شەممە کە چووم بۆ کۆلێژ، مامۆستا لەبەردەم دەرگای هۆڵی ژمارە حەڤدە وەستابوو کە من وانەم لەوێ هەبوو، گووتی وەرە، لیڤاکسەکەی کردەوەو دوو ژمارەی رۆژنامەی هاوکاری پێدام و وتی سەیرکە ئەوە چیرۆکەکەیە کە وەرتگێڕابوو، بۆم ناردویت بۆ هاوکاری و لێرەدا بڵاوکراوەتەوە. لە راستیدا من کە ناوی خۆمم بینی نووسرابوو وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە وام دەزانی خەون دەبینم. من زۆربەی کات لەبەر ئەوەی چاوم کزبوو، لە پۆلدا، لە ریزی پێشەوە دادەنیشتم، بەڵام ئەو وانەیە کە بابەتی وتار- ئیسەی-مان هەبوو، دکتۆر دنحە تۆبیا گۆرگیس کە مامۆستایەکی هێجگار لێهاتوو بوو پێی دەگووتین، لە ریزی دواوە دانیشتم، هەر تاوناتاوێ لە ژێردەستمەوە سەیرێکی هاوکارییەکەم دەکرد. هیواخوازبووم چی زووترە وانەکە تەوابێت بۆ ئەوەی بچمە کتێبخانە وەرگێڕانەکەم لە رۆژنامەکەدا بخوێنمەوە.
بەلام دواتر کە وەرگێڕانەکەم خوێندەوە، بۆم دەرکەوت کە مامۆستا زیاتر دەستکاری کردووەو کوردیەکەی بۆ چاک کردوم. دوای چەند رۆژێک مامۆستا لە کتێبخانە وتی وەرە شتیکت بدەمێ، کە چووم دیوانی هێمن و هەواری خاڵی پێدام، وتی پێشەکی دیوانەکەو ئەم پەخشانە درێژە بخوێنەوەو سەرنجی وشەکان و رستەکانیشی بدە. پاش چەند رۆژێک کە ئەوانەم خوێندەوە بردمەوە بۆ مامۆستا، دوای ئەوە “پێکەنینی گەدای حەسەنی قزڵجی و دارەکەی بەرمالمان-ی ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل و پایزەخەونی محەمەد مەولود مەمی بۆ هێنام…بەمجۆرە مامۆستا بەردەوام بوو. دواتر تێگەیشتم مامۆستا دەیەوێت لە رێگای ئەمانەوە کوردیەکەم باش بێت.
مامۆستا عەزیز دوو خاسێتی زۆر هەستیاری هەبوو، کە دەبوو زۆر بە وریایانە هەڵس و کەوتی لەگەڵ بکەیت، یەکەمیان ئەوە بوو کە زۆر دڵی ناسک بوو، دەبووا بزانیت چۆن لەگەڵی دەدوێیت و چۆن هەڵس و کەوتی لەگەڵ دەکەیت. دووەم هەرگیز حەزی نەدەکرد نزیک بیتەوە لە وردەکاری و نهینیەکانی ژیانی. بۆ نموونە هەتا ئێستاش بە تەواوەتی ئاشکرا نیە کە مامۆستا لە دایکبووی چ ساڵێکە. رۆژێک لەناو زانکۆ من و ئەو و کاک حەمید عەبدوڵاو عارف عومەر گوڵ برای رەوانشاد دکتۆر مارف گوڵ، لە ناو زانکۆ پیاسەمان دەکرد، مامۆستا خلیسکاو کەوتە سەر زەوی پێکەوە هەڵمانساندەوە، پارەو ناسنانمەی زانکۆی کەوتە سەر زەویەکە، من کۆمکردنەوەو بەدەستمەوە بوو، دەستبەجێ شتەکانی لە دەست وەرگرتم و وتی خۆ سەیری ناسنامەکەمت نەکرد، لە راستیدا زانیم لە دایکبووی چ ساڵێکە، بەڵام هەرگیز باسم نەکرد، دواتریش چەند جارێک لێی پرسیم ئایا سەیری ناسنامەکەیم کردووە، هەر بە هەمان شێوە وەڵامم دایەوە کە نەخێر، چونکە دەمزانی لێم زویر دەبێت. خاڵیکی تر کە زۆر هەستیار بوو بەرامبەری ئەگەر باسی هاوسەرگیری لەگەڵ بکرایە. هەرچەندە ئەو بەردەوام نوکتەی خۆش و پێکەنیناوی بۆ دەگێڕاینەوە، لەو رووەوە ئەگەر ئەوەی دەیزانی بینووسیایەتەوە، دەبووە عەلادین سەجادیەکی تر. بەڵام ژیان نهێنی سەیری تێدایە. ئەم پیاوەی کە هەرگیز حەزی نەدەکرد باسی هاوسەرگیری لەگەڵ بکەیت، سەرئەنجام من بۆم دەرکەوت کە لای خۆیەوە عەشقی یەکێک لە کچە خوێندکارە کوردەکان بووە، من وای بۆ دەچووم کە هەرگیز بوێری ئەوەی نەبێت کە هەستی خۆیی بۆ دەرببڕێت، بەڵام دواجار زانیم کە ئەو بابەتەی لەگەڵ کچەکەدا کردبووەوە، بەڵام دیاربوو کچەکە وەڵامێکی ئەرێنی نەبوو، بە تایبەتیش ماوەی نێوان تەمەنیان زۆر بوو، من وام هەست دەکرد پاساوی کچەکە بۆ وەڵامە نەرێنیەکەی ئەوە بووبێت. ئەوەش پێموابوو زیاتر دەوری هەبوو لە زیاتر ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی مامۆستاو زیاتر بەسەرخۆدا شکانەوەیدا.
خاسێتێکی دیاری تری مامۆستا سادەیی و بێ باکی بوو لە دنیا. ئەو لەگەڵ زۆرینەی خوێندکارانی کوردی کۆلێژی ئاداب پەیوەندی هەبوو بە ئاستی جیاواز، دیارە هەمووانیش هەر یەکە بە ئاستێک ئەویان دەناسی چونکە ئەو دەمە مامۆستا نەک هەر لە خوێندکاران بەڵکو لە ناوەندی رۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا ناوێکی درەوشاوە بوو، زۆرینەی هاوتەمەنەکانی ئێمە شانازیمان بەوەوە دەکرد کە مامۆستا بەیانی باشمان لێ بکات، بەڵام وەکو گووتم ئەو ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێکمان بەهیزتر بوو بە تایبەتی ئەوانەی کە بایەخێکیان بە ئەدەب و خوێندنەوەو نووسین هەبوو، بەردەوامیش هەستمان دەکرد ئەو پێیوایە بەرپرسیارێتی هەیە بەرامبەر بەوانەی کە دەزانێت ئارەزووی بایەخدانیان بە ئەدەب و رۆشنبیری کوردی هەیە.
لە راستیدا کاتێ من سەیری کەسێتی مامۆستا عەزیزم دەکرد، بەردەوام ئەو بۆچوونەم لا زیاتر جێگیر دەبوو کە ئەم پیاوە بە سرووشتی بۆ ئەوە خوڵقێنراوە خەریکی ئەدەب و رۆشنبیری بێت، لە راستیدا ئەو بێجگە لەو حەزو ئارەزووە سۆفیانەی بۆ ئەدەب و رۆشنبیری هەیبوو، لە رووی خۆناسینیشەوە زۆر بە جوانی خۆی ناسیبوو، دەیزانی ئەو بۆچی ئەفرێندراوە. هەربۆیە راستگۆیانە هەموو ژیانی بۆ ئەو عەشقە سەرەکیەی خۆی تەرخان کرد کە لە راستیدا ئەو نەک هەر عەشقی ئەدەب و رۆسنبیری بوو، بەڵکو هەم دڵداری لەگەڵ نووسین و وەرگێڕاندا دەکرد، هەم سەئەنجام هاوسەرگیری لەگەڵ کتێب و قەڵەمدا کردو لەو رووەشەوە ئەو ژمارەیەکی لە ئەندازە بەدەر نەوەی خستەوەو گەورەترین خێزانی هەیە، خێزانی کتێب و گەورەترین ماڵی هەیە کە ماڵی کتێبخانەیە. تەنانەت عەشقی مامۆستا بۆ کتێب، بۆ نووسین، بۆ وەرگێڕان لە ماوەی بیست ساڵی دوایی تەمەنیدا وای لێکردبوو، کە نووسین و وەرگێڕان و قەڵەمەکانی و پاشانیش کۆمپیوتەرەکەی شوێنی هاوڕیکانی بۆ بگرنەوەو ئەوەیش وای لێکردبوو، تا ئەندازەیەکی زۆر خۆی لە زۆرینەی هاوڕی و دۆستەکانی و ئەو رووبەرە فراوانەی نووسەرانیش داببڕێت کە زۆرینەیان مامۆستایان خۆش دەویست و بەڕێزەوە سەیری هەوڵ و کۆشش و کەسێتی نەفس بەرزو هەڵوێست جوان و کارەکا نایابەنیان دەکرد.
کارو بەرهەماکانی مامۆستا عەزیز هەم لە رووی چەندێتیەوە زۆرن، هەم لە رووی چۆنیتیەوە گرنگن، چونکە ئەو دیدو تێڕوانینی دیاری خۆیی هەبوو بۆ رۆشنبیری و کەلتووری کوردی و باش دەیتوانی ریزبەندی ئەوە بکات کە چی پێویستترەو پێویستە چی لە پێشەوە ئەنجام بدرێت، بە مانایەکی تر لە بارودۆخێکدا کە وەزارەتی رۆسنبیری و دامەزراوە ئەکادیمیەکانی کوردستان و زۆربەی دەزگا کەلتووریەکان سیاسەت و ستراتیژی کەلتوورییان نەبوو، مامۆستا لەسەر ئاستی تاکەکەسی خۆی سیاسەت و ستراتیژی جێگیرو چەسپاوی کەلتووری خۆیی هەبوو، لە راستیشدا بەپێی ئەو سیاسەتە جێگیرەی خۆی کاری دەکردو گوێی بەوە نەدەدا کە دەرەوەی خۆی چۆن سەیری کارەکانی دەکەن، چونکە ئەو دەیزانی چی پێویستەو دەبێ چی بکات.
بەرهەمەکانی مامۆستا عەزیز زۆرو فرە چەشنن، کە لە نێوان نووسین و وەگێڕاندا دابەش بوون. ئەو یەکەم بەرهەمی لە شێوەی کتێبدا لە ساڵی ١٩٦٨-١٩٦٩دا نووسیووە، کە هێشتا لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا بووە کە ئەویش کتێبی (رەوانبێژی)ە لە ئەدەبی کوردیدا، کە لە سێ بەرگ پێکهاتووە. لە راستیدا ئەم کتێبەی مامۆستا هەوڵێکی جدیە بۆ دانانی کتێبی شێوە پرۆگرامی بۆ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی. لەم کتێبەدا مامۆستا سەرباری سوودوەرگرتنی لە رەوانبێژی عەرەبی، سوودی لە رەوانبێژی زمانی ئینگلیزیش وەرگرتووەو ئەم کتێبە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ خوێندکارانی بەشی زمانی کوردی و ئەدەبی کوردی.
لە کتێبە نووسراوە دیارەکانی تری مامۆستا ئەو بەرهەمەیەتی بە ناوی ئەدەبی بەراوردکاری، کە ئەویش دیسان کتێبێکە سوودی زۆری هەیە بۆ خوێندکارانی بواری ئەدەبی بەراوردکاری. هەر لە راستیدا مامۆستا خۆی دوای ئەوەی کە تێزی دکتۆرای لە بواری شیعری کوردیدا نووسی، دواتر تێزیکی تری لە بواری ئەدەبی بەراورددا نووسیووە کە بەراوردی نێوان ” رۆمیۆو جولێت”ی شکسپیرو ” مەم و زین”ی ئەحمەدی خانیە. بێجگە لەو لێکۆڵینەوە قوڵەی کە بە میتۆدی نوێی ئەدەبی بەراوردکاری نووسیووێتی، وەکو تەواوکەری تێزەکەی، هەم رۆمیۆ و جولیتی لە ئینگلیزیەوە کردووە بە کوردی، هەم مەم و زینی لە کوردیەوە بە ئینگلیزیەکی بەرزو دەوڵەمەندو بە زمانێکی شاعیرانە کردووە بە ئینگلیزی. وەکو ئاشکریە پێشتریش مامۆستا عەزیز فەرهەنگی بۆ مەم و زینی ئەحمەدی خانی کردبوو.
هەروەک لە بەرهەمە ناوازەکانی تری مامۆستا عەزیز کتێبی” رابەری شیعری کلاسیکی کوردی”و کتێبی” رابەری کێشی شیعری عەروزی کوردی”ن . مامۆستا لەم دوو بەرهەمە گەورەو دەوڵەمەندەدا کێشەکانی شیعری کلاسیکی کوردی لەسەر بەحرەکانی خەلیلی ئەحمەدی فەراهیدی دیاری کردووەو بنەمایەکیشی داناوە کە بەو پێیە دەتوانرێت کێشەکانی شیعری کلاسیکی کوردی دیاری بکرێت، کە ئەوەش بایەخێکی زۆری هەیە بۆ لێکۆڵینەوەی شیعری کلاسیکی کوردی. هەوەک بە جیاش کتێبێکی لەسەر کێشی شیعری شێخ رەزای تالەبانی نووسیووە. ئەمە بێجگە لەوەی کە کتێبێکی لەسەر کێشناسی نووسیووە بەناوی ” فەرهەنگی کێشناسی” کە ئەمەش وەکو یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ لێکدانەوەی کێشی شیعری کوردی. کتێبەکانی بەناوی” پەخشانی کوردی و چەشەی ئەدەبی” دوانی ترن لە کتێبە پڕ بایەخەکانی مامۆستا عەزیز، کە لە یەکەمیاندا باسی نووسینی پەخشان و هونەری پەخشاننووسین و رەگەزو بنەماکانی دەکات، کە تیایدا ناڕاستەخۆ باسی چۆنێتی بە دەقبوونی نووسراو دەکات و لەو رووەشەوە دوو پایە دیاری دەکات، یەکەمیان زمان یان پیکهاتەو بنیادی نووسینە، دووەمیان ئەو ماناو دەلالات و جیهانبینیەیە کە پارچە نووسراوێک هەڵیدەگرێت. لە کتێبی دووەمدا “چەشەی ئەدەبی” باسی جوانی دەق و چێژی دەق دەکات لەگەڵ ئەوەی چۆن دەقێک یان نووسراوێک هەر ژانرێک بێت لە رێگای بەرهەمهینانی ئاستەکانی ئێسەتیکی دەقەوە دەبێتە سەرچاوەی زانین یان چێژ.
بەشێکی تر لە کارەکانی مامۆستا عەزیز ئەو زنجیرە کتێبەیە کە لەسەر ئەفسانەی میللەتانی تر وەریگێڕاون لە ناویاندا ئەفسانەی ئەرمەنی، تورکیای، سلاڤی، فیرعەونی و مازەندەرانی… دیارە زۆرینەی خوێنەری کورد لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا مامۆستا عەزیزیان لە رێگای وەرگێڕانی کتێبە ناوازەکەی رەسوڵی هەمزاتۆڤەوە ناسی، واتە ” داغستانی من” کە دوو کتێبە. چیرۆک و بەسەرهات و ئامۆژگاری و پەندو قسە نەستەقەکانی ناو کتێبی داغستانی من بەو زمانەی کە مامۆستا عەزیز بابەتەکەی پێ داڕشتووەتەوە، هێندە جوان و چێژبەخشە خوێنەر کە دەستی دایە کتێبەکە ناتوانێت دەستبەرداری بێت هەتا نەگاتە کۆتایی. هەرکاتێ ئێمە لە کاتی زانکۆدا باسی قسەیەکی ناو “داعستانی من”مان بکردایە، دەمانگووت ئەمە قسەی ناو داغستانی تۆیە، یان لە داغستانی تۆدا شامیل وادەڵێت، ئەویش راستەوخۆ دەیگووت لە داغستانی ئەودا، واتە داغستانی رەسوڵی حەمزاتۆف، دەستبەجێ ئەوەشی بۆ زیاد دەکرد ” داغستانی من بەحرکەیە”. هەندێجار لەسەری دەرۆیشت و دەیگووت ” بەحرکە زۆر گرنگە، بەحرکە پایتەختی هەموو، جیهانە. منیش بە گاڵتەوە پێم دەگووت راستە، بەڵام مێژووی بەحرکە لە بەڕێزت و مامۆستا رەسوڵ بێزار گەردیەوە دەست پێدەکات. کە ئەمەی گوێ لێ دەبوو هەمووجارێ ئەم قسەیەی دووبارە دەکردەوە کە مامۆستا رەسول گەردی پێی گوتبوو: کورە ئەوە تۆ کتێبان دەنووسیت، لۆ کتیبێک لەسەر من نانووسیت، لۆ کتێبێک لەسەر عەیران نانووسیت؟”
بێگومان بێجگە لەم بەرهەمانەی ناومان بردن و دەیان بەرهەمی تریش، مامۆستا عەزیز کارێکی هێجگار بە نرخ و گرانی لە بواری وەرگێڕاندا ئەنجامداوە، ئەویش وەرگێرانی” کۆمیدیای ئیلاهی” نووسەرو شاعیری بەناوبانگی ئیتالی دانتێیە “. بێگومان ئەم کتێبە یەکێکە لەو کتێبە پڕ بایەخانەی کتێبخانەی جیهانی کە نەبوونی لە کتیبخانەی کوردیدا ناتەواوییەکی لەبەرچاو بوو. مامۆستا ئەو بۆشاییەو چەندین بۆشایی تری لە کتێبخانەی کوردیدا پڕکردۆتەوە.
بێگومان هێشتا زوو بوو بۆ ئەوەی مامۆستا بەجێمان بهێڵێت و هێشتاش کتێبخانەی کوردی و ناوەندی رۆشنبیری و کەلتووری کوردی پێویستی بە مامۆستا عەزیزو هاوشێوەکانی مامۆستا هەیە. گیانی بەرزەفڕی مامۆستا عەزیز شاد بێت، بەڵام دیارە ئەو هەر بە جەستە ناوەندی رۆشنبیری و کەلتووری و کتیبخانەی کوردی بەجێهێشتووە، ئەگینا لە رووی مەعنەویەوەو بەرهەمەکانیشی بە زیندووی لە یادەوەری ئێمەدا دەمێننەوە.

Previous
Next
Kurdish