لەبارەی باردۆخی ئێرانەوە.. ئاراس سەعید
“دۆڵۆز” پێی وایە هەموو رووداوێک دوو ڕەهەند لەخۆدەگرێت: ڕەهەندی پێش ڕووداو- Virtualو ڕەهەندی دوای ڕووداو-Actual. بۆ شرۆڤەکردنی باردۆخی ئێران لەسەر دوو ڕەهەند دەوەستین.
یەکەم: ڕەنگە بۆچونەکانی “ماکس ڤێبەر” لە بارەی دەوڵەتەوە لە هەموو بۆچونەکانی دی زیاتر، یارمەتیمان بدات، تا لە باردۆخی سیاسی ئێران تێبگەین.
بە بۆچونی “ڤێبەر” :(دەوڵەت خاوەنی مۆنپۆڵکردنی شەرعیانەی هێزە-power.) دەوڵەتێکی ئایینی وەکو ئێران، لە ڕێگەی جومگەکانی دەسەڵات دوونیای سیمبولەکان و پڕۆسەی وەک یەکلێکردنەوە پەیکەربەندی جڤاک دادەڕێژێتەوەو مافی خۆ نمیاشکردنی تاکگەرایی و ئازادییەکانی لێ دەسێنێتەوە. بەجۆرێکی تر، پڕۆسەی بەو ئەویترکردنی سەبجێکت لە ڕێگەی دوونیای سیمبولەکان و دیسپلینی جەستەوە.
” مێشڵ فۆكۆ” سەبارەت بە دیسپلینی جەستەی ڕای وایە كە جەستەی مرۆڤ لەم كاتەدادەخزێنرێتە ناو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، كە هەڵدەلوشێ، تێكدەشكێنێو سەر لە نوێ بونیادی دەنێتەوە، دیسپلین جەستەیی ملكەچو گوێڕایەڵو ئامادەی قبوڵ كردنی دیسپلینی زیاترو دەسەڵاتی زیاتر دروست دەكات، بەر لە سەردەمی مۆدێرن سزادان تەنیا ڕووی لە كەسی تاوانبار بوو، تەنیا تاكە كەسی تاوانبار ڕووبەڕووی سزا دەبووەوە، بەڵام تەكنیكەكانی دیسپلین ڕوویان لە كۆی دانیشتوانە. واتە: دەسەڵانی دیسپلینی تەنیا كەسێك دیاری ناكات تاكو بیخاتە ژێر چاودێرییەوە. یاخود سزای بدات، بەڵكو هەوڵی كۆنترۆڵی كۆی كۆمەڵگە دەداتو هەموو دانیشتوان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجی ملكەچ كردنو لارەملێی تاكەكانو فراوان بوونی دەسەڵاتەكەی، پێویستبوو گشت ڕەهەندێكی فەزا، زەمەنو جوڵە ڕێساو یاسایان بۆ دروست بكرێو کۆی گۆمەڵگە مۆنۆپۆڵ بکات.
ئێران دەوڵەتێکی پۆلیسی ئایینیە. لە ڕێگەی شەرعیەت و بنەما ئایینییەکانەوە، بنەمای پەیکەربەندی جڤات دادەڕێژێتەوە، ئەویش بە داتاشینی سیمبول و مومارەسەکردنی دەسەڵاتی ئایینی لە ڕێگەی دیسپلینەوە.
لە دەوڵەتێکی وەکو ئێران دا، تەواوی کایەکانی دەوڵەت وەکو؛ یاسا، سوپا، ڕۆشنبیری، پەروەدە، ئایین …هتد خالین لە سەربەخۆی و بەتەواوی کایەی سیاسین.
دەوڵەت خاوەنی مۆنۆپڵکردنی هێزە. تەواوی دامەزراوەکانی بەشێکی دانەبڕاون لە جومگەکانی دەسەڵات وەکو “فۆکۆ” دەڵێت: لەم كاتەدا مرۆڤ دەخزێنرێتە ناو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، كە هەڵدەلوشێ، تێكدەشكێنێو سەر لە نوێ بونیادی دەنێتەوە. دەوڵەتی ئێران؛ لە ڕێگەی دوونیای سیمبولەکانەوە کۆمەڵگە بوونیاد دەنێتەوە، وەکو (ڕووسەر، ڕیش، حیجاب و یەکپۆشی). لەم ڕێگەیەشەوە، مافی خۆنمایشکردنی تاکگەرایی، مافی ئازادی کەسێتی و ئایینی و ئەتنی و تەواوی سیمبولە جیاوازەکان دەسڕێتەوە و لەڕێگەی یاساوە شەرعیەت بەو پڕۆسیسە دەدات.
یاسا لەبنەڕەتدا ماسكی دەسەڵاتە، ئامرازی داڕشتنی فۆرمەكانیەتی، داپۆشینی شكڵە ڕاستینەو ناوەڕۆكیەكانی دەسەڵاتە “كە دیوی سەركوتیەتی” لەبەر چاوی كۆمەڵگە، یاسا كۆی دیوە ناشرینەكانی دەسەڵات دادەپۆشێتو ڕوویەكی جوانی درۆینەی بۆ دروست دەكاتو سزاكانی بە ئامرازی بەرقەرار كردنی عەدالەت دەناسێنێت و ڕەوایەتیان پێدەدات، یاسا دواجار جگە لە فرمانی سەروەرو دەسەڵاتدار شتێكی تر نییە، وە هەموو لایەكیش ناچار بە ملكەچیو گوێڕایەڵی دەكات، واتە وەك ئەوەی فۆكۆ لە (مێژووی سێکس واڵیتە)دا دەڵێ: دەسەڵات یاساكانی بە پێی ویستەكانی خۆی دادەڕێژێت، پاشان گوتاری حەقیقەتی بابەتەكان بەرتەسكو سنوردار دەكات، دواتر سزا بۆ سەرپێچیەكان دادەنێت، دەسەڵات لە هەموكاتو جێگەكان یەكسانە، بەپێی هەندێ میكانیزمی لە ڕادەبەدەر دووبارەبۆوەی یاسا، حەرام كردن و سانسۆر كار دەكات ، هەروەها فۆكۆ ڕای وایە”ڕواڵەتی هەمەكی دەسەڵات لە شێوەی یاسادا پیشان دەدرێتو ئاسەوارەكانی بە ملكەچی دەناسرێت”، واتە كاتێ دەسەڵات قسە دەكات ئەوا ئەو قسەیە ڕێسایە،و فۆرمی دەسەڵات لە ڕۆڵی یاسادانەردا دەردەكەوێت، كە ئەندازیاری فۆرمسازی دەسەڵاتەو یاساكان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەكانی حكومەتو فرمانڕەوادا دادەڕێژرێت و دەبێت تاكەكان حورمەتی بگرن، نەك لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە تاكەكان دەپارێزن، بەڵكو لە جەوهەردا لەبەر ئەوەی ئەم یاسایانە قسەی دەسەڵاتن، پابەند بوون بەو یاسایانەوە بەدادپەروەری و لادانیش لێیان بەتاوان ئەژمار دەكرێت.
دووەم: مەرگی “ژینا ئەمینی ” بەتاوانی لادان لە یاسا و مومارەسەکردنی مافی خۆنمایشکردنی تاکگەرایی و لابردنی ڕووسەر، هاوکاتە لەگەڵ ئەو پڕۆسێسە مێژووییەی هاوشێوەیی و وەک یەکلێکردن، کوشتنی مافی خۆنمایشکردنی تاکگەرایی. ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی هەستی یەکگرتوویی Sense of coherence. بە جۆرێک ڕووداوەکە دیواری ئەتنی و ئایینی و ئایدۆلۆژی تێکشکاندووەو زۆرینەی گروپ و توێژەکانی کۆمەڵگە بەیەک گوتار و یەک زمانی سیاسی درووشم دەڵێنەوە.
بەڵام پێناچێت، درووستبوونی یەکگرتووی گوتاری هاوبەش، ببێتە درێژە پێدەری ناڕەزاییەکان. ئەوەی بووە بە درووستبوونی هەستی یەکگرتووی پڕۆسێسی درێژخایەنی مومارەسەرکردنی دەسەڵاتی ئایینیە لەسەر کۆمەڵگە.
ئەوەی هەستی یەکگرتووی لە ڕێگەی گوتار و سیمبولە جیا دەکاتەوە مومارەسەرکردن و خودموختاری گروپەکانی کۆمەڵگەیە. ئەمەش ڕاپەڕیوان لە ڕووی ئەنتنی و جیۆپەلیتیکەوە دابەش دەکات بۆ سێ گروپی جیاواز؛(فارس و ئازەری و کورد).
فارسەکان بە هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی ئێران و پارچەبوونی ئێران ڕازی نابن. بەڵکو ناڕازەیەتییەکانیان تەنها لە دژی ڕیساکانی دەوڵەت و شەڕی بەهاکان کورت دەبێتەوە. بەڵام کوردەکان وەکو نەتەوەیەکی ناو جوگرفیایی ئێران، زمانی سیاسی ناڕەزایەتیەکانیان دەبێتە گوتاری نەتەوەیی و ئەم ڕووداوە دەکەن بەسەرەتای سەردەمێکی تازە لە خەبات و بەگژداچوونەوەی رژێمی ئێرانی و دەیانەوێت خۆیان دابڕن لە ڕابردوو و دەربچن لەدۆخی ناکارایی و چەقبەستوویی.
ئاراس سەعید