
گرنگی خۆناسی.. ئەحمەد هەولێری
لەدوای ڕاپەڕینی باشووری وڵاتەوە، گەلی ئێمە بەتەواوی پاسیڤ بووە. گەلێک تا دوێنێ تێکۆشانی گەورەی دەکرد و تاقە پارچەی وڵات بوو کە بەو ڕادەیە بزاوتی سیاسی تێدا چالاک بوو. ئەو چالاکیانە گەیشتە ئاستێک کە شۆڤێنیەتی عەرەب بە هەموو هێزی خۆی لێیدا بەڵام نەیتوانی بەری پێ بگرێت و دواجار بە ڕاپەڕینەکە و بەدوایدا کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ گەیشتە ئەنجامێکی سەرەتایی و بەدەستهێنانی پاراستنی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی هێڵی پاراستنی سی و شەش و دواتریش دامەزراندنی حکومەت.
بەڵام ئەم خرۆشان و جوڵەیە لەوێدا ئەوق بوو و لە بزاوت کەوت، چونکە بەدەستهێنانی ئازادی بەسترابووەوە بە نەویستن و نەفی کردنەوەی داگیرکەر، نەک دیاریکردنی ئەوەی ئێمە چیمان دەوێت و گەرەکمانە بە ڕزگاری چی بکەین! بۆیە هەم گەل و هەم جڤات لەدوای ڕزگاری بێ هیچ هەوڵ و تەقەلایەکی ڕاستەقینە بۆ بەجێهێنانی ئەو کارانەی کە دەبوو بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد و یەکسان بیدەن، کەوتنە شەڕی دەسەڵات و دابەشکردنی کۆمەڵگە کە دواجار شەڕ و ماڵوێرانییەکی گەورەی لێکەوتەوە. بۆیە هەموو ئەو گرفت و کێشە و ئاریشانەی لەو کاتەوە کەڵەکە بوون، مرۆڤ و جڤاتی ئێمەی بەڕادەیەک دەرگیر کردووە کە ئیدی لە باسی ناسنامە دابڕاون و تەنانەت بە ئەندازەیەک نامۆ بوون زۆر کات پێیان ناخۆشە وەک کورد گوزارشت لە خۆیان بکەن.
دەرگیر بوون لەگەڵ ئەو خەم و گرفتانە و ونبوون لە ناویدا تا ئەو کاتەیە کە مرۆڤی ئێمە دێتە دەرەوە، ئەوکات بە توندی بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ ئەوەی ئەو کێیە؟ سەر بە چ نەتەوەیەکە؟ پێناسی چیە؟ ئیدی دەبێت لە ڕێی ناسنامەکەیەوە خۆی بەناسین بدات. دروست هەر یەک لە ئێمە لەم ناسنامەیەدا خۆی دەبینێتەوە،کە ناسنامەکە بۆخۆی بنچینەیەکی ئەنترۆپۆلۆژی و مێژوویی و مۆڕاڵی و هەیە. بەم شێوەیە ئەو تاکە ناچارە ئەو سیمبۆڵە بکاتە ئەو مەکۆیەی کە بۆی دەگەڕێتەوە، سەرباری ئەوەی کە لە ڕوانگەی نۆستالۆژیەوە ناخودئاگا بۆی دەگەڕێتەوە، لێرەوەیە کە زۆرکات پرسی شوناسی کورد لە دەرەوە درووست دەبێتەوە. زۆر کاتیش ئەو مژارە کە بۆ وڵاتێکمان نییە، ئاڵامان نییە، مێژوویەکی فەڕمیمان نییە، ئازاردەرە و دۆخێکی کەمبوودی لە دەروونی مرۆڤی ئێمەدا درووست دەکات.
بۆنموونە مرۆڤێکی ئەوروپی هەر لە منداڵیەوە لەنێو ڕەهەندەکانی کیانەکەی خۆیدا ئاشنایەتی پەیدا دەکات. لەڕێی تیڤی و رۆژنامەوە یاخود هەڵبژاردەی وەرزشی نیشتمانییەوە، یان گرووپی موزیکی نەتەوەیی، یاخود ئەو سیمبۆڵەی بەدیاری لەجەژنی لەدایکبوونی دا بۆ دێت. وەک منداڵی گەلێکی خاوەن کیانێکی فەڕمی، بێ ترس و دڕدۆنگی دەنگی بڵندی دەکاتەوە و نیشانی دەدات و سروود و گۆڕانی بە باڵادا دەچڕێت
بەڵام مرۆڤ و جڤاتی ئێمە بە هیچ لەم خەونانەی شاد نەبووە و بێبەرییە لەم بوونانە و ئەم دەرەتانەی نییە ئەمانە بەدەست بهێنێ. چونکە نەتەوەی سەردەست هەموو شتێکی لێ زەوت کردووە، تەنانەت شارەکانی نەتەوەی سەردەست لەگەڵ شارەکانی ئێمەدا لە هەموو ڕوویەکەوە جیاوازی هەیە و هی ئەوان پڕە لە کارگە و شوێنی ژیان، شارەکانی ئێمەش خامۆشن و سەرمایەیان تیا بەگەڕ ناخرێ، ئەوە بۆ هەر چوار بەشەکە ڕاستە. بۆیە ئیدی کاتی ئەوەیە لەنێو ئەو دۆخە لە نامۆیی و دۆشداماوی چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە تاراوگەش هەوڵی خۆناسییەکی چڕ بەرپا بکرێتەوە و سەرلەنوێ ئامانجەکان دیاری بکرێنەوە. چونکە ئێمە سێ دەیەیە لە هەموو بزاوتێکی پێویست و ڕاستەقینە دابڕاوین و وەستاوین.
دکتۆریش بەرلەوەی چارەسەر بۆ نەخۆش بنووسێ، خودی نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکات. ڕاوچیش کاتێ دەچێ شکار، بیر لەوە دەکاتەوە، سیرەی تەواو لە نێچیرەکان بگرێ. کەواتە بێ ناسین و دیاریکردنی تەواوی ئامانج، کەس بەدروستی و تەواوی بەئاوات و هیواکانی ناگات.هەر لەم ڕوانگەیەوە بۆیەکا دەبینین نە ئەلەکسەندەری گەورە ونە جەنگیزخان، بێ زانین و زانیاری لەمەڕ هێزی تەواوی خۆیان و هەروەها ئەو ناوچانەی داگیریان کردووە، هێرشیان نەکردووە. ئیدی هێرشکەر بیت یاخود هێرش بۆکراو، زاڵم بێت یان زوڵم لێکراو بیت، دەبێت خۆت بناسیت و کە خۆشت ناسی ئەوکات دەتوانیت بەرامبەرەکانت بناسیت.
لای ئێمە تاکی کورد نە پێناسەیەکی دروستی بۆ خۆی هەیە و نە توانیویەتی بۆ داگیرکەر و دوژمنەکەی هەبێت، چونکە لە نێو بۆشاییدا ژیاوە و پەروەردە نەکراوە. مرۆڤ و جڤاتی ئێمە پێویستە هەڵسێتەوە و بۆ ناسینی خۆیی و دیموکراتیزەکردنی ژیارەکەی تێبکۆشێ. بە مێژووی ڕاستەقینەی خۆی ئاشنا ببێت. پەند و وانە لە ڕابووردوو وەرگرێ و بزانێ بۆ ئەو چارەنووسەی بەسەردا هاتووە. چونکە بێ خۆناسی ئەویدی ناسی نابێت و تاکو ئەویدی نەناسیت ناتوانیت بە ڕاستی خۆت بناسی و سنوورەکانی خۆت بناسیت و بیپارێزیت، بێ ئەوانەش ناتوانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بهێنیتە ئاراوە.
ئەحمەد هەولێری