 
	گورگ و بەرخە سپی … گۆڕینی : محەمەد بەرزی
 منداڵە ژیرەکان :  جارێکیان لەناو لەوەڕگایەکی گەورەی پڕ لە سەوزە گیادا ،  بەرخێکی خرپنی سپی زۆر  پچکۆلانە لە گەڵ ڕانە مەڕێکدا دەلەوەڕان . بەڵام بەرخەکە بە دەم خواردنەوە  وردە وردە  ملی بۆ پێشەوە نا و بە تەواوی  لە شوان و مەڕەکان  دوور کەوتەوە و بە بێ ترس بە دوای گیای تەڕ و تازەدا دەگەڕا .  پاش ماوەیەک پەڵە گیایەکی دۆزییەوە و لە خۆشیاندا بە هەر چوار پەل سەمایدەکرد ، بەڵام نەیدەزانی زۆر لە ڕانە مەڕەکە و شوانەکەی  دوور کەوتۆتەوە و ئاگاداری ئەوەش نەبوو ، کە گورگێکی  چاوبز لە پەنای پیرە دارێکی گەورەدا خۆی بۆ ماتداوە . ساتێک بەرخەکە هەستی بەوەکرد ، کە زۆر لە مەڕەکان دوور کەوتۆتەوە ، بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ لایان .  بەڵام کاتێک گورگە  برسییە فێڵبازەکەی  بینی ، کە خۆی شاردبۆوە بۆی ، زۆر شپرزە بوو ، لە ترساندا هەموو گیانی کەوتە لەرزین .  جا چونکە گورگەکەی زۆر لێوەی نزیکبوو ،  نەیدەتوانی ڕابکات و خۆی لە دەستی رزگار بکات . 
بەرخەکە بە دەنگێکی پڕ لە گریانەوە بە گورگەکەی وت : (  ئەوە تۆ دەتەوێت بم خۆیت ؟ ) …  گورگەکەش بە دەموچاوێکی ترش و تاڵەوە وەڵامی دایەوە و وتی : (  بەڵێ بۆ خواردنی تۆ هاتووم ، ئەی گوایە بۆچی هاتووم ) . 
بەرخەکە سەرلەنوێ بە گورگەکەی وت : (  من ئەمڕۆ لە بەیانییەوە گیا دەخۆم ،  ئێستا هەموو گەدەم پڕە پڕ بووە لە گیا ، جا تکایە تۆزێک لەسەرم ڕابوەستە ،  تا گیاکە هەرسدەکەم ؟ . چونکە ئەگەر ئێستا  من بخۆیت هەر وەک ئەوە وایە گیا بخۆیت و تامی گۆشتە ناسکە خۆشەکەم ناکەیت و  تەنها تامی گیا دەکەیت ، جــا وابـاشترە تۆزێک لـەسەرم ڕاوەبوەستیت ) . 
گورگەکە بەوپەڕی خۆشییەوە سەری ڕەزامەندی بۆ لەقاند و وتی : ( دەزانم تۆ لە پێش منەوە لێرەیت و منیش هیچ کێشەیەکم نییە و دەتوانم کاتێکی  زۆر لەسەرت ڕابوەستم )  .  بەرخەکەش زۆر سوپاسیکرد .
پاش ماوەیەک گورگەکە تاقەتی نەما و ویستی لە پڕ پەلاماری بەرخەکە بدات و بیخوات . بەڵام  بەرخەکە ،  کە بەمەی زانی گورج گورگەکەی وەستاند و وتی : (  گورگی ئازیز :  تکایە تۆزێکی کەش لەسەرم ڕابوەستە ، چونکە هێشتا گیاکە لە ناو گەدەمدا بە تەواوی هەرس نەبووە ، جا تکایە ڕێگام بدە تۆزێک هەڵپەڕم ، تا زووتر گیاکە هەرس بکەم ) .  ئەمجارەش گورگەکە بەمە ڕازی بوو . ئنجا بەرخەکە  کەوتە هەڵپەڕین و بە هەر چوارپەل سەمایدەکرد  ، بەڵام لە ناکاو لە خۆیەوە وەستا .
گورگەکە سەری سوڕما ، بۆیە وتی : (  ئەوە بۆ وەستایت ؟ ، دەی تا دەتوانی خێراتر  هەڵپەڕە ، تا زووتر گیاکە هەرس بکەیت ) ..  بەرخەکەش لە وەڵامدا وتی :  (  ئەوی ڕاستی بێت ،  چونکە هەڵپەڕینەکەم مۆسیقای لەگەڵدا نییە ، ئەوا  ناتوانم بە خێرایی و بە دڵی خۆم  هەڵپەڕم . جا  تکایە وەرە  ئەم زەنگۆڵەیە لە ملم بکەرەوە و  زۆر بە قایم ڕایبوەشێنە ، ئەو کاتە منیش بە دەنگ و ئاوازی  زەنگۆڵەکە  خێراتر سەما دەکەم و زووتریش گیاکە هەرسدەکەم ) .  
گورگەکەش چونکە خواخوای بوو زوو  بەرخە سپییە ناسکۆڵەکە بەبێ کیشە  بخوات بەمە ڕازی بوو  ،  بۆیە بە ئەسپایی  لە بەرخەکە هاتە پێشەوە و زەنگۆڵەکەی لە ملی کردەوە و زۆر بە قایم  ڕایوەشاند … لەو لاشەوە شوانەکە دەگەڕا بە دوای بەرخەکەدا .  جا چونکە دەنگی زەنگۆڵەکە  زۆر بەرز بوو ، شوانەکە گویێ لە دەنگەکەی بوو .  بە خۆی و گۆچانەکەیەوە بەرەو دەنگەکە چوو  ، پاش چەند هەنگاوێک  گورگ و بەرخەکەی پێکەوە بینی و بە گۆچانەکەیەوە زۆر بە گوڕ ڕایکرد بۆ گورگەکە ، گورگەکەش ، کە گۆچانی شوانەکەی  بینی زۆر ترسا و هەتا توانی ڕایکرد و دوورکەوتەوە  ، بەرخە سپییە جوانەکەش بۆخۆی ڕزگاری بوو . 
جا منداڵە ئازیزەکان :  ئەم  چیرۆکە ئەوەمان فێردەکات  ، هێز تەنها  مەرجی سەرکەوتن نییە ، بەڵکو  بیرکردنەوەی ژیرانەش دەتوانێت بەسەر هێزی زۆر گەورەدا سەربکەوێت . 
١٨ / ١٠ / ٢٠١٧
تێبینی : ئەم چیرۆکە بە دەستکارییەکی کەمەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی ، بەڵام ناوی نووسەری لەسەر نییە .


 
			 
			 
			