 
	دەنگدانەوەی کردارەکانمان … و: محەمەد بەرزی
دەنگدانەوەی کردارەکانمان
جارێکیان باوکێک لەگەڵ  منداڵەکەیدا ،   بە ناو  دارستانێکی  چڕی پڕ لە شاخ و   گرد و تەپۆڵکەدا دەڕۆیشتن .  لە ناکاو منداڵەکەی نووچێکی دا و بە سەردەمدا  کەوت و لە تاو ئازار هاواریکرد و وتی : ئای .  ئەوەی سەیر بوو دەنگی (  ئایەکە )  لە شاخەکەوە وەک خۆی گەڕایەوە .  منداڵەکە زۆر لەو دەنگە  سەری سوڕما ، بۆیە هەر زوو هاواریکردەوە :  تۆ کێیت ؟ .  ئەمجارەش دەنگی ( تۆ کێیت )  لــە شاخەکەوە گەڕایەوە .  منداڵەکە بەمە زۆر تووڕە بوو ، بۆیە هەتا توانی  هاواریکرد و وتی :  تۆ دەبەنگی ،  سەرلەنوێ دەنگی(  تۆ دەبەنگی )  وەک خۆی گەڕایەوە .منداڵەکە زۆر لەوە بێزار بوو ، ئنجا پرسیاری لە باوکی کرد  و وتی :  بابە گیان :  بە ڕاستی  من سەرم سـوڕمـاوە ،  ئــەوە چییە ڕوودەدات ؟ .  ئەی ئەوە کێیە لەوبەرەوە  بەو شێوەیە وەڵامم دەداتەوە ؟ . 
باوکەکەشی لە وەڵامدا وتی : کوڕی خۆم ئێستا بە چاکی گویێ لە      باوکی خۆت  بگرە ، ئنجا هاواریکرد :  تۆ کەسێکی زۆر چاکی .  هەمان دەنگی (  تۆ کەسێکی زۆر چاکی )  وەک خۆی گەڕایەوە .  سەرلەنوێ باوکی هاواریکردەوە :  سوپاس بۆ تۆ . بەهەمان شێوە دەنگی ( سوپاس بۆ تۆ )  گەڕایەوە ..  منداڵەکە زۆر سەری سوڕمابوو و نەیدەزانی چۆن چۆنی ئەو دەنگانە دەگەڕینەوە . 
پاشان باوکی زۆر لەسەرخۆ وتی : گیانەکەم ، خەڵکی بەوە دەڵێن دەنگدانەوە .  بەڵام ئەوە یەکێکە لە ڕاستییەکانی ژیان ،  چونکە  ژیان بریتییە لە دەنگدانەوەی کردارەکانمان . چیی پێشکەش  بە خەڵکی بکەین ، جا باش بێت ، یان خراپ .  خەڵکیش هەمان شتمان  پیێ دەبەخشنەوە  ،  چیش بچێنین ، هەر هەمان شت دەدرووینەوە . 
جا منداڵە خۆشەویستەکان : چیی بکەین بۆ خەڵکی ، ژیانیش هەمان شتمان بۆ دەگەڕێنێتەوە . ژیان بەسەرهات و ڕێکەوت نییە ، بەڵکو سێبەری کردارەکانمانە ، بۆیە پێویستە هەمیشە کار و کردەوەکانمان باش بێت .
تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئنگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .


 
			 
			 
			