نامەیەکی کراوە بۆ سەرجەم پارتە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان
بابەت: داواکاری بۆ دەستبەجی ئازادکردنی زیندانیانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی هەرێمی کوردستان
پاش سڵاو،
هەروەك هەموولایەك ئاگادارن لە ماوەی سێ مانگی ڕابردودا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وە بەتایبەتی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێرشێکی هەمەلایەنەی گرتۆتەبەر بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکەوانانی سیاسی و ومامۆستایان و هەموو ئەوانەی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی زاخۆ و بادینان هاتنە مەیدان، دژ بە خراپی هەلومەرجی ژیان و بێکاری وهەژاری وبێمووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزاری و هەروەها لە دژی هێڕشی زەمینی سوپای تورکیا و بۆردومانی گوندە سنوریەكان لەلایەن فڕۆکه جەنگیەكانیەوە کە تائێستاش ژمارهیهک لە دەستگیرکراوان چارەنوسیان نادیارە.
ئەمە هەڵمەتی گرتن و ڕفاندنە لە کاتێکدایە کهدەستگیرکراوەکان هیچ تاوانێکیان نهکردووە، جگه له داواکردنی مافه ڕەواو یاساییەكانی خۆیان و ودەربڕینی ناڕەزایەتی ونەفرەت وبێزاریان بەو دۆخە سەخت و فەلاکەتباری بەسەریانا سەپێنراوە.
خەڵکی کوردستان مافی ڕەوای خۆیانە داوای موچەو حەقی خۆیان بکەن، مافی خۆیانە داوای نان و کارو ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری بکەن، مافی خۆیانە داوای پاراستنی کۆمەڵگا بەگشتی بکەن لە مەترسی هەژاری و برسێنتی و ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە دژی هێرش و لەشکرکێشی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل .
بەڵام بەداخەوە کاربەدەستانی حکومهتی ههرێمی كوردستان لەجیاتی ئەوەی وەڵامی داخوازی هاوڵاتیان بدەنەوە و بەرپرسیارێتی لەئاست ژیان و گیان و سەلامەتی تەندروستیان لەئەستۆ بگرن، دەستیان بردووە بۆ ڕفاندن و زیندانی و سەرکوت كردنی ئەو خەڵكانە، تەنانەت بەناشرینترین شێوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵان، چالاكوانان و خەڵکی ناڕازی و ڕۆژنامەنوسان بەبێ ھیچ بڕیارێكی دادگا دەڕفێنن و لەزیندانە حزبیەكان زیندانیان دەکەن، كە تا ئێستاش هەندێکیان بێسەروشوێنن، وە ڕیگا بەپارێزەر و کەسوکاریان نادرێت سەردانیان بکەن تا لە چارەنوسیان ئاگاداربن.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە بەندکراوان لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەرونیدا دانپێدانیان پێکراوە بەکۆمەڵیک تاوان کە ئەنجامیان نەداوە، بەدووری نازانین وەک چەندین کەیسی تر سیناریۆی دانپێدانانی زۆرەملێیان پێ ئەنجامبدەن و لە کەناڵە ڕاگەیاندنەکانی خۆیانەوە بڵاویبکەنەوە دواتر بەناوی دەزگا ئەمنیەكانی حکومەتەوە ڕاپۆرتە چەواشەكاریەكان بناسێنن. ئەم هەوڵانەی دەستەڵادارانی هەرێمی کوردستان تەنانەت ڕێز نەگرتنە لە یاساو دادگاو دادوەرێک کە لەکوردستاندا خۆیان دایاناوە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو دەزگایانە مامەڵە بە زیندانیانی سیاسی دەکرێت بەبێ دانی ئەرکەکە بە دادوەر یان رێگەدان بە پارێزەری دەستگیرکراوەکان کە بتوانن بەرگری لە زیندانییەکان بکەن.
ئێمه وهکو (کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان/ هەرێمی کوردستان_عێراق) لەم نامە کراوەیەدا داواتان لێدەکەین هەڵوێستی خۆتان ڕاشکاوانە بە ئێمە و کەسوکاری زیندانیەکان و ڕایگشتی و خەڵکی کوردستان ڕابگەیەنن و بەرامبەر بە پێشێلکردنی ئازادی وستەمکاریەک کە دەرحەق بە خۆپیشاندەران و وچالاکەوانان دەکرێت هەڵوێستی خۆتان ئاشکرا بکەن، دەنا بێدەنگیتان دەتانکاتە هاوبەش لە تاوانێك کە بەرەو ڕووی ئازادیخوازان کراوەتەوە لەوەش زیاتر مێژوو هیچ لایەکتان نابەخشێت لەم ستەمکاریە کە لەلایەن کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیڕەودەکرێت.
داواتان لێدەکەین پەلە بکەن لە هەڵوێستی خۆتان و بەرپرسیاربن لە ئاست سەلامەتی و ئاسایشی هەموو ئەوانەی دەستگیرکراون داوا بکەن دەستبەجێ:
١- چارەنووسی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا بکرێت.
٢- ڕێگە بەپارێزەرو کەسوکاریان بدەن بیانبینن و مافی پارێزگاری لەخۆیان هەبێت بێ هیچ بەربەستێک.
٣- دەستبەجێ کاری عەمەلی بکرێت بۆ ئازادکردنی تەواوی دەستگیرکراوەکان.
ئەم کۆمیتەیە ئامادەیە بۆ خستنەڕووی هەر زانیاریەکی پێویست دەربارەی زیندانیەکان .
لهگهڵ ڕێزماندا.
چاوەڕوانی وەڵام و هەڵوێستی بەپەلەی ئێوەین.
هاوپێچ/ بەیانی ڕاگەیاندنی کۆمیتەکە.
.کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان/ هەرێمی کوردستان–عێراق
١٩ /١١/٢٠٢٠