 
	بەفری چی؟ … نەوزاد بەندی
بەفری چی ؟
کەی ئێمە شایانی بەفرین
 تا ببارێ؟
ھاتبوو کیژێکی حەمرین
وەک کچە شقارتە فرۆشەکەی
ئەندەرسن ، 
لەگەڵ خۆی بەرێ ..
کەی قەت بەفر
گەیشتۆتە لای عەرەبی
ورگدڕاوی
نەوتخۆری
خەڵک و خاک فرۆش ؟
ھاتبوو کۆمەڵێ گیانی
پڕ برین لەگەڵ خۆی بەرێ و
بە وەکیلی کێڵگە نەوتەکانیش بڵێ :
بیخۆنەوە
دۆزەختان خۆش ..
بەفری چی ؟
ئەم دز ئاوایە ،
کەی ھی بەفرن ؟
ئەم ئاوایی
ترسنۆک و 
خۆپەرستە ،
کەی شایانی
تارای زیوینی بێگەردن ؟
ھاتبوو
کۆمەڵێ  گوڵی
بێ ئینجانە و
بێ خاکی
ژێر خێمە ببا ..
ھاتبوو
ئەو توێژە تەنکەی
بە حیساب باوەڕ و
وەفای ئێمە ببا ..
ھات و 
ئەو گیانە پاکانەی
لەگەڵ خۆیا برد و
پێش ئەوەی دابەزێ
توایەوە ..
بوو  بە تف و
بەناوچاوی
نەوت دزەکانا
ھاتەخوار
بۆ یەک چرکەیش نەمایەوە ..
بەفری چی ؟
ئەمبوڵانسێکی
خوا بوو ،
کۆمەڵێ گیانی
پاکی بار کرد ..
حەیای کۆمەڵێ
گەندەڵی
خاک و خەڵک فرۆشیشی  برد ..
بەفری چی ؟


 
			 
			 
			