داهێنان تۆراندنه … به‌ختیار محه‌مه‌د
هه‌میشه داهێنان عه‌قڵیه‌تی باوی كۆمه‌ڵگه له خۆی ده‌تۆرێنێ (ئه‌مه سیفه‌تێكی جه‌وهه‌ریی داهێنانه). هه‌ڵبه‌ته ئه‌م عه‌قڵیه‌ته خاوه‌نی زمان و بیركردنه‌وه‌ی خۆیه‌تی، خاوه‌نی كولتووری به‌هێزی ڕهقهكاری مێژوویی خۆیه‌تی؛ ئه‌م عه‌قڵیه‌ته خاوه‌نی بیر و باوه‌ڕ و گوتاری ئایینه، خاوه‌نی داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیه‌تی، ته‌نانه‌ت خاوه‌نی هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆشیه‌تی. لێره‌وه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م عه‌قڵیه‌ته جۆرێكه له سه‌ره‌ڕۆیی ڕۆشنبیریی و ئه‌خلاقیی و سیاسی و… تاد.
زۆربه‌ی داهێنه‌ره ڕاسته‌قینه و جددییه‌كان له‌گه‌ڵ نه‌ریت و باوه‌ڕ و ڕه‌وشت و به‌ها باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا ناته‌با و ناكۆكن. لێره‌وه ئه‌وان هه‌میشه كۆمه‌ڵگه له خۆیان ده‌تۆرێنن؛ ئه‌و تۆراندنه‌ی هه‌ندێك جار ده‌گاته ڕاده‌ی ده‌ركردن و ڕاوه‌دوونان و كوشتنی داهێنه‌ره‌كه خۆی. دیاره سه‌ره‌تای داهێنان پرۆسه‌ی گۆڕانكارییه: گۆڕان له ناوه‌رۆك و له فۆرمی شته‌كان. به نموونه: ئێمه بۆ ئه‌ده‌بێكی نوێ پێویستمان به فۆرم (زمان) و ناوه‌رۆكێكی نوێ هه‌یه. هه‌مان شتیش بۆ كۆمه‌ڵگه (هه‌موو كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه) ڕاسته.
ئه‌وانه‌ی گۆڕانكاریی (داهێنان) ئه‌نجام ده‌ده‌ن، تاكه‌كانن؛ به‌ڵام هه‌رده‌م به پشتیوانیی كۆمه‌ڵ داهێنان و گۆڕانكارییه‌كان به‌دی دێن و به‌رجه‌سته ده‌بن. به نموونه: له ڕووی سیاسییه‌وه (جه‌ماوه‌ر – خه‌ڵك) پێویسته. له ڕووی گۆڕانكاریی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییشه‌وه (له پشت كه‌سی داهێنه‌ردا) {خوێنه‌ر = وه‌رگر = جه‌ماوه‌ر} پێویسته. ئاشكرایه هیچ ئه‌ده‌بێك له ده‌ره‌وه‌ی بوونی خوێنه‌ر – جه‌ماوه‌ر بوونی نییه؛ هه‌روه‌ك چۆن هیچ گۆڕانكارییه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیش له ده‌ره‌وه‌ی پشتیوانیی و هێز و ویستی جه‌ماوه‌ر- خه‌ڵكدا بوونی نییه و به‌دی نایێ.
هه‌ڵبه‌ته – وه‌ك گوتمان – ئامانجی داهێنان خۆی له خۆیدا گۆڕانكارییه: گۆڕانكاریی له بونیادی شته‌كان. پێناچێ به بێ گۆڕانكاریی ڕاسته‌قینه له بونیادی شته‌كان، هیچ گۆڕانكارییه‌كی ڕاسته‌قینه له فۆرمی شته‌كانیش ڕوو بدا؛ ته‌نانه‌ت له ئه‌ده‌بیشدا (ڕۆشنبیرییشدا)، كه سه‌ره‌تا هه‌موو داهێنان و گۆڕانكارییه‌ك له زمان و له فۆرمدا خۆی به‌رجه‌سته ده‌كا، به بێ گۆڕانكاریی له بونیادی بیركردنه‌وه و عه‌قڵیه‌تی ئه‌ده‌بی و شیعرییمان، گۆڕانكاریی له فۆرم و له زمانیش ڕوو نادا. ئێمه ده‌زانین پێوه‌ندییه‌كی هه‌ماهه‌نگی دیالیكتیكانه له نێوان فۆرم و ناوه‌رۆكی كاره مرۆییه‌كاندا هه‌یه. لێره‌وه هیچ فۆرمێكی نوێ به بێ ناوه‌رۆكێكی نوێ له دایك نابێ؛ هیچ ناوه‌رۆكێكی نوێش به بێ فۆرمێكی نوێ له دایك نابێ. ئه‌مه‌ش مه‌رجێكی گرنگی به نه‌مریی مانه‌وه‌ی شته‌كانه (ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرییه).
شاكاره نه‌مره‌كان هه‌م به زمانێكی زیندوو نووسراون، هه‌م به ده‌لاله‌ت و واتای قووڵی زیندووش. ئێمه له‌م شاكارانهدا هه‌م له واتا ده‌گه‌ڕێین (ناوه‌رۆك)، هه‌م له چێژیش (فۆرم). به‌م شێوه‌یه ئه‌ده‌ب (ڕۆشنبیریی زیندوو) خۆی له حاڵه‌تی ئه‌بستراكت دوور ده‌خاته‌وه. ئێمه پێمان وانییه ئه‌ده‌ب له ئه‌ركه مرۆڤایه‌تییه‌كان (نه‌ك ئه‌ركه ئایدیۆلۆژییه‌كان) به دوور بێ. هه‌ڵبه‌ته ئه‌ركی مرۆیی و ئه‌ركی ئایدیۆلۆژیی دوو شتی له یه‌كدی جودان؛ ده‌شێ ئه‌مه‌ی دواییان له خزمه‌تی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میاندا بێ، به‌ڵام ناكری ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان له خزمه‌تی ئه‌وه‌ی دووه‌میاندا بێ. دیاره ئه‌م حاڵه‌ته له هه‌موو سیستم و دیارده‌یه‌كی تۆتالیتارییدا به‌دی ده‌كه‌ین: دیارده و سیستمی سیاسی و فیكریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیریی و … تاد. ئاشكرایه داهێنانیش دژی تۆتالیتاریزمه. دیاره (له ئاستی سیاسی‌دا) تۆتالیتاریزم داهێنان نییه، به‌ڵام دیموكراسیزم (كه ئه‌نتی تۆتالیتاریزمه) داهێنانه. هه‌میشه داینه‌مۆی داهێنان گۆڕان و گۆڕانكارییه؛ كه‌واته تۆتالیتاریزم له هه‌ر ئاستێكدا بێ دژی داهێنان و گۆڕانكارییه. خۆ له خۆڕایی نییه، كه داهێنان پێویستی به ئازادییه؛ پێویستی به بیر و ڕۆحی ئازاده. داهێنان به‌رله‌وه‌ی پێویستی به ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئازاد بێ، پێویستی به بیر و ڕۆحی یاخی و ئازاد هه‌یه.
به‌ختیار محه‌مه‌د