Skip to Content

سێ دیوی ژیان.. مارف عومەر گوڵ

سێ دیوی ژیان.. مارف عومەر گوڵ

Closed
by كانونی دووه‌م 27, 2021 General, Poems


دیوی یەکەم :
پڕە لە خۆشی ، پڕە لە پێکەنین و چەپڵەڕێزان،
پڕە لە دیمەنی جوان ، ئاهەنگی بووک گواستنەوە،
چێژو چەشە ، بەهرەو داهێنان،
خۆشەویستی و بە هاناوەچوون، چیمەن و بەهارستان.
لەوێ ، بەیانیان زوو گوڵ دەپشکوێ ،
مۆسیقایەکی دڵگیر لە خەومان هەڵدەستێنێ
نیشتمان ئەوەندە نازدارە ، بە تین و تاو خۆشمان دەوێ
کە خەم روخسار دادەپۆشێت ، بە ماچ دەیسڕینەوە
کە گوڵ ماتەمینی دایدەگرێت ، هەراسان دەبێت،
بە هەناسەی ئەوین شنەبای بۆ هەڵدەکەین .
لەوێ، ئای لەوێ چی دەگوزەرێت ؟!
چوارچێوەیەک نیە ئازادیی گەمارۆ بدات ،
قوروچڵپاوێک نیە لە قولەپێی مرۆڤ بئاڵێت،
کتێب لە بەرگێکی جواندا دەخوێندرێتەوە ،
گۆرانی لە دەنگێکی ناسکدا شەپۆل دەدات
لە تینویتی خاکدا ، رەوی باران ئەوەندە جوانە
لەماڵەوە خۆمان بۆ ناگیرێ و دێینە دەرێ ،
دەسەڵاتێک نیە توانای هەبێت ،
زەوی و باران لە یەک بکات، ڕێڕەوی ئاو بگۆڕێت ،
دەسەڵاتێک نیە تریقەی کوڕوکاڵ بێدەنگ بکات
ئای لەوێ ژیان چەند خۆشە ؟!
مرۆڤ بە بێ ، دەنگی تەقە و هاڕەو وێرانکردن دەسووڕێتەوە
ئای لەوێ کەس ڕێگەی زیندان و
کۆشک و تەلاری فیرعەونەکان نازانێت.
ئای لەوێ پشیلە لە مرۆڤ ناترسێت ،
ئاژەڵی کێوی بەبێ جەنگ و هەرا زاووزێ دەکات
ئای لەوێ ، شار و گوند شارستانیەتێک دروست دەکەن
ڕمووزن شەرمەزارە لە ئاستیدا،
ڕمووزن ریسوایە لە بێ حورمەتیدا
ئای لەوێ ، لەو نیشتیمانە جوانەی ژیان
تریقەی خۆشیی دەگاتە کەشکەلانی فەلەک
بەربەندێک ڕێ لە ئەوین ناگرێت
بەڵێ ، بەربەندێک ڕێ لە ئەوین ناگرێت !

دیوی دووەم:
پڕە لە دیوار ، پڕە لە کۆت و بەند و سنوور
پڕە لە دەسەڵاتی جۆراو جۆر ، تێر نەخۆر و چاوبرسی
لێرە هەموو باخچەیەک تەلبەندی هەیە ،
هەموو ئاوێک پاسەوان ، هەموو نانێک جەردەوان
لێرە چاو هەڵکۆڵین ، وەکو گوڵ هەڵکۆڵین وایە
خۆرهەڵات لە تاریکیی دەچێت ، قۆناغێکی تاڵە تەمەن
مین ڕێژە ژوانگە ، قسە لە ماچێکیش نیە !
حوکمدارێک نامەی هیچ گوڵجاڕێک ناخوێنێتەوە،
بەری باران و هەتاو دەگرێت،
دونیا پەپولەیەکی تێدانیە بە دەوری گوڵێکەوە ،
گوڵێکی تێدانیە لە چاوەڕوانی پەپولەیەکدا !
بۆ دیداری گوڵێکی ئەودیو کێوان دوو دارشەق دەدەنە باخەوەن
ئێرە مەیدانی زۆرانبازیەکە
لەنێوانی خۆشی و ناخۆشیدا ، لە نێوانی مەرگ و ژیاندا
لە نێوانی بوومەلەرزە و زەمیندا ،
کەنار و لافاودا ، جەنگ و ئاشتیدا
لە نێوانی دڵنەوایی و بێدادیدا ،
دڵ بە ئەوینی ژیانەوە لە بەختانێتی
لە دەمەو بەیاندا بای باران هەڵدەکات
لە خۆرئاوابونیشدا شەوی یەڵدا کۆماندەکاتەوە.

دیوی سێیەم:
ئاوابونێکە ، هەندێ جار لێڵ ، هەندێ جار گەش
لە ئایەتەکانی ئاسماندا هەم خۆشیەو هەم ناخۆشێش
لەو ئاوابوونەدا ،
نە دوعاخوازیی هەیە و نە پێکەنین
لەو ئاوابوونەدا ،
پشت لە ئاوەدانی دەکەیت و تەنیایی دەتکوژێت
لەو ئاوابوونەدا ،
دەستبەرداری هەورو هەناسەو هەتاو دەبیت
لەو دیو ئاوابووندا ،
دەست لەملانی تەنیایی و تەشقەڵەی ئەوێ دەبیت
دەتەوێت هەموو ئێرە لە بوخچەیەکدا بەریت، ئەویش نابەیت
لێرە بە نیاز و مرازەوە بە ڕێگاوەیت ، لەوێ بێ ناسنامە تێکەڵ دەبیت
دیوی کۆتایی هەناسەیە ئەوێ ،
قۆناغی ونبونێکی هەمیشەیی ، بێ گەڕانەوە
لەنێوانی ئێرەو ئەوێدا ، مرۆڤ بەردێکی کەڕە
ئاسەوارێک لە ڕێڕەوی سەفەری ئاوابوون نیە .
ژیان تارماییەکە لە نێوانی ئێرەو ئەوێدا ،
نە قەڵەمێک دەنوسێت ، نە نامەیەک دەخوێندرێتەوە .
لە ئایەتەکانی ئاسماندا ،
دڵی ئەوینداران دوای دڵبەر دەکەوێت و ناگەڕێتەوە
ماڵ بێ پەنجەرەیە ،
مرۆڤ لە پۆشتەو پەرداخیدا کۆرپەیەکی ئان و ساتی لە دایکبونە
کورسی و تەلاری بە هەوا سپاردووە
لە نێوانی ئێرە و ئەوێدا ، بەراوردێک نیە
یا لە دونیادا قەلەمڕەوی ئاوا دەبێت ،
یا بە ژێر ئاودا ئاوا دەبێت ،
لە نێوانی ئێرە و ئەوێدا ،
یەک سنوور هەیە هەموو شتێک دەسڕێتەوە.


سلێمانی
مانگی ١١ و١٢ /٢٠٢٠

Previous
Next
Kurdish