دۆزینه‌وه‌ی پێكوته‌ی كۆرۆنا له دیدی موسڵمانه‌كانه‌وه.. ئارام حەمەساڵح
هه‌روه‌كوو پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان موسلمانه‌كان هه‌رده‌م عه‌وداڵی گه‌ردیله‌یه‌ك له زانست و داهێنان و پێشكه‌وتنن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كوو له‌زگه بینوسێنن به دینی ئیسلام و قورئان و شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه،له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و داهێنان و زانستانه له ولاتانی ئیسلامی‌دا بێت یان له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كی ئه‌م دنیایه‌دا بێت لایان گرنگ نییه ، گرنگ ئه‌وه‌یه كه‌به‌په‌له ئایه‌تێكی قورئانی بۆ بدۆزنه‌وه ووه‌كوو سه‌رچاوه‌ی زانسته‌كه یان داهێنانكه له‌به‌رچاوی عه‌وام وێنای بكه‌ن و بیكه‌ن به بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌رزمانیان لێره‌وه هه‌وڵو تێكۆشانی سه‌دان پرۆفیسۆر و زانا و پزیشك كه‌ره‌تی سفر بكه‌ن و هه‌مووچاكه‌و لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌كانی زانسته‌كه بگه‌ڕێننه‌وه بۆ ئیسلام !
هه‌ڵبه‌ته گێڕانه‌وه‌ی زانست و ته‌كنه‌لۆژی بۆ تێكسته ئاینییه‌كان كارێكی نوێ نییه و جوله‌كه له مێژه ده‌ستی داوه‌ته ئه‌م كاره قێزه‌ونه‌و موسڵمانه‌كانیش ده‌قاو ده‌ق كۆپیان له‌به‌ر گرتۆته‌وه ، واڵته‌ر ئیسحاقسۆن كه نووسه‌رێكی ئه‌مریكی جوله‌كه‌یه هه‌وڵێكی زۆری‌دا كه وا له خه‌ڵك بگه‌ێنێ كه ئاینشتاین باوه‌ڕی به خودا‌و دینی جوله‌كه هه‌بووه ، خۆشبه‌ختانه كاتێك كه دوا نامه‌ی ده‌ستخه‌تی ئاینشتاین دۆزرایه‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌رچوو له‌و نامه‌یه‌دا ئاینشتاین هه‌موو كتێبه دینیه‌كان به چیرۆكی مندالانه ده‌چوێنێ !
كۆمپانای فایزه‌ر PFizer
كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكیه‌و ٤٨ ساله دامه‌زراوه‌و نزیكه‌ی ١٥٠ سه‌نته‌ری هه‌یه‌و له شه‌ش ولاتدا لقیان هه‌یه ، ته‌نها له ئه‌مریكادا ٣٩ سه‌نته‌ریان هه‌یه وسه‌نته‌ری سه‌ره‌كیان له شاری نیۆركه ، نزیكه‌ی ٨٨٠٠٠ فه‌رمانبه‌ریان هه‌یه، قازانجی سالانه‌یان ده‌گاته ٥٤ بلیارد دۆلار .
كۆمپانیای بایۆنتێك BioNtech
كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانیه‌و ١٢ سال له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن دوكتۆر ئۆگه‌ر ساهێن و دوكتۆر ئوزلێم تورێجی هاوسه‌ریه‌وه به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دوكتۆر كریستۆف هوبه‌ره‌وه دامه‌زاروه ، له ئێستادا نزیكه‌ی ١٣٠٠ كارمه‌ندیان هه‌یه، دوكتۆر ساهێن به‌ره‌گه‌ز توركه‌و له‌ته‌مه‌نی ٤ ساڵیه‌وه له‌گه‌ل خێزانه‌كه‌یدا چۆته ئه‌ڵمانیا ، دوكتۆر تورچیش له ئه‌ڵمانیا له‌دایك بووه .
كۆمپاناو مۆدێرنا Moderna
كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكیه‌و ده‌سال له‌مه‌وبه‌ر دامه‌زراوه له ئێستادا ٨٣٠ كارمه‌ندیان هه‌یه و بنكه‌ی سه‌ره‌كیان له هه‌رێمی ماساچوسته له ئه‌مریكا، له‌م كۆپمانیایه‌دا یه‌ك كه‌سی به ره‌گه‌ز لوبنانی و یه‌ك كه‌سیشی به‌ره‌گه‌ز ئه‌رمه‌نی تێدایه .
پوخته‌ی باسه‌كه
هه‌ریه‌كه له كۆمپانیاكانی فایزه‌رو بایۆن تێك و مۆدێرنا ده‌یان هه‌زار كه‌س كاریان تێدا ده‌كه‌ن له‌ناو ئه‌مانه‌دا زیاتر له‌هه‌زار دوكتۆر له هه‌موو بواره جیاوازه‌كانی زانستی پزیشیكی بایۆلۆژی و مایكرۆبایۆلۆژی وكیمیای ئۆرگانی و….هتد سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌و تاقیكردنه‌وه‌ن زۆربه‌شیان هه‌ڵگری شه‌هاده‌ی دوكتۆراو به‌رزتریشن له‌و بوارانه‌دا، پسپۆڕ و شاره‌زای ئه‌وتۆیان تێدایه خاوه‌نی نیو سه‌ده ئه‌زموونه له‌و بابه‌تانه‌دا ،به هه‌ول و هیمه‌تی ئه‌و هه‌موو پرۆفیسۆرو زانستوانانه له‌پاش ماندووبوونێكی زۆر كه نزیكه‌ی ١٠ مانگی خایاند توانیان پێكوته‌ی كۆرۆنا به‌رهه‌م بهێنن ، مه‌خابن موسڵمانه‌كان هه‌ول و ته‌قه‌لای ئه‌و هه‌موو زانا‌و دۆكتۆره به‌ڕێزانه‌یان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوو چاویان ته‌نها دوكتۆر ساهێن ودوكتۆر تورچی و بینی ، به‌په‌له ماكینه‌ی پروپاگه‌نده‌ی ئیسلامیان خسته گه‌ڕو به‌هه‌موو دونیادا بڵاویان كرده‌وه كه دۆزه ره‌وه‌ی پێكوته‌ی كۆرۆنا موسڵمانه ئه‌مه له‌كاتێكدا كه هێشتاش نازانن ئایا ئه‌و دوو كه‌سه ته‌نها به‌پێی ناسنامه و شوێنی جیۆگرافییان موسڵمانن یان نا ! نازانرێ كه ئایا ئیسلامه‌تی ده‌كه‌ن و دیندارن یان نا ! دوكتۆر ساهێن به ٤ ساڵی چۆته ئه‌ڵمانیاو دوكتۆر تورجیش له ئه‌ڵمانیا له‌دایك بووه ، له‌موسڵمانان ده‌پرسم ئایا ده‌بێ ئیسلام چ ڕۆڵێكی له‌مه‌دا هه‌بێت ؟ ئایا ئه‌گه‌ر له توركیا ژیان و گوزه‌رانیان به‌سه‌ر بردبا هه‌ر هه‌مان زانستوان ده‌بوون ، یان له‌وپه‌ڕی و هه‌ژاری و بێده‌رامه‌تیا ژیانیان به‌سه‌ر ده‌برد هه‌روه‌كوو داك و بابیان !گریمان له‌سه‌دا سه‌د موسڵمانن ، هێشتاش كاره‌كه‌یان له دووروو نزیكه‌وه په‌یوه‌ندی به دینه‌كه‌یانه‌وه نییه و ئیسلام نه‌بۆته هۆی دۆزینه‌وه‌ی پێكوته‌كه و هیچ كه‌ڵكیان له ئیسلام وه‌رنه‌گرتووه .
لێره‌دا سوپاس و ستایش و پێ‌زانین ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سیسته‌می سێكولاری ئه‌ڵمانی و ئه‌مریكی و سیسه‌تمی خوێندنی ئاكادیمی به‌رزو زانكۆكانی ئه‌ڵمانی و ئه‌مریكی كه زانست و په‌روه‌رده‌یان كردووه به پێوه‌ر بۆ مرۆڤ و هه‌لی خوێندن و پێشكه‌وتنیان بۆ هه‌موان ڕه‌خساندووه به‌بێ جیاوازی دین و ڕه‌گه‌زو نه‌ته‌وه و ڕه‌نگی پێست نه‌ك بۆ ئیسلام !
سه‌رنج : زانیاریه‌كانم له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی هه‌رسێ كۆمپانیای ناوبراوه‌و وه‌رگرتووه .
ئارام حەمەساڵح