Skip to Content

خۆری فەلسەفەی زانست لە هەڵهاتنەوەدا (ڕۆی باسکار) و قوتابخانەی ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی.. سۆران ئازاد

خۆری فەلسەفەی زانست لە هەڵهاتنەوەدا (ڕۆی باسکار) و قوتابخانەی ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی.. سۆران ئازاد

Closed
by December 22, 2020 General, Opinion, Slider

تەوەرەکانی ئەم باسە:
یەکەم: قوتابخانە جیاوازەکانی فەلسەفەی زانست بە گشتی
دووەم: قوتابخانەی ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی (ڕۆی باسکار)
سێیەم: نموونەی پرس و جیاوازیی سیاسیی کێشەی کورد لە باشوور و پارچەکانی تری کوردستان

کێشەی فەلسەفەی زانست جارێکی تر بەرۆکی فەلسەفە دەگرێتەوە. ئەو بەرۆکگرتنەوەیە ئاماژەیە بە هێزی فەلسەفە لە ئاڕاستەکردنەوەی زانست کاتێک خۆی لەناو قەیرانە بێ چارەسەرەکانی خۆی دەبینێتەوە. زانستخوازان بە دۆزینەوەی هەندێک لە ڕێچکە سرووشتییەکان و بنەمای چەندبارەبوونەوەی دیاردە سرووشتییەکان گوتاری مردنی فەلسەفە بەرز دەکەنەوە بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بن، کە نازانستبوونی فەلسەفە بنەمای لەدایکبوونی زانستە. پرسی ئەوەی زانست چۆن دەبوو ئەگەر فەلسەفە لە بنەڕەتدا نازانستی نەبووایە ڕوونکردنەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی دۆزینەوە زانستییەکان و ئەو بنەمایانەی بۆیان گریاونەتەبەر دابین دەکەن. (مارتین هایدیگەر) لە گوتاری (نامەیەک لەسەر مرۆڤایەتی) سەرچاوەی ئەو جۆرە تێڕامانە لە فەلسەفە دەخاتە ڕوو، کە ڕەگەکەی بۆ (ئەفلاتوون) و (ئەریستۆ) دەگەڕێتەوە بەوەی لەو کاتەوە ڕۆڵی بیرکردنەوە لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی ‘تەکنیکی’ سنووردار کراوە. زیاتر لەوە، وەک خۆی دەنووسێت: ” لەو کاتەوە فەلسەفە بەردەوام لە پێگەیەکی سەخت بووە بۆ ڕەوایەتدان بە بوونی پێش بوونی زانست.”1 هەر لەو ڕوانگەیەوە، خودی بابەتی بیرکردنەوە وەک بنەما بۆ ‘تیۆر’، بە دیدی (هایدیگەر)، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی تەکنیکایەنە، وەک دەنووسێت: ”خەسڵەتی بیرکردنەوە وەکو (تیۆر – theoria) و داکۆکیکردن لە ناسینی وەکو هەڵسوکەوتی تیۆری هەر خۆی لە ڕاڤەی تەکنیکیانە بۆ بیرکردنەوە ڕوو دەدات. ئەو خەسڵەتە کاردانەوەیە بۆ ڕزگارکردنی بیرکردنەوە و پاراستنی سەربەستییەکەی دژ بە کردار و کردن.”2

بەڵام ئایا تیۆر چۆن دەتوانێت بوارێکی ناکرداری بێت، کاتێک خاوەن هێزی ڕوونکردنەوە و پێشخستنی چارەسەرە بەرانبەر بە کردار و کردن؟ ئێمە دەبینین، کە ئەوەی لە چوارچێوەی ‘لۆجیک’دا دەسەلمێنرێت، دووبارە لە بەردەم هەڕەشەی ڕەتکردنەوە دایە هەر بە خودی ‘لۆجیک’ خۆی. هەوڵدان بۆ بە گشتگیریکردنی دیاردە و ڕووداوەکان لەسەر بنەمای ‘لۆجیک’ وا ڕەچاوی ڕاستەقینە یان واقیع دەکات، کە خاوەن یاسای هۆکردی چەسپاو بێت. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، پێویستە ئاماژە بە دوو قوتابخانەی فەلسەفەی زانست بدەین. یەکەمیان، سرووشتناسی (Naturalism)، یان پۆزەتیڤیزمە، کە (دەیڤد هیوم) بناغە بنەڕەتییەکانی جێگیر دەکات. دووەمیان، بوونیادگەری (Constructivism)، کە یەکەم لە ڕێگەی تێپەڕاندنی سرووشتناسی بە ئایدیاڵیزمی باڵای (ئیمانوێڵ کانت) دەست پێ دەکات و دووەم بۆ هەوڵی بوونیادگەراکان بناغە زانستییەکانی خۆی دادەمەزرێنێت. بۆ سرووشتناسەکان، ئامانج دۆزینەوەی یاسا هۆکردەکان (casual laws)ە. ئەوەیش وا پێشنیار دەکات، کە ڕاستەقینەی دەرەکی و یاسا هۆکردەکانی بڕیار لەسەر ڕووداو و دیاردەکان دەدەن، چ سرووشتی بن، چ کۆمەڵایەتی. لەو ڕوانگەیەوە، دۆزینەوەی ڕێچکە سرووشتییەکان و هێڵە چەندبارەبووەکان ئامانجی زانستە. (کانت) ئەو نەریتەی بیرکردنەوە ڕەت دەکاتەوە و لە جێگەی بە چەقزانینی ڕاستەقینەی دەرەکی، هۆش بە چەقی زانین و دۆزینەوەکان دادەنێت. ئەگەرچی ئەو جیهانی ڕاستەقینەی دەرەکی ڕەت ناکاتەوە، کە بە (نۆمینە)ی دادەنێت، هۆش لە تێگەیشتن لێی کەمتوانایە و سنووری تێگەیشتنەکانی هۆش تەنیا دیاردەکانە. لەو ڕوانگەیەوە، هەر جۆرە بانگەشەیەک بۆ تێگەیشتن لەوەی لە دەرەوەی سنووری تێگەیشتنی هۆشە لای (کانت) بانگەشەیەکە لە دەرەوەی دروستێتی. تەنانەت (کانت) بۆ بەرزکردنەوەی ڕەخنە لە ئاست سرووشتناسیی (هیوم)، یاسای هۆکردی بە ناپەتی دادەنێت ئەگەرچی لەپێشتریش بن، وەک پێی وایە دەربڕینی (هەر گۆڕانێک هۆکردی خۆی هەیە) ئەو دەربڕینەیە، کە ئەگەرچی لەپێشترە، بەڵام ناپەتییە بەو هۆکارەی خودی چەمکی گۆڕان ‘چەمکێکە لە ئەزموونەوە دەرهێندراوە.’3 بەڵام ئایا خودی چەمک خۆی چۆن لە هۆشی مرۆڤدا دادەهێندرێت؟ وەڵامی (کانت) بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە، کە ‘بە کەرەستەکانی هەستکردن، لە ئاکامدا، بابەتەکانمان دەست دەکەون و هەر ئەوە گەشە بە دەرککردنی ئێمە دەدات؛ بە تێگەیشتن دەبن بە بیر و لەوەوە چەمکەکان سەرهەڵدەدەن.’4 بۆیە دەبینین بۆ لەدایکبوونی چەمکەکان کۆمەڵێک پێشمەرج هەن، کە دەبێت ئامادەییان هەبێت. سەرەتا دەبێت مرۆڤ خاوەن کەرەستەکانی هەستیاری یان هەستکردن بێت و ئەو هەستکردنەش خاوەن بابەت یان ئۆبجێکتێک بێت بۆ هەستکردن. لە ڕێگەی پەیبردن یان درککردن تێگەیشتن بۆ بابەتەکان دروست دەبێت و خودی تێگەیشتنەکە بیرە و لە ئاکامدا زنجیرەی بیرەکان لە یەکێتیی چەمکدا یەک دەگرنەوە. بەڵام خودی ڕەسەنێتیی هەستکردن، بە دیدی ئەو، لەپێشترە و ڕەگەکانی لە هۆش دان؛ لەو هۆشەی ‘ناوەڕۆکی تەواوی فرەلایەنییەکانی جیهانی دیاردە ڕێکخراون و لەژێر پێوەندیی دیاریکراو دەبینرێن.’5 خودی شوێن و کاتیش دووبارە لە هۆشدا ڕێکخراون لەژێر ئەو تۆڕە ئاڵۆزانەی بۆ پێوەندییە دیاریکراوەکانی هەیە. ئەگەر هەر چەمکی ‘گۆڕان’ جارێکی تر بە نموونە بهێنینەوە، ئەوا بۆ (کانت)، گۆڕان لەناو کات دایە. بۆ ئەوەی گۆڕان شتێکی ڕاستەقینە بێت، پێشمەرجە سەرەتا کات شتێکی ڕاستەقینە بێت. ئەو نکۆڵی لە ڕاستەقینەیی کات ناکاتەوە، بەڵام بۆ ئەو ‘کات هیچ نییە جگە لە فۆڕمێکی دەرککردنی ناوەکیمان.’6 (کانت) زیاتر لەوە دەڕوات و دەنووسێت: “ئەگەر مەرجی تایبەتی هەستککردنمان لە [کات] جیا بکەینەوە، چەمکی کاتیش لەناو دەچێت؛ هەبوونی لە بابەتەکان لە-خۆیان-دا نییە، بەڵکو بە تەنیا لە سەبجێکتەکەدا (یان لە هۆش)دا، کە درککیان پێ دەکات.”7

لەو ڕوانگەیەوە، مادام زەمینەی هەموو زانینەکان لەناو شوێن و کاتدان و ئەو دووانەیش وابەستەن بە هەبوونی هۆش، دەگەینەوە بەو ئاکامەی، کە هەموو زانینەکان سەبجێکتیڤ یان خۆیین. لە هەمان کاتدا، بە دیدی ئەو، دوو ڕێگە هەیە بۆ زانین، یەکەمیان لە ڕێگەی پەیپێبردنی هەستەکی و دووەمیان لە ڕێگەی تێگەیشتن بە هۆی چەمکەکان، وەک خۆی دەنووسێت: “لە دەرەوەی هەستکردن، ئێمە ناتوانین درککردنمان هەبێت؛ لە ئاکامدا، تێگەیشتن فاکەڵتی درککردن نییە. بەڵام بەبێ درککردن هیچ ڕێگەیەکی تری زانین نییە، جگە لە ڕێگەی چەمکەکانەوە نەبێت؛ لە ئاکامدا، هەر تێگەیشتنێکی زانین، لانی کەم هیی مرۆڤ، زانینە لە ڕێگەی چەمکەکانەوە – نەک ئەوەی درککردن بێت، بەڵکو گوتارییە.”8
خودی دروستبوونی چەمک لە ئاکامی، لە ئاستە پەتییەکەیدا، پڕۆسێسی ناڕێکخراو نین، بەڵکو لە ئاکامی پڕۆسێسێکن، کە (کانت) ناوی دەنێت ‘سینتێسیس – synthesis..’ بۆ ئەوەی سینتێسیس پەتی بێت، بە دیدی (کانت)، فرەلایەنیی توانستی زانین (cognition) لەسەر ئەزموون دانەمەزراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای لەپێشتر، وەک خۆی دەنووسێت: “مەبەستم لە وشەی سینتێسیس لە دەربڕینە گشتییەکەیدا پڕۆسێسی یەکگرتنی ڕوونکردنەوە جیاوازەکانە بە یەکەوە و پەیبردنە بە فرەلایەنییان لە یەک توانستی زانیندا. سینتێسیسەکە پەتییە ئەگەر فرەلایەنییەکە لەسەر بنەمای ئەزموون نەبێت، بەڵکو هیی لەپێشتر بێت (وەک ئەوەی لە شوێن و کات بێت).”10

سەبارەت بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، (ماکس ڤیبەر) لەسەر هەمان ڕێباز ڕاڤە بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی دابین دەکات. بە دیدی (ڤیبەر)، بۆ دیاردە سرووشتییەکان مێتۆدۆلۆجیای سرووشتناسی دەشێت گونجاو بێت، بەڵام چونکە مرۆڤ بریکارێکی کۆمەڵایەتییە، ئێمە ناتوانین لە ڕێگەی دیاردە سرووشتییەکان تەنانەت سرووشتی مرۆڤ خۆیشی، لە کردارە کۆمەڵایەتییەکانی تێبگەین. ئەوەیش پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە مرۆڤ لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، بوونەوەرێکی واتا-بەخشە و واتا-ئافرێنەرە. (ڤیبەر) چەمکی (Verstehen)، کە بە واتای تێگەیشتنی ڕاڤەیی دێت، بۆ ئەو لایەنە بە کار دەهێنێت. مرۆڤ وەک بریکارێکی کۆمەڵایەتی و لەناو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، واتە لە ناو پێوەندیی هێزەکاندا، ڕاڤەی سەبجێکتڤیانەی بۆ کرداری خۆی و ئەوانی تر هەیە. مادام تێگەیشتنەکانیشی سەبجێکتیڤانەن، هەرگیز لە بەرانبەر ڕاستەقینەدا تەواو نین. مرۆڤ بەو توانستەی هەیەتی هەرگیز ناتوانێت تێگەیشتنی تەواوی بۆ ڕاستەقینە هەبێت و هەمیشە تێگەیشتنەکانی بابەتن بۆ سنووردارێتیی هۆش لە ئاست ڕاستەقینەدا. نیۆ-کانتییەکان لە ئاست ئەو کێشەیەدا هۆشـمەند بوون، بەڵام چارەسەریان بۆ ئەوە دابەشکردنی پارچەکانی ڕاستەقینە بوو بۆ دۆزینەوەی بەرانبەرەکانیان لە هۆشدا، ئەویش لە ڕێگەی پێکهێنانی چەمک (concept formation) بە هۆکاری ئەوەی هەرسکردنی تەواوی ڕاستەقینە بە یەکجار ئەرکێکی نەکردەیە بۆ هۆش. (ڤیبەر)، بە پێچەوانەوە، پەنا بۆ پێکهێنانی جۆری نموونەیی (ideal formation) دەبات وەک کەرەستەیەکی مێتۆدۆلۆجی لەپێناو تێگەیشتن لە هەر کەیسێک، کە توێژەر مامەڵەی لەگەڵ دەکات. جۆری نموونەیی واتە باڵاترین ئامانج و ئاکامی کرداری کۆمەڵایەتی بۆ گرووپێکی دیاریکراو لە شوێن و کاتی دیاریکراودا. ئەگەرچی جۆری نموونەیی دەشێت هەرگیز لە ڕاستەقینەدا نەبێت، بەڵام بونیادنانی یارمەتی ئەوەمان دەدات، کە تێبگەین ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان لە پێناو چیدا کردارەکانیان ئاڕاستە دەکەن و چ لایەنێکە وا دەکات لە هێنانە دی ئەو ئامانجەیان سەرکەوتوو نەبن.

ئەگەر نموونەییەکی پێوەندیدار بهێنینەوە و وای دابنێین ئامانجی گرووپێک ‘سەربەخۆیی’ە، ئەوا لێرەدا سەربەخۆیی ئامانجە نموونەییەکەیە، واتە جۆری نموونەیی. هەر بزووتنەوەیەک بۆ ئەو ئامانجە تێبکۆشێت، کردارەکانی لە جۆری نموونەییەدا لە چوارچێوەی ئەو ئامانجە ئایدۆلۆجییە ڕاڤەیان بۆ دەکرێت. دوژمن و دۆست هەر لە چوارچێوەی ئەو ئامانجە بڕیاریان لەسەر دەدرێت، چەمکەکان بۆ ئەو ئامانجە بونیاد دەنرێن و تێگەیشتن و پاڵنەری ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو جۆرە نموونەییەدا ڕاڤە دەکرێن. بەڵام ئەوە جۆری نموونەییە، واتە ئەو ئاستەیە، کە ئێمە وای دادەنێین هەموو کردارە کۆمەڵایەتییەکان لەو پەڕی هۆشمەندیدا بۆ ئەو ئامانجە ئەنجام دەدرێن، کە لە ڕاستەقینەدا ئەوە دۆخەکە نییە، بەڵکو هەلومەرج و بەرژەوەندیی تر لە کایەکەدان، کە وا دەکات گەیشتن بەو جۆرە نموونەییە لەژێر باری ئەو دۆخانەدا نەکردە بێت. لەو ڕووەوە، بونیادنانی ئامانجی نموونەیی یارمەتی ئەوەمان دەدات هەم لە پاڵنەری کردارەکان تێبگەین، هەم بە دوای ئەو هۆکار و هەلومەرجانەدا بگەڕێین، کە بەربەست بۆ بەدیهێنانی جۆرە نموونەییەکە لە گۆی ڕاستەقینەدا دروست دەکەن. خودی چەمکی ‘سەربەخۆیی’ بونیادنراوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لێرەدا مرۆڤی واتا-بەخش واتا بە کردار و ئامانجەکانی دەبەخشێت، کە لەو کۆنتێکستەدا لەپێناو ‘سەربەخۆیی’یە. مادام ئێمە باسی چەمکی ‘سەربەخۆیی’ دەکەین، کە چەمکێکە ئێمە لە ڕێگەی سرووشتناسییەوە ناتوانین لێی تێبگەین بەو پێیەی لە بنەڕەتدا لە پێوەندیی کۆمەڵایەتیدا بونیاد نراوە، بۆچوونی (ڤیبەر) سەبارەت بەوەی، کە هەر دیاردەیەک لە خۆیدا دەگمەنە و پێویستە لە چوارچێوەی تایبەتی خۆیدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک ئەوەی لە ڕێگەی دۆزینەوەی یاسای گشتگیری گەردوونی کەم بکرێتەوە، بە تەواوەتی دروستە. هەر جۆرە ئایدۆلۆجیایەکیش دووبارە جۆری نموونەییە و لە ڕێگەی چەمکەکانەوە وەک بونیادێکی کۆمەڵایەتی نوێ بونیاد نراوە. کرداری تاکەکەسە چالاکەکانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو واتا و مەبەستەی هاوپێچی کردارەکانیان دەکەن ڕاڤەیان بۆ دەکرێت. لە دواتردا بە وردی بۆ ئەو باسە لە پێوەندییدا بە کێشەی کورد دەگەڕێینەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە دابینکردنی باکگراوندێکە بۆ ئەو باسە.

تێگەیشتن لە پاڵنەر و مەبەستەکانی مرۆڤ لە پێوەندیی کۆمەڵایەتیدا ڕوونکردنەوەی ڕێژەیی دابین دەکات. بەڵام، بۆ تێگەیشتن لەو ڕووداو و ئاکامانەی لە گۆڕەپانی ڕاستەقینە ڕوو دەدەن، کەمتوانایە، چونکە لە ئاست دەستەکەوت و ڕووداوەکاندا، بە ڕەهایی گرنگ نییە پاڵنەرەکان چین و چۆن تاکەکەسەکان واتا بە کردارەکانیان دەبەخشن ئەگەر ئەو پاڵنەرانە ئامانجی خۆیان لە ڕاستەقینەدا نەپێکن. بە واتایەکی تر، نەک هەر ئەوەی لە هەمبەر ڕاستەقینەدا چ واتایەک دەئافرێنین و چۆن لە ڕێگەی واتا چوارچێوەی بە ڕاستەقینە دەبەخشین، وەک ئەوەی لای (ڤیبەر) پێداگری لەسەر دەکرێت، بەڵکو خودی ڕاستەقینە چییە و چۆن دەتوانین پەی بە میکانیزم و بونیادە شاراوەکانی ببەین دەبێت بە پرسێکی گرنگ و جێی بایەخ بۆ ئەوانەی نە لە چوارچێوەی سرووشتناسی و نە لە هیی بوونیادگەریی کۆمەڵایەتی تینیووێتیی دۆزینەوە و دامەزراندنی زانینان ناشکێت. لە بەرانبەر ڕاستەقینەدا، کاتێک جیهانبینیی مرۆڤ دەبێت بە پێوەر، دۆزینەوەکان تەنیا لە چوارچێوەی تێگەیشتن لە خودی باوەڕ و جیهانبینی مرۆڤ دەبن تا ئەوەی ڕاستەقینە خۆی چییە. ئەوەش ڕێگە بۆ دیاردەیەک خۆش دەکات، کە پێی دەڵێن ‘دروستێتیی یەکسان – equal validity’. مەبەست لەو چەمکە ئەوەیە، کە هەموو شتەکان بە ڕەچاوکردنی جیهانبینی و پاڵنەری تاکەکەسەکان بۆ ڕاستەقینە دروستە.
بۆ نموونە، ئەگەرچی باوەڕ و بۆچوونەکانیان هەر چەند لە بنەڕەتدا جیاواز بن، بۆ موسڵمانێک ئیسلام، بۆ مەسیحییەک مەسیحی و بۆ بێ-باوەڕێک بێباوەڕی بنەمای دروستێتی و ڕاستین، بەڵام بە گوێرەی پێوەری ‘دروستێتیی یەکسان’ هەر سێ باوەڕ بە هاوتای بنەماکانیان بۆ خۆیان دروستن. دەبینین لە ئاست ڕاستەقینەدا، بونیادگەریی کۆمەڵایەتی لە قەیران دایە. تەنانەت لەو بۆچوونەیشی، کە وا دەڕوانێت جیهان لە ڕێگەی ئایدیاکانمان دەگۆڕێت. نە دیدگای موسڵمان، نە مەسیحی و نە بێ باوەڕی لە هەمبەر ڕاستەقینەدا یەکسان نین. نەک هەر لە بواری کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لە هیی سرووشتیش ئێمە ڕووبەڕووی بەربەستەکانی زانست دەبینەوە. چارەسەرێکی گشتگیر بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە نییە. ئەوەی بۆ نەخۆشێک چارەسەرە، دەشێت بۆ نەخۆشێکی تر کاریگەرییە خراپەکانی زیاتر بن تا باشەکانی، چونکە بونیاد و میکانیزمی نەخۆشیی نەخۆشەکان جیاوازە.

فەلسەفەی زانست پێویستی بە ڕێبازی تۆکمە و بەهێز هەیە لە هەڵسەنگاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی زانست، چ کۆمەڵایەتی بن، چ سرووشتی بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاست دیاردەکان خاوەن هێزی ڕوونکردنەوەیی زیاتر بێت.

لێرەدا، قوتابخانەی سێیەم، کە (ڕیاڵیزمی ڕەخنەیی)یە، کە دەکرێت بە (ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی – Critical Realism) بۆ کوردی وەربگێڕدرێت، بۆ فەلسەفەی زانست لە لایەن (ڕۆی ڕام باسکار، 1944-2014) دادەمەزرێت. جگە لەو دەستەواژەیە، ڕیالیزمی باڵا یان ڕاستەقینەیی باڵا (Transcendental Realism)یش بۆ هەمان فێرگە بە کار دێت. پێویستە ئاماژە بەوە بدەم، کە چۆن (هایدیگەر) لە پەرتووکی (بوون و کات) ئاماژە بە قەیرانی زانستەکان دەکات بەو پێیەی توژینەوەن لە هەبووەکان تا ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوە ڕووەو بوونناسی و لەوێدا دەنووسێت: “ئەمڕۆ جۆرە ئارەزووکردنێک بۆ دانانی توێژینەوە لەسەر زەمینەیەکی نوێ لە هەموو بوارەکاندا سەری هەڵداوە”11 ، بەو شێوەیە (باسکار) شوێن داوای هاوشێوە دەکەوێت بۆ دامەزراندنی ‘زەمینەیەکی نوێ لە هەموو بوارەکاندا.’ بێ هۆکار نییە، کە لە دامەزراندنی قوتابخانەکەیدا، پەنا بۆ دامەزراندنی ئۆنتۆلۆجیایەکی هاوشێوە دەبات، ئەویش ئۆنتۆلۆجیایەک، کە لەسەر بنەمای ئۆنتۆلۆجیای بوون دامەزراوە و پشتگیری لە بە بنەڕەت-دانانی بوون لە توێژینەوە و بیرکردنەوە سەربەخۆ لە سیستەمەکانی زانین دەکات. ئێمە دەزانین لە ئایدیاڵیزمی باڵای (کانت)، چەقی تێگەیشتن تێگەیشتنە لە هۆش، سەرەتا لە ئاستە پەتییەکەی و دواتر ئەو دەرکەوتانەی لێ دەکەونەوە. بۆ (باسکار)، ڕاستەقینەیەک لە دەرەوەی هۆشدا هەیە. بەبێ بوونی مرۆڤ، کە بوونەوەرێکی هۆشمەندە، بێشوومار دیاردەی گەردوونی ڕوو دەدەن؛ شەپۆلی دەنگەکان لە گەشت بەردەوام دەبن، باران هەر دەبارێت، بوونەوەرانی تر دەشێت بژین و زۆر نموونەی تر، بەڵام تاکە جیاوازی ئەوەیە، کە مرۆڤی تێبینیکار لەوێدا نابێت. خەسڵەتی تێبینیکردن، کە سەرچاوەکەی هۆشە بڕیار لەسەر بوونی ڕاستەقینە نادات، بەڵکو تەنیا دەتوانێت لە ئاستیدا ئاگامەند بێت. بە دیدی (ڕۆی باسکار) ڕاستەقینە لە سێ ڕێگاوە خۆی مانیفێست دەکات. سەرەتا بە سادە دەردەکەوێت، بەڵام دواتر ئاڵۆز و تا دەگات بە سرووشتی خۆی، کە گرێیەکە و ئەگەری کردنەوەی تەواوەتی نییە. ڕووداوەکان ئاکامی سەرسوڕهێنەر نین، بەڵکو دەرئەنجامی میکانیزم، هێز و بونیادی شاراوەن. ئەوەی لە کات و شوێنێکدا ڕوو دەدات، هیچ مەرج نییە لە کات و شوێنێکی تردا ڕوو بداتەوە، ئەگەر هەمان میکانیزم، بونیاد و هەلومەرجەکان ئامادەییان نەبێت. لەو ڕوانگەیەوە، (باسکار) ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی لە ڕاستەقینەیی ئەزموونی (Empirical Realism ) جیا دەکاتەوە بەوەی، کە هیی دووەمیان هەمیشە لە ڕێگەی ئەزموونەوە خوێندنەوە و ڕاڤەی خۆی بۆ ڕاستەقینە بونیاد دەنێت، لە کاتێکدا ڕاستەقینە مەودایەکی کراوەیە و لە ڕێگەی ئەوەی ڕووی داوە سنووردار ناکرێت، چونکە خۆی گۆڕەپان و بەرهەمهێنەری ڕووداو و ئەزموونەکانە. بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا پێویست دەکات خشتەی بناغەی سیستەمەکەی ئەو وەک خۆ، کە لە پەرتووکی (تیۆری ڕاستەقینەی زانست) کێشاویەتی، بخەینە ڕوو:12

پانتایی ڕاستەقینەپانتایی ڕاستیپانتایی ئەزموونی
میکانیزم
ڕووداوەکان
ئەزموونەکان

وەک دەبینین و وەک خۆیشی ئاماژەی پێ دەدات، میکانیزمەکان تەنیا لە پانتایی یان کڕۆکی مەودای ڕاستەقینەدا هەن و سەربەخۆن لە ئەزموون و ڕووداوەکان. نەک هەر ئەوە، بۆ تێگەیشتن لە ڕووداو و ئەزموونەکان ئێمە پێویستیمان بەوەیە بۆ خودی میکانیزمەکان بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی ڕووداو و ئەزموونەکان بدۆزینەوە، کە میکانیزمەکانن، بەڵام هەرگیز بە تەنیا ناتوانین لە ڕێگەی ڕووداو و ئەزموونەکان لە تەواوی میکانیزمەکان تێبگەین. بە هەمان شێوە، وەک خشتەکە ڕوونی دەکاتەوە، ڕوودانی ڕووداوەکان سەربەخۆن و بوونیان لەسەر ئەزموونەکان نەوەستاوە، هەر وەک چۆن ئەزموونەکانیش وابەستە نین بە ڕووداوەکان. هەم ڕووداوەکان، هەم ئەزموونەکان، لەو ڕوانگەیەوە دەرکەوتەن، وەک خۆی دەنووسێت: “جیهان لە شتەکان پێکهاتووە نەک لە ڕووداوەکان. زۆربەی شتەکان بابەتی گرێدارن (complex objects)، کە بەهۆیەوە خاوەن یەکێتییەکن لە ئاڕاستە، ئەگەر و هێزەکان. بە گەڕانەوە بۆ پەیڕەوکردنی ئاڕاستە، ئەگەر و هێزەکانیان، کە دیاردەکانی جیهان ڕوون دەکرێنەوە.”13

پێچەوانەی چەمکی یاسا هۆکردەکانی سرووشتناسەکان (naturalists)، (باسکار) چەمکی میکانیزمە بەرهەمهێنەرەکان (generative mechanisms) بە کار دەهێنێت. بە پێناسەی ئەو، میکانیزمە بەرهەمهێنەرەکان ‘هیچ نین، جگە لە شێوەی کرداری شتەکان.’14 کێشەی سیستەمی زانینی (هیوم)، بە دیدی (باسکار) ئەوەیە، کە (هیوم) یاسا هۆکردەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی داخراو ڕەچاو دەکات، یان بە واتایەکی تر، بۆچوونی وایە، کە ڕاستەقینە سیستەمێکی داخراوە و ڕێچکەدار یان خاوەن یاسای هۆکردی بڕیار لەسەر دراوە، کە تێیدا ڕووداوەکان بەردەوام چەندبارە دەبنەوە. بۆ (باسکار)، ڕاستەقینە تۆڕێکی کراوەیە و لەو سێ ئاستەی ئاماژەمان پێی دا خۆی مانیفێست دەکات. جگە لە ڕەتکردنەوەی قوتابخانە ئەزموونگەرایی (هیوم)، (باسکار) قوتابخانەی ئایدیاڵیزمی باڵای (کانت) ڕەت دەکاتەوە لەسەر ئەو بنەمایەی، کە ئایدیاڵیزمی باڵا وا لە جیهانی سرووشتی دەڕوانێت، کە بونیادێکی هۆشەکی بێت تا بوونێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی هۆشدا.15

(باسکار) ئاماژە بە قەیرانێکی تری ئەو دوو ڕێبازە دەدات، کە ناوی دەنێت ئیپستیمیی چەوت (epistemic fallacy). مەبەست لەو چەمکە کەمکردنەوەی بوونە بۆ زانین، یان ئۆنتۆلۆجیا بۆ ئیپیستیمۆلۆجی، وەک بەرانبەر ئەو دیاردەیەی ڕاستەقینەیی ئەزموونی دەنووسێت: “… کە پرسیارە ئۆنتۆلۆجییەکان هەمیشە دەتوانرێت جێگۆڕکێیان لەگەڵ تێرمە ئیپیسیمۆلۆجییەکان پێ بکرێت.”16
ئەو کێشەیە لەوە بەرفراوانترە بەو پێیەی، کە زانین گوتاری ڕەهای خۆی، کە بە دیدی ئەو لەسەر بنەمای ئیپستیمیی چەوت دامەزراوە، بەرانبەر بە بوون بەرز دەکاتەوە و هەر چەند لە بنەڕەتیشدا لاواز بێت، لەسەر بنەمای دروستێتی لە چوارچێوەی ئەو فێرگەیەی زانین ڕەوایەت و هێزی پێ دەبەخشرێت. خودی (کانت)، بە بۆچوونی ئەو، لە ڕێگەی ئەو بۆچوونەی، کە پێی وایە کاتیگۆرییەکان ئەگەر لەسەر بنەمای هەست یان ئەگەری بوونیان بە ئەزموون بونیاد نەنرێن، هیچ واتایەکیان نییە، تووشی دامەزراندنی ئیپستیمیی چەوت دەبێتەوە کاتێک بوون بۆ بابەتی زانین کەم دەکاتەوە.17
بەڵام ئەنجامدانی ئیپستیمیی چەوت لە دامەزراندنی هەر سیستەمێکی زانین تەنیا پێوەندیی بەو دوو قوتابخانەی فەلسەفەی زانستەوە نییە، بەڵکو بە دیدی ئەو، بوارەکانی گرتووەتەوە. بەڵام بۆ (باسکار)، زانین دەبێت وا ڕەچاو بکرێت، کە کەرەستەیەکە بۆ بەرهەمهێنان و زانستیش وەک چالاکییەکی بەردەوامی کۆمەڵایەتی، کە لە پرۆسێسی گواستنەوەی بەردەوام دایە.18
زانین بۆ ئەو دوو جۆر زانینە. یەکەمیان زانینی پراکتیکی یان زانینی چالاکییەکانی مرۆڤ، واتە زانینێک کە پێوەندی بە وەبەرهێنان و پیشەوە هەیە، بۆ نموونە چۆنیەتی دروستکردنی فڕۆکە. دووەمیان زانینە سەبارەت بە بوون و دیاردەکانی. مرۆڤ دەتوانێت دەستکاری و گەشە بە زانینی یەکەم بدات، بەڵام لە ئاست زانینی دووەمیان کەمتوانایە و توانای گۆڕینی نییە، بەڵکو تەنیا دەتوانێت بوونەوەرێکی تێبینیکار و دۆزەرەوە بێت لە ئاستیدا. ئێمە زانینمان سەبارەت بە بوون هەبێت یان نا هیچ لە باڵادەستیی بوون کەم ناکاتەوە.
ڕاستەقینە چییە و ئێمە چۆن دەتوانین هێزی تێگەیشتنمان بەسەر ڕاستەقینەدا هەبێت؟ لەو ڕاڤانەدا هیچمان بۆ دەرنەکەوتبێت، ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە، کە چەندبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوە تەنیا ڕێکەوتن بە گوێرەی بونیاد و میکانیزمەکان، نەک حەتمی. ئەوەی لە شوێن و کاتێکی دیاریکراو ڕوو دەدات پێوەندیی بە کۆنتێکستی ئەو شوێن و کاتەوە هەیە، نەک هیی کات و شوێنی تر بە گوێرەی بونیاد، میکانیزم و هەلومەرجەکان. پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدەم، کە ئەویش ڕۆڵی هەلومەرجەکانە، کە دواتر لە نموونەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی زیاتر دابین دەکەم. میکانیزمەکان پێویستیمان بە هەلومەرجی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی ئاکامی دیاریکراو بدەن بە دەستەوە. بەڵام ئەو هەلومەرجانە ئاکامی کراوەیی ڕاستەقینەن. لەو ڕووەوە، ڕاستەقینە وەک تۆڕێکی کراوە خاوەن فرەڕێچکەیە. (باسکار) چەمکی (demi-regular) بۆ ئەو دۆخە بە کار دەهێنێت، کە چەمکێکی بیرکارییە بۆ ئەندازە و شێوەکان بە کار دێت؛ ئەوەی لە ئاستێکدا چوارگۆشەیە و ڕێچگەی چەندبارەبوونەوەی چوارگۆشەیی هەیە لە ئاستێکی تردا دەشێت بازنەیی و سێ-گۆشەیی بێت یان ئاستی تر بن بە تەنیا لەبەر ئەوەی ڕاستەقینە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەمیشەیی نییە و بەردەوام لە گۆڕانە پێشبینینەکراوەکانی خۆی دایە.

نموونەی کێشەی کورد و هەرێمی کوردستان

ئەگەر ئێمە سەیری کێشەی سیاسی کورد بکەین و بمانەوێت تێگەیشتنێک لەسەر بنەمای فەلسەفەی زانین دابمەزرێنین، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست دەبینەوە. ئامانجی سیاسی کورد بۆ چەندین دەیە بریتی بووە و بریتییە لە سەربەخۆیی (کورستان)، بەڵام تەنیا لە (کوردستان)ی باشوور ئەو ئامانجە تا ڕادەیەکی سنووردار بەدەست هاتووە لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی (کورستان)ی باشوور زۆر کەمترە لە هیی باکوور و ڕۆژهەڵات. ئێمە چۆن دەتوانین وەها کەیسێک ڕاڤە بکەین؟ بە بۆچوونی من، ئێمە دەتوانین لە ڕوانگەی دوو فێرگەی بنەڕەتی فەلسەفەی زانست لەو کێشەیە تێبگەین، ئەوانیش بونیادگەریی کۆمەڵایەتی و ڕاستەقینەیی ڕەخنەییە. بوونیادگەریی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوە گرنگە، کە ئێمە جۆری نموونەی بۆ ئەو کێشەیەی کورد بونیاد بنێین، کە پێشتر ئاماژەمان پێی داوە. جۆری نموونەیی بۆ کێشەی سیاسی کورد دەوڵەتە، واتە کورد لە بنەڕەتدا و لە ئاستە ئایدیاڵەکەیدا بۆ دەوڵەتبوون تێدەکۆشێت. چەمکی دەوڵەت لێرەدا چەمکێکی بونیادگەریی کۆمەڵایەتییە، واتە کارەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان ئەو چەمکەیان داهێناوە و ڕێکخراوێکی سیاسیان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراندووە، کە دەوڵەتە. بە پێناسەکەی (ماکس ڤیبەر) بێت، ‘دەوڵەت ڕێکخراوێکی سیاسییە، کە سەرکەوتووانە گوتاری قۆڕغکردنی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەوایەتپێدراو بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا بەرز دەکاتەوە.’19
ئەو پێناسەیە فرەدیوە. بۆ ئەوەی دەوڵەت هەبێت، دەبێت ئەو دەوڵەتە توانای قۆڕغکردنی گوتاری توندوتیژی بەسەر خاک و کۆمەڵدا هەبێت، واتە لە ئاستە نموونەیەکەیدا، دەوڵەت دەبێت سوپای هەبێت و ئەو سوپایە سەرکەوتووانە هێزی خۆی بەسەر خاکدا بسەپێنێت. لە هەمان کاتدا، سوپا خۆی دەبێت تاکە ڕێکخراوی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەوایەتپێدراو بێت بەسەر خاک و کۆمەڵدا. ئەو پێناسەیە، کە جۆری نموونەییە، یەکێکە لە پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی شکست و سەرکەوتووی دەوڵەت بەسەر خاکدا. ئەو دەوڵاتانەی توانای سەپاندنی هێزی سوپایان بەسەر خاکدا نییە، بۆ نموونە (سۆماڵیا)، (سوریا) و تەنانەت (عێراق)یش، بە دەوڵەتی شکستخواردوو هەژمار دەکرێن و هێزی دەرەکی ڕەوایەتی هەیە لە پێشێلکردنی سەروەریی ئەو دەوڵەتانە.

بەڵام چەمکی دەوڵەت وابەستەیە بە چەمکی سەروەری. لە ڕاستیدا، سەروەریی واتە دەوڵەت. بۆ ئەوەی دەوڵەتێکیش سەروەر بێت، دەبێت سەربەخۆ بێت. سەربەخۆیی لێرەدا دواین هەنگاوە بۆ دروستبوونی دەوڵەت تا یەکەم هەنگاو، چونکە سەربەخۆیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری لەسەر دەدرێت تا لە ئاستی ناوەخۆ. کاتێک (داعش) سەرکەوتووانە خاکی (سوریا) و (عێراق)ی داگیر کرد، لە ئاستی ناوەخۆ خاوەن هەرە زۆری خەسڵەتەکانی دەوڵەت بوو، بەڵام ددانپێدانەنانی نێودەوڵەتی بەس بوو بۆ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هاوپەیمانی لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە پێکبهێندرێت. لە هەمان کاتدا، کاتێک (بەریتانیا) و (فڕەنسا) و دەوڵەتانی تری داگیرکار دەستیان بە داگیرکاریی خاکەکانی خۆرهەڵات کرد، ئەوان هیچ دەوڵەتێکیان داگیر نەکرد، بەڵکو خاکی بێ سەروەرییان داگیر کرد، چونکە هیچ یەکێک لەو خاکانە خاوەن دەوڵەت نەبوون. واتە خاکی کراوە بوون بۆ داگیرکاری، بەکارهێنان و تەراتێن. لەو ڕووەوە، کاتێک دەوڵەت بوونی نییە، هیچ گرووپێک سەروەریی بەسەر خاکدا نییە، لانی کەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. دیاردەی دەوڵەت لە سەدەی هەژدە لە (ئەوروپا) شێوە دەگرێت و بە پڕۆسێسکی درێژخایەن بەسەر تەواوی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، پشتگیری و ددانپێدانانی نێودەوڵەتی گرنگترین هەنگاوە بۆ تەواوکردنی دامەزراندنی دەوڵەت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، (هەرێمی کورستان) نموونەیەکی جیاوازمان پێ دەڵێت، چونکە سەرەڕای هەبوونی دەوڵەتێکی ڕەوایەتپێدراوی وەکو (عێراق)، هێشتا ئەو دەوڵەتە توانای سەپاندنی هێزی بەسەر تەواوی خاکی خۆیدا نییە. بۆ کورد لە (عێراق) خاوەن وەها دەستەڵاتێکە، بەڵام لە (تورکیا) بنەڕەترین مافەکانی شوناسی لێ داگیر کراوە؟ بونیادگەریی کۆمەڵایەتی لێرەدا توانای ئەوەی نییە وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە، چونکە ئەگەر باسەکە سەربەخۆیی بێت، کوردەکان لە هەر چوار پارچە بۆ سەربەخۆیی تێدەکۆشن. لەو ڕووەوە، ئێمە پێویستە پەنا بۆ قوتابخانەکەی (ڕۆی باسکار) ببەین لەپێناو دۆزینەوەی بونیاد، میکانیزم و هەلومەرجەکان، کە وا دەکەن هەرێمێک بە نزیکەی شەش ملیۆن کورد دەستەڵاتی نەتەوەیی زۆر زیاتر بێت لە بەشێکی (کوردستان)، کە دانیشتووانی زیاتر لە بیست ملیۆنە. ئایا باسەکە ئەوەیە، کە کوردەکانی باشوور شۆڕشگێڕانەترن لە کوردەکانی بەشەکانی تر؟ بە دۆزینەوەی بونیاد و میکانیزمەکان، دواتر هەڵسەنگاندنی هەلومەرجەکان، دەتوانین وەڵامێکی شایستە بۆ ئەو پرسیارە بدەینەوە.
یەکەمیان سەبارە بە میکانیزمەکان، کوردەکان لە هەر چوار پارچە خاوەن کۆمەڵێک میکانیزمی هاوبەشن، بۆ نموونە هەبوونی خەونی سەربەخۆیی نەتەوەیی، پارتی سیاسی، هێزی بەرگریکار و شەڕ، کە توانای چالاکی سەربازی هەبێت، زمان و کەلتوور. لە ڕووی ڕووداوەکانیشەوە، ڕووداوی سیاسی کورد لە هەر چوار پارچە ئامادەیی هەیە بۆ خەونی سەربەخۆیی، چ بە ڕاستەوخۆی بێت، چ بە نا ڕاستەوخۆیی. کەواتە لێرەدا میکانیزم و بونیادەکان هاوبەشن. ئەگەر لە باشوور هێزی سەربازیی (یەکێتی) و (پارتی) هەیە، ئەوا لە باکوور (پەکەکە) هەیە، لە خۆرهەڵات (دیموکرات) و (کۆمەڵ) و (پژاک) هەن و لە ڕۆژئاواش (هێزەکانی سوریای دیموکرات). لەو ڕووەوە، (یەکێتی) و (پارتی) تەنیا میکانیزمی بەرهەمهێندراوی کۆمەڵگەی کوردین تا ئەوەی خۆیان داینەمۆ و چەرخی خستنەگەڕی سەربەخۆیی (کوردستان) بن. بە هەمان شێوەیش، کێشەکانی ئەو میکانیزمە بەرهەمهێندراوە، وەکو قەیرانانەی بەرهەمی ئەو حیزبەن، بەلەناوچوونی هیچ یەکێک لەوان کۆتایی نایەن، ئەگەر هەر جۆرە بزوتنەوەیەک دووبارە بەرهەمی هەمان میکانیزم بێت. ئێمە بینیمان، کە بزووتنەوەیەکی وەکو (گۆڕان) وێنەیەکی تۆقێنەرتر و فێڵبازانەتری ئەو میکانیزمە بەرهەمهێندراوەی پێشان داین. لێرەدا ئێمە دەبێت لە هەلومەرجەکان تێبگەین، کە وای کردووە (کوردستان)ی باشوور نیمچە-سەربەخۆ بێت، بە مافی بەشداری سیاسی بەهێزی کوردەکان لە کاروباری دەوڵەتی (عێراق)، لە کاتێکدا هەمان دۆخ بۆ کوردەکانی باکوور جیاواز بێت. سێ هەلومەرجی سەرەکی هەن، کە وایکردووە ئەو دۆخە بەو شێوەیە بێت، کە ئەوانەن:

یەکەم، سیستەم و لاوازیی دەوڵەت:
بۆ ئەوەی کێشەی کورد لە دەوڵەتێکی دیاریکراودا بەرەو پێشەوە بڕوات، پێشمەرجە، کە ئەو دەوڵەتە لە ئاستی ناوەخۆدا یان سیستەمێکی دیموکراتی بەهێزی هەبێت، یان دەوڵەتێکی لاواز بێت. لە ساڵی 1991، کورد لە باشوور لاوازیی دەوڵەتی (عێراق)ی قۆستەوە و هێزەکانیان بە ڕاپەڕین دەرکرد. بەڵام هێزەکانی (عێراق) گەڕانەوە و کوردەکان ئاوارەی شاخ بوونەوە. نە هێزی (یەکێتی)، نە هیی (پارتی) و نە هیچ هێزێکی تر نەیانتوانی ڕووبەڕووی سوپا ببنەوە. ئەوەی وایکرد ناوچەکانی (کوردستان) حوکمی چارەی خۆ-نووسینان هەبێت، دەستێوەردانی (نەتەوە یەکگرتووەکان) بوو. لە هەمان کاتدا، لە لاوازیی دەوڵەتی (سوریا)، هێزەکانی (سوریای دیموکرات) هەلیان قۆستەوە و هێزی خۆیان بەسەر خاکدا سەپاند. هەمان هەلومەرج لە (تورکیا) و (ئێران) تێبینی ناکرێت، چونکە ئەو دوو دەوڵەتە هێزی بەهێزی سوپایان بەسەر خاکدا هەیە و هیچ کات بە شێوەی (عێراق) و (سوریا) لاواز نەبوون، جگە لە دوای شۆڕشی ساڵی 1979ی (ئێران)، کە سەردەمی زێڕینی (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) بوو.

دووەم، پشتگیریی نێودەوڵەتی:
سەرەڕای دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ لە ساڵی 1976ەوە، لەگەڵ هەبوونی پارتی تری چەکدار، بە هێزەکانی (پارتی دیموکراتی کوردستان)یشەوە، (یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان)، هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەیی گرنگی لە ئاستی دەوڵەتداری بەدەست نەهێنا. (هەڵەبجە) کیمیاباران کرا و سەدان هەزار گوندنیشین و شارنشین زیندەبەچاڵ کران، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ یەکێک لەوانەی بە شایستەی ئەوە نەزانی ئاوڕ لە کێشەی کورد بداتەوە. تەنیا ڕووداوێکی نێودەوڵەتی، کە داگیرکردنی (کوەیت) بوو، واتە تەحداکردنی سیستەمی نێو-دەوڵەتی بەس بوو بۆ ئەوەی زلهێزێکی وەکو (ئەمەریکا) و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی تر وا لێ بکەن سیاسەت و بەرنامەڕێژییەکانی خۆیان بەرانبەر بە (عێراق) بگۆڕن. لەو ڕووداوەوە، کێشەی کورد سەرنجی نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت. ئەوە پێوەندیی بە ڕووداوێکی سادەوە نییە، بەڵکو پێوەندیی بە گۆڕانی بونیاد و میکانیزمەکانی سیاسەتەکانی (عێراق) و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە بلۆکی (ئەمەریکا)دا هەیە.

کێشە و ناکۆکی (عێراق) لەگەڵ (ئەمەریکا) و (خۆرئاوا) کێشەی کورد بەرەو پێشەوە دەبات تا دەگات بە ڕووخاندنی ڕژێمی (سەدام حسێن) لە ساڵی 2003، کە کورد هاوپەیمانێکی سەرەکی و پشتگیریکارێکی بێ مەرج بوو بۆ (ئەمەریکا)، هەنگاوێک، کە ڕەوایەتی باشی بە سیاسەتی (ئەمەریکا)دا. پشتگریی نێودەوڵەتی و دیپلۆماتی، بە تایبەت هیی (ئەمەریکا) بۆ (هەرێمی کوردستان) ئەو هێزەیە، کە وای کردووە کورد بتوانێت حوکمڕانیی ناوچەیی خۆی هەبێت، نەک هێزە کوردییەکان بە تەنیا. ئەو پشتگیرییە تا سەر ئێسقان مەرجدارە، واتە وابەستەیە بە بەرژەوەندیی و سرووشتی پێوەندییەکانی (ئەمەریکا) لەگەڵ لایەنەکانی تر، خراپتر بۆ ئەوان، باشتر بۆ کورد و بە پێچەوانەشەوە. هەمان هەلومەرج بەسەر کێشەی کورد لە (سوریا) ڕوونکردنەوە دابین دەکات. کشاندنەوەی پشتگریی (ئەمەریکا) بەسە بۆ ئەوەی خوێنی دەیان هەزار شەڕڤانی کورد ببێت بە بیرەوەرییەکی ڕێزلێنەگیراوی مێژوو، وەک ئەو مەترسییەی لە هێرشەکانی (تورکیا) بۆ سەر هێزەکانی کورد لە (سوریا) بینیمان. هەمان هەلومەرج لە (تورکیا) بۆ کێشەی کورد ئامادەیی نییە، چونکە کێشەی کورد لە (تورکیا) خاوەن پشتگیریی نێودەوڵەتی نییە وەک ئەوەی لە (عێراق) و (سوریا) هەیە، بەڵام چونکە کێشەی کورد لە باکووردا خاوەن هەمان بونیاد و میکانیزمی داواکردنی مافە نەتەوەییەکانە، ئێمە لە (تورکیا) کێشەیەکمان هەیە بە ناوی کێشەی کورد. بەڵام جیاوازییەکەی لەگەڵ (ئێران) ئەوەیە، کە ئەگەرچی پشتگیریی (ئەمەریکا) بۆ ‌هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات هەیە، بەڵام چونکە هەلومەرجی یەکەم، کە لاوازیی دەوڵەتە، ئامادەیی نییە، ئەو پشتگیرییە بە تەنیا کارتێکی گوشارە و بە کارهێنانی وابەستەیە بە لاوازیی دەوڵەتی (ئێران) و سیاسەتەکانی لەگەڵ (ئەمەریکا) ئەگەرچی بونیاد و میکانیزمە سیاسییەکان لە چالاکی بەردەوام و ڕێژەیی خۆیان دان.

سێیەم، سەرچاوە سرووشتییەکان:
نەوت لەو کۆنتێکستەدا لە گرنگترینیانە. خاکی ناوچەکانی (هەرێمی کوردستان) لە ڕووی جیۆپۆلۆتیک و سەرچاوە سرووشتییەکانی پێگەی (حکومەتی هەرێمی کوردستان)ی بەهێز کردووە. جگە لە دەستەڵات و بەرژوەندیی زلهێزەکان، بەرژەوەندیی گرووپە دیاریکراوەکان، کە خاوەن هێزی ڕێژەیی خۆیانن لە دروستکردنی کارتی گوشار و کارێگەرێتیان لەسەر بڕیارە سیاسییەکان، پاڵنەرێکی گرنگە لە هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی (حکومەتی هەرێم) و کەیسی کورد لە (عێراق)دا. بە هەمان شێوە، (حکومەتی هەرێم) بە تەنیا ناتوانێت هیچ مامەڵەیەک بە سەرچاوە سرووشتییەکانییەوە بکات ئەگەر لەگەڵ هەرە دوژمنترین دەوڵەتی کورد، کە (تورکیا)یە، نەچێتە ڕێککەوتنەوە (لەسەر خەرجی لەدەستدانی هەستیارترین بەرژەوەندییە باڵاکان، کە زۆر لەپێشتر و گرنگترن لە دەستکەوتی کورت-مەودای هاوشێوە)، بەو پێیەی خاکی (باشووری کوردستان) داخراوە بۆ دەست گەیشتن بە بازاڕی نێودەوڵەتی. بە پێچەوانەوە، (کورستانی باکوور) ئەو سەرچاوە ستراتیجییانەی نییە، جگە لە ڕووباری (دیجلە) و (فوڕات). هەر سەرچاوەیەکی سرووشتیشی هەبێت، دووبارە لەبەر بەهێزیی دەوڵەتی (تورکیا) ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکیان پێوە بکات. تەنانەت ئەگەر بتوانێت ئەو سەرچاوانەیش کۆنتڕۆڵ بکات، پێویستی دەوڵەتانی وەکو (عێراق)، (ئێران) و (سوریا) دەبێت بۆ دەست گەیشتن بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.

بە خستنەڕووی ئەو سێ هەلومەرجە بنەڕەتییە (بەڵام نەک ڕەها)، دەبینین، کە پێشکەوتنی پرسی سیاسی و کەلتووریی کورد لە باشوور ئاکامی بە تەنیا مێژوو و بەرهەڵستییە سیاسی و سەربازییەکانی کورد نییە، بەڵکو هەلومەرجی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی وەها کیانێکی لەسەر قاچەکانی خۆی هێشتووەتەوە. ئێمە بینیمان، کە پڕۆژەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017 بە ئاسانی شکستی هێنا، چونکە هەلومەرجەکان بە ئاشکرا بۆ وەها بازدانێک گونجاو نەبوون. لە ڕووی بوونیادگەریی کۆمەڵایەتییەوە، هەموو لایەنەکان دەتوانن بۆچوونی جیاوازی خۆیان دەرببڕن و لۆمە و بیانوو بخەنە پاڵ یەکتر لە وەها شکستێکدا، بەڵام ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی فێرمان دەکات، کە ئەو کێشەیە تەنیا لە چوارچێوەی هۆشێ سنووردار و بچووکی خۆمان نەبینین، بەڵکو سەیری هەلومەرج، میکانزم و بونیادەکانی وەها شکستێک بخەینە بەر ڕۆشنایی باس. سەربەخۆیی لە ڕێفراندۆمێکەوە دەست پێ ناکات.
لە ڕاستیدا، ڕێفراندۆم یەکێکە لە دواین هەنگاوەکان. بۆ زانینی خواستی نەتەوەیەک، سەرکێشی سیاسی لەسەر خەرجی لەدەستدانی بەرژەوەندییە گەورەکان هەڵبژاردەیەکی هەژارە، چونکە بە تەنیا سەیری پاڵنەرە سیاسییەکانی ئەو نەتەوەیە بکەین بەسە بۆ ئەوەی بزانین ئامانجی نموونەیی ئەو نەتەوەیە لە ئاستە نموونەییەکەیدا چییە. بێگومان ئەوە بە واتای ئەو نایەت، کە تەنیا هەلومەرجەکان ڕۆڵیان هەیە، بەڵکو بۆ ئەوەی هەلومەرجەکان بقۆزرێنەوە، بونیاد و میکانیزمەکان دەبێت ئامادەیەیان هەبێت.
ئەگەر هەموو جیهان بیەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکات بە دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو، ئەگەر بونیاد و میکانیزمە ناوەخۆییەکان ئامادەییان نەبێت، یان ڕووخێنەر بن، وەک میکانیزمی خۆ-خۆری لەناو بزوتنەوە سیاسییە کوردییەکان، ئەوا ئەستەمە هەلومەرجەکان بە تەنیا هیچ ڕۆڵیکیان هەبێت. بە پێچەوانەشەوە، بوونی میکانیزمەکان، بۆ نموونە، لە (کوردستان)ی باکوور، ژێرباری هەلومەرجی سەخت، کێشەی کوردی بە زیندووی هێشتووەتەوە. بۆیە تێگەیشتنی زانستیی فەلسەفی یارمەتی ئەوەمان دەدات میکانیزم و بونیادەکان قووڵتر بناسین تا ئەوەی خۆمان لە بازنەی دژایەتی و بەرهەڵستکاری، لەگەڵ حوکمی هۆشە کەمتواناکان، زیندان و سەرگەردان بکەین. بۆیە لەو ڕوانگەیەوە، قوتابخانەی ڕاستەقینەیی ڕەخنەیی دەروازەی گەورەی تێگەیشتمان لە کێشەکانی گۆی ڕاستەقینە بۆ دەکاتەوە و لە جیاتی حوکمی کەمتوانای هۆشە بەرتەسکەکان، ناچارمان دەکات ئاسۆی تێگەیشتن و بیرکردنەوەمان لە بەرانبەر ڕووداو و پێشهاتەکان بەرفراوان بکات و لە ئاست ڕاستەقینەدا خاوەن گوتاری ڕەخنەیی بین تا گوتاری شۆڤێنی و سەرگەرمیی هۆشەکی، کە لە ڕاستیدا لە ئاست ڕاستەقینەدا هەژار و کەمتوانان.
بەڵام لە دەرەوەی ئەو جۆرە نموونە پراکتیکییانەدا، کە تەنیا بۆ دابینکردنی زیاتری توانای ڕوونکردنەوەیی ئەو قوتابخانەیەیە، هێزی ڕاستەقینە هەمیشە باڵاترە لە هێزی تێگەیشتنی مرۆڤ بەو پێیەی ڕاستەقینە مانیفێستی خستنەگەڕە شاراوەکانی بوونە، کە خشکۆکانە لە دەرەوەی بریکاری هۆشەکی لە کردار و ناکردارەکانی خۆی بەردەوامە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جۆرە پەیپێبردنە گوتاری ئازادبوونی مرۆڤ لە ئاست زیندانە هۆشەکییەکانی خۆی بەرز دەکاتەوە و وا دەکات بەرەو ئاسۆیەکی کراوەتر تیشکەکانی بیرکردنەوەی خۆی ئاڕاستە بکات بۆ دۆزینەوەی ئاقاری باڵاتری بوون بۆ تێگەیشتن.

سۆران ئازاد

————————————————–

1 (Heidegger, 1998, p.240)
2 هەمان سەرچاوەی پێشوو یان (ibid)
3 (Kant, 2010, p.28)
4 Ibid: p,43
5 Ibid
6 Ibid: p, 53
7 Ibid: p, 53-4
8 Ibid: p, 74-5
9 Ibid: p, 80
10 Ibid
11 (هایدیگەر، 2013، ل. 47)
12 (Bhaskar, 2008, p. 56)
13 (Bhaskar, 2008, p. 51)
Ibid: p, 14
15 Ibid: p, 25
16 Ibid: p, 36
17 Ibid: p, 37
18 Ibid: p, 17
19 (Weber, 1978, p. 54) & (Kaspersen & Strandsbjerg, 2017, p. 6).

سەرچاوەکان بۆ پەراوێزە بەکارهاتووەکان:
Bhaskar, R. (2008). A realist theory of science (Radical thinkers 29). London: Verso.
Heidegger, M. (1998). Letter on Humanism (F. A. Capuzzi, Trans.). United States of America: University of Cambridge. http://timothyquigley.net/cont/heidegger-loh.pdf

هایدیگەر، م. (2013). بوون و کات (وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال). سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم.
Kant, M. (2010). The Critique of Pure Reason (J. M. Meiklejohn, Trans.). The Electronic Classics Series. http://www.metaphysicspirit.com/books/The%20Critique%20of%20Pure%20Reason.pdf

Kaspersen, Lars Bo, & Strandsbjerg, Jeppe. (2017). Does war make states? Investigations of Charles Tilly’s historical sociology. Cambridge: Cambridge University Press.

Weber, Max. (1978[1922]). Economy and Society: An outline of interpretive sociology. Vol. 1. (Roth, Guenther, & Wittich, Claus. Trans.). Berkeley: University of California Press.

سەرچاوەکانی تر:

Archer, M., Bhaskar, R., Collier, A., Lawson, T., & Norrie, A. (Eds.). (1998). Critical realism : Essential readings. Retrieved from https://ebookcentral-proquest-com.esc-web.lib.cbs.dk:8443

Bhaskar, R. (2000). From East to West: Odyssey of a soul (Critical realism: interventions). London: Routledge.

Clark, Alex. (2015). Critical realism and realist evaluation: An overview for everyone [Video]. Retrieved April 27, 2020, from https://www.youtube.com/watch?v=8Y3oVV5KxeU


Previous
Next