Skip to Content

سەلەفی، نامۆبوویەکی دازناو… کاوە جەلال

سەلەفی، نامۆبوویەکی دازناو… کاوە جەلال

Closed
by March 30, 2022 General, Opinion


ئێمە پەیوەند بە کەسی سەلەفییەوە جۆرێکی لێرەبوونی نێوجیهانیمان هەیە، کە وەک ئەم جۆرەی لێرەبوون ئاستێکی بۆ خۆی سرەوتاندووە و بە یاریدەی تێکست، واتا گۆتراوی چەسپێنراو بە نووسین، ڕەوایەتیی پێدەدات.
ئیمان بەگشتی بڕواهێنانە بە زاتێکی یان هۆشێکی دەرجیهانی کە هاوکات کاریگەریی مۆرالی لەسەر ڕەفتاری کەسی بڕواهێناو دەنوێنێتەوە، ئەمەش خۆمان زۆر جار بە چەندین شێواز لە ژیانی جڤاکیدا لای کەسانی نزیکمان بینیومانە، بۆ نموونە پیاوێکی / ژنێکی ئاغر کە لەسەرخۆیە، ئیرەیی بە کەس نابات، دژی ناکۆکی و فیتنەییە، تا بۆی بکرێت خوداپەرستیی خۆی ئەنجام دەدات و هتد. ئیمان دەشێت ئارامیبەخش بێت، بێگومان هەروەها زۆر دەشێت مرۆڤ لە خۆی نامۆ بکات. بە هەر حاڵ، مرۆڤی ئیماندار، وەک کەسێتیی جڤاکی، لەنێو پەیوەندییە جڤاکی و کولتووری و زانستییەکانەوە، لە ساتێکی دیاریکراوی ژیانیدا، هەڵوێستەیەکی کردووە، ئیمانی هێناوە یان سوننەتییانە بڕیاری بۆ گوێرایەڵی و پیادەکردنی ڕێنوماکانی ئاینی سەروەر داوە، ئەوجا وەک ئیماندارێکی دیاریکراو دەرکەوتووە: ڕوخسارکراوە بەبێ شێوەی چەسپێنراوی خۆپۆشین و مەیکئەپی ئیدیۆلۆگییانە. بە پێچەوانەوە گەر ئێمە لە سەلەفی وردبینەوە، ئەوا بە شێوەی ڕوخسار و ژست (Gest)یدا دەبینین کە ڕوناکی “نزیکەی” لەنێو دەروونی ئەودا نییە. ئەو جیڕە، مۆنە، بەردەوام لە بەرهەڵستیدایە، لە پێناوی خۆپارێزیدا جنێودەرە، ئەوە بەتایبەتی گەر هاتوو بنەڕەتەکانی بڕوای ئەو ڕەخنەییانە هەڵبدرێنەوە، هەروەها سێکسیستە، ئەمەش بەتایبەتی لەکاتی سەندنی دەسەڵاتدا خۆیا دەبێت (داعش)، جگە لەوە جیهان لە دەرەوەی جیهانی ئەندێشەيی خۆی وەک تاریک، خراپ، نەخۆش، شەیتانی “دادەنێت”. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین ببێژین، کە سەلەفی کەسێکی “هانابردووە” بۆ ئاین، بێگومان ئاین وەک دەستوێژی ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی سەرجەم پەیوەندی و دیاردەکانی جڤاک “ی ئەمڕۆ”، سەرجەم ئەدەب و هونەر بەگشتی و بەتایبەتی هینی “ئەمڕۆ”، سەرجەم زانستەکان “ی ئەمڕۆ”.

ئێمە لێرە، بەبەرجەستەیی، کێشەیەکی مرۆڤییانەی خۆرهەڵاتی ئیسلامیمان هەیە لە سەردەمێکی تەنگژاویی مێژوویی ئەو دەڤەرەدا. بێگومان دەشێت لێرەدا جڤاکە جیاوازە خۆرهەڵاتی-ئیسلامییەکان کەم یان زۆر بە تایبەتمەندیی خۆیانەوە لە تەنگژەدا بن. ئێمە بۆ نموونە لای کوردەکانی ئێراق بەگشتی وەرگۆڕینی جڤاکیمان (Gesellschaftswandel) هەیە، واتا گۆڕانکاریی ئەوتۆ کە ڕەفتاری نوێ و شێوازی نوێی بینینی ژیان، بەڵێ تەنانەت شێوازی بیرکردنەوەی نوێ دەهێننە ئاراوە. لەم دەڤەرەدا چەندین جۆر یان تەنانەت شێوازی نوێی پێشبینیکردن و پیادەکردنی ژیان سەریانهەڵداوە، ئاڕاستەکان پەرەیان سەندووە، کەسانی یەکجار زۆر بەئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە ئەوان زەردەشتین یان مولحیدن، هاوکات دەبینین، جەژنی نەورۆز لە لایەن کەسانی یەکجار یەکجار زۆرەوە بەبێ گوێدان بە گەڤ و هاتوهاواری سەلەفیانە پیرۆزدەکرێت، کیژان و کوڕان سەرباری مەترسیی شیاو لەسەر ژیانیان کەسەکییانە یاخی دەبن، هەروەها بەئاشکرا و بەتایبەتی لە سۆشیالمیدیادا خودی ئاین و کتێبە پیرۆزەکەی تەنانەت بە خودی پەیامهێنییەوە لەژێر پرسیار یان ڕەخنە و هێرشی بەردەوامدان، بەڵێ تەنانەت شێوەی شار و گوندەکانیش گۆڕراوە، ئەوجا لە بواری ئەدەب و هونەردا نووسەران و هونەرمەندانی بەواتا هەڵکەوتوون، توێژەرانی جددیی هزری و زانستی لە کرۆکەوە جێیان بە قەدیمییەکان لێژ کردووە، جا گەرچی ئەوان هێشتا هەر بەڕێی پێگەی دامەزراوەیی و خۆگونجاندنی رواڵەتی یان ملکەچی بۆ دەسەڵاتدارانی سیاسی، کارایی خۆیان پاراستووە.

ئێمە بەبێ دیارهێنانی ئەم ڕەوشە جڤاکی و کولتووری و زانستی (بەزۆریی سوننەتییە) ناتوانین تا ڕادەی شیان دروست لە کەسێتیی سەلەفی نزیکبکەوینەوە. سەلەفی لەنێو سەرجەمی ئەم پەیوەندییانەوە دەرکەوتووە، لەنێویانەوە ئاستی لێرەبوونی خۆی چەسپاندووە و تێکستە ئاینییەکانی دەخوێنێتەوە تاکو لێوەیان دەستکەلا پرۆپاگەندەییەکانی هەڵببژێرێت و ئەوجا شەڕی خۆی ڕابگەیەنێت: بە وتاردانی هەڕەشەئامێز، بانگخوازیی هەڕەشەئامێز، ئاگیتاسیۆنی سیاسی.

سەلەفی مەبەستمەندانە دەخوێنێتەوە، لێ ئەو لە خوێندنەوەدا بابەتگەرایە، واتا بابەتەکانی وەک “شت” دادەنێت، ئەوجا، لەتەک ئادۆرنۆدا بدوێین، ڕستە خوێنراوەکانی کە تایبەتن بە پرسە جیاوازە جڤاکی و نێومرۆڤییەکان، لەنێو هۆشی خۆیدا ڕادەگرێت، لێرەشدا ڕستەکان کە تاکە دەستکەلای کردارنوێنیی ئەون، بەردەوام لەنێو هۆشیدا ئامادە دەمێننەوە و هێدی هێدی لەنێویدا دەسرەوێن، دەچەسپێن، کە ئیدی لە سەرئەنجامدا هۆشی ئەو خۆیشی دەشتێت، دەمەیێت، وشکهەڵدێت (هیپوستاز دەکات = دەبابەتێت). ئەمە بریتییە لە پرۆسەی خودنامۆبوونی سەلەفی کە بێگومان ئەو بەهۆی نامۆبوونییەوە لە خۆی پێی نازانێت، بە پێچەوانەوە شانازی بە بێگەردی و جیاوازیی کرداری-جڤاکییانەی خۆیەوە دەکات و بەئاشکرا پێشانی هەمووانی دەدات. سەلەفی خۆی بە بکەری مێژوو دادەنێت، وەلێ بکەرێک کە دەیەوێت سەرجەمییانە “ئەمڕۆ” ڕووەو “ڕابوردوو”یەکی ئیدیالی بەناو ئیسلامییانە وەربچەرخێنێت، واتا بیگەڕێنێتەوە بۆ نێو پێکەوەژیانی پێشبینیکراو و حیکایەتییانە هۆنراوەی ئارەبە موسڵمانە بەدەوییەکانی حیجازی دوازدە، سیازدە، چواردە سەدە لەمەوبەر (ئاخر هیچ کەس دەستپێکی مێژووی سەرەتای ئیسلام نازانێت، بەڵێ تەنانەت خودی سەرەتاکانی پەیامەکە لەژێر پرسیاردان، تەنانەت سەرجەمی ئایەتە مەککەییەکان ئەدەبناسییانە وەک شێوازی هۆزانی (شیعری) فارسی، کەواتە جیاواز لە شێوازی هۆزانی ئەرەبیی پێش ئیسلام، جەختیان لێکراوە و ساغکراونەتەوە).

بێگومان ئێمە پێویستە پەیوەند بەم ڕەوتەی نامۆبوونی کەسێتیی سەلەفییەوە نامۆبوونێکی مرۆڤییانەی پێشینەیی نێو جڤاک جەخت لێبکەین کە هاوکات دەشێت ئاینی بێت. لەم ڕوانگەیەوە پرۆسەی خودنامۆبوونی سەلەفی بریتییە لە هەڵزناندنی نامۆبوونە نێوجیهانییە کەسەکییەکان و ئەوەش تێکستی تۆمارکراوە کە گوڕ بە نامۆبوونەکە دەدات. گەر بەگشتی بڕوانین، زۆر دەشێت مرۆڤ وەک لە خۆنامۆبوویەک درێژە بە ژیانی نامۆبووی خۆی بدات، بۆ نموونە رواڵەتگەرایانە بیداتە بەر بەبێ ئەوەی هەرگیز پێویستی بەوە بێت بپرسێت لەبارەی: خۆی، کردارەکانی، هۆکاری ناکۆکییەکی لەتەک هەڤاڵێکیدا، لەبارەی بێلایەنیی جڤاکی و سیاسیانەی خۆی، لەبارەی بەرژەوەندگەراییەکەی، بەڵێ بۆ خۆی بەسانایی بژی و زیانی بۆ کەس نەبێت یان بەدەگمەن هەیبێت. لە بنەڕەتدا لەنێو ئەم پەیوەندییانەی نامۆبوونەوە پرۆسەی خودنامۆبوونی سەلەفی سەرچاوە دەگرێت و بە بابەتگەرایی تێکست، بە ئەندێشەی پاکژیی ئارەبە بەدەوییەکانی بیابانی حیجاز و ئەم یان ئەو سەحابە، بە گوێگرتنی لە سنووربەدەر لە سترانی قورئان، بە ئەندێشەی ڕابواردنی ئەبەدی لە ئەو دنیا، خۆی لە ژیاندا ڕادەگرێت، لێرەشەوە ئیدی نەرێنییانە بەرپەرچی هەموو شتێک دەداتەوە کە لەتەک حیکایەتەکانی ئەودا نەگونجێت.

وشکهەڵهاتنی هۆشی سەلەفی بەتایبەتی پەیوەند بە زانستە سروشتییە مۆدێرنەکانەوە خویا دەبێت. گەر لە تێکستی وشکهەڵهێنراوی ئەودا تۆمارکرابێت کە تەنیا ڕۆژهەڵات و ڕؤژئاوا هەن، ئەوا سەلەفی نکۆڵی لە باکور و باشور دەکات نەک ڕستە تۆمارکراوەکانی نێو کتێبە پیرۆزەکەی بخاتە ژێر پرسیارەوە، گەر وشەییانە جەخت لە تەختێتیی زەوی کرابێت، ئەو نکۆڵی لە شێوەی نیمچە-هێلکەیی زەوی دەکات، جا گەرچی نەک تەنیا دەشێت بە ساتەلیت ئەو فۆرمەی زەویی پێشان بدرێت، بەڵکو دەشێت مرۆڤ بە چاوانی خۆی لە کەناری دەریاوە کووڕێتیی زەوی ببینێت. ئەوجا کیمیای خانەکانی زیندەوەران کە دەستپێکی یەکخانەیی سەلماندووە و تیۆرییانە پێشانی داوە کە لەتەک دووخانەییدا بزووتن وەک دەستپێکی ژیان سەریهەڵداوە، هیچ پرسیارێک لای ئەو ناخاتەوە. بەکورتی و بەکوردی ببێژین: هیچ بە مێشکیدا ناچێت. وەریناگرێت. بەشتبوونی ئەو خۆی گەیشتووە بە ڕادەیەک کە لای ئەو تەنیا قەوارە شتی سرەوتێنراوی نێو هۆشی چواندنیان هەیە، قەوارەکانیش وەک گۆتمان لە تۆماری سەرکاغەزی تێکست و هەروەها حیکایەتە گێڕراوەکانەوە هۆنراونەتەوە و وشکهەڵهێنراون.
بێگومان مرۆڤ لێرەدا دەکەوێتە بەردەم پرسیار لەبارەی “زەینی سەلیمی مرۆڤی”. لێ وەک گۆتمان، سەلەفی تازە لێبۆتەوە، چونکە پرۆسەی خودنامۆبوونی ئەو بە ڕادەیەک گەیشتووە کە ئیدی ئەو بەتەواوی لە “هۆمۆ ئیسلامیکوس”ی سانای سەرەتای نامۆبوونییەوە بووە بە “هۆمۆ سەلەفیکوس”.

ڕەنگە بەڕێزێک ببێژێت: دەبێت جەنگ لەدژی جەنگی ڕاگەیەنراوی سەلەفییانە ڕابگەیەنرێتەوە؛ پێدەچێت، وەلێ مەرج نییە، ئەمە هەڵوێستێکی مارکسیستییانە بێت، یان بریتی بێت لە هەڵوێستێکی سۆفییانەی ئیسلامی، زەردەشتی و هتد. ڕەنگە بەڕێزێکی دی ببێژێت: “ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کە سەلەفیزم بە یاسای تایبەتی یاساغ بکات و سەلەفییەکان بۆ زێدەڕەوییان سزا بدات”؛ ئەمیان ڕوانگەیەکی جەختکەرە لە پاراستنی پەیوەندییە جڤاکی-دەوڵەتییەکانی هەنووکە. ڕەنگە بەڕێزێکی دی وای دابنێت کە: “ڕۆشناییدان، واتا ناساندنی مرۆڤان بە مرۆڤێتیی خۆیان کە کرۆکی ڕۆشناییە، ئەوجا هەڵوێستی هەڵوەشانگەرییانەی جۆری خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی تێکستەکان، باشترین ڕێگەچارەیە”؛ ئەمیان هەڵوێستی پەروەردەییە کە بەبێ گومان شۆڕشگێڕێتی لە خۆ دەگرێت، چونکە لێرەدا هەوڵ دەدرێت کەسانی سوننەتی بە مرۆڤێتیی خۆیان بناسێنرێن.

هەرچۆنێک بێت، سەلەفیزم “دیاردەیەکی تاریکیگەرای سیاسی”یە وەک بەرهەمی تەنگژەی بونیادییانەی سەرجەم جڤاک لە دەڤەری کولتووری-ئیسلامیدا، هەروەها بەرهەمی تەنگژەی خودی ئیسلامە – ئیسلام سەرەتا وەک ئاین، چونکە هەرگیز هێندەی ئەمڕۆ چە مێژوو و چە بنەماکانی ئەو ڕەخنەییانە لێنەتوێژراونەتەوە و نوێنەرەکانی هێندەی ئەمڕۆ بە ئەندازەی توێژینەوەکان دەستەوستان نەبوون، وەلێ هەروەها ئاین وەک کولتوور، چونکە خوو و نەریتە سوننەتییەکان چیدی هێندە ئاسان کاراییان نانوێنن. لەم ڕەوشەدا بەتایبەتی پیاوانی دەسەڵاتخوازی کۆنزەرڤاتیڤ (هەیەپارێز) بەتۆقیوی پەرچەکرداری سیاسی-ئاینی دەنوێنن، لەنێو ئەمانیشدا سەلەفیزم وەک توندڕەوترین جۆری پاشڤەروویی، بە گەڕاونەتەوە بۆ ڕابوردوو، زیتدەبێتەوە و دەیەوێت دەسەڵاتگەرایانە ڕێگەچارەی خۆی بسەپێنێت، ئەوە گۆیا لە پێناوی خەڵاسدا. بەڵێ گەر لە ڕەفتاری سەلەفییەکان وردبینەوە، ئەوا دەبینین کە ئەوان بەدووی سەندنی دەسەڵاتەوەن، هاوکات سەرجەمی حیکایەتەکان لەبارەی فڵان یان پەیامهێنەکەیان کە گۆیا ئەوها و ئەوهای کردووە، دەستوێژی ڕەوایەتیدەرن بە کردارەکانی ئەمڕۆی خۆیان. بۆیە هیچ جێی سووڕمان نییە کە پێکڕا شەیدای کیژانی هەرزەکار یان تەنانەت کیژانی زارۆکن. ئەوان لەنێو تێکستی تۆمارکراوی ئاینەکەیان و حیکایەتەکاندا بۆ دەستوێژی ڕەوایەتیدان بە حەز و خۆزگە و ئارەزووە کەسییەکانیان دەگەڕێن.

بێگومان، گەر لە دەڤەری کوردییەوە بڕوانین، دەبینین کە سەلەفیزم هێندە پڕمەترسی نییە، چونکە ناسیۆنالیزم کە خۆی شێوەیەکی ئاینە، لەنێو کورداندا هێشتا هەر بەهێزە، جگە لەوە ئیسلامی میللی (خەڵک) فراوانترین ئاڕاستەی ئاینییە، هەروەها چەندین ئاڕاستەی ئاینی و جیهانبینییانەی دی دەرکەوتوون و دەشێت هەموویان لە ئەگەری بەمەترسیبوونی سەلەفییەکاندا دەست بدەنە چەک و لەدژیان بجەنگێن. لە بنەڕەتدا زۆرینەی خەڵک گوێیان لێناگرێت، بەڵکو تاکە تاکەی کەسان، کە دەروونشێواون، داماون، بۆ کیژان ئاگریان تێبەربووە و ناوێرن مێبازی بکەن، یان جارێک لە لایەن کیژەوە دڵیان شکێنراوە، ئەوجا ڕەنگە کوڕە هەژار بن و بەردەوام سامانداران ببینن، کوڕانی ناسک بن و بەردەوام بێدادیی جڤاکی و ئابووری ببینن، هەروەها لە قووڵایی ناخیانەوە ئارەزووی ژیاندنی ژیانی خۆیانیان هەبێت، وەلێ لەبەر ئەوەی کەسێتییەکی ترسنۆکیان هەیە، نەوێرن ژیانیان بژێنن، کە ئیدی بۆ خۆساغکردنەوە و خۆگیرساندنەوە بگەڕێن و کتوپڕ بخزێنە نێو داوی سەلەفیزمەوە، داوی “دینبازان”ی بەبکەربووی سەلەفیستییەوە، واتا لای مەلا و بانگخوازە بەرژەوەندگەراکان بگیرسێنەوە، لێرەشەوە ئیدی بخزێن بۆ باوەڕهێنان بەو ناڕاستییە کە گۆیا تێکستە بەناو پیرۆزەکان دەرفەتیان بۆ دەڕەخسنن تاکو دژبێژییەکانی بیرکردنەوە و دژبەرییە ناخەکییەکانی خۆیان یەکلابکەنەوە، بێئاگا لەوە کە ئەوان بەو ڕێیەوە لە پرسیارەکانیان ڕادەکەن و خواست و ئارەزووەکانیان “دەچەپێنن”. بەکورتی، ئەم کوڕە ترسنۆکانە کۆڵ دەدەن، خۆیان وەک سەربازی ئەڵڵا پێشبینی دەکەن، تا بکرێت بە یاریدەی نوێژ و ڕۆژوو ڕێ دەگرن لەوە کە داواکارییە مرۆڤییەکانیان بەرۆکیان بگرنەوە و ناخیان بهەژێننەوە، کە بێگومان هەرگیز ئەوەیان پێبەدیناهێنرێت، چونکە بوونەوەری مرۆڤین و ئەم سروشتەش خۆڕسکانە پێویستی بە ژیاندنی خۆیەتی.

کاوە جەلال

Previous
Next