Skip to Content

کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و چارەنوسی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و چارەنوسی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

Closed
by ئاب 11, 2021 General, Opinion

دیاره‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و گه‌له‌كه‌ی خۆیان له‌هه‌موو شتێك لاگرنگتره‌، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م، عیراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاوبگرن هه‌ر ڕۆژێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌عیراق ته‌واو بوون، ئه‌م وڵاته‌ جێده‌هێڵن، ئه‌ی دوای ڕۆیشتنی ئه‌مریكا چاره‌نووسی عیراق و به‌تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان چی به‌سه‌ر دێت.
بۆ نموونه‌: له‌ چوونی ئەمریكا بۆ ئەفغانستان وادیارنه‌بوو پلانێكی ستراتیژی پێشوه‌خته‌ هه‌بووبێت، ته‌نیا له‌ئه‌نجامی كاردانەوەی تەقاندنەوەی هه‌ردوو تاوه‌ری بازرگانی جیهانی نێۆیۆرك لە11ی سێپتێمبه‌ری ساڵی 2001، كه‌ته‌واوی جیهانی خسته‌به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌یه‌كی جدی، سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر كۆی مرۆڤایه‌تی، كه‌سەرانی قاعیدە ئەنجامدەری بوون و له‌ ئه‌فغانستان داڵدەدرابوون، بۆیە ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2002 ئەفغانستانی داگیركرد، به‌ڵام دوای پێكهاتنی ئامانجه‌كانیان، ئه‌مریكا بڕیاریدا ئه‌فغانستان بۆ لایه‌نه‌كانی ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی جێبهێڵن و هێزەكانی ئه‌مریكا له‌ئه‌فغانستان بكشێننەوە.

ئه‌مریكا بڕیاری داوه،‌ له‌و شوێنانه‌ بكشێته‌وه‌، كه‌ پێیان وایه‌ شه‌ڕ و كێشه‌ی ئه‌و ناوچاونه‌ درێژخایه‌نه‌، كه‌ ئه‌فغانستان یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌، به‌ڵام هیچ پێناچێت ئەمریكا بە تەواوی لە ئەفغانستان بكشێتەوە، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕیاری دراوه‌، به‌شێك له‌هێزه‌كانی‌ لە باڵوێزخانەی كابوڵدا بهێڵێتەوە، بۆ ئه‌وه‌ی ئەو شوێنانەی مەترسین لەسەر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئەمریكا، لەكاتی پێویست و له‌ڕێگای ئه‌و هێزه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ بكرێنە ئامانج، به‌ڵام بینیمان به‌كشانه‌وی ئه‌مریكا تاڵیبان زۆربه‌ی ناوچه‌كانیان به‌رزه‌فت كرد و ئه‌گه‌ر به‌ده‌وام بن پێشبینی ده‌كرێت تاڵیبان دەست بەسەر تەواوی ئەفغانستان و كابوڵی پایتەختیشدا بگرن، هه‌رچه‌نده‌ بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ‌تاڵیبان، له‌نێوان ئەمریكا و تاڵیبان ڕێككەوتنی قەتەر هه‌بوو،‌ به‌ڵام لەدوای كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان تاڵیبان ڕێزی رێككەوتنەكەی نەگرتوو و زۆر له‌ناوچه‌كانی ئه‌فغانستانی گرت و حكومەتی ئەفغانستان ئه‌و توانایه‌ی نییه‌ خۆیان ڕووبه‌ڕووی تاڵیبان ببنه‌وه‌، بێگومان به‌م شێوه‌یه‌ ناوچه‌كه‌ چاوه‌ڕوانی كاره‌ساتی گه‌وره‌ ده‌كات‌.

كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان كاریگەری به‌سه‌رعێراقیشه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ستراتیجیەتی بایدن ئەوەیە هێزەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمبكاتەوە، هه‌رچه‌نده‌ بارودۆخی ئه‌فغانستان لە عێراق جیاوازه‌، به‌ڵام دیاره‌كه‌ ئەمریكا بۆ هه‌میشه‌ لەعێراق نامێنێتەوە، بێگومان كاربه‌ده‌ستانی عێراق و هەرێمیش ئەوە ده‌زانن ڕۆژێك دێت ئه‌مریكا لەعێراقیش بكشێتەوە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی عیراق سەرچاوەیه‌كی گرنگی وزەیە و بەربەستێكیشە لەبەردەم فراوانخوازی ئێران و ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن هیلالی شیعی، به‌ڵام كێشه‌ و ئاژاوه‌ به‌رده‌وامه‌كانی خوارووی عیراق و نه‌بوونی هێمنی و ئاسایش و له‌لایه‌كی تر په‌یوه‌ندی و وابه‌سته‌یی حه‌شدی شه‌عبی و به‌شێك له‌ هێزه‌شیعه‌كانی تری خوارووی عیراق ناوچه‌كه‌ی ناسه‌قامگیر كردووه‌، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ داهاتووی عیراق ئه‌منیه‌ت و ئاسایشی مسۆگه‌رنه‌بێت، به‌مه‌ش كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كان بیرله‌ جێهێشتنی عیراق بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌من و ئاسایش له‌هه‌رێمی كوردستان جیاوازه‌ له‌ خوارووی عیراق، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌عیراق و ئه‌مریكاهه‌میشه‌ جه‌خت له‌ یه‌كپارچه‌یی عیراق ده‌كاته‌وه‌.

ئەگەر ئەمریكا بەشێوەیه‌كی كتوپڕ هاوشێوەی ئەفغانستان لەعێراق بكشێتەوە چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هەمان چارەنوسی ئەفغانستان ڕووبەڕووی عێراقیش دەبێتەوە، به‌هۆی بوونی ئه‌و هێزه‌ میلیشیایانه‌ی لەدەرەوەی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فەرماندەی هێزەچەكدارەكانن و سیاسه‌تی وڵاتە ئیقلیمیەكان جێبەجێدەكەن، حكومەتی عیراقیش هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان ناتوانێت رووبەڕووی هێزە چەكدارەكان ببێتەوە و باوه‌ڕناكرێ توانای بەرگری هەبێت، له‌به‌رئه‌م بارودۆخه‌ ناله‌باره‌ داهاتویەكی نادیار چاوەرێ دەكرێت.

له‌ڕووی بارودۆخی جێگیری ئاسایش له‌هەرێمی كوردستان جیاوازە، به‌ڵام ئەگەر مانەوەی ئەمریكا بۆ عێراق چه‌ند گرنگ بێت، چه‌ندان ئه‌وه‌نده‌ بۆ هه‌رێم گرنگه‌، چونكه‌هاتن و مانه‌وه‌ی ئەمریكا تائێستاش هۆكاری سه‌ره‌كی پاراستن و مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانه‌، مەترسی وڵاتانی دراوسێ و زیندووبوونەوەی داعش و مەترسی حەشدی شەعبی و حكومەتی بەغدا پێویستی به‌هه‌ڵسه‌نگاندن و بیرلێكردنه‌وه‌یه‌.

به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م هه‌موو ئه‌گه‌رانه‌ پێویسته‌ كورد حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌ بكات و بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌عیراق و هەرێمی كوردستان پێویسته‌ كورد چی بكات، بێگومان رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد كاری له‌پێشینه‌یه‌ و ئاشتی و ئارامی و ریزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی گرنگی زۆری هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌‌ك بتوانن سەرنجی ئەمریكا و وڵاتانی تری خاوه‌ن پێگه‌ و بڕیار به‌ده‌ستی جیهان ڕابكێشن، بۆئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئارامی و ئاسووده‌ییدا بمێنێته‌وه‌.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress