Skip to Content

تیشکێک بۆسەر پێکهاتەی چین و توێژەکان و خەباتی چینایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.. نادر عەبدولحەمید

تیشکێک بۆسەر پێکهاتەی چین و توێژەکان و خەباتی چینایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.. نادر عەبدولحەمید

Closed
by حوزه‌یران 12, 2024 General, Opinion


دوو چەمکی سیاسی

“هەرێمی کوردستان” و “حکومەتی هەرێم”، لە فەرهەنگی ناسیونالیزمی کوردا، وەک بەرهەمی بزووتنەوەی چەکداری و زیندانی چالاکوانانی سیاسی و لەسێدارەدانیان بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی کوردستان لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام لە واقعدا ئەم “هەرێم” و “حکومەت”ە، وەک چەمکێکی سیاسی و واقعیەتیێکی مێژوویی، بەرهەمی ئاڵوگۆڕە مێژووییەکانی کۆتایی سەدەی بیستە، لە داڕمانی یەکێتی سۆڤییەت، کۆتایی جەنگی سارد، و خۆداسەپاندنی میلیتاریستانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەروازەی عێڕاقەوە وەک پۆلیسی جیهانی یەک قوتبی، وە بە دیاریکراوی بەرهەمی جەنگی کەنداوی (١٩٩١) و داسەپاندنی ناوچەی دژە فڕینی فڕۆکە (No Fly Zone) و پاشان ڕووخاندنی (ڕژێمی بەعس) بوو لە (٢٠٠٣)دا.
ستڕاتیژی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەو کاتەدا، بۆ پیادەکردن و جێگیرکردنی، پێویستی بە چالاک کردنی ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و مەزهەبی عێڕاق بەگشتی و ناسیونالیزمی کورد هەبوو بەتایبەتی. لێرەوە حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی خۆیان هاوئاهەنگ و هاوخەتی ستڕاتیژی ئیمپریالیستی ئەمریکی و ئەو ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییانە کرد. بۆیە “هەرێمی کوردستان”ی عێڕاق و “حکومەتی هەرێم” بەرهەمی یەکانگیربوونی ستڕاتیژی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوخەتبوون و چالاکبوونی ناسیونالیزمی کوردە، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی چەکدار لەناو ئەو ستڕاتیژ و سیاسەتە ئیمپریالیستیـیەدا.
سنوری پانوپۆڕی و بەرتەسکی ئەم “هەرێم”ە و دەستڕۆیشتوویی “حکومەت”ەکەی، و جێگەوڕێگە و بەهایەکیش کە هەیبووە، بۆ دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی بۆرژوا کۆنەپەرستی ناوچەکە و بۆ سەرمایەدارانی کوردستان، لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا هەمیشە لە گۆڕاندا بووە، دیارە کە لەم حاڵەتەی ئێستاشدا نامێنـێـتەوە. هەتا ڕوانگەی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانیش بەرامبەر بە “هەرێم” و “حکومەت”ەکەی ئاڵوگۆڕی زۆر جدی و ڕیشەیی بەسەردا هاتووە.
ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی لە هەرێم
ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵات لەو هەرێمە، لە سێ قۆناغدا و بە شکڵ و شێوازی تایبەت لەهەر قۆناغێکدا خۆی دەرخستووە.
قۆناغی یەکەم. لە دوازدە (١٢) ساڵی یەکەمدا (١٩٩١-٢٠٠٣)، بەو هۆیەوە کە لەو سەردەمەدا، شیرازەی کۆمەڵگە لە سەراسەری عێڕاق و لە کوردستانیشدا لە گرێژنەچوو بوو، نەداری و برسیەتی بەهۆی گەمارۆی ئابووری (نەتەوە یەکگرتووەکان)ەوە لەسەر عێڕاق لە ئارادابوو، جەنگی ناوخۆیی نێوان دوو زلهێزی چەکداری بزووتنەوەی کوردایەتی (پارتی و یەکێتی) کۆمەڵگەی لولدابوو،… بەڵێ لەم بارودۆخەدا ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی لەم هەرێمەدا لە شکڵی داسەپاندنی زەبروزەنگی هێزی میلیشیایی پێشمەرگایەتییەوە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی ئازادانە و سەربەخۆی جەماوەر لەو فەزا ئاوەڵە سیاسیـیە و لەو بۆشایـیە سیاسیـیەدا کە هاتبۆ ئاراوە بە ئاشکرا خۆی نیشان دەدا، [بۆ نمونە هەر لەسەرەتاوە کەوتنە گرتنەخۆی هەموو سەرکۆک جاشەکان و پێدانی پلەوپایە پێیان، پەلاماری بزووتنەوەی شۆرایی و (یەکێتی بێکاران)یاندا، دەستیانکرد بە ڕەشەکوژی ژنان، کەوتنە پیادەکردنی سەرکوت و تیرۆری سیاسی و ڕێگری لە ڕێکخراوبوونی ئازادانە و هاوکاری هەردوو ڕژێمی کۆنەپەرستی جمهوری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیای شۆفێنیست بۆ تیرۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دوو وڵاتە و هێرش بۆسەریان]. ئەمە و لە لایەکی ترەوە ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتییەکە لەوەدا خۆی نیشان دەدات کە قۆرخکردنی ئەو کۆمەگییە ئینساندۆستیانە بوو کە دەهات بۆ کوردستان. بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی پلە یەکی حزبێکی دەسەڵات؛ داهاتی هەرێمەکە لە کۆمەگ و لە گومرگی ناوخۆ، کراوە بە سێ بەشەوە؛ (%٣٠)ی بۆ (پارتی)، (%٣٠)ی بۆ (یەکێتی)، و باقییەکەشی بۆ چەند ملیۆن کەس لە جەماوەری بێکار و هەژار و ئاوارە و برسی. ئەمە جگە لە ڕاووڕووت و بەتاڵانبردنی هەر شتێک کە هی کەرتی گشتی و موڵکی کۆمەڵگە بووبێت، لە لایەن ئەو دوو حزبەوە، هەر لە کەلوپەلەکانی (بەنداوی بێخمە)وە بیگرە تا کۆکردنەوەی تەل و سیمی عمودی کارەبا و مس و فافۆن و فرۆشتنی بە بازرگانانی ئێران و تورکیا.
قۆناغی دووەم. دوای ڕووخاندنی (ڕژێمی بەعس ٢٠٠٣) باروودۆخەکە تەواو گۆڕا، ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی هەرێم و حکومەتەکەشی، لەم قۆناغی دووەمەدا بە شکڵ و شێوازێکی کامڵتر و ڕوونتر گوزارشی لە خۆی کرد. لە (٢٠٠٣) بەدواوە مۆتەکەی بەعس ڕەویەوە لەبەرچاوان، ئارامی و دڵنییای سیاسی هاتەئاراوە، لە هەمانکاتیشدا پوڵ و پارەیەکی زۆر لە خەزێنەی گشتی عێراقەوە هات بۆ کوردستان، ئەم سەردەمە بە سەردەمی تەخشان و پەخشانی دۆلار و دروستکردنی گەڕەکانی “فیرعەوناوا” لە شارەکاندا ناسراوە، کە تیایدا گەندەڵکاری بە یاسا کراوی لە ڕاددەبەدەری هەردوو حزبی دەسەڵات سەراپای کۆمەڵگەی داپۆشی.
لەم قۆناغەدا پەیوەندی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵات زۆر توندوتۆڵتر بوو، ئەڵقەیەکی بەرفراوان لە گەورە بازرگان و بەڵێندەر و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان، لە گەورە بەرپرسانی حکومی و حزبی و پلەدارانی هێزی پێشمەرگە و ئەندام پەرلەمانان و توێژی سەرەوە لە کەسایەتی ناو دامەزراوە ئایینییەکان و بنەماڵە شێخ و عەشایەرەکان و سەرۆک جاشەکانی پێشوو، هەروەها بەڕێوەبەران و هەڵسوڕێنەرانی دامودەزگای زەبەلاحی میدیایی حزبەکان و توێژێک ئەگەرچی بچوکیش لەسەرمایەدارانێکی دەرەوەی کوردستان کە هاتوون بۆ ئەم هەرێمە و سەرقاڵی وەبەرهێنان و خاوەن پشکن وەیا پڕۆژەی ئابوورییان هەیە، هەر هەموو ئەم توێژانە بەدەوری هەردوو حزبی دەسەڵات و (حکومەتی هەرێم)دا کەمەریان بەست و هەر هەمووشیان لە گەندەڵی و مشەخۆی بەهرەمەندبوون وەک توێژی جۆراوجۆری چینی سەرمایەدار و پایە و بنکەی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیست لە کوردستانی عێڕاقدا.
یەکگرتوویی ئەم توێژە جۆراوجۆرانە لەسەر سفرەخوانی گەندەڵکاری هەر دوو حزبی دەسەڵات، یەکێک لە بنەماکانی یەکگرتنەوەی هەردوو “ئیدارەی هەولێر” و “ئیدارەی سلێمانی” بوو لە حکومەتێکی هاوبەشدا بەناوی (حکومەتی هەرێم)، وە بنەمایەکیش بوو بۆ “هاوپەیمانەتی ستڕاتیژی ٢٠٠٧”ی نێوان (یەکێتی و پارتی).
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە خەڵکی بەدەست نەبوونی ئاو و کارەبا و جادە و ڕێگاوبان و نەبوونی باڵەخانە بۆ قوتابخانەکان و کەمی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردەوە دەیانناڵاند و ڕۆژانە توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان ناڕەزایەتیان دەردەبڕی تا ئەوەی لە ئاب/ئۆگۆستی (٢٠٠٦)دا بووە تەقینەوەیەکی جەماوەری و بەدوای ئەویشدا بە کوشتنی (سەردەشت عوسمان، لە ئایاری ٢٠١٠)، بزووتنەوەی دژبە بەرتەسکردنەوەی ئازادییە سیاسی و فکرییەکان سەریهەڵدا، ئەمە و کردەوەکانی ئەم دەسەڵاتە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان سەریکێشا بۆ چوونەپێشەوەی ئاگاهی سیاسی جەماوەر و بۆ ڕاپەڕینی (١٧ی شوباتی ٢٠١١) کە هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقا لە تونس و میسر و جەماوەر خوازیاری هەڵپێچان و گۆڕینی دەسەڵات بوون.
ئەمە یەکەم جار بوو لە مێژووی ئەم هەرێمەدا، جەماوەر بەئاگا بێتەوە لەو قەڵشتە گەورەی نێوان خۆی و دەسەڵات و بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرفراوان بەڕێبخات بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی خۆماڵی. ئەڵبەتە حزب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هەمیشە خوازیاری ئەوە بوون، بەڵام ئەمە جیاوازە لەوەی کە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی خۆی ئەو خواستە بخاتەڕوو.
قۆناغی سێیەم. هەرچی ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو دەسەڵاتدارەتی و حکومەتەیە لە دە (١٠) ساڵی سێـیەمدا (٢٠١٤-٢٠٢٤) زۆر کامڵتر، و بەرجەستەتر بووە پێـبەپـێی کەڵەکەی سەرمایە و پەرەسەندنی سەرمایەداری لە هەرێمەکە و ئینتگرەبوونی بە سەرمایە و سەرمایەداری وڵاتانی دراوسێ و کۆمپانیا جیهانییەکانەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا حکومەتێکی تەکنۆکراتمان نیـیە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و بەڕێوەبەر کە موچەخۆری سەرمایەداران بن و خزمەت بە بەرژەوەندیـیەکانی ئەوان بکەن، بە قسەی مارکس و ئنگڵز بڵێین ئەوانە نوێنەری حکومی و سیاسی سەرمایەدارانن و ئیدارەی دەوڵەتیان بۆ دەکەن و موچەیەکی مفتیش وەردەگرن، بەڵکو خودی ئەوانەی کە خاوەنی گروپە کۆمپانیا و پڕۆژە هەر گەورەکانن، خاوەن بانکەکان و ملیاردێری دۆلار و قۆرخکاری سامانی سروشتی نەوت و گاز و کەرتی بازرگانی و زەویوزار (عەقارات)ن، بە بەمانایەک هەر خودی ئەوانەی کە نەهەنگ (حوت) و قرشی سەرمایەدارین و خاوەن سەرمایەی مۆنۆپۆلن لە کوردستاندا، هەر ئەوانەشن کە بەڕێوەبەری حکومەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن و خاوەن میدیایەکی زەبەلاح و میلیشیا و ڕایەڵەی سیخوڕی و دامودەزگای دژە تیرۆر و دابینکردنی “ئاسایش”ی سەرمایەن لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیدا.
ئەمڕۆ لە کوردستانی عێڕاقدا سەرمایە و سیاسەت و حزبایەتی حزبەکانی دەسەڵاتدار یەکەیەکی تۆکمە و لێکهەڵپێکراوی لەیەک جیانەکراوە پێکدەهێنن و خاوەن بەرژەوەندی ستڕاتیژیین لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی سەربە وڵاتانی زلهێزی ئیمپریالیستی ئەمریکی و ئەوروپی و چینی و ڕوسی … وێڕای گرێدراوی بەرژەوەندە ئابووری و سیاسی و ئەمنیـیەکانیان لەگەڵ بورژوازی وڵاتانی ناوچەکە و میرنشینەکانی کەنداو.

داسەپاندنی سیاسەتی نیولیبرالیزم
هەر لە سەرەتای خۆداسەپاندنی میلیشیانەی (بەرەی کوردستانی)، لە (١٩٩١)ەوە، سیاسەتی بازاڕی ئازدیان گرتۆتەبەر و کۆمپانیا حزبی و بنەماڵەییەکانیان وەگەڕ خستووە، چ لە بواری بەرهەمهێناندا بێت یان بازرگانی و خزمەتگوزاری، بۆ قۆرخکردنی سەروەت و سامانی گشتی و کەڵەکەی سەرمایە، تا ئەوەی کە بارودۆخ گونجاو بوو بۆ دەرکردنی (یاسای وەبەرهێنان) لە (٢٠٠٦)دا.
کە بەپێی ئەو یاسایە نەک هەر کۆمپانیاکانی ناوخۆیی، بەڵکو کۆمپانیا بیانییەکانیش وێڕای ئەوەی لە باجی داهات و گومرگی کەلوپەلی هاوردە دەبەخشرێن، زەویوزاریشیان پێ دەدرێت و هەزار و یەک کۆمەگی و دەستگرۆییشیان دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. ئەمەش لە کاتێدکدا کە هیچ جۆرە قسەیەک لە مافی کرێکار و یاسای کار و دەستبەرکردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکانی کار ناکرێت، وە لە کاتێکیش دابوو کە قەیرانی خانووبەرە و کرێنشینی لە ئارادابوو، وە خەڵکی بەدەست کەمی خزمەتگوزارییەکانەوە دەیان ناڵاند، حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەریشیان نە دەدایەوە، لێرەوە ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو سیاسەتە ئابووریانە تەواو ڕۆشنە کە چۆن دژە جەماوەرن و لەبەرژەوەندی توێژە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداران بووە.
بەڵام بەدوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە (٢٠١٤) بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی (سەربەخۆیی ئابووری) لە لایەن حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتەوە، تەواوی ئەو یاسایانەی کە دەرکراون لەگەڵ ئەو ڕێنمایی و ڕێکارانەی کە گیراونەتەبەر لە کابینەی هەشتەم و دوای ئەویش کابینەی نۆیەم هەر هەموویان ناوەڕۆکێکی چینایەتی دژ بە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەم دەرامەت و هەژاری کوردستان بووە.
ئەم دوو کابینەیە بەردەوام خەریکی بڕینی مووچە بوون سەرەتا لە کابینەی هەشتەمدا بەناوی “پاشەکەوتی موچە”ەوە و دواتریش لە کابینەی نۆیەم بەرپرسیارەتی “پاشەکەوت”ی لەسەر شانی خۆی لابرد و ڕایگەیاند هەر کاتێک حکومەت داهاتی هەبوو بڕی مووچەش بەپێی ئەو داهاتە دەدات، ئەمە جگە لە پشتگوێ خستنی کەرتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا بوو کە نەوتی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشراوە و کۆمپانیاکان بە ملیۆنەها و ملیارەها دۆلاریان پاشەکەوت کردووە.
خاڵێکی جەوهەری کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەم سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری ئەم ڕژێمە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەویش ئەو کۆنفراسەیە کە لەسەر داوای (حکومەتی هەرێم) لە (٣٠-٥-٢٠١٦) لە لایەن (بانکی نێودەوڵەتی) و بە میوانداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەچێت لەژێر ناوی (ڕیفۆرم لە ئابووری هەرێمی کوردستاندا)، کە ستڕاتیژێکی سێ ساڵە و پلانی ڕیفۆرمی ئابووری هەرێمی کوردستانی تیادا ڕاگەێندرا. کە لە ناوەڕۆکدا پیادەکردنی سیاسەتی خەسخەسە و داسەپاندنی سیاسەتەکانی نیو لیبرالیزم بووە.
ناوەڕۆکی ئەو پلان و ڕیفۆڕمە؛ شانخاڵی کردنەوەی حکومەتی هەرێم بووە، هەرچی زووتر و خێراتر، لە خەرجیە گشتییەکان، وەستاندنی دامەزراندن و کارپێدان لە کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکار و کارمەندەکانی، ڕادەستکردنی خزمەتگوزاریەکان و پێشکەشکردنیان بە هاوڵاتیان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە کە هەریەکەیان بەجۆرێک سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتن. کابینەی نۆهەمیش کە بە دروشمی چاکسازیەوە لە تەمموزی (٢٠١٩)دا دەستبەکار بوو، ئەم ڕەوەندەی بە هەنگاوی گەورەتر و خێراتر بەناوی چاکسازییەوە بردۆتەپێش.
ئاکامی ئەم داسەپاندنی نیولیبرالیزمە بە ئاگاهانە و نەخشەمەندانە و بەپێی ڕێنماییەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) لایەک بەربڵاوبوونێکی لەڕاددەبەدەری بێکاری لە نێو لاوانی کوڕ و کچی کوردستاندا هێنایە ئاراوە، سەیرکەن ساڵانە نزیک بە پانزە (١٥) هەزار لاوی کچ و کوڕ خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانیان تەواوکردووە کە لە دە (١٠) ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٤-٢٠٢٤)، ئەم ژمارەیە لەگەڵ ژمارەی ئەوانەی کە لە دەرەوەی پڕۆسەی خوێندن بوون و تەمەنیان بووەتە هەژدە (١٨) ساڵ واتا نزیک بە چارەکە ملیۆنێک لە هێزی کاری ئامادە بەکار و خوێندەوار هاتۆتە بازاڕی کارەوە کە حکومەتی هەرێم دەرگای دامەزراندنی داخستووە و هەلی کاریش لە کەرتی تایبەتیدا وەک ئەوە وایە پەرداخێک ئاو لە دەریایەکی بێکاری دەربهێنی کە دیارە هیچی لێ کەم نابێتەوە. ئەمەش بووە هۆی کۆچ و ڕەوێکی بەکۆمەڵی بەرفراوانی لاوان بۆ دەرەوەی وڵات.
لە لایەکی ترەوە ئەم داسەپاندنەی سیاسەتی نیولیبرالیزمە نەک هەر بۆتە پەرەدار بوونی کاری گرێبەستی کاتی کە کرێکار و کارمەند لە هەر مافێکی بیمە و پاراستنێکی یاسایی بێ بەش دەکات، بەڵکو بۆتە بەربڵاوبوونی کاری خۆبەشی بێ بەرامبەر لەژێر ناوی پڕاتیک و وەرگرتنی ئەزمووندا، نەک هەر لە ناوەندەکانی کاری کەرتی تایبەتدا، بەڵکو هەتا لە ناوەندەکانی کەرتی گشتیشدا لە خەستەخانە و لە خوێندگاکانیشدا ئەم خۆبەشیەی کارکردن بەربڵاوە.
ئەمە جگە لە دیاردەی دەستفرۆشی مناڵانی سەر جادە و پیا و ژنی بەتەمەن کە بەدیار کاڵای جۆراوجۆرەوە بۆ پەیداکردنی چەند هەزار دینارێکی کەم لە ڕۆژێکدا کە بەشی ژەمە خواردنێکیش ناکات لەسەر جادە و شەقامەکان ڕۆژ تا ئێوارە دەوەستن.
ئەم بارودۆخە جەهەننەمییەی کە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات بەسەر ئەم کۆمەڵگەیە و بەسەر جەماوەردا دایان سەپاندووە، بارودۆخی سەرمایەدارییەکی بێ هەوساری وەحشیگەرییە، بە پێچەوانەی لێکدانەوەی فکری و سیاسی لیبرالەکانی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی لیبرال و ئیسلامی، ئاکامی لێنەهاتوویی و نەشارەزایی چەند سیاسەتمەدار و ڕابەڕێکی حزبی و حکومی نییە، بەڵکو ئاکامی کارێکی ئاگاهانەی هاوبەش و هاوئاهەنگی دەسەڵاتی بورژوا لۆکاڵی (خۆماڵی) کوردی و دامەزراوە بورژوا ئیمپریالیستیەکانی جیهانە پێکەوە، کە ئەویش داسەپاندنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمە بەسەر جەماوەردا، کوردستان دەمێکە بۆتە بەشێک لە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و دەسەڵاتەکەشی هاوئاهەنگ و لێکهەڵپێکراوە لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتانی بورژوا کۆنەپەرستی ناوچەکە و لەگەڵ ستڕاتیژ و پلانی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئیمپریالیزمی ئەمریکی.
پێکهاتەی چین و توێژەکان، خەباتی چینایەتی لە هەرێمی کوردستاندا
چینەکان تەنانەت لە کۆمەڵگەی کۆلایەتی و دەرەبەگایەتیشدا وەستاو نەبوون و لە حاڵەتێکی گۆڕانی هێواش هێواشدا بوون، بە بەراورد بە چینەکان لە کۆمەڵگە و سیستمی سەرمایەداریدا، کە خێرایی گۆڕانکاری تێیاندا زۆر بەگوڕە، بە هۆکاری ئەوەی کە سەرمایەداری وەک سیستمێکی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنان ناتوانێت چرکەیەکیش بووەستێت لە داهێنان و پەرەپێدانی تەنکلۆژیا، وەک مارکس لە (مانیفێستی کۆمۆنیستی)دا باسی لێوە کردووە، ئەمەش وا دەکات بەردەوام ڕشتە و لقی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری تازە بێتەئاراوە، هی کۆن بپوکێنەوە و مایەپوچ بن یان ببنە پاشکۆ بۆ ڕشتەی تازەی بەرهەمهێنان، بەمەش کاردابەشکردنی کۆمەڵایەتی دەستخۆشی گۆڕان و خۆنوێکردنەوەیەکی بەردەوام دەبێت و توێژی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر سەربە چینە ئەسڵییەکانی کۆمەڵگە دێنەئاراوە یان دەپوکێنەوە وەیا جێگەوڕێگەی چینایەتیان دەگۆڕێت. ئەمە وەک سەرەتایەکی گشتی.
تا ئەو شوێنەی کە پەیوەستە بە هەرێمەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی هەفتاکان و هەشتاکان و نەوەتەکان، واتا سی (٣٠) ساڵی کۆتایی سەدەی بیست، دەبینین کە سەرمایەدارانی کوردستانی ئەو کاتە پێکهاتەی توێژە کۆمەڵایەتییەکان و جۆری پەیوەندییان بەسەرمایەداری سەراسەری عێڕاقەوە، زۆر جیاواز بووە لە پێکهاتەی توێژەکانی ئێستا و جۆری پەیوەندییان بە چینی سەرمایەداری عێڕاقەوە، ئەمە بۆ توێژە کۆمەڵایەتییەکانی چینی کرێکار و جۆری پەیوەندیشیان بە چینی کرێکاری عێڕاقەوە هەر دروستە.
پێکهاتەی چینی بورژوازی لە کوردستانی عێڕاقدا لەو توێژە جۆراوجۆرانەی کە ناومان بردوون بە تەعبرە بازاڕییەکەی لە چێشتی مجێور دەچێت، هەندێک لەو توێژانە مێژووییەکی نوێیان هەیە و وەک قارچی بەرهار هەڵتۆقیون و بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر وەک (بەرپرسانی حکومی و حزبی و پلەدارانی هێزی پێشمەرگە و ئەندام پەرلەمانانەکان و بەڕێوەبەران و هەڵسوڕێنەرانی دامودەزگای زەبەلاحی میدیایی سەربە حزبەکان و گەورە بازرگان و بەڵێندەر و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان،…)، لە حاڵەتێکدا توێژەکانی وەک (کەسایەتی ناو دامەزراوە ئایینییەکان و بنەماڵە شێخ و عەشایەرەکان، و سەرۆک جاش و دەرەبەگەکانی پێشوو) سەر بە جیهانێکی کۆنن و تێکەڵ بوون بە بارودۆخی سەرمایەداری و بوون بە بەشێک لە چینی بورژوازی و بەتایبەتیش مناڵەکانیان کە گەوەرە بوون یا بەڕێوەن گەورە بن مۆدێلێکی بەجۆرێک “شارستانی” و “سەردەمیانە”ی ئەو توێژە پێکدەهێنن و دەبنە دەروازەیەکی گونجاوتر بۆ ئینتیگرەبوون (بوون بە بەشێکی ئۆڕگانیکتر) لە چینی بورژوازی.
دیارە ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندی ئابووری لەنێوان توێژە جۆراوجۆرەکان و هەروەها کێشمکێش لەسەر بازاڕ و قۆرخکاری و دەستبەسەراگرتنی سود و قازانج لە نێوان سەرمایەدارانی یەک توێژیشدا هەیە، جگە لەمەش سەرمایەدارانی کوردستان لەهەر زۆنێکیشدا بەپێی بەرژەوەندییە مادییەکانیان دابەش بوون بەسەر ڕەوتی فکری و سیاسی و حزبی جۆراوجۆردا، هەر لە ناسیونالیستی دواکەوتووەوە بیگرە تا کۆنەپەرستی ئیسلامی و تا لیبراڵی دووڕوو لە بەهای کۆمەڵایەتیدا، لە شکڵا مۆدێرن و لە ناوەڕۆکدا کۆنەپەرست. ئەم جۆراوجۆریەتیەش بەشێکە لە ناکۆکییەکانی دەرونی ئەو چینە.
بەڵام ئەم هەڵیتوپەڵیتە چینایەتییەی بورژوازی لە کوردستاندا بەو هۆیەوە کە ئۆڕگانێکی ڕێکخەر و ڕابەریان هەیە کە پێکهاتووە لە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات و میدیایەکی زەبەلاحی گەوجاندن و هێزی میلیشای پێشمەرگە و دامودەزگای سەرکوت، وە بەو هۆیەشەوە کە بوون بە بەشێک لە هاوکێشەی پاراستنی ئاسایشی سەرمایە و ئەجیندای سیاسی و ئەمنی دەوڵەتانی ناوچەکە، لێرەوە لە پشتیوانی و هاوکاری دەوڵەتانی بورژوا کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران و شۆفێنیستی تورکیاش بەهرەمەندن، وێڕای پشتیوانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی وەک بەشێک لە ئەجیندای خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەڵێ ئەم چینە بەهەموو ناکۆکی و ناتەبایی و شەپڕێوییەکی ناوخۆییەوە توانیویەتی بەم شێوەیە دەستدابگرێت بەسەر چارەنوسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم هەرێمە و بشکەوێتە کێشمەکێش (تێنوسان و دانوسان) لەگەڵ ڕەوتە قەومی و تائیفەگەرییەکانی حکومەتی ناوەندی لەسەر پشک و بەش لە سەرمایە و داهاتی سەراسەری عێڕاق.
سەبارەت بە چینی کرێکاریش پێکهاتەکەی تەواو دەستخۆشی گۆڕان هاتووە، لە ڕابردوودا (شەستەکان و هەفتاکان و هەشتاکان) پەرەداربوون و بەرفراوانبوونی داوێنی ئەم چینە لەسەر بنەمای کۆچی جوتیارانی لادێ بوو بۆ شارەکان بۆ کرێکاری بە پلەیەکی بەرز و بەشێوەیەکی سەرەکی، وە لەڕێگەی وەچە خستنەوەی مناڵ لەناو خانەوادە کرێکارییەکانەوە بە پلەی دووەم. ئەم پڕۆسەیە لە کۆتایی هەشتاکانەوە لە کوردستاندا کۆتاییهات بەتایبەت بەهۆی ڕاگواستن و وێرانکردنی زووربەی گوند و دێهاتەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی چەکداری لە کوردستان.
لە ئێستادا زانکۆ و پەیمانگا و خوێندگا جۆراوجۆرەکان شوێنی لادێ و گوندەکانیان گرتۆتەوە لە ڕەوانەکردنی دەستی کار بۆ بازاڕی کار، هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە ساڵانە نزیک بە پانزە (١٥) هەزار لە خوێندکارانی کچ و کوڕ خوێندن تەواو دەکەن و دێنەبازاڕی کارەوە، جگە لەوانەی کە دەگەنە تەمەنی کارکردن و لەو ڕەنجدەرانەش کە ژیان و گوزەرانیان بە کاروکەسابەتی شەخسی و فامیلیی دابین دەکەن و لە قەیرانەکان و لە کێبڕکێی سەرمایەی گەورە و مام ناوەندیدا مایەپوچ دەبن و وەک بێکار دێنەبازاڕی کارەوە. هەرەوەها ژنان لەمڕۆی کوردستاندا بە بەرفراوانی لە بازاڕای کاردان و بەشێکی ئۆڕگانیکی ئەو چینە پێکدەهێنن، ئەمە و ئەمڕۆ توێژێکی بەربڵاو لە کرێکارانی هاتوو بۆ هەرێم یان هێنراو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، چ لە دەرەوەی وڵاتەوە بێت یان لە بەشەکانی تری ناوخۆی عێڕاقەوە، بەشێک لە چینی کرێکاری کوردستان پێک دەهێنن.
لە ڕابردوودا کێشەی ڕێکخەرانی سەندیکایی و کرێکارانی ڕابەری سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان ڕووبەڕووبوونەوەی زهنیەت و فەرهەنگی ئەو کرێکارانەی کە پێشتر جوتیار و نامۆن بوون بە زهنیەت و فەرهەنگی کرێکاری شاری، ئەوا لە ئێستادا کێشەکە بۆتە ڕووبەڕووبوونەوەی فەرهەنگ و زهنیەتی ناسیونالیستی و لیبڕاڵ قەومی و ئیسلامی سیاسی و فەردگەرایی بورژوازیی کە ئەو کرێکارەی تازە پەیوەست بووە بە چینی کرێکارەوە هەڵگریەتی، چونکە تا دوێنێ وەک خوێندکار کەرەستەیەکی خاو بووە بۆ ئایدیۆلۆژیا جۆراوجۆرەکانی بورژوازی و هەڵگری ئەو شێوە بیرکردنەوانەن کە ڕێگرن لە هۆشیاری چینایەتی و هێنانەدی یەکێتی و یەکگرتوویی چینی کرێکار. دیارە میدیای جیهانی (وێڕای میدیای لۆکاڵی دەسەڵاتەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی) ڕۆڵێکی بەرجەستەیان هەیەلە پەرەپێدانی ئەو زهنیەت و فەرهەنگە جۆراوجۆرانەی بورژوازی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێتی و کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی ماهوارەیییەوە. سەرباری ئەمانە، چەند کێشەی تر ڕووبەڕووی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و کرێکارانی پێشڕەو بۆتەوە، کە ئەویش چۆنیەتی ڕێکخراوکردنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و هەڵاواردن و جیاکاریانە لەگەڵ جۆرێک لە ڕاسیزم دژبە کرێکارانێکی هاتوو، یا هێنراو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ هەرێم.
دوا وشە لەو پەیوەندە کە پێویستە ئاماژەی پێ بکەین، پەرەسەندنی تەرکیبی ئۆڕگانیکی سەرمایەیە کە تادێت، بڕی ئەو سەرمایەی کە تەرخان دەکرێت بۆ بەکارهێنانی ئامێر و تەکنۆلۆژیای سەردەم و ڕۆبۆت و هۆشی دەستکرد لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا زیاتر و زیاتر دەبێت و بڕی ئەو سەرمایەیەی کە تەرخان دەکرێت بۆ هێزی کار واتا بۆ چینی کرێکار کەم و کەمتر دەبێتە و ئەمەش تا دێت ژیان و گوزەرانی ئەو چینە بەرەو بێکاری و هەژاری و پەراوێزخستن دەبات. وە لەلایەکی تریشەوە تا دێت کەرتەکانی خزمەتگوزاری پەرە دەستێنن و کرێکاری کەرتی پیشەسازی ڕێژەکەی لە چاو ڕێژەی کرێکاری کەرتی خزمەتگوزارییەکان کەمتر دەبێتەوە. ئەمەش لە سەردەمێکی مێژووییدا کە سەرمایەداری بە واقعی جیهانی کردووە بە شارۆچکەیەک لە ڕایەلەی پەیوەندی هەمەچەشنە و ئاڵۆز و سنوری نێوان دەوڵەتان تا دێت کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە لەبەرامبەر سەرمایەدا و هەر چەند وڵاتێک لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا لە هەولدان پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ستراتیژی و ئابووری وەڕێبخەن و لەگەڵ یەکێک لە زلهێز و قوتبە جیهانییەکانی ئیمپیریالیستیدا پڕۆژە ستڕاتیژەکانیان بەرنەپێشەوە. بەم پێیە سەرمایەداری وەک چۆن زەمینەی بلۆکبەندی و قوتبەندی بورژوازی لە ناوچە جوگرافیا جۆراوجۆرەکاندا دێنێتە ئاراوە ئاواش زەمینەی مادی ئینتەرناسیونالیزمی پڕۆلیتاری لەو ناوچە جوگرافیایانەدا فەراهەم دەکات، ئەمڕۆ لەهەر کات زیاتر هاوپشتی و یەکێتییەکی ئینتەرناسیوناڵی پڕۆلیتاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زەمینەی مادی فەراهەم بووە.
ئەوەی لەو نێوەدا ڕێگرە لە چوونەپێشەوەی خەباتی چینایەتی لەگەڵ ئەم هەموو پەرەسەندنە لە زەمینە مادییەکانیدا، وە لەبەرامبەر دەسەلاتی بورژوازییەکی هەڵیتوپەڵیت و دواکەوتوو لە هەرێمی کوردستاندا، یەکێتی و یەکگرتوویی کرێکاران و توێژە جۆراوجۆرەکانە لە چینێکدا کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بجەنگێت، نەک هەر بۆ ژێرەوژوورکردنی سیستمی سەرمایەداری و ڕژێمە جۆراوجۆرە سیاسییەکانی دەسەڵاتی بورژوازی، بەڵکو هەتا بۆ پاشەکشە پێکرددنی بورژوازی و داسەپاندنی ڕیفۆڕمیش بەسەر دەسەڵاتەکان و بەسەر توێژە جۆراوجۆرەکانی بورژوازیدا، ڕێکخراوبوون و ئاگاهی چینایەتی و ئاسۆی سۆشیالیستی شتێکە کرێکاری هوشیار و ڕابەر و سۆشیالیست ناتوانێت دەستبەرداری بێت.

ماویەتی …

سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٤

Previous
Next
Kurdish