Skip to Content

هەڵدانەوەی دۆسیەیەکی لەیادکراو …   عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

هەڵدانەوەی دۆسیەیەکی لەیادکراو … عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by ئایار 28, 2017 General, Poems

ئەو بەژێر ڕەهێلەکانی مەرگا تێدەپەڕی و
چاویشی لەسەر تنۆکە وردیلەکانی ئومێد بوو
خەمی دەکردە بەردەباز و
بەسەر جۆگەلەکانی نەهامەتی دەپەڕییەوە
لە چاوییەوە تروسکایی نوێبوونەوە دەبینرا و
لەزاریشی شەکرە وشەی پڕ لە مانا
ئەو دڵداری دەکرد و کچێکی خۆشدەویست کە ئاشنای وشە و کتێب بوو
زۆربەی ئێواران بە عەللاگەیێ سەموونی گەرم و
هەندێجاریش میوە و سەوزەی بەدەستەوە و دەگەڕایەوە ژوورەکەی
ئەو شەوان درەنگ دەنووست و
پلکە عاسی وتەنی :
غورفەکەی پڕ بوو لە کتێب و وەرەقە و مەرەقە.
هێندە بەڕێز بوو هەر حەزت دەکرد بیخۆی
ئەو میوانی کەم دەهاتن
کرێی خانووی هەر لەیەکەم ڕۆژی مانگدا دەدا
جارنەجاریش لەگەڵ دەست خۆی روبعە کیلۆیێ پاقلاوە
یان نەفەرێ کەبابی بۆ خاوەن خانوو دەبردەوە
ئەو بە سیما گەنمڕەنگ و بەژن کورت بەڵام تۆکمە بوو
تا دڵ حەزکا خۆشەویست بوو
کە دەدوا دڵ ئۆخەی دەکرد
هێند عاقڵ بوو سەری لە شتان دەردەچوو
*
ئەو خاوەن فایلێکی ئەستوور بوو لای دەزگای ئەمن و
خرابۆوە ژێر چاودێرییەوە
کاتێ گرتیان جگە لە پاکەتێک جگەرە و هەویەکەی
‌هچی تری پێنەگیرا
ئازاریان دا.. ئەشکەنجە بوو بە ئاشنای جەستەی بەهێزی
هەڕەشەیان لێکرد وتیان هەردوو گوونت دەتەقێنین
وتیان خوشکت لەبەرچاوت دەستدرێژی دەکەینە سەر
وتیان تۆ “هیچ مێشکت نییە
ئەوە پارە..ئەوە خانوو و ئۆتۆمبێلی جوان و قەشەنگ
بەس کار لەگەڵ ئێمە بکە
چی دەزانی و چی دەبینی بیکە راپۆرت.”
ئەو وتی نا
بە گەورەیی (نا)ێکی لەسەر کاغەزەکە سپییەکەی بەردەمی نووسی
زۆریان لێدا تا بە ناچار ئازادیان کرد.
*
ئەو ڕقی زیاتر لە غەدر و لە ستەم بوو
کە دەپەیڤی مەنفەعەتی خەڵکی هەژار و دەستەنگی لەبەرچاو بوو
ئەو باسی یەکدەستی دەکرد
باسی یەکبوون هەوێنی قسەکانی بوو
ئەو لە خەمی ئەو خەڵکە بوو
قسەکانی مەرهەم ئاسا دەردەکانی ڕادەماڵی
ئەو پیاوێک بوو، هەر لە پیاوی نێو خەونەکانی مە دەچوو
بێوەی دەستی بەرمان کەوێ
ئەو دەستی یەک بە یەکی ئێمەی گرتبوو بەرەو ئاسۆی ڕوونی خەبات
بێئەوەی گڕ لە خۆی بەردا، ببوە چرا و
ڕێی تاریکیی تێکۆشانی ڕۆشن دەکرد
ئەو کە ڕۆیشت، ژوورەکەی پڕ بوو لە وشە و قسەی جوان و
بۆنی وەفا و
سەبەتەی پڕ لە ئومێد و
چەپکە گوڵی خۆشەویستی
کتێبەکان کەساس کەساس لەسەر ڕەفەکانی خۆیان چاوەڕێ بوون
ئاخۆ کەی دەگەڕێتەوە لەم سەفەرەی
کە جێی هێشتین ..تەنها کچێک ڕۆژێ هات و پرسیاری کرد
بە گریانەوە ئەویش چوو
دوای وی، نەک ماڵ، بگرە کۆڵان و گەڕەکانیش مات بوون
بێ ئەوییان پێوە دیار بوو
ئەو دۆستێکی زرنگ و وریا و هێمن بوو
ئەو نە کەساس بوو نە هێڕ بوو
ئەو پیاوەی گشت خۆشمان دەویست
مارکسییەکی شۆڕشگێڕ بوو.

ئایاری ٢٠١٧

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish