Skip to Content

كام مەعریفەی شیعری لەكتێبی دابڕانی ئەپستمۆلۆژیدا؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

كام مەعریفەی شیعری لەكتێبی دابڕانی ئەپستمۆلۆژیدا؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Be First!
by تشرینی دووەم 10, 2026 General, Literature
image_print


وشەی مەعریفە، یەكێكە لەو وشە بەركارانەی بە شێوەیەكی گشتی لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا بەكاردەهێنرێت. تا ئەو ئاستەی لە ڕووی چەمكی و هزرییەوە، فۆڕمێكی سادەی زمانەوانی وەرگرتووەو لە مانا هزرییەكەی خۆی ساكار بۆتەوە، بۆ دەربڕینێكی ئاسایی و میللی. ئەم وشەیە، كە لە بنەڕەتدا وشەیەكی كوردی نییە، لە بەرانبەر وشەی (ئەپستمۆلۆژی) دادەنرێت، ئەپستمۆلۆژیاش لە بنەڕەتدا وشەیەكی ( یۆنانییە ولە هەردوو وشەی ئیپست، كە بە مانای زانین و لۆگۆس كە بە مانای زانست دێت پێكهاتووە، بەمەش وشەكە دەبێتە ئەپستمۆلۆژییا كە بە مانای زانستی زانین دێت. كەواتا مەعریفە بە تەنها، زانینێكی ئاسایی نییە بەڵكو ئاوێتەیەكە لە زانین و فێربوونی زانست، بەمەش ئێمە ئەگەر زانین وەك بەشێك لە هوشیاری كۆمەڵایەتی و هزری مرۆڤەكان بزانین، ئەوا زانستی زانین پلەیەكە لە سەرووی زانینەوە، چونكە دەبێ ئەو زانینە هەڵگڕی ڕەهەندێكی زانستی بێت. بەمەش مەعریفە، كە زانستی زانینە و لە ڕووێكی زانستییەوە دەڕوانێتە چەمك و دیاردەكان و شڕۆڤەیان دەكات، جیایە لە زانینی ئاسایی، چونكە هەموو مرۆڤێك دەزانێت. دەشێ لێرەدا، نموونە بە دیاردەی سرووشتی باران بارین بێنینەوە. بێگومان هەموو مرۆڤێك دەزانێت باران لە ئاسمانەوە دەبارێت، كشتوكاڵیش بە هۆی بارانەوە دەكرێت، بەڵام هەموو مرۆڤێك هاوكێشەی زانستییانەی دروستبوونی باران، كە لە هەڵمی دەریا و زەریاكانەوە بە هۆی تیشكی خۆرەوە دروست دەبێت نازانێت ! بەمەش زانینی یەكەم گشتی و ئاساییە، بەڵام ئەوەی دووەمیان، زانینێكی زانستییانەیە كە بە مانای مەعریفە دێت. لەو سۆنگەیەوە، دەكرێ ئەو پرسیارە بكەین، كە ئایا هەموو شیعرێك هەڵگڕی مەعریفەی شیعرییە؟ ئایا شیعرێكی بێكەس و شیعرێكی تەڵعەت تاهیر، وەك یەك مەعریفەی شیعریان تێدایە؟ بێگومان مەعریفەی شیعریی، درككردنێكی قووڵە بەو واتا شیعرییە شاراوانەی لەو دیو مانای دیاری دەق، بوونی هەیەو بۆ گەیشتن بە مەعریفەی شیعریی لە دەقێكدا، خوێنەر دەبێ تێڕوانینێكی قووڵی هزرییانە و لێكدانەوەیەكی زمانی و ڕەخنەیی وردی هەبێت، چونكە گەر مەعریفەی شیعریی، وەك بابەتێكی گشتی و دیار، لە ڕووبەرە كۆمەڵایەتییەكەدا دەركەوت و هەمووان زانیان چییە، ئیدی واتایەك بۆ مانای شیعریی و مەعریفەی شیعری نامێنێتەوە، لەكاتێكدا مەعریفە لە شیعردا، كردەیەكی سۆراغكارییە و گەڕانە بە دوای هەموو ئەو مانا نادیارە شیعرییانەی لەو دیو دەقەكەوە وەك گوتارێكی دیار و ڕاستەواخۆ دەرناكەون، كە لە بنەڕەتدا هەر ئەمەشە دەقێكی شیعریی بە كراوەیی بە ڕووی مانای شیعریدا دەهێڵێتەوە، بەو پێیەی لە یەكەم كردەی خوێندەوە و بەركەوتندا، ناتوانرێت كۆی مانا و واتا شیعرییەكان دەربخرێن. كەواتا مەعریفەی شیعریی، وەك ئەوەی لە بنەڕەتی وشەكەدا هاتووە، زانینێكی زانستییانەیە، نەك تەنها زانینێكی ئاسایی، كە دەشێ لە نێو كۆمەڵگە و لە ڕووبەرە كۆمەڵایەتییەكەدا بە ڕووی هەموواندا دیاربێت و بیزانن. لەو سۆنگەیەوە لە كتێبی ( دابڕانی ئەپستمۆلۆژیی ) كە توێژینەوەیەكی ئەكادیمییە و مەبەست لێی بەدەستهێنانی بڕوانەی دكتۆرابووە، توێژەر سنوورێكی بۆ مەعریفەی شیعریی دیار نەكردووە، بەڵكو كۆی تێما سیاسیی و كۆمەڵایەتی وكولتووریی و بگرە ڕووداوی زۆر سادە و ساكاریشی لە شیعردا بە مەعریفە داناوە، ئەمیش لە ڕێگەی هێنانەوەی نموونەی ئەو شیعرانەی وەك میتۆدی شیكارییەوە قسەی لە سەر كردوون. نووسەر لە نموونەی ئەو شیعرانەدا، باس لەوە دەكات كە ( كوشتنی حاجی لەق لەقەكەی هەولێر و شەڕەكانی كەپكی حەمەد ئاغا) دوو لە مەعریفەی شیعرین لای شاعیرانی ئێمە ! هەڵبەتە، ئەم دوو ڕووداوە دڵتەزێنە، زادەی ڕۆژگاریی شەڕی ناوخۆن و وەك ئایكۆنێكی ئەو ڕۆژگار و سەردەمە تاڵ و پڕ لە ناسۆرییە كە براكان نەزانانە سەنگەریان لە یەكتری گرتبوو، تینوو بوون بە خوێنی یەكتری دەردەكەون، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا هیچ مەعریفەیەكی شیعریی لە (كەپكی حەمەد ئاغا) دا هەیە؟ گەر وەك ڕووداو بڕوانینە بە تێماكردنی ئەو ڕووداوە، بەو پێیەی بەشێكە لە ڕووداوەكانی شەڕی ناوخۆی حزبەكان، ئەوا دەبینین ئەم ناوچەیە و شەڕەكانیش، ڕووداوگەلێكی زۆر ئاشناو كۆمەڵایەتی و میللی دیارن و گەر پرسیار لە هەر كەسێك بكەین، گەر ئاستی هوشیاریی و مەعریفی هەر لە هەر پلەیەك بێت، دەزانێت كەپكی حەمەد ئاغاو حاجی لەق لەقەكە چی بوون؟ بەمەش ئەم دوو ڕووداوە، لە چوارچێوەی مەعریفەی شیعری دانین، چونكە گەر مەعریفە بەزانینی زانستێك بزانرێت، وەك ئەوەی لە بنەڕەت و ناساندنی وشەكەوە هاتووە، ئەوا هیچ زانین و زانستێك لەوەدانییە و كۆمەڵگە هەمووی دەزانێت، ئەم دوو ڕووداوە چی بوونە؟ كەواتا ئەوەی لێرەدا بوونی هەیە، مەعریفەی شیعریی نییە، بەڵكو مانای ئاسایی شیعرییە، بێ ئەوەی پەیوەست بێت بە كردەی خوێندنەوەیەكی هزرییانەی قووڵی دەقی شیعرییەوە! مەعریفەی شیعریی، جۆرە پەیبردنێكی مانایانەی قووڵە لە شیعردا، كە ماناكەی پەیوەستە بەو ڕەهەندە هزرییەی لە نێو شیعردا هەیە و هەموو خوێنەرێك پەی پێ نابات، چونكە مەعریفە پلەیەكە لە سەرووی زانینی ئاساییەوە، بەڵام كاتێ بابەتێك چوارچێوەیەكی گشتی وەردەگرێت و لە ڕووی كۆمەلاچیەتییەوە زانراو دەبێت، ئەوا ناشێ پێی بگوترێت مەعریفە گەر بە مانا ئاساییەكەشی بێت. لێرەوەش ئەم دوو نموونەیە، لە ڕاستیدا دوو نموونەی زۆر نامەعریفی و زۆر ناشیعریشن، چونكە ئەم ڕووداوانە، گەرچی وەك ڕەندگانەوەیەك لەشیعردا بەرجەستە كراون، بەڵام مانای وانییە هەڵگڕی مانایەكی قووڵ و نەزانراوی وابن، كە بە مەعریفەی شیعری ناوبنرێن. بۆیە بەشێكی زۆری ئەو نموونە شیعرییانەی لەو كتێبەدا هاتوون، نموونەی سادە و لە دەرەوەی مەعریفەی شیعرین. هەر لە درێژەی ئەو كتێبەدا، نووسەر ئامانجی شیعر دیاری دەكات و بڕوای وایە ئامانجی شیعر بەرهەمهێنانی جوانییە، كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە گوتاری شیعر، لەوە قوواَترە تەنها لە ئستاتیك بببنرێتەوە، بەڵكو شیعر دەبێ هەڵگڕی پەیامێكی گەورەی مرۆیی، نەتەوەیی و چینایەتی و نیشتمانی بێت و گوزارشت لە خەمە ئینسانییەكان بكات. هیچ كاتێك بە تایبەتیش لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، ناتوانرێت شیعر بخرێتە دەرەوەی واقیعی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەوە، وەك ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ئەمانە بەشێك بوونە لە ئەركە ئەدەبییەكەی شیعر. بچووكردنەوەی شیعر بە تەنها لە چێژ و جوانیدا، خاڵی كردنەوەی شیعرە لەو پەیام و ئەرك و ڕۆڵە كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و فەرەهەنگییەی كە لە نێو كۆمەڵگەدا، بە تایبەتیش لە نێو ئێمەدا هەیەتی. نووسەر هەر لە درێژەی توێژینەوەكەیدا، دەنووسێت:( ئامانجی شیعر بەرهەمهێنانی جوانییە ل 137) بەڵام جوانی بەشێكە لە شیعر و ئامانجی شیعر تەنها ئەوە نییە ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، گەر ئستاتیكی شیعریی، زمان وچێژ، شیعرییەت و مانا بە بەشێك لەو جوانییە بزانین و لەكاتی خوێنەوەیدا لە ڕێگەی زمانەوە دركی پێ بكەین، ئەوا مەرج نییە هەموو شیعرێك جوانی بەرهەمبهێنێت. ئایا دەكرێ لە لاوكی هەڵەبجە، گۆڕستانی چراكان، دەربەندی پەپوولە و شیعرەكانی شەهید مەلا عەلی دا، ئێمە بە دوای جوانی شیعردا بگەڕێین؟ ئەم بۆچوونانە، كە بەردەوام لە توێژینەوەی ئەكادیمی دەخرێنە ڕوو، بۆچوونی ڕەها و نالۆژیكین و دەشێ لە شیعردا بە دوای جوانیدا بگەڕێین، بەڵام شیعر هەمووی جوانی نییە وجوانی بەشێكە لە شیعر. گەر ئێمە ئامانجی شیعرمان تەنها لە جوانیدا بینییەوە، واتا لە شیعردا كۆتایی دێت، چونكە هەموو بە ئامانج گەیشتنێك، بە مانای خاڵی كۆتایی شتەكەیە. هەر لە درێژەی ئەو باسەدا، نووسەر ئەمجارەیان دەنووسێت:( بنیاتی مێژوویی هەر دەقێكی شیعریی، لەگەڵ بونیادی مێژوویی سەردەمەكەیدا یەكدەگرێتەوە، هوشیاری شاعیر لە هەر سەردەمێكدا، ڕەنگدانەوەی كۆمەڵگەگەیەتی) بێگومان مەرج نییە هوشیاری شاعیر ڕەنگدانەوەی سەردەمەكەی بێت، چونكە گەلێك جار ئاگایی شیعریی شاعیرێك بە پێش سەردەمەكەی دەكەوێت و شاعیر جۆرە دابڕانێكی هزریی لە ڕووی هوشیاریی گشتی و كۆمەڵایەتی دروست دەكات، كە ڕەنگدانەوەی ئاگاییەكی قووڵی شیعرییە و بونیادی دەق وا بەستە نابێت بە بونیادی مێژوویی سەردەمەكەیەوە. بۆ نموونە: لە سەردەمێكدا بێكەس باس لە یەكسانی نێوان نێوان نێر و مێ دەكات، كە بونیادی مێژوویی و هوشیاری سەردەمەكە، نەك هەر باوەڕی بەو یەكسانییە ڕەگەزییە نەبووە، بەڵكو ڕەگەزێ مێ لە پلەیەكی زۆرنزمی كۆمەڵایەتی سەیركراوە ! زیوەر لە سەردەمێكدا باسی خوێندەواری دەكات، كە زۆرینەی خەڵكی بڕوایان وا بوو نابێ منداڵەكانیان بنێرنە قوتابخانە چونكە فێری عیلمی شەیتان دەبن. خەڵك لە بەردەم كوێخاو ئاغاكان دەچەمایەوە، بەڵام قانع بە شیعرەكانی هەوڵی یەكسانی و هاوتكاكردنی توێژەكانی كۆمەڵگەی دەدا. ئەحمەد موختار جاف، خەون بە هیڵی شەمەندەفەرەوە دەبینێت، میرزا مەنگوڕی، لە سەر بابەتێكی زانستی و فیزیكی و لاهوتی، بەر شاڵاوی كۆمەڵگە دەكەوێت. نالی سۆفی و مەلاكانی ڕیسوا دەكرد، لە كاتێكدا دیارترین ڕۆشنبیری ئەو سەردەم، ڕۆشنبیریی ئایینی بوو. حاجی قادر، باسی ڕۆمان و ڕۆژنامەی دەكرد، كە چەندین ساڵ دوای ئەو، ئەم ژانڕانە لە ئەدەب و فەرهەنگی كوردی دەردەكەون. ئەمانە و گەلێكی دیكەش، پێچەوانەی ئەو بۆچوونەن، كە ڕۆشنبیریی و هوشیاریی شاعیر، بەسەردەمەكەی خۆی دەبەستنەوە. دواجار دەڵێم، بەشێكی زۆری ئەو توێژینەوانەی بە مەبەستی وەرگرتنی پلەیەكی زانستی وەك تێز دەنووسرێن، كەموكورتی گەورەیان لە ڕووی زمان و بابەتەوە تێدایە و گەلێكیان، هەر تەنها ڕووكەشانە نووسراون و توێژەر نەیتوانیوە بە ئەرگۆمێنتی مێژوویی و زانستییەوە بۆچوونەكانی بسەلمێنێت، یان كەوتۆتە پاڕادۆسی گەورەوە لە توێژینەوەكەیدا.

*. ئەم بابەتە بانێژەی ئەدەب و كولتووری ڕۆژنامەی ڕەوت، ژمارە( 41) حوزەیرانی 2026 بڵاوكراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next

Leave a Reply