دیسیپلین و دژە گەندەڵی،ستراتیژی شی جینپینگ.. هەڵۆ حەسەن
لە 29ی ئۆكتۆبەری 2026، كۆمیتەی ناوەندیی بیستەمی پارتی كۆمونیستی چین لە پلینیۆمی پێنجەمیدا بڕیارنامەیەكی پەسەند كرد،دەربارەی چەند پرسێكی گرنگە كە پەیوەندییان بە بەردەوامبوون لەسەر بەڕێوەبردنی تەواو و توندی پارتی كۆمۆنیستی چینەوە هەیە،پارتی كۆمۆنیستی چین چۆن خۆی هەڵدەسەنگێنێت، چ مەترسییەك بەرەو ڕووی دەبێتەوە و بە چ ڕێگایەك دەیەوێت لە داهاتوودا بەهێزتر بێت،پرسی چۆنیەتیی پاراستنی ڕێباز، ڕەوایەتی و توانای حوكمڕانیی درێژخایەنی پارتێكی سیاسی، بووەتە یەكێك لە تەوەرە ناوەندییەكانی بیری سیاسیی شی جینپینگ، لە ناوەكی ڕێبازی ئەودا بۆ بنیادنانی حزب، دوو بنەمای پێكەوەبەستراو هەن: پەیڕەوكردنی خۆبەڕێوەبەریی توند و گشتگیر ،بەدیهێنانی ئەوەی بە شۆڕشی خودیی بەردەوامی حزب پیناسەی دەكات،ئەم دوو بنەمایە پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان پێكەوە هەەیە، حوكمڕانیی گشتگیر و توند، ئەو ڕێسا و ڕێبازی ڕەفتار و مكانیزمە دامەزراوییانە دابین دەكات كە بۆ ڕێكخستنی هەڵسوكەوتی ئەندامان و بەرپرسانی حزب پێویستن لە بەرامبەردا، شۆڕشی خودی نوێنەرایەتیی توانای حزب دەكات بۆ هەڵسەنگاندن بەسەر كەمكورتییەكانی خۆیدا، ڕاستكردنەوەی هەڵەكان، نوێكردنەوەی پێكهاتە ڕێكخراوەییەكان و وەڵامدانەوەی بارودۆخە گۆڕاوەكان،گرنگیی ئەم بنەمایانە لە بڕیاری كۆمیتەی ناوەندیی پارتی كۆمۆنیستی چین سەبارەت بە «هەندێك پرسی سەرەكی لەبارەی سووربوون لەسەر خۆبەڕێوەبەریی تەواو و ڕژدی حزب»دا دووپات كرایەوە، كە لە پلنیۆمی پێنجەمی كۆمیتەی ناوەندیی بیستەمی پارتی كۆمۆنیستی چیندا لە 29ی ئۆكتۆبەری2026 پەسەند كرا، ئەم بڕیارە ڕوونكردنەوەیەكی ورد سەبارەت بە ڕێبازی فەرمیی حزب بۆ بەهێزكردنی حوكمڕانیی ناوخۆیی، باشتركردنی ڕێبازی ڕێكخراوەیی، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵكدا، ئەم بیرۆكانە، پشكی سەرەكیی دیدگا فراوانەكەی شی جینپینگ پێكدەهێنن لە بنیادنانی حزبدا: پارتێكی حوكمڕان نەك تەنها دەبێت سەركردایەتی كۆمەڵگا و دەوڵەت بكات، بەڵكو دەبێت بەردەوام چاودێری ڕێكخستن و چاكسازی لە خۆیشیدا بكات.
خۆبەڕێوەبەریی تەواو و ڕژد وەك بنەمای هێزی سیاسی
یەكێك لە ستوونە سەرەكییەكانی ڕێبازی شی جینپینگ بریتییە لە بنەمای خۆبەڕێوەبەریی تەواو و ڕژدی پارتی كۆمونیستی چین ، ئەمە مانای ئەوەیە كە ڕێباز و لێپرسینەوە دەبێت هەموو پارتەكە بگرێتەوە، لە سەركردایەتیی ناوەندییەوە تا ڕێكخراوە خۆجێییەكان و تاك بەتاكی ئەندامان، پارتی كۆمۆنیستی چین گرنگییەكی تایبەت دەدات بە ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانی ئەو دیاردە ناوخۆییانەی كە ڕێباز لاواز دەكەن، بەرژەوەندیی كەسی هاندەدەن یان بەرپرسان لە خەڵك جیادەكەنەوە،پلنیۆمی پێنجەمی پارتی كۆمۆنیستی چیندا،چەند بنەمایەك دیاری كرد بۆ پاراستنی حوكمڕانیی گشتگیر.
ڕێبازی توند لە هەموو ئاستەكاندا: ڕێسا و پێوەرەكان دەبێت بەسەر هەموو پارتەكەدا جێبەجێ بن، بێ هیچ ئیمتیازێك بۆ بەرپرسە باڵاكان یان كەسایەتییە كاریگەرەكان،سەركردایەتی بە نموونە: بەرپرسە باڵاكان و دەستە سەركردەكان پێش ئەوەی داوای پابەندبوون لە كەسانی تر بكەن، خۆیان ڕێباز و بەرپرسیارێتی نیشان بدەن
حوكمڕانیی كێشە-تەوەر: لاوازییە ناوخۆییەكان دەبێت دەستنیشان و چارەسەر بكرێن نەك پەنهان بكرێن.
یەكڕیزیی دامەزراوەیی: ڕێسا، یاسا و میكانیزمە ڕێبازییەكانی حزب دەبێت وەك سیستەمێكی یەكگرتوو كار بكەن.
چاودێریی بەردەوام: حوكمڕانی و چاودێری دەبێت وەك ئەركێكی هەمیشەیی بمێننەوە نەك هەڵمەتی كاتی.گرنگیی ئەم ڕێبازە لە هەوڵیدایە بۆ گۆڕینی ڕێباز لە داواكارییەكی كارگێڕییەوە بۆ خەسڵەتێكی هەمیشەیی لە كلتوری ڕێكخراوەییدا.
شۆڕشی خود
لەوانەیە جیاوازترین چەمك لە ڕێبازی شی جینپینگ بۆ بنیادنانی حزبدا بریتی بێت لە بیرۆكەی «شۆڕشی خود»، ئەمە ئاماژەیە بۆ توانای حزب بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەكانی خۆی، داننان بە كەمكورتییەكاندا، ڕاستكردنەوەی هەڵەكان و نوێكردنەوەی خۆی بێ چاوەڕوانكردنی قەیرانێكی دەرەكی كە ناچاری گۆڕانكاری بكات،لە پلنیۆمی پێنجەمدا ئەم بنەمایە بە پرسیارێكی بنەڕەتیی مێژووییەوە دەبەستێتەوە: چۆن پارتێكی گەورەی دەسەڵاتدار دەتوانێت لە خولی مێژوویی هەستان و ڕووخان خۆ بپارێزێت؟،بەڵگەنامەكە دوو وەڵام دیاری دەكات: چاودێریی گشتی بەسەر حكومەتدا و توانای حزب بۆ چاكسازیی خودی، لەم چوارچێوەیەدا، شۆڕشی خود- تەنها گۆڕینی بەرپرسێكی تاكەكەسی یان سزادانی پێشێلكاری نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی فراوانترە كە هۆشیاریی سیاسی، باشتركردنی ڕێكخراوەیی، چاكسازیی دامەزراوەیی و ڕاستكردنەوەی ڕەفتارە نادروستەكان لەخۆدەگرێت،شۆڕشی خود چەند لایەنێكی هەیە:
ڕەخنە لە خود و ڕاستكردنەوە: ڕێكخراوەكان و ئەندامانی حزب دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانیان بكەن، هەڵەكان بناسنەوە و هەنگاوی ڕاستكردنەوە بنێن.
نوێبوونەوەی ڕێكخراوەیی: پێكهاتە لاواز یان كارانەبووەكان دەبێت بەهێز بكرێن، لە كاتێكدا ڕەفتارە كۆنەكان دەگۆڕدرێن.
بەرەنگاربوونەوەی غرور: ئەزموونی حوكمڕانیی درێژخایەن نەبێتە هۆی لوتبەرزی، هەستكردن بە خاوەندارێتیی تایبەت لەلایەن بەرپرسانەوە.
پاراستنی بەرپرسیارێتیی سیاسی: ئەندامان و سەركردەكان دەبێت هەمیشە ئاگاداری ئامانج و بەرپرسیارێتییە ڕاگەیەندراوەكانی حزب بمێننەوە.بەرگرییە بنەڕەتییەكە ئەوەیە كە ڕێكخراوەیەكی سیاسی ناتوانێت تەنها بە دەستكەوتە مێژووییەكانی بەهێز بمێنێتەوە، بەڵكو هێزی درێژخایەنی بەندە بە توانای بۆ ناسینەوە و ڕاستكردنەوەی لاوازییەكانی خۆی،توخمێكی گرینگی تری بیری شی جینپینگ لەسەر بنیادنانی حزب بریتییە لە بەهێزكردنی ڕۆحیەی حزبی لە نێوان ئەندامان و بەرپرساندا،بڕیارە فەرمییەكە جەختی لەسەر باوەڕی سیاسی، پەروەردەی فیكری، دڵسۆزی بۆ بنەماكانی حزب و گەشەپێدانی هەستی بەرپرسیارێتییەكی بەهێز دەكات، و پەروەردەی فیكری و سیاسی وەك پێكهاتەیەكی سەرەكیی ڕێبازی ڕێكخراوەیی دەناسێنێت،ئەم ڕێبازە بۆ ئەوە دانراوە كە دڵنیابێت لەوەی ئەندامانی حزب ئەندامێتی تەنها وەك سەرچاوەی پێگە، ئیمتیاز یان پێشكەوتنی پیشەیی سەیر نەكەن، بەڵكو پابەندبوونی خۆیان لە ڕێگەی هەڵسوكەوت، بەرپرسیارێتی و خزمەتی گشتییەوە نیشان بدەن،هەروەها بڕیارەكە جەخت لە گرنگیی خوێندنی تیۆری و جێبەجێكردنی بیرۆكە ڕێنماییكەرەكانی حزب دەكات لە حوكمڕانیی پراكتیكیدا،كوالێتی سەركردایەتی توخمێكی تری سەرەكییە لە ڕێبازی پارتی كۆمۆنیستی چین بۆ بنیادنانی حزب،بڕیارەكە جەخت لەسەر باشتركردنی سیستەمەكانی هەڵبژاردن، دیاریكردن، ڕاهێنان، بەڕێوەبردن و چاودێریكردنی بەرپرسان دەكاتەوە، ئەمە ئەوە دەردەخات كە كارایی ڕێكخراوی سیاسی بە شێوەیەكی بەرچاو بەندە بە لێوەشاوایی، پاكی و بەرپرسیارێتیی ئەو كەسانەی پۆستی سەركردایەتییان پێسپێردراوە،بەڵگەنامەكە چەند مەرجێك دیاری دەكات:
بەرپرسان دەبێت پابەندبوونی سیاسی، لێوەشاوایی پیشەیی و هەستی بەرپرسیارێتیی بەهێزیان هەبێت،دەستنیشانكردنی سەركردایەتی دەبێت لەسەر بنەمای پێوەر و ڕێكارە دامەزراوەكان بێت،بەرپرسان دەبێت لە ژێر چاودێریی بەردەوام و هەڵسەنگاندنی توانادا بن،سەركردە باڵاكان دەبێت بەرپرسیارێتییەكی گەورەتر هەڵبگرن و پێشێلكاری و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات دەبێت لە ڕێگەی ميكانیزمە ڕێبازییەكانەوە چارەسەر بكرێن،بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: ڕێگریكردن لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و كارگێڕی،شەڕی دژ بە گەندەڵی بە یەكێك لە دیارترین ڕەهەندەكانی حوكمڕانیی گشتگیر و توندی حزب دەمێنێتەوە:ڕێبازی دژە گەندەڵیی پارتی كۆمۆنیستی چین بە زاراوەكانی «ڕاوكردنی پڵنگ» و «كوشتنی مێش» ناسراوە، كە ئاماژەن بۆ كاركردن دژی بەرپرسە باڵاكان و كەسە گەندەڵە پلەنزمەكان، بریارنامەی 29ی ئۆكتۆبەری2026 دووپاتی دەكاتەوە كە گرنگە گەندەڵی لە هەموو ئاست و بوارەكاندا چارەسەر بكرێت، بەڵگەنامەكە لە سزادانی كەیسە تاكەكەسییەكان تێدەپەڕێت و جەخت لەسەر دۆزینەوەی ئەو هەلومەرجە دامەزراوییانە دەكات كە ڕێگە بە سەرهەڵدان و بەردەوامبوونی گەندەڵی دەدەن، ئەم ڕێبازە سێ ئامانجی سەرەكی هەیە:
یەكەم، سزادان: لێكۆڵینەوە و سزادانی كەسانی تێوەگلاو لە گەندەڵیدا، بێ ڕەچاوكردنی پلە و پۆستیان.
دووەم، خۆپاراستن: كەمكردنەوەی هەڵەكان بۆ گەندەڵی لە ڕێگەی ڕێكاری شەفاف، چاودێریی كاریگەر و سنورداركردنی دەسەڵاتی فەرمی.
سێیەم، ڕاستكردنەوەی دامەزراویی: بەكارهێنانی دەرسەكانی كەیسەكانی گەندەڵی بۆ ناسینەوەی لاوازییە ڕێكخراوییەكان و باشتركردنی مەكانیزمەكانی حوكمڕانی،بنەمایەكی تر كە لە بڕیارەكەدا جەختی لەسەر كراوەتەوە بریتییە لە پێویستیی بەڕێوەبردنی حزب لە ڕێگەی دامەزراوە و ڕێساكانەوە،ئەم بنەمایە دەزانێت كە ڕێبازی سیاسی ناتوانێت تەنها پشت بە پاكی تاكەكەسیی سەركردەكان ببەستێت، بەڵكو دەبێت بە ڕێسای فەرمی، بەرپرسیارێتیی دیاریكراو و ڕێكاری شەفاف پشتگیری بكرێت، یاساكان دەبێت بە یەكسانی بۆ هەمووان جێبەجێ ببن و هیچ كەسێك نەبێت ئیمتیازی تایبەتی هەبێت،پەیوەندیی نێوان حزب و خەڵك تەوەرێكی دووپاتبووەوەیە لە تێگەیشتنی فەرمیی پارتی كۆمۆنیستی چیندا،بڕیارنامەی ئۆكتۆبەری 2026 جەخت لەسەر چارەسەركردنی ڕێكارە پووچەكان، بیرۆكڕاتی، خۆشگوزەرانی و زیادەڕۆیی دەكاتەوە، كە بە «چوار خراپەكارییەكە» ناودەبرێن. ئامانج لەم هەنگاوانە گۆڕینی هەڵسوكەوتی بەرپرسان و نزیككردنەوەیانە لە هاووڵاتییانی ئاسایی و چارەسەركردنی كێشە ڕۆژانەكانیان،هێزی ڕێكخراوەیەكی سیاسی ناتوانێت تەنها بە سەركردایەتیی ناوەندییەكەی بوەستێت، بەڵكو پێویستی بە چالاكیی ڕێكخراوەكان هەیە لە ئاستی بنكە و كۆمەڵگادا، بڕیارەكە جەخت لەسەر بەهێزكردنی ڕێكخراوە بنكەییەكان و گونجاندنیان لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم و دیجیتاڵیزاتۆندا دەكاتەوە.
چاودێریی گشتی و لێپرسینەوە
بڕیارەكە داوای یەكخستنی شێوازە جیاوازەكانی چاودێری دەكات، وەك چاودێریی ناوخۆیی، كارگێڕی، دادوەری و دیموكراسی، بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەن و زنجیرەیەكی ڕوونی لێپرسینەوە و بەدواداچوون بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵەكان پێكبهێنن.
تەكنەلۆژیای دیجیتاڵ و مۆدێرنكردنی چاودێری
بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و پلاتفۆرمی داتا گەورەكان و سیستەمی دیجیتاڵی وەك ئامرازێك بۆ چاودێریكردنی كارەكان و بەرەنگاربوونەوەی شێوازە نوێیەكانی گەندەڵی لە سەردەمی مۆدێرندا ،پەیامی سەرەكیی بیری شی جینپینگ ئەوەیە كە هێزی پارتێكی حوكمڕان نەك تەنها بە توانای سەركردایەتیكردنی دەوڵەت، بەڵكو بە توانای بەڕێوەبردن و چاكسازیكردنی خۆی دەپێورێت،بڕیارنامەی 29ی ئۆكتۆبەری2026 ئەم تێڕوانینە گشتگیرە و پرسیارگەلی گرنگ بۆ پارتە سیاسییەكان لە هەر ژینگەیەكدا (وەك هەرێمی كوردستان) دەوروژێنێت لەسەر شەفافیەت، لێپرسینەوە، بەرپرسیارێتی و متمانەی گشتی.
سەرچاوە:
بڕیاری كۆمیتەی ناوەندیی پارتی كۆمۆنیستی چین لەبارەی هەندێك پرسی سەرەكی سەبارەت بە سووربوون لەسەر خۆبەڕێوەبەریی تەواو و ڕژدی حزب، كە لە پلینیۆمی پێنجەمی كۆمیتەی ناوەندیی بیستەم لە لە 29ی ئۆكتۆبەری2026 پەسەند كراوە.
Resolution of the Central Committee of the Communist Party of China on Certain Major Issues concerning Persevering with Full and Rigorous Party Self-Governance, adopted at the fifth plenary session of the 20th CPC Central Committee, October 29, 2026

