Skip to Content

فەرهەنگی زمان و فەرهەنگی نووسەر.. سەدیق سەعید ڕواندزی

فەرهەنگی زمان و فەرهەنگی نووسەر.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by ئەیلوول 25, 2026 General
image_print
  

هاوواتاكردن لە زمانی كوردیدا، یەكێكە لە وردترین و ئاڵۆزترین بنەماكانی زمان، ئەمەش لە سۆنگەی ئەوەی كە زمانی كوردی، زمانێكی وردو دەوڵەمەندە و ڕەنگە نەتوانرێت هاوواتایەكی دیاریكراو، بۆ وشەیەك یان چەمكێك دابنێین. زۆرجار تا وشەكە نەخرێتە نێو چوارچێوەی ڕستە و دەربڕینەوە، ناتوانرێت ماناكەی دەربخرێت. ئێستا دیاردەیەك لای بەشێكی زۆری نووسەران دەبینرێت ئەویش دانانی فەرهەنگی وشەیە، لە كۆتایی كتێبەكانیان بە مەبەستی هاوواتاكردن و ڕوونكردنەوەی زیاتری ناوەڕۆكی وشەكان لە زمانی بیانی و بە كوردی كردنیان یان بە پێچەوانەوەش، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێكی هەرە زۆری ئەم بەنا و فەرهەنگانە نەك هەر دروست نین، بەڵكو زمانی كوردیش تێكدەدەن. دانانی فەرهەنگ، كاری نووسەرێك نییە كە كتێبێك دەنووسێت، چونكە مەرج نییە ئەوەی نووسەر بێت لە زمان شارەزا بێت،هەر بۆ نموونە سەقەتترین و نا هونەریترین زمانی نووسین، بەشێكی زۆری لە ڕۆمانی كوردی دایە، پێچەوانەی شیعر و چیڕۆك. بێگومان ڕاستە فەرهەنگیش لەوانەیە هەر كەسێك دایبنێت، وەك هەنبانە بۆرینە، بەڵام ئایا هەموو كەسێك هەژار موكریانییە؟ لەو فەرهەنگانەدا، كە وەك پاشكۆی كتێبەكە دا ئەنرێت، هەڵەی سەیر و ناواتایی زۆر كراوە و دەكرێت، بۆ نموونە: مانگی نیسان كە مانگێكی عەرەبییە، گوایا بە كوردی كراوە، كەچی هەر بە نیسان نووسراوە ! هەندێ جار دەنووسن ئەپریل كە ئینگلیزییە. وشەی ناماقوول، كە لە بەرانبەر لا معقولی عەرەبییە، هەر وەكو خۆی كراوەتەوە كوردی ! سوپراییز، هەر بە سوپراییز نووسراوەتەوە، وشەی ستایل هەر بە ستایل كراوەتەوە كوردی، وشەی ئیقاغی عەرەبی، هاوواتا كوردییەكەی ڕیتمی بۆ داندراوە! لە كاتێكدا ڕیتم وشەیەكی ئینگلیزییە ! وشەی سیاق، كۆنسپێتی بۆ داندراوە كە ئینگلیزییە. ئەمانە و سەدان نموونەی دیكە لەو فەرهەنگانەی نووسەران، كە لە دوایین بەشی كتێبەكبانیان بۆ خوێنەرانیان داناوە، كەوتۆتە بەرچاوم، گوایا بە مەبەستی ڕوونكردنەوەی زیاتر و بە كوردیكردنی وشە بیانییەكان داندراوە، كە گومانی تێدا نییە كوردی نین و هەڵەن. ئایا ئەمە بە كوردیكردنی زمانە؟ نووسەر هەیە، بە ئارەزووی خۆی وشەی تاشیوە و دروستكردووە، یان كورتی كردۆتەوە، كە هەڵەیە و داواش دەكات وشەكەی ببێتە بەشێك لە فەرهەنگی زمان و لە دەق و نووسیندا پەیڕەو بكرێت. هیوادارم نووسەرانی ئێمە، خۆیان بپارێزن لە دانانی فەرهەنگی واتای وشەكان لە كۆتایی كتێبەكانیان، چونكە وەك وتمان مەرج نییە ئەوەی نووسەر بێت زمانزانیش بێت، بۆ ئەوەی نەكەونە هەڵەی لەو شێوەیە.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە(9745) لە 20/9/2026 بڵاوكراوەتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next