Skip to Content

سزادانی شاری سلێمانی لە عوسمانییەکانەوە بۆ یەکێتی.. نووسین و ئەنالیز: ستیڤان شەمزینی

سزادانی شاری سلێمانی لە عوسمانییەکانەوە بۆ یەکێتی.. نووسین و ئەنالیز: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 30, 2021 General, Opinion

شاری سلێمانی بە بەراوورد بە هەریەک لەشارەکانی کەرکوک و هەولێر و زۆرینەی شارەکانی دیکەی کوردستان شارێکی نوێیە لە رووی بیناکردن و مێژووی دروستکردنەوە، لە هەمان کاتدا نوێیە لە رووی بیرکردنەوە و بینینی دنیا و مامەڵەکردندا. سلێمانی کۆمەڵێک خاسێت و ئەدگاری تایبەتیی هەیە جیای دەکاتەوە لە هەموو شارەکانی تری کوردستان و خەڵکەکەشی بە هەموو پێودانگێک جیاوازن لە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان و یەکێک لە خاسێتە هەرە گرنگەکانی ئەم شارە بریتییە لە بەرەنگاریی و سەرسەختی و خێرا رادەست نەبوون. بۆیە ئەگەر کەمێک سەیری دیرۆک بکەین سلێمانی سەرسەختترین شار بووە سەبارەت بە هەموو داگیرکەران هەر لە عوسمانیی و ئینگلیزەوە بیگرە تا دەگاتە عەرەبە عێراقییەکانی چەشنی بەعس.

مێژووی سلێمانی
زۆر فاکتۆر هەن کاریان کردە سەر “ئیبراهیم پاشا”ی بابان* بیر لە دروستکردنی شاری سلێمانی بکاتەوە و بگرە پایتەختەکەشی لە قەلاچوالانەوە بۆ شارە نوێیەکە بگوازێتەوە. یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆیانە بریتی بووە لە بەرتەسکیی قەلاچوالان چوونکە بە هۆی شاخ و داخ و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە بواری فراوانبوونی زۆرتری نەبووە و لە هەمان کاتدا نزیک بووە لە سنوورەکانی سەفەوییەوە کە بەردەوام میرنشینەکە لەبن هەڕەشەیدا بووە. دواجار ئیبراهیم پاشا لە ساڵی 1784 دەستیکرد بە بینای شارە نوێیەکە لە نزیگ گوندی مەڵکەندی کە ئێستا بە هەمان ناوەوە بووەتە گەڕەکێک لە چەقی شارەکەدا. لە رووی جوگرافییەوە سلێمانی دەکەوێتە سەر 5-35 پلەی هێڵی پانی زەوی و 16 پلەی هێڵی درێژیی و بەرزییەکەشی لە ئاستی رووی دەریاوە دەگاتە 853م “1”.
محەمەد ئەمین زەکی بەگ دەنووسێت: ئیبراهیم پاشا لەلایەکەوە لەگەڵ رێکخستنی ئیش و کاری ئیمارەت و نەشری عەدالەت خەریک بوو، لەلایەکی تریشەوە هەر لە نزیک سەراکەی مەحمود پاشای مامی کە لە1196 هیجریدا لە نزیک گوندی “مەڵکەندی”یەوە دروستکرابوو دەسی کرد بە بینای شارێک. لە دەوری سەراکەدا بەعزێ خانو و مزگەوت و حەمام و بازاڕ و خانی دروستکرد و لە ساڵی 1199 هیجری “1784 میلادی”دا ئەم شارە تازەیەی تەواو کرد و مەرکەزی ئیمارەتی لە”قەلاچۆلان”ەوە بردە ئەوێ و بە ناوی سڵێمان پاشای والی بەغدادەوە ناوی نا “سلێمانی”، مەعلوم نییە کە لە دوای تەوابوونی چەند ماڵ بووە، بەڵام مستەر “هارت HUART” لە ئەسەرەکەی خۆیدا دەڵێ: لە1820 میلادیدا یەعنی لە دوای تەوابوونی بە سی و شەش ساڵ نفوسی دە هەزار کەسێک بووە و عەدەدی ماڵیشی 3144 بووە کە لەمە 130 ماڵی جولەکە و 9 ماڵی کلدانی و پێنج ماڵێکیشی ئەرمەنی بووە و پێنج مزگەوتیشی بووە “2”.

دەربارەی ناونانی شارەکەش بە سلێمانی زۆر بیروڕای جیاواز هەیە و یەکێک لەوانە ئەو بۆچوونەیە محەمەد ئەمین زەکی بەگ باسی لێوە کردووە، بەڵام بەشێکی مێژووناسان بەرپەچی ئەم رایە دەدەنەوە و پێیانوایە ناکرێت ئیبراهیم پاشا بە ناوی والی بەغداوە شارەکەی ناو بنێت، چوونکە لەنێوان ئەو دوو کەسەدا پەیوەندییەکی دۆستانەی سەرزارەکی و دوژمنایەتییەکی قووڵی ژێراوژێر هەبووە. هەندێک پێیانوایە ناوەکە دەگەڕێتەوە بۆ “سلێمان بەبە”ی میری بابان، رای تریش هەیە دەڵێت لە کاتی هەڵکەندنی بینای شارەکە ئەنگوستیلەیەک دۆزراوەتەوە و ناوی سڵێمانی لەسەر بووە و وا دانراوە ئەوە سڵێمان پێغەمبەرە، بەو هۆیەوە ناوی شارە تازە دروستکراوەکە بە ناوی ئەو پێغەمبەرەوە ناونراوە کە لای میری بابان زۆر جێگەی رێز و خۆشەویستی بووە. لە سەرێکی تریشەوە محەمەدئەمین زەکی بەگ پێیوایە ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی: سلێمانی لە شوێنی شاری “سێلوونا”ی کۆن دروستکراوە. گوایە: ئەو شارە لە سەردەمی فرمانڕەوایی “لۆلۆ”و “گۆتی”یەکاندا دروستکراوە و بە باپیرە گەورەی دانیشتووانی ناوچەکە دادەنرێن “3”. بەهەرحاڵ هێشتاش روون نییە و هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێت بە دەستەوە نییە بۆچی میری بابان شارەکەی ناونا سلێمانی؟، بەڵام میری بابان هیچ کات بیری لەوە نەدەکردەوە شارەکەی لە دەیە و سەدەکانی داهاتوودا رۆڵێکی گرنگ سەبارەت بە چارەنووسی وڵات دەگێڕێت و دەبێتە چاوگی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد بە نەپساوەیی بۆ ماوەیەکی ئێجگار دوور و درێژ.

هەر لە سەرەتاوە سلێمانی وەک پایتەختی میرنشینی بابان سەرباری ئەوەی بەردەوام سەنگەری جەنگەکان بووە، بووە مەڵبەندێکی سەرەکیی گەشەکردنی بزووتنەوە کوردییەکان، جیا لەمەش ئەگەرچی شارەکە بە دیمەن جوان و رازاوە نەبووە وەک شارەکانی وڵاتانی دەوروبەر، بەڵام پاکژیی و سەربەستیی تاکەکانی بە تایبەت ئافرەت تێیدا سەرنجی زۆربەی مسیۆنێر و گەڕیدەکانی راکێشاوە. کلۆدیۆس ریچ کە ساڵی 1820 واتە سی و شەش ساڵ دوای بینای سلێمانی رێی کەوتۆتە شارەکە، لە یادداشتەکانیدا نەیتوانیوە ئەو هەستەی خۆی دەربارەی شارەکە بۆی دروستببوو بشارێتەوە. بۆیە دەنووسێت: شارەکە هەمووی لە گوندێکی گەورەی عەرەبیی دەچوو، کە ناو ماڵەکان بە دەرەوەن، لەوەش دەچوو خەڵکەکە خۆیان دەربەستی ئەمە نەبن، چوونکە ئافرەتەکانیانمان دەدی بە بێ پەچە و رووپۆش، بێباکانە لەگەڵ پیاواندا دەچوون بۆ بازاڕ بۆ جێبەجێکردنی کاروباری ناو ماڵیان، سەرەڕای ئەوەش ئەم شارە دیمەن ناشرینە، پێنج خان و دوو مزگەوتی رێک و پێک و جوان و حەمامێکی زۆر پۆشتەی تیایە، باشترین شارەزاش لە کوردەکان خۆیان ئاماری دانیشتوانی شاری سلێمانی بە 10000 دە هەزار کەسێک داناوە “4”.
بێگومان بوونی گەرماو “حمام” لە شارێکی وا بچووکدا نیشانەیەکە بۆ ئاستی پێشکەوتن و پاکژیی لە شارەکەدا. ئەمەش فاکتێکی مێژوویی زۆر گرنگە و پێماندەڵێت سلێمانی لە چاویلکەی بیانییەکانەوە جێگەی رێز بووە و خاسێتە جیاوازەکانی بە روونی بینراوە هەر لە پاکژیی و هەستی سیاسیی خەڵکەکەیەوە تا ئازادیی رەگەزی مێ. لە رووی سیاسیشەوە شارەکە نزیکەی 65 ساڵ پایتەختی میرنشینی بابان بووە و دەسەڵاتێکی نیمچە ئۆتۆنۆمی کوردیی لە ژێر سەرپەرشتی والی عوسمانییەکان دەسەڵاتی شار و ئیدارەی بە دەستەوە بووە، تا ئەو کاتەی ساڵی 1850 دەسەڵاتی بابان بە تەواویی هەڵوەشایەوە و رووخێنرا، لەو بەروارەدا میری بابان “عەبدوڵڵا پاشا” هەموو دەسەڵاتێکی وەک میر لێسەندرایەوە و وەک قائیمقامی سلێمانی دامەزرێنرا، ئەوەش زۆری نەخایاند “ئیسماعیل پاشا”ی بە رەگەز تورک وەک قائیمقام هێنرایە شارەکەوە.
لەم رێکەوتە مێژووییە بە دواوە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ چارەگە سەدە سلێمانی وەک ناوەندێکی دەسەڵاتی سیاسیی کوردیی هیچ رۆڵێکی نەما، چوونکە لێرە بە دواوە هێدی هێدی سەرکردە رامیارییەکان مەیدان چۆڵ دەکەن و لە جێگەیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست بزووتنەوەیەکی رۆشنبیریی و فەرهەنگی لەسەر دەستی نەوەیەکی منەوەر سەرهەڵدەدات، ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و پێگەیاندنی تاکی کورد و رزگارکردنی کوردستانە لە بندەستی، بەڵام لەگەڵ بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهانیی و دامەزراندنی ماوەی یەکەمی حکومدارێتی شێخ مەحموودی حەفید، سلێمانی دەبێتەوە بە ناوەندێکی سیاسیی بەتین سەبارەت بە هەموو کوردستان.
(ئەم رۆژانە سلێمانی وەک مەڵبەندێکی چالاکیی کوردستان بەدەرکەوتبوو بە حوکمی ئەو جموجۆڵ و هەڵوێستانەی لە کۆتایی ساڵانی دەسەڵاتی عوسمانییەوە ئەم شارە بەخۆیەوە بینیبوون، بۆیە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان بۆ کرد، کۆمەڵێک سەرۆک هۆز و پیاوانی ناوداری کوردستانی ئێران روویان کردبووە سلێمانی و بە نیازی ئەوەبوون کە نێوچەکانی ئەوانیش بچێتە ژێر قەڵەمڕەوی حکومەتەکەی شێخ مەحموودەوە) “5”. لێرە بە دواوە سلێمانی دەبێتە ناوەندی شۆڕشگێڕیی و سیاسەت و مەکۆی خەباتی جەماوەریی و رۆشنبیریی، هەر بۆیە مێژووی سلێمانی ئەوەندەی مێژوویەکە تێکەڵاوە بە سیاسەت و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان بە چارەگی ئەوە مێژووی شارێکی ئاسایی نییە. لەبەرئەوە سلێمانی جیاوازیی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

سلێمانی شارە سەختەکە
سلێمانی ئەگەرچی تاکو ئەم چەند دەیەیەی دوایی شارێکی گەورە نەبووە لە رووی رووبەر و ژمارەی دانیشتوانەوە، کەچی سەبارەت بە شۆڕشگێڕانی کورد و نەیارانی سیاسیی کوردستان جێگەی تایبەتی هەبووە و هەمیشە حسابی لەسەر کراوە، چوونکە هەر وەک بەعس بە راشکاوانە دەیووت سلێمانی شارێکی سەختە، ژ بەرئەوەی هەروا بە ئاسانیی رادەستی ویستی داگیرکەران نابێت و لەوە بەولاوە هەمیشە ژیلەمۆکان لە گەڕەکە تەسکەکانی ئەم شارەوە دەگەشێنەوە. رەشەبای سلێمانی تەنیا دیاردەیەکی ناتورالیی رووت نییە بەڵکو لە هەمان کاتدا بەشێکە لە خەسڵەت و تایبەتمەندیی شارەکە و هەمیشە هەر لە سلێمانییەوە رەشەبای گۆڕان و باهۆزی رەتکردنەوەی دەسەڵاتی بێگانە هەڵی کردووە، لەبەرئەوە رەشەبای سلێمانی خۆی لە خۆیدا مانایەکی سیاسیی هەیە و جۆرێکە لە گوزارشتکردن لە سیفاتی سەرەکیی سلێمانییەکان کە هەمیشە دەجووڵێن و دژی هەر جۆرە چەقبەستنێک دەجەنگێن.
عوسمانییەکان هەمیشە لەو جموجۆڵە دەترسان لە سلێمانییەوە رێچکەی دەبەست و بە سنووری کوردستاندا درێژ دەبووەوە، بۆیە لای ئەوان سلێمانی پێویستی بە کۆنترۆڵکردنێکی تایبەتی بوو. وەختێک ئینگلیزەکان هاتنە عێراقی ئێستا، رەنگە هێندەی لە سلێمانییەوە گیروگرفتیان بۆ دروست کرابێت لە هیچ جێگەیەی تری عێراق رووبەڕووی تەنگوچەڵەمەیەکی سەختی وەک شێخ مەحموود نەبووبنەوە، حکومەتی نوێی عێراقیش هەروا. لە ئایاری 1921 لە عێراقدا ریفراندۆمێک سەبارەت بە دانانی فەیسەڵی یەکەم بە مەلیکی عێراق کرا، مەرجی مافی دەنگدان ئەوە بوو: دەنگدەر دەبێ خانوویەکی هەبێ نرخەکەی لە”150″ پاوەنی ئیستەرلینی ” کە بەرامبەر 2000 روپێیە” کەمتر نەبێ. لە شاری سلێمانیدا، دوو هەزار موڵکدار هەبوون، کە نرخی خانووی هەریەکەیان لە 150 پاوەن کەمتر نەبوو، لەم دوو هەزار کەسە تەنیا 190 کەسیان لە دەنگدانەکەدا بەشدارییان کرد، لەمانە 32 کەس دەنگی بۆ ئەوەدا کوردستان بە عێراقەوە بلکێنرێت و 158 کەس دەنگیان دژی دا. “6”. ئەم فاکتە مێژووییە راستییەکی تێدا روون بۆتەوە: زۆرینەی خەڵکی شارەکە بایکۆتی عێراق و پادشاکەیان کردووە و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون بچنە پای دەنگدانەوە و ئەوانەشی چوونەتە دەنگدانەوە بە زۆرینەی رەها دەنگیان لە دژی عێراق و شاکەی داوە. هەروەک وتم ئەمە یەکێکە لە سادەترین بەڵگەکان کە هەر لە سەرەتاوە سلێمانی بە گژ عێراق و لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراقەوە راوەستاوە و سەختییەکی لە راددە بەدەری نواندووە.

نموونەیەکی تری زیندوو لەسەردەمی فەرمانڕەوایی پادشاییدا، رەنگبێ راپەڕینی جەماوەری سلێمانی بێت لە رۆژی شەشی ئەیلوولی 1930، کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردییدا بە رۆژە رەشەکەی بەردەرکی سەرا ناسراوە.
(زۆر فاکتۆر هەبوون لە سەرهەڵدانی راپەڕینی جەماوەریی لە شاری سلێمانی لە دژی حکومەتی عێراقی و ئینگلیز، یەکێک لەو هۆکارانە رێکەوتننامەی نێوان عێراق و ئینگلتەرە بوو لە ساڵی 1930 کە هیچ بڕگەیەکی ئەو پەیماننامەیە باسی کورد و دۆزی نەتەوەیی گەلی کوردی تێدا نەکرابوو) “7”. ئەوەبوو سلێمانی دژی ئەم پەیماننامەیە وەستاو (رۆژی 6-9-1930 بە هەزاران کەس لە شاری سلێمانی کەوتنە سەر شەقامەکان و داوای مافە رەواکانی کوردیان دەکرد، هێرشیان دەبردە سەر پەیمانەکە. لەلایەن رۆشنبیرانی کوردپەروەر و شاعیر و زانایانی وەک پیرەمێرد، فائق بێکەس و گۆران و حەمدی، بە شیعر و وتاری شۆڕشگێڕیی هانی جەماوەر دەدرا، کە خۆڕاگربن، هەڵمەت بەرن، دوژمن ریسوا بکەن و سووربن لەسەر درێژەدان بە خەباتیان) “8”.
لە قۆناغ و ساڵەکانی دواتردا سلێمانی نەک هەر بێ رۆڵ نەبووە بەڵکو زۆتر و کاریگەرتر سەختگیریی نواندووە بەرامبەر بە حکومەتی عێراق و لە سەردەمی هەڵگەڕانەوەکەی “رەشید عالی گەیلانی” و تا دوا ساڵەکانی روخانی رژێمی پاشایەتی هەمیشە باری سیاسیی شارەکە هەڵبەز و دابەزی کردووە و مایەی دڵنیایی نەبووە بۆ حکومەت. لە سەرەتای رژێمی کۆماریی لە عێراقدا لە1958ەوە تا بە ئێستا دەگات لای هەمووان ئاشکرایە، سلێمانی چەندە بۆ رژێمی عێراقی جێگەیەکی سەخت و ناهەموار بووە، هەموو ئەوە دەزانین سلێمانی دایکی شۆڕش و راپەڕین و هەموو ئەو خۆپیشاندانانە بوو کە بەشێوەیەک لە شێوەکان بۆ رەتکردنەوەی دەسەڵاتی داگیرکەران بوون لەم بەشەی کوردستان. بۆیەکا پێموایە باشووری کوردستان بەبێ بوونی سلێمانی وەک شارێکی هەمیشە زیندوو و ئامادە لوقمێکی شیرین دەبوو بۆ دەسەڵاتی عەرەبیی عێراقی نەک پێکێکی تاڵ و زەقنەبووت ئاسا.

سلێمانی وەک ناوەندی سیاسەت
مافی ئەوەمان هەیە بڵێین سلێمانی چاوگی سیاسیی لانیکەم باشووری کوردستان بووە بە درێژایی زۆرتر لە سەدەیەک هەتا دەگاتە رۆژگاری ئەمڕۆ. بۆ یەکەمین جار خەباتی سیاسیی و شۆڕشگێڕیی کورد لە شاری سلێمانی رێچکەیەکی رێکخراو و ئۆرگانیکی وەرگرت و دوورخرایە لەو تەرزە خێڵەکییەی کە لە پێشاندا لەسەری راهاتبوو. جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی پێیوایە بۆ یەکەم جار لە میانەی راپەڕینی ئەیلوولی 1930 خەباتی سیاسیی کورد لە شاخەوە گوێزرایەوە بۆ شار و لە یاخیبوونی سەرەک خێڵەکانەوە بوو بە پڕۆژەی رۆشنبیران. جەلال تاڵەبانی لەم رووەوە دەنووسێت (راپەڕینی بەردەرکی سەرا لە رێکەوتی 6 ئەیلوولی 1930دا، لە مێژووی چالاکییە سیاسیی و نیشتیمانییەکانی باشووری کوردستاندا خاڵی وەرچەرخان بوو، چوونکە لەم خۆپیشاندانەوە بۆ یەکەم جار قورسایی کاری سیاسیی و کوردایەتی کەوتە ئەستۆی خوێندەواران و خەڵکی شارەکان، واتە لە لادێ و لە نێو هۆزەکانەوە گوێزرایەوە بۆ نێو شارەکان، بەمەش قۆناغێکی نوێ لە خەباتی سیاسیی دەستپێدەکات) “9”.
نەک هەر بە بۆچوونی مێژوونووس و توێژەرە کوردەکان، تەنانەت بە دیتنی چاودێر و سیاسییە غەیرە کورد و ئەوروپییەکانیش سلێمانی ناوەندی شۆڕشگێڕیی و فۆرمۆڵەکردنی خەباتی سیاسیی و بزافی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە، بۆ یەکەمجار لەم شارەدا بەهێزترین پارتی و رێکخراوە سیاسییەکان هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە نەشونما دەکەن و ئاڵای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی بە دەستەوە دەگرن و تەکان دەدەن بە تێکۆشانی گەلی کورد. کریس کۆچێرای کوردناس و رۆژنامەوانی فەڕەنسیی باسی قۆناغی سەرهەڵدانی گروپە سیاسییە کوردییەکان دەکات و دەنووسێت (سلێمانی مەڵبەندی سەرەکیی کوردایەتییە، لێرەدا و لە قۆناغی پێش یەکەم جەنگی جیهاندا، زۆر گروپی نەتەوەیی دێنە ئاراوە، کە چوونە بنج و بناوان و دۆزینەوەی رەگوریشەیان زۆر ئەستەمە، بە تایبەتی هەندێکیان لە چەند کەسێک تێناپەڕن و زۆر جار یەک کەس لە هەمان کاتدا ئەندامی چەند رێکخراوێکی جیاوازە) “10”. لە باری کردارییشەوە ناسیۆنالیزمی کورد لە شاری سلێمانی بەهۆی دەستەبژێرە سیاسیی و رۆشنبیرییەکەوە گەیی و خەمڵی. دواتر توانی لە رێکخراوی جۆر بەجۆری سیاسیدا خۆی رێکبخات و نوێنەرایەتی داواکانی گەلی کورد بکات لەسەر هەموو ئاستەکانی جیهانیی و هەرێمی و نێوخۆیی.
ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان بکەینە نموونەی ئەم باسە، ئەوا ئەو پارتییە لە شاری سلێمانی و لەسەر دەستی ئیلێتییە سیاسییە خوێنەوار و شارییەکە توانی ببێتە رێکخراوێکی سیاسیی پێشکەوتووخواز، هیچ کات بەهێزبوون و گەشەی پارتی وەک رێکخراوێکی ئۆرگانیزەکراو و پارتیێکی رامیاریی خاوەن بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ ناگەڕێتەوە بۆ مەلا مستەفا بە تەنها، چوونکە مەلا مستەفا یاخیبوونەکانی شێوەیەکی خێڵەکیی و نارێکخراوی هەبووە و ئامانجەکانی بەو پێوەرە ناسیۆنالیستی نەبوون وەک ئەوەی نوخبە سیاسییە تازە پێگەیشتووەکەی شاری سلێمانی بیریان لێ دەکردەوە.
تەنانەت یاخیبوونی بارزانی لە ساڵی 1943 بەدواوە بۆ ئۆتۆنۆمی و داواکارییەکی نەتەوەیی گشتگیر نەبوو هێندەی غەمێکی ناوچەیی و خێڵەکی پاڵنەری بوون. بۆ وێنە داواکارییەکانی مەلا مستەفا لە دەوڵەتی پادشایی دانانی نوێنەرێکی بەرزی کورد لە بەغداد و نوێکردنەوەی ئیدارەی قەزا کوردییەکانی پارێزگای موسڵ بوو. بۆیە (وا دێتە بەرچاو کە ئەوە مەلا مستەفا نەبوو ناسیۆنالیزمی کوردی هەڵبژارد، بەڵکو ئەوە ناسیۆنالیستەکانی کورد بوون ئەویان هەڵبژارد، هەڵبژاردنی ئەو لەلایەن ناسیۆنالیستەکان بەهۆی شارەزاییە تاکتیکییەکانی و ئەو دژوارییانەوە بوو بۆ حکومەتەکانی دەخوڵقان) “11”. واتە ناسیۆنالیستە کوردەکان بە دوای کاریزما و رەمزێکدا دەگەڕان بۆئەوەی بیکەنە گاندی، هەروەک چۆن ژێکاف لە دیوی ئێران بە هەڵبژاردنی قازی محەمەد هەمان کاری کرد. لەبەرئەوە بەهۆی ئەو بەرەنگارییانەی بارزانی بە تایبەت لەکۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد نواندی پاڵینا بە ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە زیاتر پابەندبن بە بارزانییەوە وەک کاریزمایەک.
لە قۆناغەکانی دوای دروستبوونی پارتی و سەرەتاکانی شۆڕشی ئەیلوول تا دەگات بە دامەزراندنی یەکێتی و راپەڕینی بەهاری 1991، رۆڵی سلێمانی رۆڵێکی پێشڕەوانە و ئێجگار گرنگ بووە و دەتوانرێت بە درێژایی ئەو چەند دەیەیە بە دڵی سیاسیی کوردستان دابنرێت. دەرکێشانی ئەو شارە لە مێژووی هاوچەرخی کورد وەک دەرکێشانی رۆح وایە لە جەستەدا، چوونکە وەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا هەموو ژیلەمۆکان لەبری ئەوەی خامۆش ببن لێرەوە جارێکی دیکە بوونەتەوە بە پشکۆ و تاویان سەندووە. وا بزانم پێویستیش بە هیچ بەڵگە هێناوەیەکی تر ناکات، پانۆرامای سەردەمی بەعس و شۆڕشی نوێ هێندە دوور نییە تا لە بیرمان کردبێت کە سلێمانی هەموو رۆژێک ئاگری دەگرت و دەبووە جەهەنمی داگیرکەرانی کوردستان.

سلێمانی شاری منەوەران
سلێمانی نە تەنیا لە رووی سیاسیی و شۆڕشگێڕییەوە پێشڕەو بووە، بەڵکو لە بواری رۆشنبیریی و فەرهەنگیشەوە پێشەنگ بووە، تا ئەوەی نازناوی پایتەختی رۆشنبیریی کوردستانی پێ بڕاوە. ئەگەرچی تا ماوەیەکی دوور و درێژ شارەکە جگە لە حوجرە ئاینییەکان خاوەنی هیچ قوتابخانەیەک نەبووە، بەڵام زۆر شاعیر و منەوەر و زانای گەورە گەورەی تێدا هەڵکەوتووە کە لە سەردەمی خۆیاندا رۆڵێکی ئێجگار گرنگیان لە کۆمەڵدا ئەدا کردووە. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا ململانێ و کێبڕکێی هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی لە شارەکەدا بەشێک بووە لە ململانێیەکی سیاسیی و رۆشنبیریی ئەوجا ئاینیی، چوونکە مەولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێ وەک دوو عارف و سیمبولی ئەو دوو تەریقەتە، خاوەنی دوو دنیابینی جودا بوون، وەلێ کۆتایی ململانێکە زۆر تراژیدیکە بە راونانی مەولانا لە شارەکەدا دەگاتە خاڵی پایان، بەڵام ئەو ململانێیە دواجار کەم تا زۆر کاریگەریی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر بیرکردنەوەی گشتیی دروستکرد. “هەوڵدەدەم لە دەرفەتێکی تر لەسەر ئەم باسە بە تێر و تەسەلی بنووسم”.
لە سەردەمی عوسمانییەکان و بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی یەکە کارگێڕییەکان، لە شاری سلێمانی قوتابخانەی فەرمی کرایەوە و ئەو قوتابخانەیەش زۆرتر ئەفسەری پێدەگەیاند، بەڵام ئەو ئەو ئەفسەرانە لە ساڵانی داهاتوودا سەبارەت بە دۆزی گەلەکەیان نەک رۆڵێکی گرنگ بەڵکو چارەنووسسازیش دەگێڕن و جێگەیان لە خەباتی سیاسیی ئەو قۆناغەدا بە دیاریکراویی ماوەتەوە. (شان بەشانی حوجرەکان، کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی لە سلێمانیدا، قوتابخانەی روشدییەی سەربازیی سێ پۆلییان کردەوە، هەموو جۆرە زانیارییەکی ئەوسای تێدا دەوترایەوە، کە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ باسەکانی حوجرەدا هەبوو. ئەوانەی لێرەدا دەردەچوون یان دەبوونە مووچەخۆر و کاری دەوڵەتیان وەدەستەوە دەگرت، یان بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچوونە ئەستەمبۆڵ، زۆربەیان خوێندنی سەربازییان تەواو دەکرد و دەبوونە ئەفسەری سوپای عوسمانییەکان) “12”.
دواتر قوتابخانەکان لە شارەکەدا گەشە دەکەن، بەمەش رەوشی رۆشنبیریی بەرەوپێشەوە هەنگاوەکانی خێراتر دەبن، تا ئەوەی لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمدا نەوەیەک لە منەوەرانی شاریی سەرهەڵدەدەن دۆزی نەتەوەیی گەلی کورد دەخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لە خەباتی رزگاریخوازیی کورددا رۆڵێکی سەرەکیی دەبینن. ئەو سەردەمانەش بە حوکمی داخرانی سنووری کوردستاندا بەسەر خۆیدا و داگیرکردنی وڵاتەکە لەلایەن عوسمانی و سەفەوییەکانەوە، رۆشنبیریی شارەکە پتر لە ژێر کاریگەریی رۆشنبیریی ئەو دوو نەتەوە سەردەستە بووە. مێجەر سۆن وەختێک هاتۆتە شاری سلێمانی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەوە بووە زمانی فارسی سەبارەت بە خەڵکی شار زمانێکی نامۆ نییە بەڵکو زۆرینە دەتوانن قسەی پێ بکەن و لێی تێبگەن، ئەو لە راپۆرتێکی تایبەتی خۆیدا دەنووسێت “لە سلێمانیدا فارسی زۆر گرنگە، زۆربەی خەڵک دەتوانێ قسەی پێ بکات و لێی تێبگات.. زمانی نووسین لە هەموو ئەم ناوچەیەدا لە سلێمانییەوە بۆ قەرەداغ و رانیە بۆ باکووری رۆژهەڵات تەنیا فارسییە و هەموو پەیوەندییەکی ئیشوکار بەم زمانەیە. قوتابیان دەبێ لە هەردوو قوتابخانەی ئاینیی و ئەکادیمی سەربازیدا فێری ببن و دوکاندارەکانیش تەنانەت دەبێ بتوانن نامەی پێ بنێرن”، “13”.
دوای کۆتایی عەهدی عوسمانییەکان و دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراق و بڵاوبوونەوەی بیری مارکسیستی لە شارەکەدا، دەستەیەکی تر لە رووناکبیری کورد سەرهەڵدەدەن بە درێژایی چوار پێنج دەیە کۆنترۆڵی گۆڕەپانەکە دەکەن و لە هەمان کاتدا دەورێکی ئێجگار گرنگ دەگێڕن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک و رێکخستیان لە گروپە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە جۆر بە جۆرەکاندا، لەمەشیاندا سلێمانی خاوەنی زۆرترین ئەو ئیلێتییە رۆشنبیریی و سیاسییەیە کە بێگومان لەگەڵ رەوشی شۆڕشگێڕیی و رۆحی یاخی خەڵکی شارەکەشدا تەبایە. هەر لەبەرئەمە نهێنییەکمان ئاشکرا نەکردووە لە رووی رۆشنبیرییەوە سلێمانی بە شارێکی پێشەنگ و یەکەمین هەژمار بکەین، چوونکە سیمایەکی زۆر گرنگ، هەم شارەکە و هەم دانیشتووانەکەی پێ بناسرێتەوە بەرزیی ئاستی رۆشنبیریی و هۆشیاریی سیاسیی و فەرهەنگیی بووە. بەم بۆنەیەوە وەختێک دەڵێین سلێمانی شاری منەوەرانە ئەوە بێگومان هیچ زیادەڕەوییەکمان نەکردووە.

سزادانی سلێمانی لە عوسمانییەکانەوە بۆ یەکێتی
بە حوکمی ئەوەی سلێمانی هەمیشە لە دەسەڵاتەکان و داگیرکەرانی کوردستان یاخی بووە، بەشێوەی جۆراوجۆر سزا دراوە چ لە شێوەی لەناوبردنی فیزیکیی و چ لە شێوەی زیانگەیاندنی ماددیی و رۆحی بە خەڵکەکەی. فارسە ئێرانییەکان لە ساڵەکانی 1841-1844 دوو هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر شارەکە و کوشتارێکی زۆریان لە خەڵکەکەی کرد بە ئەندازەیەک تا چەندین دەیە ئەو کارەساتە لە یادی نەوەکاندا مابووەوە. پێش رووخانی میرنشینی بابان دیسان سلێمانی وەک پایتەخت مەیدانی کێشمەکێش و ئاژاوەی ناوخۆیی میرینشینەکە بوو کە بێگومان هەزاران لە رۆڵەکانی لە شەڕی نەگریسی ناوخۆییدا بوونە کۆیزوخاڵ، بەڵام رەنگە تاریکترین رۆژانی شارەکە کەوتبێتە دوای هەرەسی میرنشین و زاڵبوونی دەسەڵاتی تاکلایەنەی تورکەکان بەسەریدا، چوونکە جگە لەوەی هاووڵاتیانی شارەکە لە رووی فیزیکییەوە سزا دەدران، لە هەمان کاتدا باج و خەراجی زۆر و گرانی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ترسناک جۆرێکی تر بوون لە سزادانی خەڵکی شار لەلایەن تورکە عوسمانییەکانەوە.
کاتێک، جەنگی یەکەمی جیهان هەڵگیرسا، تورکەکان جاڕی “سەفەر بەلک”یان داوە. ساتێ شەڕ دەستیپێکرد، هەرچی پیاو و لاوەکان هەبووە، چەکیان دراوەتێ و بۆ بەرەکانی جەنگ رەوانە کراون. تەنیا هەر مناڵ، ژن، پیر و پەککەوتەیان ماونەتەوە. لەبەرئەوە باری ئابووری زۆر خراپ تێکشکاوە، بەروبوومی کشتوکاڵ کزبووە، بەرهەمی پیشەسازیی نێوخۆ لاوازبووە، بێکاریی، گرانیی، برسێتی، دزیی، جەردەیی، راووڕووت، بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەی کردووە. هیچ کارێ، بێ بەرتیل وەرگرتن، جێبەجێ نەکراوە. جەندرمەی تورک بە ئاشکرا جەردەییان کردووە، دەسیان بۆ ئابڕووی خەڵکی بردووە، خەڵکێکی زۆر لە برساندا مردوون!!، بە ئەندازەیەک فریای شاردنەوەی لاشەی مردووەکان نەکەوتوون، لە تاوا گۆشتی وڵاخیان خواردووە، داوێنپیسیی و لەشفرۆشییەکی زۆر بڵاوبۆتەوە. لە ئەنجامدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زۆر کەم بۆتەوە. بۆیە “ماسۆن کینیز” نووسیوێتی: ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی لە چل هەزار کەسەوە هاتە سەر نۆ هەزار کەس “14”.
وەنەبێ دوای شکستی عوسمانییەکان لە جەنگدا و هاتنی ئینگلیزەکان بەختی سلێمانی لە جاران باشتر بووبێ، بە پێچەوانەوە لە سەروەختی حکومداریی شێخ مەحمودی حەفیددا باڵەفڕەکانی ئینگلیز زیاد لە جارێک شاریان بۆردومان کرد کە لە ئەنجامدا جگە لە داڕمانی سەدان خانوبەرەی هاووڵاتیان، بە سەدان کەسیش بوونە قوربانی. تەنانەت لە دوا رۆژەکانی حکومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود و لە رۆژی 25-4-1924 وەختێک فڕۆکەکانی ئینگلیز بۆردومانی شارەکەیان کرد لە کۆی زیاتر لە بیست هەزار کەسی دانیشتووانی شار تەنێ حەوت سەد کەسێک لە شاردا مانەوە، ئەمەش بەهۆی چڕیی و بەربڵاویی قەسفی هێزە هەواییەکانی ئینگلیزەکان. جیا لەمەش ئینگلیزەکان ئیدارەیەکی خراپیان بەسەر خەڵکی شارەکەدا سەپاند ئەمەش وەک جۆرێک لە سزای خەڵکی شارەکە کە چاویان لە دەوڵەتێکی کوردیی بە سەرۆکایەتی مەلیک مەحمود بڕیبوو بۆیە لە پەنا مەلیکدا بەرگرییان لە کوردستان دەکرد.
رەفیق حیلمی لە یادداشتەکانیدا دەورانی دوای رۆیشتنی “مەیجەر نوئێل”ی ئەفسەری ئینگلیز بۆ تورکیا دەگێڕێتەوە و دەڵێ (ئینگلیزەکان دەستە و دائیرەیەکی هەموو جۆرەیان رژاندە سلێمانی، ئەمانە عەجەم و هندی و عەرەب و ئەفغانی، گاور و جولەکە و ئەرمەنی، بە کورتی رەگەز و تیرە نەمابوو تیایانا نەبێ. دایەرەکان چە هی حاکمی سیاسی، چە هی عەسکەری و ماڵی و گومرگ وئەوانی تر هەریەکە معاون یان مشاورێکی ئینگلیزی چووە سەر. هندی مێزەر سپی، هندۆکی ریش هەڵبەسراو و لولدراو، سیکی رەش و قاچ باریک بە هەموو ژوورەکاندا بڵاوبوونەوە، چاپی دەس “تایپڕایتەر” بە تەق و هوڕەوە کەوتە کار. ئنجا لەلایەکەوە دەستە و دائیرەی تاقمی شێخان و خزمەکارانی خەنجەر و دەمانچە لە پشت، لەولای ترەوە لە”سەیز”ەوە بگرە تا فەڕاش و چێشتکەر، دەستە و دائیرەی ئینگلیزەکان و تەنانەت هی هندۆکە سمێڵ بابڕ و ریش لوولەکان، ئەوان بە چەک و سیلاحی نەفامی و عەشایەری، ئەمان بە زمانی بەد و دووڕوویی و لە پاشملە چاڵ بۆ هەڵکەندن کەوتنە وێزەی خەڵقی سلێمانییەوە “15”.
پاشان حکومەتە عەرەبییە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەرچی پێیانکرا بەرامبەر بە خەڵکی سلێمانی و بە مەبەستی سزادانی نەوە شۆڕشگێڕ و بزێوەکانی ئەم شارە کردیان، ئەگەر ئێمە بمانەوێت جینایەت و سزا قورس و سووکەکانی حکومەتی عێراق هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بەرامبەر بە سلێمانی یادداشت بکەین ئەوە نەک لەم وتارەدا جێی نابێتەوە بەڵکو پێویستمان بە دنیایەک کاغەز و بە ئۆقیانووسێک مرەکەب هەیە، چوونکە لە چاوی حکومەتەکانی عێراقدا هەر لە پاشایەتییەوە تاوەکو بەعس سلێمانی سەری مارەکە بوو کە هەمیشە یەکەم چەخماخەی مەشخەڵی شۆڕش لەم شارەوە سەرتاپای کوردستانی رووناک دەکردەوە و دەلەرزاند. هەتا ئێرە رەنگە ئاسایی بێت داگیرکەرانی کوردستان و نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان بەو دڕندایەتییەوە پەلاماری سلێمانی بدەن و دانیشتووانەکەی سزا بدەن.
کاتێک نائاساییە هێزێکی سیاسیی وەک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە کوڕی منداڵدانی شارەکەیە و لە هەناوی ئەودا و لە کوچە و کۆڵانەکانی ئەودا گەشەی کرد و بووە هێزێکی کارای گۆڕەپانی سیاسیی، لەبری قەرەبووکردنەوە و پێشخستنی، سزای بدات! ئەوەتا یەکێتی نەک هەر خەڵکی شارەکە لە هەڕەمی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی شارەکە بەشدار ناکات، بەڵکو شار لە بێ خزمەتی و لە فەرامۆشکردندا سزا دەدات، ئەوەتانێ سلێمانی لە شارێکی پێشکەوتوو و راقییەوە بووە بە گوندێکی وێران و خەرابستان. خۆ سزادان هەر تەنیا کوشتن و لەناوبردنی فیزیکیی نییە، داڕنینی رۆحی سەرچڵیی و لەناوبردنی کولتوورە جوانەکان و وێرانکردنی ژیانی نەوە نوێکان و فەرامۆشکردنی جوانیی شارەکە و نەگەیاندنی دەستی خزمەتگوزاریی بە شارێکی وەک سلێمانی ئەگەر سزادان نەبێت چیترە؟. لەو سۆنگەوە دەتوانین ئەوە بێژین لەوەتی سلێمانی هەیە بەردەوام لەسەر رۆحە یاخییەکەی و چاو بڕینە پاشەڕۆژێکی رووناک سزا دەدرێت، تاکە جیاوازییەکەش لەوێدایە جاران بێگانە سزای دەدا، بەڵام ئێستا ئەوانەن رۆژانێک بوو بە شارەکەیان دەگووت (شارە حەیاتەکە).
سلێمانی سزای یەکێتی دەدات
تێزێک هەیە و تا راددەیەکیش نزیکە لە راستییەوە، ئەو تێزە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەو هێزە سیاسییەی سلێمانی بە دەستەوە بوو ئەوە لانیکەم باشووری کوردستانی بە دەستەوەیە. بەهێزیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە رابردوودا وەک رێکخراوێکی شۆڕشگێڕ و هێزێکی سیاسیی بەشێکی پەیوەندیی هەبووە بەوەی سلێمانی کۆنترۆڵ کردبوو، بە دەربڕینێکی تر سلێمانی ببووە چاوگی هێز و قەڵای یەکێتی بۆ زیاتر لە سی ساڵێک. ئەو کارەسات و نەهامەتییانەی لە سی ساڵی رابردوو بەسەر یەکێتیدا هاتن هەر لە شەڕی حکومەتەکانەوە تا پیلانگێڕییە هەرێمی و نێوخۆییەکان بۆ لەناوبردنی، ئەگەر بەسەر هەر پارتیێکی تردا هاتبان ئەوە دەمێکە بوو ناوی لە ژیاندا رەش ببووەوە، بەڵام یەکێتی بە پشتیوانی شاری سلێمانی و بە وەرگرتنی نەفەسی ژیان لەو شارەوە بەسەر هەموو کۆسپ و هەوڕاز و کەندەڵانەکاندا بە سەرکەوتوویی تێپەڕی تا ئەوەی مام جەلالی لە وێستگەی سەرۆک کۆماریی عێراق دانا. بە کورتییەکی یەکێتی بە هەموو شێوەیەک قەرزاری سلێمانی و خۆبەختکاریی نەوەکانی ئەم شارەیە و بەبێ سلێمانی و نەوە یەک لە دوای یەکەکانی نەدەکرا هێزێک بە ناوی یەکێتییەوە لە بووندا هەبووایە.
هەروەک پێشتریش پەنجەم بۆ راکێشا یەکێتی لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات “1992” هەتا ئێستا نەک هیچ پادداشتێکی سلێمانی نەداوەتەوە، بگرە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە تەواوەتی فەرامۆشیکرد و بە هەموو شێوەیەک سزای دەدا، ئەمەش دووجار مایەی ناڕەزایی خەڵکی شارەکە بوو: یەکەم وەک هاووڵاتییەکی دانیشتووی کوردستان خزمەت ناکرێن. دووەم: وەک سلێمانی کە ئەجری زۆریان لەسەر یەکێتییە لە بری پادداشتدانەوە سزا دەدرێن. ئەم جارە سلێمانی لە 25-7-2009 جامی تووڕەییەکانی چووە حاڵی رژانەوە و بە رێگایەکی دیموکراتی، یەکێتی سزا دا و دەنگی خۆی لەهەڵبژاردندا بە لیستی گۆڕان دا. من پێشتر ویستم بنووسم سلێمانی تۆڵەی لە یەکێتی کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی کولتووری تۆڵە ریشەیەکی خێڵەکیی هەیە و فینۆمینێکی سەردەمی رەوەندییە، نەمویست بڵێم “تۆڵە بە سەبرە ئەمما بە زەبرە”، چوونکە لە دیتنی خێڵەکیدا هۆز و خێڵەکان بەرپرسن لە تۆڵەکردنەوە نەک یاسا و رێگەی شارستانییەکان، بەڵام دەنگ نەدانی سلێمانی بە یەکێتی بە رێگەیەکی ئاشتیی و شارستانی و دیموکراتی بوو. من ناڵێم پرۆسەکە دیموکراتی بوو بەڵکو دەڵێم ئامڕازەکە کە هەڵبژاردنە ئامڕازێکی دیموکراتی و سەردەمانەیە. بۆیە سلێمانی ئەم جارەش رەشەبایەکی تری هەڵکرد و ئاوێزانی زریانی گۆڕان بوو. من لەوە دڵنیام سلێمانی هەتا سەر لەگەڵ ئەو هێزەشدا نامێنێتەوە کە ئێستا ناوی “گۆڕان”ە، ئەگەر ئەو هێزە بەردەوام خۆی نوێ نەکاتەوە و پێ بە پێی قۆناغەکان نەڕوات و لەگەڵ رۆحی سەردەم خۆی نەگونجێنێت.
دوای هەژدە ساڵ لە راپەڕینی ئازاری 1991، بۆ جاری دووەم سلێمانی بەشێوەیەکی ئاشتییانە و هاوچەرخانە راپەڕی، جاری یەکەم راپەڕی بۆ وەدەرنانی بێگانە و لە رەگەوە دەرکێشانی ستەمی نەتەوایەتی، جاری دووەمیش بۆ بنبڕکردنی گەندەڵیی و مافیایی دەسەڵات و چێکردنی دادی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی یاسا و یەکسانی تاک وەک هاووڵاتییەکی رەسەنی وڵات. سلێمانی لە25-7-2009 مەسجێکی نوێی دا بە گوێی سەرجەم بزووتنەوە و هێزە سیاسییەکاندا کە جارێکی گەڕاوەتەوە بۆ ماکی رەسەنی خۆی و هەروا بەردەوامە لە سەرمەشقبوونی هەموو ئاڵوگۆڕێکی خێرا و نوێ. دواجار پێی وتین سلێمانی دێوێکی نوستووە لەگەڵ هەر بە خەبەرهاتنەوەیەک بێگومان پەرچوویەک دەخوڵقێنێت.

وتەیەک لە کۆتاییدا
ئەگەر چەند کاتژمێرێک کات بە دیار خوێندنەوەی دیرۆکی سلێمانییەوە بسووتێنین، راستییەک هەیە هەرگیز ناتوانین خۆمانی لێ ببوویرێن: سلێمانی شارێکی پڕ جموجۆڵ و یاخیگەرە و هەمیشە دەرگاکانی واڵایە بۆ وەرگرتنی بیر و روانگەی نوێ و بەردەوامیش ئامادەیە بۆ خۆ تازەکردنەوە و بیناکردنەوەیەکی نوێی خودی خۆی. (ئەوەتەی شاری سلێمانی دروستکراوە، لە نێو گۆمی خوێن و فرمێسکدا نقووم بووە، بەڵام هەرگیز رۆژێ لە رۆژان چاوی رۆڵەکانی نەنوستووە، ئەگەر نووستبێتیش، دڵی بەخەبەر بووە، بۆیە سەری سنەوبەری سەوزی، باڵای بەرزی شار نەچەمیوەتەوە، جەستەی لە خوێن هەڵکێشراوی نەمردووە و ناشمرێ، مەگەر وەک درەخت بیبڕننەوە و بە پێوە بمرێ) “16”. سلێمانی لە25-7 جارێکی تر ئیسپاتی کرد هەرگیز نانوێ و چاو داناخات لە حاست تەراتێنی گەندەڵکاران و ئەوانەی کوردستان لە باخی جەننەتەوە دەکەن بە شیوی وەیلی دۆزەخ.

پەڕاوێز:
1- جەمال بابان “سلێمانی شارە گەشاوەکەم”، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، بەغداد 1992، ل 12-24.
2-محەمەد ئەمین زەکی بەگ “تاریخی سلێمانی وە وڵاتی”، ئامادەکردنی: رەفیق ساڵح، سلێمانی 2006، بنکەی ژین، لاپەڕە 66.
3-د.حوسێن محەمەد عەزیز “شەکرە شارەکەم سولەیمانی”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 119.
4- کلودیۆس جیمس ریچ “گەشتی ریچ بۆ کوردستان 1820″، و:محەمەد حەمەباقی، چاپی یەکەم، تەورێز 1992، لاپەڕە 105.
5-ئاکۆ عەبدولکەریم شوانی “شاری سلێمانی 1918-1932 لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی- سیاسییە”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2002، لاپەڕە 97.
6-مامۆستا جەعفەر “شاری سلێمانی ململانێی گروپە کۆمەڵایەتییەکان 1820-1920″، چاپی دووەم، سلێمانی 2006، لاپەڕە 105.
7-عبدالرزاق الحسني “تاريخ الوزارات العراقية”، الجزء الثالث، الطبعة السابعة، بغداد 1988، ص 15.
8-فاتح رەسوڵ “بنچینەی مێژووی بیرۆکەی چەپ لەکوردستان”، چاپی دووەم، سلێمانی 2005، لاپەڕە 282.
9-د.ئاکۆ عەبدولکەریم شوانی “شاری سلێمانی 1932-1945 لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی– سیاسییە”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2008، لاپەڕە 85.
10-کریس کۆچێرا “کورد لەسەدەی نۆزدەو بیستدا”، و:حەمەکەریم عارف، چاپی دووەم، سلێمانی 2004، لاپەڕە 169.
11-دیڤید ماکداول “مێژووی هاوچەرخی کورد”، و:ئەبوبەکر خۆشناو، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 605.
12- عەلی خالید حەمید “کاکەمەم بۆتانی” (لە دووتوێی یادداشتی شاردا)، چاپی دووەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 116.
13-مەیجەر سۆن “سلێمانی ناوچەیەک لە کوردستان”، و:مینە، چاپی یەکەم، سلێمانی 2007، لاپەڕە 40.
14-د.حوسێن محەمەد عەزیز “شەکرە شارەکەم سولەیمانی”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 125.
15-رەفیق حیلمی “یادداشت” چاپی سێیەم، سلێمانی 2003، لاپەڕە 57.
16-حوسێن محەمەد عەزیز “برایەتی درۆزنانە”، چاپی یەکەم، سلێمانی 2005، لاپەڕە 217.

*ئیبراهیم پاشا کوڕی ئەحمەد کوڕی خالید پاشای بابانە و ساڵی 1873 لە جێگەی مامی بە میری بابان دانراوە و تا ساڵی 1800 واتە بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ میری بابان بووە.

*ئەم شيكارييە لە ژمارە (66)ی گۆڤاری (نێوەند) لە مانگی ئابی 2009 بڵاوبووەتەوە.

Previous
Next
Kurdish