Skip to Content

لە مەنارەی هۆشیارییەوە تا لوتکەی قەڵەم؛ کاتێک مامۆستا دەبێتە پاڵەوانی نەمر و ئەندازیاری ناسنامەی نەوەیەک-2-.. نووسینی: کارزان عزیز عەبدولرەحمان

لە مەنارەی هۆشیارییەوە تا لوتکەی قەڵەم؛ کاتێک مامۆستا دەبێتە پاڵەوانی نەمر و ئەندازیاری ناسنامەی نەوەیەک-2-.. نووسینی: کارزان عزیز عەبدولرەحمان

Closed
image_print

بەشی دووەم :

۱. لە بەردەرگای تاریکی و سەرەتای چرۆکانی هۆشیاری

ئەگەر لە بەشی یەکەمدا بە گەرمی، سۆز و وەفایەکی قووڵەوە باس لەو سەرەتایە کردبێت کە چۆن تیشکی ڕووناکی لە پۆلێکی نۆی بنەڕەتیدا درەوشایەوە، ئەوا لەم بەشەدا دەبێت بە فەرشی سووری ڕێزلێنان، بە ڕستەی لۆژیکی و بە قەڵەمێکی زێڕین لە ئاست ئەو حەقیقەتە مەزنەدا ڕابوەستین کە دەبێت مامۆستا بەختیار فاروق نەک تەنها وەک مامۆستایەک، بەڵکو وەک پاڵەوانێکی ڕەسەن، جەنگاوەری بێدەنگی هۆشیاری و ئەندازیاری ناسنامەی نەوەیەک بناسێنرێت. لەو سەردەمە ئاڵۆز و پڕ لە قەیرانانەی کە کۆمەڵگە لە گێژاوی کاڵبوونەوەی بەهاکان، لاوازیی زمان و دابڕان لە ڕەسەنایەتیدا دەناڵاند، ئەو پیاوە بە تەنها جەنگاوەرێک بوو کە لە ناو سەنگەری پۆلدا، شمشێری زانیاری، قەڵخانی ڕەوشت و مەشخەڵی فیکری هەڵگرتببوو تاوەکو نەوەیەک لە ژێردەستەیی فکری، بێئاگایی و تاریکی ڕزگار بکات.
ئەو پاڵەوانە ڕاستەقینانەی کە مێژووی نەتەوەیەک و ڕەوتی هزریی کۆمەڵگەیەک دەگۆڕن، پێویست ناکات هەمیشە لە مەیدانی جەنگ یان لە پشت کورسیی دەسەڵات و ناوبانگی ڕوکەشەوە بن؛ هەندێک جار مەزنترین پاڵەوانی ژیان، ئەو مرۆڤە مەزنەیە کە لە پشت مێزێکی دارینی پۆلێکی سادەدا، لە نێوان دێڕەکانی دەقە ئەدەبییەکاندا، مێشک و ڕۆحی نەوەیەک دەڕفێنێت و نەخشەی داهاتوویان بۆ دێڕ بە دێڕ، وشە بە وشە دەکێشێت. کاتێک مامۆستا بەختیار فاروق دەقە ئەدەبییەکانی شیدەکردەوە، ئەوە تەنها خستنەڕووی وانەیەکی خوێندن یان تێپەڕاندنی خشتەی پۆل نەبوو؛ ئەوە ساتێکی داستانی، مێژوویی و وەستانێکی پیرۆز بوو لە کاتدا. ئەو بەو دەنگە جدی، حەساس و پڕ لە گەرموگوڕییە ڕۆحییەی کە هەیبوو، پۆلی دەکرد بە کەنارێکی ئارامی مەعریفە و قەڵایەکی پۆڵایین بۆ پاراستنی زمان. لەو بێدەنگییە قوڵەدا، ئەو نەخۆشیی نەزانین، کورتبینی و تاریکی لە ناخی ئێمەدا دەپشکنین و بە دەرزیی حیکمەت، ڕۆشنبیری و خۆشەویستی بۆ زمان و نیشتمان، دەرمانی بۆ ئەو برینە فکرییانە دەکرد کە کۆمەڵگە بەدەستیانەوە گیرۆدە بوو.

۲. فەلسەفەی زمان و قەڵای بەرگریی ڕۆحی

پاڵەوانبوونی مامۆستا بەختیار لەوەدا بە تەواوی دەرکەوت کە ئەو تەنها فێری وشەی نەدەکردین، بەڵکو فێری “بوێریی بیرکردنەوەی سەربەخۆ”ی دەکرد. لە جیهانێکدا کە زۆر جار سیستمی پەروەردەی کلاسیک و باو هەوڵ دەدات مێشکەکان لە قاڵب بدات و بیانکاتە کۆیلەی دەقە ئامادەکرکراوەکان، ئەو فێری کردین چۆن لە پشت دێڕەکانەوە بخوێنینەوە، چۆن بە چاوی ڕەخنە، تێڕامان و هەڵسەنگاندن لە واقیعی دەورووبەرمان بڕوانین، و چۆن لە بەرامبەر ناشرینکاری، شێواندنی ناسنامە و داڕمانی بنەماکانی کۆمەڵگیدا سەری خۆمان نەنوێنین و بێدەنگ نەبین. ئەو فێری کردین کە پیتەکان تەنها هێمایەکی ڕووتاوەی سەر کاغەز نیین، بەڵکو هەڵگری هەست، ئازار، ناسنامە، مێژوو و شکۆی مرۆڤن.
ئەو فێری کردین کە زمان قەڵایە، و پاراستنی زمان واتە پاراستنی بوون و کەسایەتیی خۆمان. لەو سەردەمەدا، کە گەورەترین مەترسی لەسەر هەر کۆمەڵگەیەک لەدەستدانی ناسنامە و بچووکبوونەوەی ڕووبەری بیرکردنەوەیە، مامۆستا بەختیار وەک پارێزەری ئەو قەڵایە ڕاوەستا. ئەو تەنها وانەی کوردی نەدەوتەوە، بەڵکو گیانی دەکرە بەر فێربوون و وای دەکرد کڵپەی خۆشەویستی بۆ مەعریفە لە دڵماندا داگیرسێت.

۳. لە بێدەنگیی پۆلەوە تا تیشکی هۆشیاریی گشتی

کاتێک مرۆڤ ئاوڕ لەو ساتانە دەداتەوە، دەبینێت هەندێک کات هەن کە کات تێیاندا ڕادەوەستێت. لەو ساتانەدا کە مامۆستا بەختیار دەقە ئەدەبییەکانی شیدەکردەوە، پۆل دەبوو بە جیهانێکی تر. ئەو بێدەنگییەی لە پۆلدا دروست دەبوو، نیشانەی ترس نەبوو، بەڵکو بێدەنگییەکی پیرۆز بوو لەبەردەم گەورەیی مانادا. ئەو بەو حەساسیەتە بێوێنەیەی کە لە دەنگیدا هەبوو، وای دەکرد هیچ قوتابییەک نەتوانێت بێئاگابێت یان گوێ نەگریت.
ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە لە پانتایی زانکۆکاندا، لە سەردەمی نووسین، توێژینەوەی ئەکادیمی، ڕۆژنامەگەری و هەڵگرتنی قەڵەمدا دەتوانین بە بوێرییەوە قسە بکەین و لە خەمی پرسە گەورەکانی کۆمەڵگە و نیشتماندا بین، بێگومان ئەمە هیچ نییە جگە لە بەرهەمی سەرکەوتنی ئەو جەنگە بێدەنگە مەزنەی کە مامۆستا بەختیار لەو ساڵە زووانەدا لە پێناوی هۆشیارکردنەوەی ئێمەدا بەرپای کردبوو.

٤. لوتکەی ئەکادیمی و گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا

هەر بۆیە، کاتێک مرۆڤ لە کاروانی ژیانیدا قۆناغ بە قۆناغ بەرز دەبێتەوە، بڕوانامە مەزنەکان بەدەست دەهێنێت، و لە لوتکەی ئەکادیمیدا پایەی بەرز دەبێتەوە، لەوێدا تازە بە قووڵی تێدەگات کە هەموو نازناوەکان و پلە زانستییەکان پێکەوە ناتوانن قەبارەی ئەو شانازییە پڕ پرنسپە پڕبکەنەوە کە مرۆڤ دەتوانێت بە شانازییەوە بڵێت:
“من قوتابی بەردەستی ئەو پاڵەوانە مەزنە بووم کە ناو و ڕێبازی مامۆستا بەختیار فاروقـە.”
دکتۆرا و پلە بەرزەکان کۆتاییهاتنە بە پرۆسەیەکی زانستی و توێژینەوەی ئەکادیمی، بەڵام “قوتابی مامۆستا بوون” تاجێکی زێڕین و ناسنامەیەکی مەعنەوییە کە هەمیشە لەسەر شان و لە ناو ڕۆحی مرۆڤدا دەدرەوشێتەوە و ڕێگاکەی بۆ ڕووناک دەکاتەوە.

۵. کۆتاییەکی شایستە بۆ پاڵەوانی نەمری هۆشیاری

بۆیە لەم ساتی ڕێزلێنانەدا، نەک وەک شاعیرێک یان نووسەرێکی سادە، بەڵکو وەک مرۆڤێک کە شاهیدی زیندوی دروستبوونی عەقڵی خۆیەتی لەسەر دەستی ئەو پیاوە، سەری ڕێز، حورمەت و نەوازش بۆ ئەو پاڵەوانە نەوی دەکەم کە ژیانی خۆی، پشوودرێژی و ماندووبوونی بەخشیوە بە ڕووناککردنەوەی ڕێگەی ئێمە. مامۆستا بەختیار فاروق؛ ئەو پاڵەوانە نەمرەی کە لە سەرەتای ڕێگاوە، نەک تەنها دەقەکانی شیتەڵ کرد، بەڵکو ناسنامە، ڕووح و پاشخانی فکریی ئێمەی بونیاد نا، و تا هەتایە لە لوتکەی بەرزی مێشک، دڵ و یادەوەریی ئێمەدا بە نەمری، بە شکۆوە و بە ڕێزلێنانێکی بێپایانەوە دەمێنێتەوە.

نووسینئ : کارزان عزیز عەبدولرەحمان

Previous
Next