دوو دێڕ.. شیعری نەوزاد بەندی
ــدێڕی یەکەم ـــ
کە نازانم بۆ گۆڕاوی
کە نازانم بۆ ڕەنجاوی ..
کە دیارنییە ، بەجێماوی .. ؟ تێکشکاوی ..
دەرکراوی …؟
یان لە پۆستێکی باڵادا دانراوی ..
کە یاساغ بێ
لەگەڵ شاعیر و ماعیرا
قسه بکەی بە ڕاشکاویی ..؟
لە کۆسپێکی سیاسیدا ،
دیل و دەست بەسەرکراوی ..؟
لە شەڕێکی عەشایەریی
کە ئارایشتیان کردووە و
بۆتە کەیسی سۆسیال یان کۆمەڵایەتیی ،
بەند کراوی .. ؟؟
گرنگ نییە هیچ کامێکیان
گرنگ ئەوەیه تۆ ماوی …
با وەک خۆی بێ ، چاوەڕوانی ..
دەربارەی من با نەزانی ..
گرنگ نییە
واهیمەی قوڵ .. بۆچوون ..ڕۆچوون
یان چاو و ڕاو ..
چیت بۆ دەرکەوتووە لە ناکاو ..
گرنگ ئەوەیە تۆ ماوی ..
شار نەیمێنێ ئاو و موچەی
تاریک دابێ گۆشە و کوچەی ..
گرنگ نییە هیچ کامێکیان ،
گرنگ ئەوەیە تۆ ماوی
گرنگ نییە قسە بکەی ..
حاڵ و هەواڵم بپرسی ..
جەژن بڕوا بە تاساویی ..
دڵ هەر ئیش کا بە شکاویی ..
فرمێسک ئیش کا بە تکاویی ..
پیریی تا بێ ، تیری زیاتر با لەلاویی ..
زانکۆ تا بێ دوورتر کەوێتەوە
جارێ له جارێکیان …
بە جۆرێ مەحاڵ بێ چاوم
بکەوێتەوە بە چاوی ..
گرنگ نییە هیچ کامێکیان ..
گرنگ ئەوەیه تۆ ماوی ..،
ـــدێڕی دووەم ــ
ئەو شەوانەی باران ئەبارێ ،
من نانووم ..
بە دیارییەوە ئێشک ئەگرم ..
نەک دڵۆپەیەک زامدار بێ و
پێویستی بە فریاگوزاری خێرابێ ..
نەک ئاوازەکەی ڕاگرێ کە ببینێ هەموو خەوتون ، کەس گوێ ناگرێ ..
نەک کۆمەڵێ دڵۆپە برسیان بێ و
کەس نەبێ تیکە نانێکیان بۆ حازر کا ..
نەک هەندێکیان سەرمایان بێ و
کەس نەبێ چایەکی گەرم و
بەتانییەکیان بۆ بێنێ ..
نەک کۆمەڵێ دڵۆپە لە هەورەگرمە،
یاخی بن و ..
پێویستیان بە یارمەتی بێ ..
٭ ٭ ٭
لە شەوێکی پڕ لە بۆن و
بەرامەی خاک ..
پڕ لە ئاواز ..
ئەبێ سودی خەوتن چی بێ ؟