Skip to Content

ڕەهەندی باوککوژی لە ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم دا.. ئاراس سەعید

ڕەهەندی باوککوژی لە ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم دا.. ئاراس سەعید

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 24, 2023 General, Literature

“دەستپێک و سەرەتا”

باوککوژی

میتۆلۆژیایی”باوککوژی وەکوو ڕەهەندێکی سیمبوولی و کولتووری دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترین پنتی کۆمەڵە بەراییەکانی مرۆڤ. ئەمەش لە کتێبی “تەوتەم و تابۆ”ی “سیگمۆند فرۆید” دا دەبینینەوە، کاتێک لە یەکێک لە کۆمەڵگە بەراییەکاندا باوکێکی ستەمکار دەیەوێت کوڕەکانی بچەپێنێت و لە سێکسکردن لەگەڵ ژنانی ناو هۆزەکەی بێبەشیان بکات، بەوهۆیەوە کوڕەکان باوکیان دەکوژن[1].لە میتۆلۆژیایی یۆنایشیدا “ئەفسانەی ئۆدیب” تراژیدیترین چیرۆکی باوککوژییە، لەلایەن شانۆنووسی یۆنانی ( سۆفۆکلیس – Sophokles)ەوە نووسراوە. پوختەی چیرۆکەکە لەبارەی خێزانی پاشای سیبینەوە دەوێت، کاتێک (لایۆس) پاشا و شاژنە (جۆکاسبە) لە لایەن عەرافێکەوە پێیان ڕادەگەیەندرێت، لە ئایندەدا ئەوان دەبنە خاوەنی کوڕێک، کاتێک کوڕە گەورە دەبێت باوکی خۆی دەکوژێت و دایکی لەخۆی مارە دەکاتەوە.

کاتێک (ئۆدیب) لە دایک دەبێت، جۆکاسبەی دایکی بۆئەوەی پێشبینی عەرافەکە نەیەتەدی، بڕیار دەدات کوڕەکەی لەناوبەرێت. بۆیە ئۆدیبی کوڕی ڕادەستی شوانێک دەکات و پێی دەڵێت: ئەم منداڵە بەرە دارستانێک بە دارێکەوە بیبەستەرەوە تاوەکوو دەمرێت. بەڵام شوانەکە دڵی بە منداڵەکە دەسووتێ و فرمانی گەورەکەی بەجێناهێنێت، بەڵکو منداڵەکە دەداتە دەستی خزمەتکارێکی (کۆرینتۆس) پاشا و پێی دەڵێت: بیبە بۆ خۆت. خزمەتکارەکەی کۆرینتۆس، منداڵەکە دەباتەوە بۆ گەورەکەی و ئەویش دەیکاتە کوڕی خۆی. کوڕەش لەژێر سایەی پاشادا دەژێت و دەبێتە شازادە، بەڵام هەتا گەورە دەبێت نازانێت کە کوڕی ڕاستەقتینەی (کۆرینتۆس) نییە. ڕۆژێکیان عەرافی پەرستگەی دێلفی پێی رادەگەینێت: کە گەورە دەبێت، باوکی دەکوژێت و پاشانیش دایکی لەخۆی مارە دەکات. ئەویش بۆئەوەی لەم قەدەرە شوومە خۆی ڕزگار بکات، بڕیار دەدات کە کۆشک و مەملەکەتەکە بەجێبهێڵێت. کاتێک کە لەرێگەی دێلفیەوە دەچێتە دەرێ، لەڕێگە لەگەڵ پیاوێکی پیرەپیاوێکی ئینکاردا دەبێتە شەڕیان و پاشان کۆنتڕۆڵی خۆی لە دەستدەدات و ئەو پیاوەو خزمەتکارەکەی دەکوژێت، بەبێ ئەوەی بزانێت کە ئەوەی کوشتوویەتی، باوکییەتی و پاشای سیبینە و دواتریش شاژنە جۆکاسبەی دایکی مارە دەکاتەوە و کاتێک دەزانێت باوکی خۆی کوشتووە و لەگەڵ دایکی خۆیدا سێکسی کردووە، لەنێو ئازاری هەستکردن بەگوناهدا دەتلێتەوە و لە ئەنجامدا چاوی خۆی کوێر دەکات [2].

“گرێی ئۆدیب”

فرۆید بە تێڕامان لە (ئەفسانەی ئۆدیب) چەمکی باوککوژی لە سایکۆلۆجییدا تیۆریزە دەکات. بەپێی ئەو تیۆرییە، (لیبیدۆ- Libido) مۆتیڤی کردەی باوککوژییە، ئەمەش جۆرێکە لە گرێی دەروونی بە (گرێی ئۆدیب – Oedipus complex) ناودێری دەکات. گرێی ئۆدیب بەناوبانگترین تیۆریی سایکۆلۆجییە، کە شوناسی سوبێکتی سێکسی شرۆڤەدەکات. بەپێی ئەو تیۆرییە (گرێی ئۆدیب) ئەوە پیشان دەدات کە مرۆڤ لە تەمەنی منداڵیدا، هەستێکی نائاگایی سەرنجڕاکێشی بەرامبەر بە دایبابی ڕەگەزی بەرامبەر و ڕکابەری و ڕق لەگەڵ دایبابی هاوڕەگەز بۆ درووست دەبێت.

فرۆید دەڵێت: هەموو مناڵێک و هەموو مرۆڤێک بەم گرێیەدا تێدەپەڕن. یەکەم ئۆبێکتی لیبیدۆ بۆ کوڕ، دایکییەتی. ئەو دایکی خۆى خۆشدەوێت و ڕقى لە باوکێتى، چونکە دایکى ئەمى وەک مەعشوقێک داگیرکردووە. پاشان بەهۆى هەڕەشەى باوکەوە دووردەکەوێتەوە و ناچارە ڕوو لە ژنێکى تر بکات، کە شێوەی لە دایکی دەچێت. ئەم دوو هەستە، لە مرۆڤدا زۆر ئاشکرا و ئاگایانە نین، بەڵکو (نەستەکى) و نائاگایانەن[3]. پێشتر بینیمان لە تراژیدیایی سۆفۆکلیسدا ئۆدیب نازانێت ئەوەی کوشتویەتی باوکی خۆیەتی، بەڵکو (لیبیدۆ) ئەو ماتە وزە سێکسیییە، دەکەوێتە سنووری (ئید) ەوە و دواتر لە لایەن (ئیگۆ) و (سۆپەرئیگۆ) وە ڕێکدەخرێت و دابەش‌ دەکرێت. بەپێی دەروونشیکاری فرۆید، (ئید) دیوە تارییکەی ناوەی ئێمەیە، کۆگایی جۆشوخرۆش و پاڵنەرە سێکسییەکانە. فرۆید پێی وایە: ئۆبێکتی هەستبزێونی کوڕ بریتییە لە دایک، دەیەوێت دایکی ببێێتە موڵکی ئەو. نا ئاگایانە لەژێر فشاری ئەنگێزە لیبیدۆییەکاندا بۆ ئەوەی دایکی بەدەست بهێنێت، دەکەوێتە ڕقەبەرایەتی لەگەڵ باوکیدا.

لەئەنجامی ئەو ڕقەبەراییەتی گرێییەکی دیکە دروست دەبێت کە بە (گرێی خەساندن) ناودێر دەکرێت. گرێی خەساندن گوزارشت لە ترسی منداڵی نێرینە دەکات بەرامبەر بە باوک، بەوەی کە ئەگەر ویستی سێکسی بەرامبەر بە دایکی بنوێنێت، ئەوا باوکی بە بڕینی ئەندامی نێرینەی سزای دەدات و دەکەوێتە قۆناغی متبوونەوە. بۆیە لە میتۆلۆژیای سۆفۆکلیسدا، کاتێک ئۆدیب تێدەگات لەگەڵ دایکى خۆى خەوتووە، هەست بە گوناه دەکات و لە سزاى ئەمەدا چاوێکى خۆى کوێردەکات. بەپێى فرۆید، ئەم خۆکوێرکردنە، جۆرێکە لە خۆخەساندن، واتە لەجیاتیی ئەوەى باوکى بیخەسێنێت، ئۆدیب خۆى ئەم سزایە بەسەر خۆیدا پیادەدەکات. فرۆید بەتێڕامان لە لیبیدۆی نێرینە، (گرێی ئۆدیب) ئاوەژوو دەکاتەوە و (گرێی ئەلکترا) لە کچاندا دەدۆزێتەوە. بەپێی شیکارییەکانی فرۆید، ئۆبێکتی لیبدۆی کچانە، مەیلی سێکسیە بۆ باوک. ئەشقی کچ بۆ باوکی دەبێتە هۆی ئەوەی لە دایکی دوور دەکەوێتەوە و لەبەرئەوەی کچ (چووک) ئەندامی نێریینەی نیە، بۆیە هەستێکی نائاگایی سەرنجڕاکێشی بەرامبەر بە باوکی و ڕکابەری و ڕقی لەگەڵ دایکی بۆ درووست دەبێت، ئەم ئیرەیبردنە بە (چووک) ڕقی کچ بەرانبەر دایکی زیاتر دەکات کە بۆچی دانەیەکی وای بەو نەبەخشیوە[4].

“حەسار و سەگەکانی باوکم”

ڕەهەندی سیکسواڵیتە

ڕۆمانی “حەسار و سەگەکانی باوکم” یەکێکە لە شاكارە ئەدەبییەکانی (شێرزاد حەسەن) کە پێش دنیای پڕۆسەی ئازادی نوسراوە و هێشتا دەقێکی زیندووە و کاریگەری خۆی لەدەست نەداوە. تێکستەکە دەربارەی دوونیابینی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و خێزانی کۆمەڵگەی کوردی دەوێت کە تێدا باوک وەکوو سیمبولی دەسەڵات پەیکەربەندی شوناسی سێکسی بکەر دادەڕێژتەوە. باککوژی وەکوو قوڵترین پنتی تێکستەکە لە دووگۆشە نیگا دا دەردەکەوێت. لەنیگایی یەکەمیدا وەکوو فۆڕمێکی کولتووری و سیمبولیی خۆی نمایش دەکات. لەنیگای دووهەمدا باوک وەکوو ڕەهەندێکی بایەلۆژی و سایکۆلۆجی دەردەکەوێت. دەتوانین بڵێن، کۆی بیرۆکەی ڕۆمانەکە لە ژێرکاریگەری ئەفسانەی باوککوژی ئۆدیب نووسراوەتەوە. لەڕووی سیۆسیۆلۆجییەوە حەسار بریتییە لە دەستنیشانکردنی سنوورداکردنی سێکسواڵییتە، لەلایەن سیستەمە پاتریاریاکییەکانەوە. دەکرێت حەسار گوزارشت بێت لە کۆمەڵگەی پاتریاریکی لەڕێگەی نۆڕم و بەهاکانییەوە، شوێنی سێکسواڵیتە دەستنیشان دەکات و لە چوارچێوەی ئایین و مۆڕاڵی دەستەجەمعیەوە قەتیسی دەکات. وەکوو (ئەو کۆمەڵگە بەراییەی باوکێکی ستەمکار دەیەوێت کوڕەکانی لە سێکسکردن لەگەڵ ژنانی ناو هۆزەکەی بێبەش بکات.)

حەساری باوک پڕە لەژنی جوانکیلە و کیژۆڵەی نازدار، وەلێ بابە، کوڕەکانی لە سێکسکردن لەگەڵ ژنانی نێو حەسارەکە بێ بەش دەکات و دەیان چەپێنێت، زمانی هەرکەسێک دەبڕێت وشەی حەرام دەربڕێت، وەی بەحاڵی ئەو کەسەی خەون بە حەرامەوە دەبینێت.

حەساری باوک گوزارشتە لە سیستەمی پاتریاریکی ئایینی کە چۆن سێکسواڵیتە کۆنتڕۆڵ دەکات. وەکوو ئەوەی (میشێل فۆکۆ) لە (مێژووی سێکسواڵیتە)دا دەڵێت: لە سەدەی هەژدەهەمدا کۆنتڕۆڵکردنی سێکس دەچێتە ئەستۆی “پۆلیس” لە کاتێکدا پۆلیس ناتوانێت ئەم ئامانجە بێهێنێتەدی. پۆلیسی سێکس بەمانایی توندووتۆڵکردنەوەی قەدەغەیەک نیە بەڵکو پێویستی بە ڕێسابەندکردنەوەی سێکسە لە ڕێگەی گوتاری بەکەڵکهاتوو گشتییەوە. فۆکۆ دەڵێت: پێشووتر وشەکان بەبێ هیچ کۆدێک دەگوترانەوە، بەڵام پۆلیسی زمانی و تەکنیکەکانی زمانەوانی وشەگەلی عەیبە و ناشرینی داهێنا و سێکس لە نێو زماندا کۆنتڕۆڵکرا. جگە لە خێزانی (هاوسەرانە و ژووری دایک و باوک) ئیدی هەر زمانێک لەبارەی سێکسەوە بدوایە دەبوو بێدەنگ بکرێت. گوتاری ئایینی، گوتاری پەروەدەیی، گوتاری زانستی هەموو گوتارەکان کۆدکران. منداڵەکان تەمێکران لەسەر نەگوتنی هیچ شتێک لەبارەی سێکسەوە. ئیدی سێکسواڵیتە بە بێدەنگی مایەوە و بارسوڕانی ئازادانەی لە نێو زماندا کۆنتڕۆڵکرا. ئەگەر کەسێک لەبارەی ویست و خولیای سێکسی ئەوانیتر بدوایە، دەبوو گوێیەکانمان بخەوێنن، دەممان لە بارەی خولیاو ویستەکانماوە دابخەین. ئا لێرەوە دەسەڵاتی زمانی، سێسکواڵیتەی لەنێو تەکنیکی زمانەوانیدا کرد بە تابۆ، دەبوو وشەکان و گوتارەکان بپاڵێوین و لە فلتەریان بدەین[5].

بابە دەڵێت: هەرکەسێک بێتە ئەم حەسارەوە پێویستە بخەسێندرێت. هەرکەسێک خەونێکی سێکسی ببینێت دەبێت بیچەپێنێت. کەس بۆی نیە له حەسارەکەی بابەدا بیر لە شتی خراپ بکاتەوە. بەدیدی فۆکۆ: چەپاندنی سێکس پەیوەستە بە تەکنیکەکانی دەسەڵاتەوە، کە هەژموونی خۆی بەسەر سێکسدا دەسەپێنێت. کاتێک دەسەڵات توانای کۆنتڕۆڵکردنی جوڵەی سێکسی نابێت، ئیدی پڕۆسەی چەپاندن و سەرکوتکردن دەستپێدەکات.

باوک لەنیگای یەکەمدا وەکوو ڕەهەندێکی سیمبولی و کولتووریی، بەشداری دەکات لە داڕشتنەوەی پەیکەربەندی شوناسی سێکسی مرۆڤ. کووشتنی باوک بەمانایی تێکشکاندنی کۆی ئەو بەربەستە کۆنکرێتانەی کە ئازادییە گریمانەکراوەکانی مرۆڤ سنووردار دەکات. کوشتنی ئەو پۆلیسەی کۆمەڵایەتییەی کە دەوێت، منداڵەکانی بگۆڕێت بۆ تایپێک لەمرۆڤی گوێڕایەڵ و چەپێنراو. باوک زیاتر لە چەند مانایەک هەڵدەگرێت، باوکی خێزانی، باوکی ئایینی، باوکی ڕووحی، باوکی ئیدۆلۆژی، باوکی کۆمەڵایەتیی. بەدەربڕینێکی دیکە، باوک بەمانایی کۆی ئەو سیستەمە پاتریاریکەی دوونیا بینی سێکسواڵیتەی ئێمەی لەسەر بوونیادنراوە. بەدەربڕیینە نیتچەیەکە: تێکشاندنی باوک، یەکسانە بە مەرگی نۆڕم و ئەخلاقی ژێردەستە.

ڕەهەندی سایکۆلۆجی

لەنیگای دووهەمی ڕۆمانەکەدا، باوککوژی وەکوو ڕەهەندێکی سایکۆلۆجی بەسەر تێکستەکەدا زاڵە. دەتوانین “گرێی ئۆدیب” لە کارەکتەری گێڕەڕەوەدا دەستنیشان بکەین، کاتێک دەڵێت: “دواژنی بابە نەبوایە، قەت نەم دەتوانی بیکوژم، وەی لە ڕابی هێشتا بوکی مانگێک بوو، کە ڕۆژێکیان پەرێزی لێگرتم و لەسەر ناعوررەکە، بە قرەجێکەوە قەرە بەقەرەم وەستا. لاونیو تێم ڕاما. مەکربازانە پتر خۆی بەسەر شوورەکەدا شۆڕکردەوە و مەکربازانە سنگ و قورسایی هەردوو مەمکی سوخمەیان دادڕی و باخەڵی کراسە تەنکەکەیان پتر بۆ خواتر داخزاند و جۆگەلەی زۆر تەنگی نێوان هەردوو مەمکەکانی گێژی کردم. لەوەدا بوو سەرم گێژ بخوات و بۆ نێو ناعوورەکە سەرانگرێ بم. بێ شەرمانە پێی وتم: سەیری چی دەکەیت خەسیوی نامەرد؟! درۆ دەکەیت…ئەگەر غیرەت لە دەمارتا هەیە ئەمشەو باوکت لەباوەشی مندا دەبێت، شەو نۆرەمە.”

بۆ “گرێی ئۆدیبی” گێڕەرەوە، ئۆبێکتی زڕ دایک لیبدۆیی سێکسیییە. گێڕەڕەوە ئەوە نمایندە دەکات کە هەستێکی سێکسی سەرنجڕاکێشی بەرامبەر بە زڕدایکی بۆ درووست دەبێت و دەیەوێت بەتەواوی بەدەستیبهێنێت و جۆش و خرۆشانەکانی (لیبیدۆ) دەیباتە شەڕ و ڕکابەری و ڕق لەگەڵ لەگەڵ باوکیدا و لێرەوە بیرۆکەی باوککوژی لا گەڵاڵە دەبێت. ئۆبێکتی هەستبزێونی کوڕ بریتییە لە دایک، دەیەوێت دایکی ببێێتە موڵکی ئەو. نا ئاگایانە لەژێر فشاری ئەنگێزە لیبیدۆییەکاندا بۆ ئەوەی دایکی بەدەستبهێنێت، دەکەوێتە ڕقەبەرایەتی لەگەڵ باوکیدا.

بەپێ سایکۆلۆجی فرۆیدی، لەئەنجامی ئەو ڕقەبەراییەتی گرێییەکی دیکە درووست دەبێت، بە “گرێی خەساندن” ناودێر دەکرێت. گرێی خەساندن گوزارشت لە ترسی منداڵی نێرینە دەکات بەرامبەر بە باوک، بەوەی کە ئەگەر ویستی سێکسی بەرامبەر بە دایکی بنوێنێت، ئەوا باوکی بە بڕینی ئەندامی نێرینەی سزای دەدات و دەکەوێتە قۆناغی متبوونەوە. خەساندن لە ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم دا، لە دوو نیگادا دەردەکەوێت. لە نیگای یەکەمیدا؛ بابە پشیلەکان و کرێکارەکانی حەسار دەخەسەنێت. وەکوو لە نۆڤلێتەکەدا دەڵێت: (“چاکە هەر شەوی یەکێکیان دەخەسنێم.” واتا: پشیلەکان. لەنیگای دووەهەمیدا، گێڕەرەوە خودی خۆی دەخەسەنێت و دوای کوشتنی باوکی، وەکوو سزایەک لە گۆڕەکەیدا پاڵ دەکەوێت تا کرم تێی دەدات و دەمرێت. ئەمەش لە کۆتایی تراژیدیای(سۆفۆکلیس) بەدیدەکەین کاتێک پاڵەوانی ئۆستوڕەکە بە سزای کوێرکردن، خۆی دەخەسێنێت.

بۆ لیبیدۆی کچانە باوک ئۆبێکتی سێکسسیە، لە کچانی حەساردا، بەشێوەیەکی بەرچاو خۆی ئاشکرا دەکات. کاتێک گێڕەرەوە باوکی ناو حەسارەکە دەکوژێت، کچەکان بەمەرگی بابە نیگەرانن و دەڵێن: “کوا چیت لە باوکی عەگید و چەنگەلمان کرد؟ کوا چیت لە مێردی خاسمان کرد؟ ئەو پیاوەی منداڵی نێو بێشکەیان پێ دەترسان؛ ئەو پیاوەی چاپوکترین سوار و چاترین حەیران بێژ بوو.” کاتێک منداڵ خۆی دەخەسەنێت، لە دایبابی ڕەگەزی دوور دەکەوێتەوە دەیەوێت کەسێکی دیکە، هاوشێوەی ئۆبێکتی لیبیدۆی سێکسییەکەی بدۆزێتەوە. ئەمەش لە دوای مەرگی باوکی حەساردا دەردەکەوێت، کە یەکێک لە کچەکانی حەسار عاشقی شەلەی زێنوان دەبێت.

لە ڕۆمانەکەدا لیبدۆیی سێکسی کوڕانە بەکووشتنی باوک دەچەپێنردێت، وەلێ لیبدۆی سێکسی کچانی حەسار بەڕوونی خۆی نیشان دەدات، کاتێک گێڕەوە لەبارەی جۆش و خرۆشانەکانی خوشکەکانییەوە دەدوێت و دەڵێت: “خوشکە قەیرەکانم بۆنی پیاویان نەکردبوو، لە حەیبەتان دەچوونە گژ ئەسپەکەی باوکم”. بە تێکەڵکێشکردنی تیۆری سایکۆلۆجی فرۆیدی لە خوێندنەوەی تێکستەکە، تیۆری شیکاری خەونەکان لە نیگایەکی دیکەی ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت. کاتێک باوکە بەدزییەوە دەچێتە ژووری نووستنی کچەکان، لە جووڵەی لێوان و پێڵووی چاوەکانیان ورد دەبووەوە سەرپۆشی تەڕی هەڵدەدایە سەردەموچاوی زەردهەڵگەڕاوی خەم لێنیشتوویان، تا بزانێت بەدەم ڕاپەڕین لەخەوەوە ناوی چی نێرینەیەک دێتە سەر زاریان. بەپێی تیۆریی فرۆید، خەون ناوەڕۆکێکی ئاڵۆز و شاراوەی لیبدۆییەوە نەستەکییەکەوە هەیە، لە خەوندا خۆی تێردەکات. بەدەربڕێنێکی دیکە، سینارۆی خەون لەپاشماوە چەپێنراوەکای ڕۆژدا درووستدەبێت، لە کاتێکی نائاگاییدا دەردەکەوێت و خۆی تێردەکات. فرۆید دەڵێت: هەر خەونێک بەدیهاتنی ئارەزووییەکی نەستەکی چەپێنراوە[6].

ئارەزووە لیبدۆییەکانی کچانی حەسار لە خەونەکانیاندا تێر دەکەن. هەندێکیان لەترسی ئەو باردۆخە نەستەکییە، خۆیان دەبەستەوە، نەوەکو بەدەم خەونەوە بڕۆن و ئارەزووەکانیان لە شتەکانی دەوروبەر تێربکەن. سایکۆلۆجی فرۆیدی گرنگییەکی ئێجکار بە سیمبولەکان دەدات لە فۆڕماسیۆن ی خەونەکاندا. سمیبوولەش لە ڕۆمانەکەدا هەن لە نموونەی (شمشێر و گۆچان و سۆندە) گوزارشتن لە ( ئەندامی زاوزێی نێرینە).

سەرچاوەکان:

سيغموند فرويد: الطوطم والحرام. ترجمة جورج طرابشي، الناشر:دار الطليعة للطباعة والنشر، 2008.
The legend of Oedipus
https://www.greekmythology.com/Myths/Mortals/Oedipus/oedipus.html

Sigmund Freud: The Book of :(The Psychopathology of Everyday Life and (The Interpretation of Dreams ..1899) ..pdf
4.Sigmund Freud:(The Interpretation of Dreams ..1899)..pdf

ئاراس سەعید: لەبارەی مێژووی سێکسوالیتە، ماڵپەڕی چاوی کورد. بڕوانە: https://chawykurd.com/2023/02/22/%d9%84%db%95%d8%a8%d8%a7%d8%b1%db%95%db%8c-%d9%85%db%8e%da%98%d9%88%d9%88%db%8c-%d8%b3%db%8e%da%a9%d8%b3%d9%88%d8%a7%da%b5%db%8c%d8%aa%db%95%d9%88%db%95/?fbclid=IwAR3S26X_r9OpyOLQ3obRHjEdnRNk0iBrXv0hcfu9x4q0PjcbuIt9wBWvD_o
The Interpretation of Dreams.(1899)
شێرزاد حەسەن: حەسار و سەگەکانی باوکم. چاپەمەنی مانگ، چاپی چوارەم، 2021.

Previous
Next
Kurdish