Skip to Content

گفتوگۆ لەگەڵ شانۆکار ژیار ئیسماعیل.. ئامادەکردنی: کامەران حاجی ئەلیاس

گفتوگۆ لەگەڵ شانۆکار ژیار ئیسماعیل.. ئامادەکردنی: کامەران حاجی ئەلیاس

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 24, 2023 General, Literature

ژیار ئیسماعیل: ڕەخنە ئاراستە و رێرەوی ژیان بەرەوپێش دەبات و گۆرانکاری دروست دەکات
ژیار ئیسماعیل: شانۆ کاریگەری بنچینەیی لەسەر کۆمەڵگە و ژینگە و شێوازی ژیانی تاک هەیە
ژیار ئیسماعیل: ناتوانم بیربکەمەوە ئەگەر شانۆکار نەبم
خاتوونی هونەرمەند “ژیار ئیسماعیل” یەکێکە لەوئەکتەرانەی کەشوێن پەنجەی لە نێو شانۆی کوردی دیارە، بەشداری چەندین شانۆگەری کردوە، خاوەنی خەڵاتی باشترین ئەکتەری فیستیڤاڵی شانۆی منداڵان بووە لە هەولێر،کارەکانی لە (کوردستان ،ئێران ،سوێد، ئەڵمانیا) نمایش کراوە،لەم ماوەی دوایی توانی بڕوانامەی ماستەرلەژێر ناونیشانی (ئەرکی پێداگۆجی نوێ لە نمایشی شانۆیی منداڵان) بەدەست بهێنێت. ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە کارو چالاکییەکانی ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا سازداوە.

*سەرەتا پێمان باشە باس لە چۆنییەتی ئاشنا بوونت بە هونەری شانۆ بکەیت .

  • من ژیار ئیسماعیل حەوێزلە 1989 لە شارە جوانەکەی هەولێر لەدایک بووم ، دەرچووی پەیمانگا و کۆلیژی هونەرە جوانەکانی هەولێرم لە بەشی شانۆ/ نواندن ، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر زانکۆیی سەلاحەددین –هەولێر2022 بە ناونیشانی( ئەرکی پێداگۆجی نوێ لە نمایشی شانۆی منداڵان) ، نزیکەی لە 25-30 نمایشی شانۆ وەک ئەکتەر بەشداریم کردووە ،خەڵاتی باشترین ئەکتەری شانۆی منداڵان پێدراوە لە فیسڤاڵی شانۆی منداڵان لە هەولێر لە ساڵی2010، بەشداری چەندین نمایشی شانۆیم کردوە لە (تورکیا،ئێران،سوێد ، ئەلمَانیا) لە ئێستادا مامۆستام لە بەرێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان خزمەت بە جیهانی منداڵان و شانۆی قوتابخانەکان دەکەم ، وەک دۆبلێر کاری دۆبلاژ بۆ دراما و فیلمە بیبانییەکان دەکەم ، سەبارەت بە ئاشنا بوونم بە هونەری شانۆ دەگرێتەوە بۆ بنەماڵە و خێزانەکەم کە چەندین هونەرمەندی تێدا پەروەردە بووە ، باوکم لەساڵی 1952 لە شاری ڕانیە وەک ئەکتەر ڕۆڵی گێراوە ، وە دوو خوشکی گەورەتر لە خۆم دەرچووی شانۆن و ئەکتەری دیارن ، جگە لە کەسە نزیکەکانی ناو بنەماڵەکەم کە ئەکتەر و شێوەکار و میوزیک ژەنی بە توانان بۆیە ئەو جیهان و ژینگەیی من تێیدا گەورە بووم زۆربەیان هونەرمەند بوون ،کە بۆ من بوونەتە رێنیشاندەر و شانازی .

    *ئێوە لە خێزانێکی هونەرین تاچەند ماڵەوە هۆکار بوون بۆ ئەوەی هونەری شانۆ هەڵبژێرت؟
  • بێگومان ، کاریگەری زۆر ئەرێنییان لەسەرم هەبووە ، وە دایک و باوک و خوشک وبرا هەمیشە پاڵپشت و رێنماییکارم بوونە هەمیشە هۆکاری بڕوا بە خۆبوون و بەردەوامی منن ، ئەمەش وایکردووە بەردەوام بم و دانەبڕێم هەمیشە کارەکەم ، پیشەکەم ، هونەرەکەم بە بەرزی سەیر بکەم و دڵسۆز بم بۆیان .

    *سەرەتا بە هونەری نواندن دەستت پێکرد بەڵام لەم دواییەدا کاری دەرهێنانیشت کردوە زیاتر خۆت لە کامەیان دەبینتەوە؟
  • ڕاستە چونکە من لە پەیمانگا و کۆلێژی هونەرە جوانەکان پسپۆری نواندنم تەواو کردوە، هەمیشە تواناکانی خۆمم لە ئەکتەر و بەرجەستە کردنی ڕۆڵ بینیوەتەوە، بەڵام هەر لەوە نەمامەوە دەستم بەکاری دەرهێنان کرد بۆ نمایشی شانۆی منداڵان کە لە فیستیڤاڵی چالاکی قوتابخانەکان نمایشکرا بە ناوی (سەمای کچە پەمەییەکان ) هەستم کرد دەتوانم لەدەرهێنانیش سەرکەوتوو ببم تا بتوانم زیاترخزمەت بە هونەری شانۆ و نمایش و جیهانی منداڵان بکەم ، بەڕای من ئەکتەری سەرکەوتوو دەتوانێت ببیـە دەرهێنەر و ڕاهێنەری باش .

    *هونەرمەندێکی دیار کراو هەیە کاریگەریان لەسەربەرێزتان هەبووبێت؟
  • کە وتمان هونەر واتە بە هەموو بەشەکانییەوە بۆیە دەلێم، بەڵێ هەر هونەرمەندێک هونەرێکی ئاست بەرز پێشکەش بکات ، بێگومان کاریگەری دەبێت چێژی لێدەبینم و دڵخۆش دەبم .

    *وەکو شانۆکارێکی ئەکادیمی لە ئێستادا شانۆی کوردی چۆن دەبینی؟
  • بەداخەوە، شانۆی کوردی خەریکە بەرەو داڕمان و ڕووخان دەچێت ، بە تایبەت لە شاری هەولێر کە ئەوەش جێگای داخە .

    *چۆن دەڕوانیتە رەخنەو رەخنەگری شانۆ لە کوردستان ؟
  • یەکێک لەگرنگترین ئەو هۆکارانەی کە لە کۆمەڵگە دا لەپێشکەوتن و گۆرانکاری ڕیشەیی دەستی باڵای هەیە، ڕەخنەیە تا ڕەخنە نەبێت بونیاد نابێت ، چونکە ڕەخنە ئاراستە و رێرەوی ژیان بەرەوپێش دەبات وە گۆرانکاری دروست دەکات ، وە چارەسەری ئەو کێشانە دەکات، کە بۆتە هۆی دەست نیشان کردنی ئەو کەم کوڕییەی لەو ناوەندە هەیە ، بەڵام ئایا ئێمە لە شانۆی کوردی ڕەخنەگرمان هەیە؟ ئایا شانۆکاران رۆحی ڕەخنە لێگرتنیان هەیە؟ ئایا تا ئێستا دەرهێنەرانی کورد و شانۆکار لە حەزوو ئارەزووەکانی بینەران شارەزان دەزانن ئەوان چیان دەوێت ؟ بێگومان تا ڕادەیەکی زۆر وەڵاەمەکان بە نەخێرە بۆیە ناتوانین نەڕەخنە گری ئەکادیمی و نە شانۆیەکی باشمان هەبێت، دەتوانم بڵێم ڕەخنەگری شانۆی کوردی بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن .

    *تاچەند شانۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا هەیە، راستە شانۆ قوتابخانەی گەلە ؟
  • هونەر بە گشتی و هونەری شانۆ بەتایبەت کاریگەری بنچینەیی لەسەر کۆمەڵگە و ژینگە و شێوازی ژیانی تاک هەیە ،شانۆ دەتوانێت گۆرانکاری ڕیشەیی لە کۆمەڵگە بکات ، بەشداربێت لە بەرەو پێش چوونی کایەکانی ووڵات ، لە پاراستنی کلتور، لە بەها کۆمەڵایەتییەکان ، هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ، هەستی نیشتمان پەروەری ،وە ئەوەی زۆر گرنگە زۆربەی دەرونناسان و پەروەردەناسانی هاوچەرخ درکیان بە ڕۆڵی شانۆ کردوە لە پرۆسەی فێربوون و بە رێگایەکی کاریگەرو باش دادەنرێت بۆ پەروەردە کردنی تاکێکی تەندروست لە ناو کۆمەڵگە . بۆیە شانۆ هەم ئاوێنەی گەلە، هەم ئاوێتەی گەلە .

    *لەم دواییەدا ماستەر نامەت لەسەر شانۆی منداڵان بەدەست هێنا ئەگەر بکرێت باس لە ناوەڕۆکی ماستەرمانەکە بکەیت؟
  • تێنزی ماستەر نامەکەم لەژێر ناونیشانی (ئەرکی پێداگۆجی نوێ لە نمایشی شانۆیی منداڵان) وەک یەکەم نامەی ماستەر لەسەر ئاستی کوردستان لە بابەتی (پێداگۆجی) بە پلەی نایاب پەسەند کرا ، لەم تێنزە ئەکادیمییە دا شییکاری بۆ سێ نمایشی شانۆی مندڵان کراوە، کە تاچەند شانۆ کاریگەری لەسەر پەروەردە و فێرکردنی فێرخوازان هەیە ، کە لە ئێستادا لە ووڵاتە پێشکەوتو خوازەکان( شانۆ، دراما ،تەکنیک، سینەما) وەک گرنگترین هۆکاری فێربوون بەکاردێن ،دەتوانن زۆرترین ئەنجام بدەن بە دەستەوە . وە کارم لەسەر خودی مامۆستا کردوە کە وەک ئەکتەر ڕۆڵ دەبینێت بە مەبەستی فێرکردن، بۆیە پێویستی بە میتۆد و تەکنیک و لێهاتوویەکی زۆر دەبێت، گرنگی دان بە جەستە و دەنگی کە دوو بواری گرنگ لە شانۆدا، مامۆستاش لە پۆل بتوانێ سوود لە شانۆی پۆل ،رۆڵ بینینی فێرخوازان ببینێ بۆ پرۆسەی فێرکردن وەک( کۆنفۆشیۆس) فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێت ” پێم بڵێ بیرم دەچێتەوە، نیشانم بدە ڕەنگە بیرم بمێنێت ، بەشداریم پێبکە هەرگیز بیرم ناچێتەوە” ئەمەش گرنگی لایەنی کرداری و پراکتیکی وانە وتنەو پرۆسەی فێربوون دەردەخات ، کە چیتر فێرکردن لە سیستمی بانکی پاولۆ فرێری نەهێلینەوە ،کە فێرخواز مێشکی وەک بانک تەنیا زانیارییەکان وەربگرێت. دەبێت هەنگاوی نوێ بنێن بگەینە ئاستی ووڵاتانی پیشکەوتوو ،لە پرۆسەیپەروەردەو فێربوون فێرخواز سەنتەر بێت ، ڕەخنەگر بێت ، داهێنەر بێت ،بۆئەمەش پێوستمان بە میتۆناسی ( پێداگۆجی)ە، تا کارامەیی مامۆستا بگاتە ئەو ئاستەی لەرێگەی شانۆ ، چیرۆک ، یاری ، ژینگەیی ئازاد و چێژ بەخش فێرخوازی داهێنەر دروست بکات .

    *چۆن دەڕوانیتە ئاستی شانۆی منداڵان لەکوردستان؟
    -بەداخەوە ئاستی شانۆ بەگشتی لاوازە، کە ئەم خاڵەش گرفتی سەرەکی تێنزی ماستەرەکەمە کە هۆکارەکانی خراونەتە ڕوو.
    گرنگترین ئاستەنگ لەبەردەم شانۆی منداڵان و شانۆی قوتابخانە ئاستەنگی کۆمەڵایەتییە کە تێڕوانینی بەشێک لە خێزان وایە کە شانۆ رێگە خۆشکەرە تا فێرخواز لە وانەکان دور بکەوێتەوە ،ئەم ڕوانگە هەڵەیەش بە داخەوە بە شکستی فێرخواز کۆتایی دێت، هەروەها مامۆستا و بەرێوەبەری قوتابخانەکان تەنانەت بەشێک لە پسپۆرانی پەروەردەش بەشدارن لەو ئاستەنگە ، چونکە شارەزایی چەمکی شانۆیی پەروەردەیی نین ، کە شانۆ هۆکار و گەیەنەرێکی گونجاو باشە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی فێرکردن. خودی شانۆکاران و مامۆستایانی شانۆش لە وئاستەنگیە بەدەر نین ، زۆربەی دەرچووانی پەیمانگا و کۆلێژی هونەرە جوانەکان لە بوارەکانیان دوورن و تەنانەت وەک مامۆستاش ئامادە نین وانەی هونەر بە گرنگ سەیر بکەن لە قوتابخانەکان ، بە داخەوە بێئاگان لەوەی هەموو وانە زانستییەکان بۆ ئەوەی بە سەرکەووتوانە بە ئامانج بگات دەبێت بە هونەری شانۆدا تێپەر ببیت ،چونکە پیشەی مامۆستا بەئاگا یا بێ ئاگایانە خۆی لە ئەکتەر و نواندن دەبینێتەوە .

    *ئایا هەموو حەزو ئارەزووەکانت لە شانۆدا بەدیهاتووە؟
  • ناتوانم بیربکەمەوە ئەگەر شانۆکار نەبم ، دەبوایە چی بام؟ هونەر و شانۆ ئەو رێگایەیە کە هەرگیز هەستم نەکردوە پەشیمان بم لە هەڵبژاردنیان .

    *ئێمە زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین.
  • منیش رێز و خۆشەویستیم هەیە بۆئەو بەسەر کردنەوەتان.


    هەڤپەیڤین – کامەران حاجی ئەلیاس
Previous
Next
Kurdish