Skip to Content

بۆچی درامای پێستی شێر بوو بە وەرچەرخان لە درامادا؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

بۆچی درامای پێستی شێر بوو بە وەرچەرخان لە درامادا؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

Closed
by ئازار 27, 2026 General, Literature



چوار ساڵە زنجیرەی (پێستی شێر)لە دەرهێنانی ( جەمشید مەحموودی) بەرهەم هێنراوە، یەكەم ئەڵقەی لە مانگی ئەیلوولی 2022 نمایش كر، لەگەڵ خۆیدا شەپۆلێكی گەورەی گفتوگۆی لەناو میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هێنایە كایەوە، كە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
ناونیشانی دراماكە لەگۆرانییەكی زۆر بەناوبانگی هونەرمەند ئیبی (Ebi) بەناوی (پوست شیر) وەرگیراوە، لە تێكستی ئەو گۆرانییەدا هاتووە: دڵم وەك پێستی شێرە، بەڵام لە كاتی بینینی تۆدا دەبێتە پەڕەی گوڵ.
ئەمە ڕێك وەسفی نەعیمی باوك دەكات، وەك پیاوێكی زبرو بەهێز، وەك پێستی شێر ڕەق و بەرگەگرە بەرامبەر دوژمنانی، بەڵام ناسكتر لە پەرٍەی گوڵ بەرانبەر ساحلی كچی .
چیرۆكی (پێستی شێر) باس لە تراژیدیایەكی قووڵی ڕابردوویەكی پڕ لەهەڵە و ئێستایەكی پڕ لە تۆڵەدا دەكات.
چیرۆكەكە بەئازادبوونی نەعیم (هادی حیجازی فەر) لە زیندان دەست پێدەكات، دوای ئەوەی ١٥ ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەر برد.
نەعیم تەنها ئاوتی ئەوەبوو ، ڕۆژێ‌ لە رَۆژان بە(ساحل) ی كچە تاقانەكەی بگاتەوە، بەڵام هێندە لەكاتی گەڕانەوەیان لە گەشتێكیاندا تێنەپەڕیبوو ، كاتێ‌ لەلایەن گروپێكی نەناسراوەوە هێرش كرایە سەر ئۆتۆمبێلەكەیان و نەعیم بێهۆش دەكرێت و ساحل دەڕفێندرێت.
دوای ماوەیەكی كورت، تەرمێكی سووتاو دەدۆزرێتەوە، گوایە تەرمی ساحلە. ئیدی لێرەوە جیهانی نەعیم دادەڕمێت.
نەعیم ناتوانێ‌ قەناعەت بە خۆی بێنێ‌ ساحل مردبێت، یان بەو شێوەیە بكوژرێت، بۆیە نەعیم بە یارمەتی( ڕەزا پەروانە) ی هاوڕێ‌ ی ، دەكەونە گەڕان بەدوای بكوژەكاندا.
لەهەمان كاتدا، ئەفسەرێكی پۆلیس بەناوی موشكات (شەهاب حوسەینی) كە خۆی پێشتر كچەكەی بە شێوەیەكی توندوتیژ كوژراوە، دۆسیەكە دەگرێتە دەست.
لە ناوەڕاستی زنجیرەكەدا، سوپڕایزێكی گەورە ڕوودەدات، كاتێ‌ ئاشكرا دەبێت ساحل نەمردووە! بەڵكو ڕفێندراوە و لە شوێنێكی شاراوە بەند كراوە. دەركەوت كە ئەو تەرمەی دۆزرایەوە پلانێكی داڕێژراو بوو بۆ ئەوەی نەعیم دەست و پێی بشكێ‌ و لە ساحلی كچی بێ‌ ئومێد بێت.
لەم نێوەندەدا، لەیلا (ژیلا شاهی) وەك هاوسەری ڕەزا پەروانە، دەورێكی مرۆیی گرنگ دەگێڕێت. كاتێ‌ دەبینێت چۆن ڕەزای مێردی ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە بۆ یارمەتیدانی نەعیمی هاوڕێی، (لەیلا) لەو زنجیرەیەدا سیمبولی ئەو ئارامی و قوربانییە بوو، كە لەجیهانە پڕ لەخوێن و تۆڵەكەی نەعیمدا مابووەوە، ئەو ژنە نموونەیەكی لە خۆشەویستی بەرامبەر بە مێردەكەی نیشاندا، كە لە خۆشەویستی نەعیم بۆ ساحل كەمتر نەبێت .
ئەم سیناریۆیە وای لە بینەر كرد، كە تا كۆتا ئەڵقە نەزانێت (سەرۆكی باندەكە) كێیە، چونكە بینەر بە گشتی گومانی لەسەر هەموو كاراكتەرەكان دروست كردبوو.
جیاوازی ئەم درامایە لەوەش دابوو، پۆلیس تەنها بەدوای بكوژەكەدا ناگەڕێت، بەڵكو (نەعیم) و (ڕەزا پەروانە)ی هاوڕێ‌ ی، بە شێوازێكی شەخسی و لە دەرەوەی یاسا، دەكەونە شوێن تاوانبارەكان، ئەمەش ململانێیەكی تری لە ریتمی دراماكە دروست كردبوو.
(جمشید مەحمودی) كە دەرهێنەرێكی بە ڕەچەڵەك ئەفغانی نیشتەجێی ئێرانە، پێشتریش لە سینەمادا سەركەوتنی گەورەی هەبووە. لەم زنجیرەیەدا چەند تەكنیكێكی بەكارهێناوە:
ڕیتمی خێرا و سوپرایز، هەر ئەڵقەیەك بەگرێیەكی نوێ كۆتایی دێت.
دەرهێنەر توانیویەتی بینەر بەجۆرێك ڕابگرێت كە نەتوانێت پێشبینی ڕووداوی داهاتوو بكات.
بەكارهێنانی فلاش باگەكان تەنها بۆ پڕكردنەوەی كات نییە، بەڵكو بۆ ناساندنی سایكۆلۆژیای كاراكتەرەكانە.
بەتایبەت پەیوەندی نەعیم و كچەكەی كە وادەكات بینەر زیاتر هاوسۆزییان بێت.
ستایلی وێنەگرتنەكە مایلە بۆ ڕەنگی سارد و تاریك، كە گوزارشت لەو خەم و تووڕەییە بكات،كە بەسەر شار و كاراكتەرەكاندا زاڵە.
ئەم زنجیرەیە بەچەند خاڵێك لەدراماكانی تری ئێران جیا دەبێتەوە:
شكاندنی قاڵبی پۆلیسی كلاسیك، لە زۆربەی دراماكانی پێشتر، پۆلیس هەمیشە كارەكتەرێكی بێ كەم و كوڕی بووە، بەڵام لێرەدا (موشكات) ك ئەفسەرە پۆلیسەكە كە (شەهاب حوسەینی) ڕۆڵی دەگێڕێت) خۆی مرۆڤێكی شكاوە، كێشەی خێزانی و دەروونی هەیە، و هەندێك جار یاساكان دەبەزێنێت بۆ گەیشتن بەئەنجام.
نواندنی (هادی حیجاز فەر ـ نەعیم) و پانتەها بەهرام ، بەتایبەت شەهاب حوسەینی، ئاستی دراماكەیان بۆ ئاستی سینەمایی بەرز كردووەتەوە.
لەم درامایەدا دەردەكەوبَت ، هیچ شتێك بە ڕێكەوت نییە، لە پۆشاكەوە تا موزیكەكەی (بامداد ئەفشار) كە فشارێكی دەروونی بەردەوام لەسەر بینەر دروست دەكەن.
دراماكە بەبێ پەردە پەنجە دەخاتە سەر لایەنە تاریكەكانی كۆمەڵگە، جیهانی تاوانكاران و ئەو پەیوەندییە مرۆییە قووڵانەی كە لە ناو جەرگەی ئازاردا دروست دەبن.
بە كورتی: پێستی شێر ستانداردێكی نوێی بۆ درامای تەلەفزیۆنی لە ناوچەكەدا دانا و سەلماندی كە دەكرێت چیرۆكێكی پۆلیسی سادە بگۆڕدرێت بۆ تراژیدیایەكی مرۆیی قووڵ.

حەیدەر عەبدولڕەحمان

Previous
Next