Skip to Content

پێنج کەڤاڵی ڕەنگاوڕەنگ … شیعری عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

پێنج کەڤاڵی ڕەنگاوڕەنگ … شیعری عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by كانونی دووه‌م 13, 2020 General, Poems

فروخ فروخزاد

سبەینێیەک کچێکی ڕەشپۆشی پاڵتۆ لەبەری لەش باریکەڵە
بە جگەرەکەی لێوییەوە بە تووڕەیی دەرگاکەی لە دوای خۆی داخست و چووە دەرێ
قژی لە شیعر و
چاوی لە وشە و
دڵی لە گۆرانی بوو
بەر لە نیوەڕۆ پێش ئەوەی شەقامە ڕووتەکانی تاران
پڕ لە بۆنی بەیبوون بکا و
مەمکە سرکەکانی تۆزێک گیر کاتەوە
ڕووداوێک دەیکا بە مانشیتی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان.
*

ڤرجینیا وۆڵف

عەسرانێکی پایزیی بەنێو گەڵا وەریوەکاندا ڕووە و ڕووبارەکە هەنگاوی نا
دەنگی پێی و وردبوونی گەڵا وشکەکانی ژێر پێڵاوە ئارام لەبەر بڕاوەکەی
لەگەڵ گڤەی کزەبا دڵڕەقەکەی ئەو دوانیوەڕۆ ساردە بوو بوون بە ڕیتمی شیعرێک تازە
هێدی هێدی دەیوتەوە هەتا لەنێو ڕووبارەکە قیژەی خنکاو
نائومێدی بوو بە دووکەڵی خووڕە بەرز و نزمەکان و
مردنیش بوو بە شوناسی گردبوونەوەی پارچە تێکشکاوەکانی بوونی شاعیر.
*

نازک الملائکه‌

پێش ئەوەی پێچە و عەباکان پەلکێشی کەن
ئەو دۆزەخی کلتووری نابووە ژێر پاژنە بەرزەکەی پێی
بە عەزیە کورت و خەت خەتەکەی ژیانی شەقامی لەخۆی دەئاڵاند
فیکەی گەنجەکانی شەقامی ڕەشید و موتەنەبی وەکو جگەرە دەکێشا
هیچ گۆڤار و ڕۆژنامەیەک نەبوو لەژێر باڵی ویدا
خۆیان لە ئارەقەی لا مەمکی هەڵنەسوون
دیم لە شیعرێکی سەیابدا بووە بە درەختێکی ڕەقەڵەی گەڵا وەریوو
بە شیعر ئاوی خۆی ئەدا و
سیبەریشی سێبەری شیعر و وشەیە.
*

زەینەب خانی خادمی سوجادە

یەکەم پەردەی ڕەش و تەنکی لەسەر ڕووخساری دزێوی ژیان لابرد
یەکەم نوزە قورگی ئەو بوو دەری بڕی
یەکەم نەغمە بەزاری بولبولی شیعری ئەو بوو بیسترا
گاه لەژێر هەسانی ترس و
گاه لەبەردەم چەقۆی غەدر هاتوو چۆی بوو
تا بوو بە گوڵ
لەسەر بەردی مێژوو ڕوواو هەتا ئێستاش نەژاکاوە
لە هەناوی تاریکاییدا بوو بە چرا و نەکوژایەوە
دەنگی هەر لە زریان ئەچوو
نیگای باهۆز
بۆیە لەنێو ئەم دیرۆکە شاردراوەیە بوو بە خەرمانەی جوانی و
چووە سەر شیعرێکی چەقاوەسوو و توورە.
*

دۆرۆسی لیڤسەی

لەسەرەتاکانی ڕێگای هەڵبژاردنی ژیانا
بە گوڵێکی سوور وەک دڵی دەریای دواند
بوو بە عاشقی چرپەکان
بوو بە دەزگیرانی درەختێکی سەوز و
بە کۆدی هەڵهێنانی نهێنییەکانی پشت پێکەنین
گەلێ شەوان دەبوو بە شەپۆڵی خەم و
لەنێو دەریای بیرکردەوە و ڕامانی هەتاوی جوانا
خەوەکوتکە دەیبردەوە و
بۆ سبەینێش دەبووەوە بە ئۆقرە لەبەربڕاوەکەی
شەقامەکانی گەنجێتی و
کۆڵانە پانوپۆڕەکەی شیعر و نووسین
دەبووەوە بە قردێلەی خەونێکی سوور و
بە ئاسمانێک لە سپیایی.

ئاب – تشرینی دووەمی ٢٠١٩

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish