قەیرانی خەیاڵ لە کەللەی ڕامییاریستەکان… یونــس تــانــج
خەیاڵ وەک بەشێک لە ئیحساساتی مرۆڤ، وەک پاژێکی هزر، ئەنگێزەیەکی ڕەمەکی فیتڕەتییە، دەشێت لە چەندان باردا سۆز و ویژدانی مرۆڤ پاڵبنێت ڕووە و ڕەفتار و گوفتارە دروستەکان. هەڵبەت خودی خەیاڵ ئاتاجی بە کۆمەڵە سەرچاوەیەکە بۆ گەشەسەندن و بۆڕدان. فەرامۆشکردنی ئەم چاوگ و سەرچاوانە خۆبەخۆ خەیاڵ دەکەن بە ڕەمەکێکی پەککەوتە.
چاوگە پڕ بایەخەکانی خەیاڵپەروەری بریتیین لە ئیستاتیکا و کۆی رەگەزەکانی هونەر و ژانرە ئەدەبییەکان. لەم سۆنگەیەوە کایەی ڕامیاری وەک باڵاترین پایەی جڤات، پێویستە خەیاڵرۆچووانە بڕوانێتە ناو وردەکاری گیروگرفتی ژیانی تاکەکان و موعانەت و پێداویستییەکانییان بخوێنێتەوە.
زانستە ڕامییارییەکان وەک چەمک و تییۆریا گەلێکی ئەپستراکت، دەستگیرۆیی ئەوە ناکەن مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ لە سەرجەم بوارەکانەوە پڕ بکرێتەوە.. داناچۆڕێنە ناو سوچە تاریکەکانی میحنەت و نیگەرانییەکانی کۆمەڵگە، گەر دەسەڵات بە دەستەکان خاوەن خەیاڵزەدەییەکی فرە واڵا نەبن.
ئەم خەیاڵە واڵایەش لەخۆوە چێنابێت، پێتڤی بە تەمەنێک لە هەوڵ و تەقەلای بێ وچانی ئەدەبی و هونەری و تەنانەت مەعریفی و هزری هەیە.
بۆیە کارەساتێکە ڕابەر و سیاسەتووان و دیپلۆماتکاربیت، هەزاران ڕۆمان و هۆزان و پەخشانت نەخوێندبێتەوە، ئەسپی خەیاڵت نەیبردبی بەرەو داستان و میسییۆلۆژیای میللەتان، سەدەها بەیت و بالۆرەو حیکایەتی فۆلکلۆری خۆت و گەلانت نەبیستبێت، ئاگەداری چیڕۆکەکان و جیهانی سینەما و فیلمەکانی نەبیت، ڕۆژانە گوێت نەگرتبێت لە خرۆشی سێمفۆنییایەک، ناواخنی تابلۆیەک نەبووبێتە کەڵکەڵەی کەللەت و عەوداڵ نەبووبی بە دوای شیتەڵکردنی مانا و مەدلولە جیاوازەکانی.
وێڕای ئەوەی ئەدەبییات و ژانرە ئەدەبییەکان، هونەر و سەرجەم کاتیگۆرییەکانی.. تاکە فاکتەری خەیاڵبزوێنی و پەروەردەکردنی خەیاڵ نین، وەلێ ڕییشەییترین و پڕ گرنگرینین.
گرنگی بەستێنێکی وەک جوانیناسی لەوەدایە دەخوازێت مرۆڤ دروست بکات و بەدووریبگرێت لە هۆڤی بوون و ڕەقەکاری، وەک ئاو ڕەوان و هاوشێوەی پەشمەک نەرمی بکات. تەنانەت ئەگەر خەیاڵی جەللادێک کارا بکەین ئەو دەمەی بە کێبڵێک دابارییوەتە سەر پیاوێک، لە پڕ خەیاڵی بڕکاو وێنەی تاقە کچەکەی ئەو پیاوە بێتە بەر هاوێنەی خەیاڵی.. کە لەبەر دەرگەی ماڵەوە بە خۆی و پشیلەکەی باوەشییەوە چاوەنواڕی گەڕانەوەی باوکییەتی. ئەگەر زۆرە دەستهەڵگرێت لەم ئەشکەنجە کارییە، یان هیچ نەبێت دەستی جەللادانەی سوکتر بکات.
ئەوە خەیاڵنەکردنەوەیە لەوانی دیکە خۆپەرستی و خۆسەپێنی بە دوای خۆیدا دەهێنێت و هەژاری دەکات بە خۆرەی گیان و دەروونی هاونیشتیمانی.
کێشەی خەیاڵ ئەوەیە دەبێت داگیرساوبێت، کارا کراوبێت، دەنا هەمووان خاوەنی خەیاڵێکی کاڵ و پاسیڤن… کلۆجەکانی کاراکردنی خەیاڵ وا لەناو ئەدەبیات و هونەر و مەعریفە، ئەستەمە بەبێ ئەوە دەستمان ڕابگا بە خەیاڵێکی مفتی کارا.
پوکانەوەی خەیاڵ تاکو حاڵەتی مەرگ خەسڵەت و مۆڕکی بەرپرسیارانی کوردە، ئەوە بێ خەیاڵی ئەوانە، نسکۆی ئەندێشەیی ئەوانە… تاک و جوتەکانی کوردی بەم بارودۆخە شپرز و هەڵوەشاوە گەیاندووە، مرۆڤی بێ خەیاڵ چەندە ترسناکە سیاسی بێ خەیاڵ تۆقێنەرترین و ڕمێنەرترین. چونکە ناتوانێت وێنای ڕۆڵگۆڕینەوە بکات لە هەمبەر ئەوانیدیکە، خۆی بهێنێتە جێگەی کرێکارێکی شەکەت، بێوەژنێکی بێ پارە، پیرەپیاوێکی ڕۆماتیزمدار، ماڵێکی بێ نەوت لە چلەی زستاندا، لاوێکی بێ ئیش کە شەرمەزاری دەستگیرانەکەیەتی، خانووێکی لافاو بردوو، خاوەن دەواجنێک کە مریشکەکانی بە دەرد لەناوچوون و لە سوچێکدا کز کز دەگری، سێ منداڵی کلێنسفرۆش، قوتابییەکی نەدار، دەردەدارێک کە لەبەر نەبوونی نیوەی دەرمانەکانی دادەنێتەوە لە دەرمانخانەکە، میوەفرۆشێکی بێ بازاڕ، فێرنەبوون، ناتوانن وێنای بێ شیری منداڵێکی ساوا بکەن کە ئارەقی تەوێڵە بچوکەکەی خەریکە نغرۆی دەکا لە نیوەڕۆیانی دۆزەخی ئەو شارانە، نا کارن هەڵلەرزینی پشیلەیەک لە ناو بزوێنەری ئۆتۆمبێلێکدا چاوبکەن لە بەرەبەیانێکی زوقماویدا، یان چوار بێچووە سەگ کە لەبرسان دمیان ناوەتە هەناوی هەڵدراوی دایکییان و دەیخۆن.
عاتیفیبوون و سۆز ناسکی بۆ هەر کێ خراپ بێت بۆ سەرکردە باشە بەرامبەر میللەتەکەی، بە هەویای ویژدان جوڵاندن و دەستبردن بۆ بڕیاری ڕاست و دروست.
بەم تەرزە “بێ خەیاڵی” ویژدان ڕەق دەکات و هزرین چەقبەستوو دەکات. ئاکامەکەی بە ستەمکارییەکی ڕەها کۆتایی دێت. بۆیە قەیرانی پشتهەڵکردنە ئەدەبییات و نەخوێندنەوە و موتاڵانەکردنی ڕۆمان و هۆزان و وردنەبوونەوە لە پۆرترێت و نیگارە هەمە جۆرەکان و هتد.. ڕەهەندێکی دیکەیە لە هۆ کردەکانی ستەمکاری حوکمی کوردی.
دەسەڵاتداران بە هەموو پێوانەو مانایەک خەیاڵ ناکەنەوە لە نیشتیمانێکی ئاسوودە بەخش و هاونیشتیمانەیلێکی خۆشگوزەران، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە هاونیشتیمانییە خەیاڵ دەکاتەوە لە مەملەکەتێکی ئاسوودەبەخش و تاکێکی ئازاد و خۆشگوزەران.
یونــس تــانــج