Skip to Content

دڵۆپێک خوێنی خۆشەویستی.. چیرۆکە ھەواڵ: ستیڤان شەمزینی

دڵۆپێک خوێنی خۆشەویستی.. چیرۆکە ھەواڵ: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2024 General, Literature

کەسمان نازانین چۆن دێینە ئەم ژیانە جەنجاڵەوە و چۆنیش لێی دەردەچین، ھەروەک ناشزانین تووشی چی دەبین و چارەنووسمان بە کوێ دەگات. مرۆڤ ئەوەی بە بیریدا نەیەت ھەمیشە تووشی ئەوە دەبێت, ئەوەی خۆی دەیەوێ وەک خۆزگەیەکی بەدینەھاتوو دەمێنێتەوە، ھەر دەبێ ژیانی خۆی بۆ ھاتنەدی فیدا بکات, لەناو ئەم قەدەرانەشدا ترسناکترینیان قەدەری عیشقە کە ھێندە تیژ تێپەڕ و خێرایە ھەرگیز نازانین چۆن تێی دەکەوین ھەروەک دەرچوونی تیر وایە لە کەوان. ھەر یەکەم نیگا سەرتاپای ژیانت وێران دەکات, ھەر لەو لەحزەیەی دەبیتە عاشق ئیتر دنیا بە رەنگی مەعشوقەکەت دەبینی و ھیچی تر, دابڕان کە سەرئەنجامی ھەموو عیشقەکانە زامەکان قووڵ و خەستتر دەکاتەوە. دەبا بۆ ساتێک لە تراژیدیای دابڕانی دوو عاشق وردبینەوە و بزانین قەدەر و گەردەلولی عیشق چی لەو دوو عاشق دەکات؟!.

یەکەم نیگا

دڵشادی خوێنگەرم کە ھەرگیز رۆژێک بە بیردا نەھاتووە, دێتە ئەم شارە, ئێوارەیەک لەگەڵ (ھەڤاڵ)ی برایدا دەچێتە ئاھەنگی ھاوڕێیەکی, (دڵشاد) تەنیا خۆی بۆ ھەڵپەڕکێ ئامادە کردووە کەچی کاتێک ھەر چاوی بە (سۆز) دەکەوێت دڵی یەک پارچە دەبێتە کورەی ئاگر و ھێزی لە ئەژنۆیدا نامێنێت. ھەرچۆنێک بوو ئەو رۆژە دڵشاد خۆی لە (سۆز) نزیک خستەوە و یەکتریان ناسی و ھەر لە یەکەم نیگاوە ھەردووکیان خۆشەویستی لە دڵیاندا چرۆی کرد و ھیچیشیان توانای دەربڕینی ئەو عیشقەیان نەبوو. چەند رۆژێک دوای ئاھەنگەکە دڵشاد لە رێگەی (سیامەند)ی ھاوڕێیەوە, توانی لەگەڵ (سۆز) یەکەم ژوان رێک بخات, ئیتر ئەم ژوانە دەرگا کڵۆمدراوەکانی کردەوە و رێگەی بۆ دەیان ژوانی تر خۆش کرد کە دواجار عیشقێکی دێوانەیی سەر شێتانەی لێ کەوتەوە.

پیاسەی کەناری رووبار

دوای ئەو ھەموو ژوانە پڕ لە ھەست و پڕ لە بارانی بە خوڕی وشەی رەنگاڵەی عاشقانە, (دڵشاد) دەیەوێت لە رێَگەی ھاوسەرێتییەوە درێژە بەو عیشقە پیرۆزە بدات کە لای ھەردووکیان بۆتە پیشە و خولیا. ئێوارەیەک (دڵشاد) دەچێتە لای سۆز و پێکەوە دەچنە باخچەیەکی شار. سۆز رووی دەمی دەکاتە دڵشاد و پێی دەڵێت: لەنێوان دەوڵەمەندیی و ناوبانگ و لێپرسراوییدا حەزت لە کامیانە؟!, دڵشاد دەڵێت: حەزم لە ھیچکامیان نییە, ھیوای من تەنیا دوو شتە, یەکەمیان گەیشتن بە تۆی نازدار کە جارجار دوور لە تۆز و غوباری ئەم وڵاتی مەرگە پیاسەیەکی کەنار رووبار بکەین, دووەمیان کۆرپەیەک لە تۆ، تا ناوی بنێم (ئازاد) واتە ناوی ئەو برایەم کە بەعسییەکان پێش چواردە ساڵ بردیان و نەگەڕایەوە، ئێستاش دایکە کڵۆڵەکەم دەرگای ماڵەوە دەخاتە سەرپشت و لە چاوەڕوانیدایە ئازاد بە خۆی و (شنە)ی دەزگیرانییەوە بێتەوە. ئەو ئێوارەیە (دڵشاد) ژیانی (سۆز)ی مەعشوقی تەژی دەکات لە عیشق، بە جۆرێک قورسایی دەخاتە سەر دەروونی و مێشکی ناتوانێت بۆ ماوەی دوو رۆژ سەردانی خوێندنگە بکات.

کوڕی بێوەژن

دڵشاد ھێشتا زۆر لەوە منداڵتر بوو کە باوکی خۆی بناسێتەوە, باوکی لەسێدارە درا بوو, دایکی ببووە باوکیان لە ھەمان کاتیشدا ئەرکی دایکایەتیشی لەسەر شان بوو, دایکی ناچار بۆ پێگەیاندنی (ئازاد و دڵشاد و ھەڤاڵ و سروە) قۆڵی لێ ھەڵماڵی بوو، ناچار بوو بچێت خزمەتی ماڵان بکات و نانکەریی بۆ خێزانە خوا پێداوەکان بکا. دایە (نەسرین) بە سەری بەرزەوە منداڵەکانی گەورە کرد و خستنیە بەردەم خوێندن، ھەموویان زۆر سەرکەوتووانە لە خوێندن بەردەوام بوون. دڵشاد خوێندکارێکی ھێمن و ژیر و زیرەک بوو, لە ناو خەڵکدا گەلێک خۆشەویست بوو. (دایە نەسرین) ھەر بەردەوام بوو لەسەر کارکردن تا منداڵەکانی گەیشتنە قۆناغی خوێندنی زانکۆ. دڵشاد دووەم ساڵی بوو لە خوێندنی زانکۆ، لەگەڵ خوێندنەکەی ھاوکاریی دایکی دەکرد, بەم شێوەیە ئەو خێزانە بە ھەژاریی بەڵام شادومانانە دەژیان، ھەرچەند لە ساڵی ١٩٨٦دا رژێمی بەعس (ئازاد)ی تەمەن بیست و دوو ساڵیان شەھید کرد، بەڵام ھێشتاش بەختەوەر و کامەران بوون تا ئەو کاتەی قەدەرێکی رەش کامەرانی و خەندەکانیان دەتۆرێنێت.

رۆژی خوازبێنی

ئێوارەی سێ شەممە بوو, دڵشاد و سۆز لە پارکەکەدا پیاسەیان دەکرد، دڵشاد دەڵێ تەواو سبەینێ دێین بۆ خوازبێنی، ئیتر خەونەکانمان دێتە دی, بەڵام (سۆز) لە قووڵایی ھەستێکی شاراوەوە لەناو نیگەرانیدا بوو, ئەو دەیزانی رێگریی و ئاستەنگەکان چین، بەڵام دڵی نەدەھات بە دڵشادی بڵێ, ئەویش لە خەوی غەفڵەت و فەنتازیای عیشقدا نغرۆ ببوو، نەیدەتوانی لە ھیچ ھێما و رەمزێک تێبگات. ھەر ئێوارە کە دڵشاد بەدڵخۆشییەوە گەڕایەوە, دایکی ماتەم دایگرتبوو، چونکە دەیزانی ئەم عیشقە مەحاڵە، بەڵام ھەر دەبێ لە پێناوی کوڕەکەیدا بڕوات بەرەو ئەو کارەی داوای دەکات، ئەویش خوازبێنیکردنی (سۆز)ە. بەیانی چوار شەممە دایکی دڵشاد و سروەی خوشکی چوونە ماڵی سۆز تا لەگەڵ دایکی قسە بکەن, دایکی کە ھەڵوێستی بێلایەن بوو ئەو کارەی بە مەحاڵ دانا و وتی ئەم کچەمان بەناز و نیعمەت بەخێو کردووە، کوا ئێوە دەتوانن نیوەی ئەو ژیانەشی بۆ دابین بکەن ئێستا ھەیەتی؟, ھەر چۆنێک بوو دایکی سۆز مەسەلەکەی گەڕاندەوە بۆ راوبۆچوونی باوکی سۆز و ھەواڵەی ئەوی کردن.

یاریکردن لەگەڵ مەحاڵ

سێ رۆژ دوای چوونەکەی دایە نەسرین و سروە بۆ ماڵی سۆز, خاڵی دڵشاد و دوو ھاوڕێی تری و ھەڤاڵ چوونە ماڵی باوکی سۆز. سەرەتا وەستا (عومەر) خاڵی دڵشاد بەوە دەستی پێکرد: ژیان گۆڕاوە و پێویستە ئەزموونی خۆمان بەسەر گەنجی ئێستادا دووبارە نەکەینەوە بە تایبەت لە بواری خۆشەویستی و ژیانی ھاوسەرێتیدا. بەڵام باوکی سۆز لێوانلێو بوو لە رق و تووڕەیی، وتی: کاکە جارێ بزانن ئێوە لە ماڵی کێن!! من بە چ ھۆکارێک کچ بدەمە کوڕی ئێوە؟ کامەیە باوکی؟ کامەیە بنەماڵە و سەروەتەکەی؟ کامەیە پیشە و ناوبانگەکەی؟ ھەرچەند وەستا عومەر، زۆر ھەوڵیدا قەناعەتی پێ بکات، بەڵام باوکی سۆز وتی: ئەمە یاریکردنێکی بێ ئاکامە لەگەڵ مەحاڵ, پێویستە ئەو کوڕە کچێکی وەک خۆی بێنێت!. ئەو جارە و سێ جاری تریش بەم جۆرە، بنەماڵەی سۆز دڵی خاڵ و ھاوڕێکانی دڵشادیان شکاند، دواتر ئەوان چونکە لەناو ناخی دڵشاددا نەژیابوون ویستیان قەناعەتی پێ بکەن واز لەو کچە بێنێت, بەڵام ئەویش ئەمەی بە مەحاڵ دەزانی.

رۆژی زەماوەندەکە

پاش لە نزیکەی چوار مانگ (سەعدون)ی تەمەن سی و ھەشت ساڵ، دوای زیاتر لە چواردە ساڵ لە ژیانی تاراوگە, گەڕایەوە بۆ وڵات و لە رێگەی (سەمیرە)ی خوشکییەوە ھاتنە داوای (سۆز). دایکی و باوکی سۆز بە خۆشحاڵیییەوە رەزامەندییان بۆ ئەم ھاوسەرگیرییە دەربڕی! (سۆز) دەیزانی ئەم پیاوە نە خۆشیدەوێ نە ئەمیش دەتوانێ خۆشیبوێ، کەچی ھاشای لە خۆشەویستی خۆی کرد لەگەڵ (دڵشاد)!!. زەواجی لەگەڵ (سەعدون) کرد و نۆزدە رۆژ دوای ئەوەش زەماوەندیان گێڕا. رۆژی زەماوەند (دڵشاد) لەگەڵ (سۆران)ی ھاوڕێیدا چوونە ناو زەماوەندەکەوە!! ھەر کە باوک و براکانی سۆز بینیان دڵشاد لە ئاھەنگەکە حزوری ھەیە، بە وردیی کەوتنە چاودێرییکردنی. دوایی باوکی سۆز قۆڵی دەگرێت و پێی دەڵێت دەبێت یانەکە جێبھێڵیت ئەگەر نا رەفتاری خراپی لەگەڵ دەکات, ئەویش وتی: من ھیچی خراپم بە دەستەوە نییە، تەنیا دەچم پیرۆزباییان لێ دەکەم. کاتێک دڵشاد دەچێتە بەردەم (سۆز) زۆر بە نەترسانە دەڵێ بەداخەوە بۆ تۆ, لەبری پارەش نامەیەکی کۆنی سۆز دەخاتە زەمبیلەکەی بەردەمی وەک پۆیلانە, سۆز بە تەواویی دەشڵەژێت لە ترسی سەعدون. ھەرچۆنێک بوو ئەو رۆژانە رۆیشتن و رۆژانی داھاتوو ھاتن کە رووداوەکانی تێدا روودەدەن.

دوو سەفەر

چەند مانگێک دڵشاد بە ئازارەوە دەتلێتەوە, بە تایبەت دوای ئەوەی سۆز پێی وتبوو ئیتر من رۆیشتم بە رێی خۆمدا و تۆش بڕۆ بە رێی خۆتدا!. ھێشتا دڵشاد لە ئازاری خۆیدا دەتلایەوە کە (سەعدون) جارێکی تر گەڕایەوە کە تەنیا بۆ بۆ دوو ھەفتە مۆڵەتی سەفەری وڵاتی وەرگرتبوو، بەڵام ئەم جارە (سۆز)ی لەگەڵ خۆی برد. بەم جۆرە سۆز سەفەری کرد و چرای ئومێدی دڵشاد کوژایەوە, ھەر بۆیە دڵشاد بڕیاری دا ئەویش سەفەر بکات! ئەو ئێوارەیەی دڵشاد سەردانی ھاوڕێکانی خۆی کرد و داوای گەردن ئازادیی لێکردن، چونکە پێی وتن بڕیاری داوە سەفەر بکات، بەڵام روونی نەکردبووەوە, چۆن سەفەر دەکات و چ جۆرە سەفەرێک دەکات, تا ئەو بەیانییەی لە ماڵی دایە نەسرین قیژە و ھاوار ھەستا و خەڵک بە راکردن بۆ ماڵەکەیان دەڕۆیشتن و دەیانووت دڵشاد بە دەمانچە خۆی کوشت. من کە ئەم دێڕانە دەنووسم کاتێک گەیشتمە بەردەم ماڵی دڵشاد، جەستە خوێناوییەکەی گەیەنرابووە خەستەخانە, بەڵام ئەوەی من بینیم تەنیا یەک دڵۆپ خوێن بوو لەبەر دەرگای ماڵی دایە نەسرین.

دوا پەردەی تراژیدیاکە

چلەی دڵشاد چوو, ھێشتا سۆز لە تاراوگەکەیدا ئاگای لە ھیچ نەبوو, ماڵی سۆز کە ھەستیان بە تاوان کرد ئەم رووداوەیان باس نەکردبوو, تەنانەت ساڵێک بەسەر رووداوەکە تێپەڕ ببوو ھێستا (سۆز) ھەر لە غەفڵەتدا بوو تا ئەو کاتەی رۆژێک (سەعدون) بە ھاوسەرێکی لوبنانییەوە خۆی دەکاتەوە بە ماڵدا!، دوای مانگێک بەسەر ئەم رووداوەدا، سەعدون (سۆز)ی تەڵاق دا، باوکی سۆزیش کەسێکی محافزکار بوو، (سۆز)ی گەڕاندەوە بۆ وڵات, ئەوکات (سۆز) بە رووداوەکەی زانی و لە ناو ھەستکردن بە تاواندا تووشی حاڵەتێکی دەروونی ترسناک بووەوە, ئێستاش (سۆز) بە ھەستی خۆ بە تاوانبار زانینەوە بە رێگادا دەڕوات، ھەموو شەوێکیش روحیانەتی دڵشاد خەوی لێ دەزڕێنێت, ئەمیش تەنیا بە جەستە زیندووە. بەم جۆرە پەردەی شانۆی ئەم تراژیدیایە دادرایەوە.

سەرنج: ئەم رووداوە ھێندە کاریگەر بوو، ھەنووکە دوای بیست ساڵ ھێشتا دیمەنەکە وەک شریتی سینەمایی بە زەینمدا دێت و دەچێت. ھەر بۆیە ساڵێک دواتر و لە ئاداری ٢٠٠١دا بە گۆڕینی ناوی کارەکتەرەکان وەک چیرۆکێکی رۆژنامەوانی نووسیمەوە، بەڵام چەند ساڵ دواتر بڵاوم کردەوە.

تێبینی: ئەم چیرۆکە ھەواڵە لە ژمارە “٧٢٩”ی رۆژنامەی “کوردستان راپۆرت” لە رۆژی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧بڵاوکراوەتەوە. پاشتریش لە بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە ٤٨٠-٤٨٥ بە شێوەی کاغەز چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish