Skip to Content

هەڵخەڵەتاندن له دیموكراسیدا، بۆ نموونه: ئێدوارد بێڕنەیس.. جەودەت سۆفی

هەڵخەڵەتاندن له دیموكراسیدا، بۆ نموونه: ئێدوارد بێڕنەیس.. جەودەت سۆفی

Closed
by شوبات 21, 2023 General, Opinion

ئێدوارد بێرنه‌یس شارەزایەکی بواری ڕیکلامی ئەمریکی بووە كه‌ لەساڵی۱۹۹٥ لە تەمەنی ۱٠۳ ساڵیدا کۆچی دووای کردووە .ئەم پیاوە بە باوکی دامەزرێنەری پڕوپاگەندەی سیاسی و پیشەسازی مۆدێرن دەژمێردرێت . یەکەم تەکنیک و شێوازی(هەڵخەڵەتاندن و کارلێکردن لەبیروبۆچوونی خەڵکی) بنیاد ناو پەرەی پێدا .ئەوتەکنیکانەی لە پەرتووکێدا بەناوی(پڕوپاگەندە) بڵاو کردەوە کەتێیدا باسی ڕێگاکانی چۆنیەتی خەڵەتاندن وکار لێ کردن لەبیروبۆچوونی خەڵك دەکات لەناو سیستەمی دیموکراسی دا.

بێرنەیس بەیەکێک لەپیاوانی ماشینی ئابوری دادەنرێت کەڕێگە نیشاندەرە بۆ چۆنیەتی دەست بەسەرداگرتنی ئایدیۆلۆژیاو خەڵەتاندن و کارلێکردنی بیروبۆچوون له دیموكراسی دا.‌ بێڕنەيس وەکوماکیاڤیلی سەدەی بیستەم لەقەڵەم دەدرێ . بەهەمان شێوە کە ماکیاڤیلی ڕاوێژی پادشاومەلیکەکانی دەکرد کە چۆن میللەت هە ڵبخەڵەتێنن و کاریان تێبکەن ، بەهەمان شێوە بێڕنەیس ڕاوێژی پیاوە سیاسیەکان و گەورە خاوەنەکانی پیشە سازی دەکردو تێیانی دەگەیاند کە چۆن و چی بکەن بۆ بەرزکرنەوەی ئاستی سەرمایەکانیان لەڕووی ئابوری و لەڕووی سەمبوڵیەوە (بڕواپێکردن ، ڕووخۆشی، متمانە، هتد )، کە ڕێگە خۆشکەروگەرانتی فرۆشتنن و هەروەها گەرەنتین بۆ بەدەست هێنانی دەنگی خەڵک لەکاتی هەڵبژاردندا. بێڕنه‌یس هەروەکوو ماکیاڤیلی، خۆی ناشارێتەوەو بەرپرسیارێتی کارەکانی دەگرێتە ئەستۆ . بەرپرسیارێتی ئەوهەڵوێست و بۆچوونەی هەڵدەگرێ کە دیموکراسی بەرلەهەموو شتێک بریتیە لەسیستەمێک کە تێیدا کەمینە (أقلية ) کە بریتییە لەچەند کەسانێکی خوێندەوارو تێگەیشتوو دەبێ خەڵکی هەڵبخەڵتێنن و کاریگەرییان هەبێت لە بیروبۆچوونی خەڵکی، لەژێر دروشمی (لە پێناوی بەرژەوەندی کۆمەڵگا) بەئاگایانه‌ و هۆشیارانە.
بێڕنەیس دەڵێ: هەڵخەڵەتاندن وکارلێکردنی بەئاگاو هۆشیارانە لەبیرو بۆچوونی ئاگاو نائاگای خەڵکی بریتییە لەخاڵی سەرەکی وهەرەگرنگی کۆمەڵگای دیموکراسی. ئەوکەسانەی کە ئەو میکانیزمی خەڵەتاندن و کارلێکردنە نەبینراوانە ئەنجام دەدەن بریتین لە حکومەتێکی نەبینراو کە دەسە ڵاتی ڕاستەقینەیان بەدەستەوەیە لە ووڵات و حوکمی وڵات دەکەن و دەروون و هەستمان دادە تاشن و ئارەزوو و حەزەکانمان پەروەردە دەکەن و بیرو بۆچوونمان بە هیپنۆز ده‌خه‌ڵه‌تێنن و پێشنیارمان ده‌كه‌ن. ئەوانە کەسانێکن کە لەڕاستی دا نه‌ کەس ده‌یانناسێ و نه‌ كه‌سیش ناویانیان بیستوون.
هەروەک و دەبینن لەگەڵ بێڕنەیس، هەست ناکەین کە خییانەتمان لێ دەکرێ. لەڕاستی دا ئەو تێوریەی بێڕنەیس بریتی یە لە پێشنیاری بەکار هێنانی میکانیزمی دەروونی مرۆڤ لەوەی کەهەمیشە بەدوای تێرکردنی برسێتی ئارەزووە سەرەتایییەکانیدا خەریکە. ئەوەش بە بەکار هێنانی تیۆریەکانی پیشەنالیزی فرۆید . کەواتە ئەو شتەی کەدەبێ لێی تێبگەین ئەوەیە کە ( دیموکراسی بەپێچەوانەی ئەوەی کە زۆر بە ساویلکەیی تێگەیشتووین ، بریتی نیە لە دەسەڵاتی میللەت ) چونکە مرۆڤ سەردانانەوێنێت نەبۆ بەرژەوەندی یەکانی نە بۆ ئەقڵ و هۆشی بەڵکو سەربۆئارەزووەکانی دادەنەوێنێت! کەواتەدیموکراسی شوێنی دەسەڵاتی خەڵک نیە. بەڵکو ڕژێمێکە کە تیایدا خەڵک هەڵدەخەڵەتێندرێ بە کارلێکردن لە بۆچوونەکانیان لەجیاتی ناچار کردنیان. دەتوانین بڵێین کە دیموکراسی بریتییە لەدیکتاتۆریەتێکی پێگەیشتوو و کامل . چونکە دیموکراسی ڕژێمێکە لەسایەی دا لەجیاتی ستراتیجی ناچار کردنی خەڵک ، ستراتیجی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک دەگرێتە بەر. ڕاستە کاتێ زۆر شت بەسەر میللەتدا بسەپێنین کە لەبەرژەوەندیاندا نیە ئەوا گریمانی دەربڕینی ناڕەزایی و یاخی بوون و بەرپەرچدانەوەی خه‌ڵك خۆی لە ئاستێکی بەرزدادەدۆزێتەوە. چونکە میللەتێک کەناچار دەکرێ، ئەوا بێگومان هەست بەوە دەکات کەناچار دەکرێ و هۆشیارە لەوەی کەلەژێر چڕنووکی دەسەڵاتێکی زاڵم دایە. بۆیە دوای ماوەیەک ئەو میللەتەی کە هەستی ژێر دەستەیی تێدایە له‌وانه‌یه‌ خۆی ڕێک دەبخت و یاخی ببێ و داوای مافەکانی خۆی بکات. بە پێچەوانەشەوە لەنێو کۆمەڵگایەکی دیموکراسی کە تیایدا خەڵکی ناچار ناکرێن، بەڵکو لە ڕێگەی کارلێکردنی دەروونیەوە کاریان لێ دەکرێ وهەڵدەخەڵەتێندرێن، ئه‌وا مرۆڤەکان واهەست دەکەن كه‌ ئازادن لە هەڵبژاردنەکانیان و لە ڕاو بۆ چوونەکانیان.
هونەری پڕوپاگەندەی ئیدوارد بێنەیس ڕێگای خۆش کرد بۆ هێشتنەوەی میللەت لەژێر دەستی بەبێ ئەوەی کە ئەومیللەتە ئاگاداربێت کە خەڵەتێندراوە. واتە بۆ تێگەیشتن لە بیرۆکەی بێرنەیس دەبێت واز بهێنین لەبڕوای فریشتەییانەی دیموکراسی و قبوڵی ئەوە بکەین کە ئەو کەسانەی دەستەڵاتیان بەدەستەوەیە بۆ بەرژەوەندی میللەت نیە بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خودی خۆیانە. بۆ زانیاری ، بێرنەیس کوڕی خوشکی سیجمۆند فرۆید بوو. بۆیە تووانی کەڵک وەربگرێت لە تیۆریەکانی(ئاگایی) و (نائاگایی) مرۆڤ لە هەڵبژاردنەکانی و لە بڕیارەکانی و لەکردارەکانی. بەبۆچوونی فرۆید مرۆڤه‌كان زۆربەی ژیانی دەروونیان لەلایەن نائاگایی بەڕێوە دەبردرێت وتاقه ‌كه‌س لە ژێردەسە ڵاتی نائاگایی دایە. واتە ئارەزووە غەریزیەکانمان. ئاگایمان تەنها بریتیە لە ڕووبەرێکی تەسکی جموجۆڵەدەروونیەکانمان، چونکە لەڕاستی دا زۆربەی زۆری ئارەزووەکانمان و بیرکردنەوەکانمان لەلایەن نائاگایی یەوەفەرمانیان پێ دەکرێت و ملکەچی نائاگایین.
دەروونناسانی قوتابخانەی فرۆید ئەوەیان سەلماندووە کە (بیرکردنەوەو کردارەکانمان جێگرەوەی تێرکردنی ئەوئارەزووانەن کەنەمانتوانیوە تێریان بکەین و شاردووماننەتەوە واتە هەندێ جار لە ژیانماندا ئارەزووی شتێك دەکەین نەک لەبەر ئەوەی بەڕاستی پیرۆزە یان پێویستە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی، بەشێوەیەکی نائاگایی ،هێمایەک یان سمبوڵێکی تر لەوشتەدا دەبینین کەناوێرین بیدرکێنین کە ئارەزوومان لێیەتی. بۆ نموونە کەسێک کە ئۆتۆمبیلێک دەکڕێ لەوانەیە بەخۆی بڵێت کە پێویستی پێیەتی بۆ هاتوو چۆ. کەچی لەناخی خۆیدا دەزانێ کە هەبوونی ئۆتۆمبێل خەرجی دارایی زیاد دەکات و تەمبەڵی دەکات و بەکەمی جوڵەو ڕێگە ڕۆیشتن تەندرووستی خراپ دەبێ. ئارەزووەکەی لەوانەیە لەوەوە هاتبێ کە ئاستێکی کۆمەڵایەتی پێ دەبەخشێ بەوەی کە ئۆتۆمبێل رەمزی ئاستێکی کۆمەڵایەتیە کەدەست ڕۆیشتووەو لەکارەکانیدا سەرکەوتووەو هەروەها بۆ ئەوەی سەرنجی ژنەکەی ڕابکێشێ بۆسەرکەوتنی خۆی و توانا دارایییەکانی. ئەو پرەنسیپە گەورەیە دەیەوێت پێمان بڵێت کەزۆربەی کردارەکانمان لەلایەن ئەو هۆکارانەوە دەبزوێنرێن کەخۆمان لە خۆمانی دەشارینەوە. جا چ لەئاستی دەروونی تاکە کەسی و چ لەئاستی نائاگایی دەروونی ده‌سته‌جه‌معی. ئەوکەسەی کە لەڕێگەی پڕوپاگەندەوە دەیەوێت سەرکەوێت دەبێ لەو هاندەرە شاراوانە تێ بگات.

بێڕنەیس جگە لە فرۆید، تووانیویەتی کەڵک وەربگرێت لە تیۆری یەکانی (گوستاف بۆن) دەربارەی دەروونناسی گروپ یان حەشامات یان دەستەجەمع. گوستاف بۆن پێ ی وایە کاتێ تاکەکان کۆدەبنەوە کەمتر بە هۆش و ئەقڵ بیردەکەنەوە لەوەی کە کاتێ تەنیان. نەک تەنها سەرکردە دیکتاتۆریەکانی وەکوهێتلەرو مۆسۆلینی و ماوتسۆنگ و ستالین لەسیاسەتەکانیاندا پەیڕەوی تیۆری یەکانی (گوستاف بۆن) یان دەکرد، بەڵکو زۆر لەسەرکردە کۆمارییەکانی وەکو (رۆزڤیڵت و چەرچڵ و دیگۆڵ و هتد. یش سوودیان وەرگرت لە گەستاف بۆن
فرۆید لە پەرتووکی (دەروونناسی کۆلێکتیف وشیکردنەوەی من لەساڵی ۱۹۲٠دا، دەڵێ گوستاف بۆن بەهۆی ئەوەی کە تیۆریەکانی خۆی لەسەربناغەی ڕۆڵی ئاگایی لەژیانی دەروونی دا بنیاد ناوە زۆر نزیکە لە تێۆریەکانی من). لەساڵی ۲٠٠۹ ڕۆژنامەی (لۆمۆند)ی فەڕەنسی پەرتووکی(دەروونناسی دەستەجەمع)ی گوستاف بۆن بەیەکێک لەو بیست پەرتووکانە لەقەڵەم دەدرا کە (جیهانیان گۆڕی ) چونکە گوستاف بۆن وەکو ئێدوارد بێرنەیس هەمووشارەزایی وزانیارییەکانی خۆیان دەربارەی دەروونناسی دەستە جەمع و هەڵسوکەوتی گرووپ خستە خزمەتی پیاوەسیاسی یەکان و گەورە سەرمایەدارەکان و پیشە سازەکان بۆ ئەوەی بتوانن دەسەڵاتیان زیاتر بسەپێنن و فرت وفێڵەکانی دیموکراسی پەرەپێ بدەن. یەکێک لە شاکارەکانی بێرنەیس کە زۆر ناسراوە لەساڵی ۱۹۱۷ لە گەرمەی جەنگی جیهانی یەکەم ، بێرنەیس یارمەتی سەرۆک ویلسۆنی ئەمریکای دا بۆ کارتێکردن لەبیروڕای کۆمەڵگەی ئەمریکی و ئامادەیان بکات بۆ چوونە ناو شەڕەوە. ئەوکاتە وابوو کە حکومەتی ئەمریکی دەستی کرد بەبڵاوکردنەوەی یەکێک لەبەناو بانگترین تابلۆی پڕوپاگەندە کەتیای دا ئۆنكڵ سام پەنجە بۆ ئەمریکی یەکان درێژدەکات و پێ یان دەڵێت تۆم دەوێت بۆ سوپای ئەمریکا.

ئەو تابلۆ ڕیکلامە پڕوپاگەندەیە هانی ئەمریکیەکانی دا کە لە بیرکردنەوەی ئاشتی خوازانەیان داببڕێن کە ئەوکاتە زۆربەی ئەمریکیەکان ئاشتی خوازبوون. به‌ڵام لەژێر کاریگەری ئەو پڕوپاگەندەیە بەهەزاران کەس بەهەستی ناسیۆنالیزم خۆیان خۆبەخش کردوو چەکی سەربازیان هەڵگرت و بەرەو بەرەکانی جەنگ ڕۆیشتن. چەند ساڵێک دوای ئەوە بێرنەیس کەمپینێکی بازرگانی خستە بازاڕەکانەوە کەلەلایەن کۆمپانیاكان پیشه‌سازی ئه‌گرۆفوودە وە فاینانس کرابوو بۆ كۆنسێپتی ڕیکلامێک بۆ هاندانی خەڵک بۆ زیاتر خواردنی نانی بەیانیان ، کە پشتی بەستبوو بە پێشنیاری چەند پزیشکێکی پسپۆڕی خواردن کەلەلایەن بێرنەیسەوە بە پارە گیرابوون، کە گوایه‌ خواردنێكی زۆرو پڕ له‌ پڕۆتینی نانی بەیانیان باشه‌ بۆ تەندروستی. هەرلەگەڵ دەست پێکردنی ئەو کەمپینە لە ڕۆژنامەکاندا فرۆشتنی (بەیکۆن)کە بەشێکی چەوری گۆشتی بەرازەو لە ڕێگەی پیشه‌سازیه‌وه‌ درووست دەکرێ ،بەشێوەیەکی خەیاڵی ڕووی لە زیاد بوون کرد. ئەو ڕیکلامە جێگەی باوەڕ بوو چونکە لەلایەن کۆمیتەیەکی زانستی پزیشکیەوە پشتڕاست کرابوەوە. بۆیە زۆر بەئاسانی تووانی قەناعەت بە ئەمریکیەکان بهێنێ کە گوێڕایەڵی ئەو پزیشکانەبن . ئەو کارەی ئیدوارد بێرنەیس یەکەم سەرکەوتنێکی گرنگ بوو لە میانەی پیشە سازی فراواندا. سێهەمین سەرکەوتنی بێرنەیس کەلەساڵی ۱۹۲٠ بەدەستی هێنا ،بریتی بوو لەکاری ڕیکلامی پڕوپاگەندە بۆ پیشە سازی جگەرە بۆ زیاد کردنی بازاڕی فرۆشتن. بۆ ئەوە بێرنه‌یس هات ستراتیژیەکی زۆرکاریگەری گرتە بەر کەبریتی بوو لەوەی کە هانی ژنان بدات كه‌ دەست بکەن بە جگەرە کێشان . لەو سەردەمەدا شوێنی جگەرە کێشان تەنها بۆ پیاوان بوو. ئەو ژنانەش کە جگەرەیان دەکێشا بریتی بوون لە ژنە سۆزانی یەکان .ستراتیژی بێرنەیس بریتی بوو لە گۆڕانکاری کردن لەسەر چۆنیەتی سەیرکردن و بینینی جگەرە لەلایەن ژنانەوە.
چونکە بێرنەیس لەوە باش تێگەیشتبوو کە هەڵسووکەوتەکانمان لەلایەن چۆنیەتی سەیرکردن و بینینمان بۆ ئەو هەڵسووکەتانه‌ فەرمان وەر دەگرن و حوکم دەکرێن. بێگومان ئەگەر کارێک لەلایەن خەڵکەوە بە سووک و خراپ سەیر بکرێ ئەوا زۆر سەختە بۆتاک تەحەمولکردنی ئەو کارە بکات. بێرنەیس لە عەسرانی یەکشەمەکان لەساڵی ۱۹۲۹ چاندان بۆنه‌ وجەژن و خۆ پیشاندانی ئۆرگانیزە کرد لە نیویۆرک کە تەنها بۆ ژنان بوو . چەند ژنێک کە لەلایەن بێرنەیسەوە بە کرێ گیرابوون ، لەپێشەوەی خۆ پیشاندانەکان جگەرەیان دەکێشاو لەژێر لافیتەیەک دا دەڕۆیشتن کەلەسەری نووسرابوو (مەشخەڵی ئازادی). ئەوە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەمیکانیزمی هەڵخەڵەتاندن و کارلێکردن لە بیرو بۆ چوون .
پرەنسیپی هەڵخەڵەتاندنی بیروبۆچوون بریتیە لە بەیەکەوە گرێدانی کردارێک بە بینین و سەیرکردنێکی ڕەمزی . واتە بەیەکەوە لکاندنی کردارێک بە بیروبۆ چوونێک ماف دەدات بەو کردارەو هاندەرە بۆ پەرە پێدانی لە ئاستی کۆمەڵدا. لەڕێگەی ئەو خۆ پیشاندانانەوە جگەرە ئیتر سەیر نەکرا وەکوو کارێکی بێ ڕەوشتی. بەڵکو وەکو دەست بەسەرداگرتنی فالیوس (ئۆرگانی سیکسی پیاوەتی ) سەیر کرا. واتە ژنەکان جگەرە کێشانیان وەکو سەمبوڵی ئازادی و خۆ ڕزگارکردنی ژن دەبینی. بابەتەکە ئەوە نیە کەئامانج لەو کارەدا خستنە ڕووی باشەی جگەرە بێت، چونکە لەساڵانی بیستەکاندازۆر لە پزیشکەکان بۆ بەرژەوەندی پیشە سازی یەکانی جگەرە دەیان گووت جگەرە خراپ نیە بۆ تەندروستی و بەڵکو کاری ئارام کەرەوەی هەیە لەسەر دڵە ڕاوکێ . ستراتیجی بێرنەیس ئەوە نەبوو کە بڵێ جگەرە باشە بۆ تەندروستی. چونکە ئەوە کارێکی زۆر ئاسان بوو. به‌ڵكو دەیویست بڵێ ژن کە جگەرە دەکێشێ واتە ئازادە و ژنی جگەرە کێش بریتی بوو لە ژنێکی شۆڕش گێڕ . ئەو ستراتیجییە زۆر کاریگەر تربوو . چونکە ئەو کاتە پەنا بۆ ئەقڵ و هۆش نابەین ، بەڵگو پەنا دەبەین بۆ جۆری سەیرکردن و بینینی بابەت ، پەنادەبەین بۆ ڕەمز .
ئەمڕۆ کاتێک ژنێک دەبینین کە جگەرە دەکێشێ، بیر لەوە ناکەینەوە کەئەوە ئەنجامی ستراتیژیەکانی بێرنەیسە. بیر لەهۆکاری مێژووی ناکەینەوە کە لە ئەنجامی هەڵخەڵەتاندنی پیشە سازی یەوە هاتووە. بەڵکو دەڵێین ژن وەکو پیاو جگەرە دەکێشێ و تەنها نیشانەی یەکسانی جەندەرە . واته‌ ئەو یەکسانیەی کە ژنان لەدووای خەباتێکی زۆر بەدەستیان هێنا. بەڵام لەڕاستی دا تەنها بریتیە لەشانۆگەریەک و تەنها چه‌ند لایەنێک کە لەو مەسەلەیە قازانج دەکەن بریتین لە پیشەسازی یەکانی جگەرە . پڕزانی و عەبقەری یەتی هەڵخەڵەتاندنی بیروبۆچوون بریتیە لەوەی کە کارێکی وابکرێ کە بۆچوونی تاک ئامانجی سەرەتایی لەبیربکات. وابکرێت کە هەستەکانمان ئامانجە سەرەکیەکان بشارنه‌وە. چونکە ئامانجی بێرنەیس هەرگیز ئەوەنەبووە کەژنان لەژێر دەستی پیاو ڕزگار بکات . ئامانجی بێرنەیس تەنها ئەوەبووە کە فرۆشتنی جگەرە زیاد بکات . گاڵتە بازاڕی ئەو ستراتیژیە لەوەدایە کە بیرو بۆچوونی خەڵکی گۆڕی. ئەوەش لەڕێگەی ستراتیژی کارلێکردنی کۆمەڵ لەژێر ناوی پێشکەوتن. هەڵخەڵەتاندن و کارلێکردن لە بیروبۆچوون بریتی یە لە ستراتیژیەک کەباوەڕت پێ دەهێنێ بە پێشکەوتنێکی بابەتی لەجێ ی هەڵخەڵەتاندنی تاک و کۆمەڵ . پرەنسیپی کارلێکردنی بۆ چوونی کۆمەڵ بریتیە لەباوەڕ پێ هێنانی تاک و کۆمەڵ کە کردارەکانیان هەڵبژاردەی خۆیانە (بەئازادی).
من ئازادم و بە بڕیاری خۆم دەچم بۆ جەنگ چونکە بەرگری لە نیشتمان دەکەم . من ئازادم و بەبڕیاری خۆم بەیانیان بەیکۆن دەخۆم چونکە بۆ تەندروستی من باشە . من ئازادم و بەبڕیاری خۆم جگەرە دەکێشم چونکە من زاڵم به‌سه‌ر فالیوسی پیاو و ژنێکی ئازادم، یاخوود من پیاوم و بە جگەرە کێشان سیفەتی پیاوەتی خۆم نیشان دەدەم . کەواتە هەڵخەڵەتاندن و کار لێکردنی بیروبۆچوون وا لەتاک و له‌ کۆمەڵ دەکات کە ببن بە ئەکتەرو هاوکاری ژێر دەستەیی خۆیان . هەڵخەڵەتاندن واتە دەسەڵات بەبێ فشار .چونکە هەڵخەڵەتاندن وادەکات كه‌ هه‌ست بكه‌یت به‌ ئازادی. كرداری ژێر كاریگه‌ری هه‌لخه‌ڵه‌تاندن بریتیه‌ له‌ كردارێك به‌ هه‌ستێكی ئازاده‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش خۆی له‌ خۆیدا جووڵه‌یه‌كه یان كردارێكه‌‌ به‌بێ بیر كردنه‌وه‌.

جه‌وده‌ت سۆفی
ڕاوێژكاری كۆمه‌ڵایه‌تی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish