Skip to Content

کتێبی (ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو)م خوێندەوە .. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کتێبی (ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو)م خوێندەوە .. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by November 22, 2020 General, Opinion

دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبەی هاوڕێ سالار ڕەشید، سەرباری چێژێکی زۆر لەناوەڕۆکە دەوڵەمەندەکەی ولە زمان و شێوازی نووسینەکەی، حەز ئەکەم تێبینییەکانم بە شێوەی چەند خاڵێک لە خوارەوە بنووسم.
یەک : کتێبێکی ناوازە و پڕ زانیاری، پڕ لە ڕووداو، کەلەگەڵ دێرەکاندا هەست بە وزەی شۆڕشگێرانە و هەناسەی گەرمی تێکۆشەرەکان دەکەیت. ئەم کتێبە کە خود- یادەوەرییە، ڕۆمانئاسا خوێنەر کەمەندکێش دەکات و دەیەوێت بزانێت ڕووداوەکان بە چ ئاراستەیەک و بەرەو کوێ دەڕۆن. ئەمەش ڕەنگە بەهۆی کەرکووکی بوونی ئێمەوە بێت، کە وەک خوێنەرێک و تەنانەت وەک یەکێک لە ڕێبوارانی نێو ئەو کاروانە و ڕێک لە هەمان سەردەم لە گۆشەیەکی ترەوە خەریکی بردنەپێشەوەی ئەو کاروانە بووین. ڕەنگە بۆ هاوڕێیەکی تر لە شارێکی تر لە کوردستان ئەو کەمەندکێشییە بەوجۆرە نەبێت. کاتێک کتێبەکەم دەخوێندەوە ئەو نائومێدییە گەورەیەم دەبینی کە چۆن ڕێبوارانی ئەو کاروانە، نەوەیەک لە مناڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بە (کملک)ەوە دەستیان پێکرد و بە(کۆڕەک)ەوە لێی هاتنە دەرەوە. ئەم نائومێدییە لە ئەنجامی بەتاڵکردنەوەی کۆمەڵە لە ناوەڕۆکە مارکسییەکەی (ئەگەر هەیبوبێت) هەرەسێکی سیاسیتر بوو، رووبەڕووی نەوەیەکی نوێ بووە، کە گیان لەسەر دەست ئامادەبوون لە ئەوجی خۆیدا ڕووبەڕووی ستەمی بەعس و هێزە تاریکەکانی حکومەتی عێراق ببنەوە. بە کورتییەکەی ئەم کاروانەی کەلەم شارەدا بۆ هەواری ئێمە نەچوو، هەمان ئەو کاروانەیە کە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بۆ ئەو هەوارە نەچوو کە خەونیان پێوە دەبێنێ.
دوو : ئەم کتێبە وەک گۆران عەبدوڵا ش دەڵێت خود یادەوەرییە (Autobiography) و نووسەر (سالار رەشید) لەڕوانگەی خۆیەوە باسی کۆمیتەکە و ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان دەکات و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات و ئەنجامگیری بەدەست دەهێنێت. دیارە خود یادەوەری ئەگەر بەشێکی نۆستالیژیا زاڵ بێت بەسەریدا، ئەوا دیوەکەی تری بریتییە لە مێژوو. واتە ناکرێت خود یادەوەری سیاسی بەدەر بێت لە لایەنی مێژوویی. لایەنی مێژووی لەم کتێبە زاڵترە و ئەوەتا دەبینین بە دەیان سەرچاوەی مێژوویی نووسەر هەوڵیداوە زانیارییەکانی پشتڕاست و بەهێز بکات. من ئەوە بە خاڵی بەهێز دەزانم.
سێ : لە چەند جێگایەک زانیاری دووبارەوە بوو هەست پێدەکرێ. ئەمەش تەنها خزمەت بە قەبارەی کتێبەکە دەکات کە دەبوو هاوڕێ سالار سەرباری ئەو پشووە درێژەی کە لە نووسینی ئەم کتێبەدا نیشانیداوە،ئیشی لەسەر ئەو لایەنەش بکردایە.
چوار : دوو هەڵەم بەرچاو کەوت کە ڕەنگە هەڵەی چاپ بن. بۆ نموونە هاوڕێ سالار نووسیویەتی حکومەتی عێراق (بۆ هەر تفەنگێک ٥٠ دیاری دەبەخشی)(١) ڕاستییەکەی ٥ پێنج دینار بوو نەک ٥٠ دینار. هەروەها نووسراوە(لە ڕێکەوتی ٥-١١-١٩٨٧ کۆبوونەوەی فراوانی ڕێبەرایەتی و کادیرانی کۆمەڵە لە گوندی شینێ دەبەسترێت)(٢) وابزانم ئەو مێژووە هەڵەیە و ساڵەکە ١٩٨٧ نییە و ١٩٧٨ە.

پێنج : لە لاپەڕە ٣٨٥ زۆر سەرپێیی(عابر) لەسەر مانگرتنەکەی پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک باسکراوە و زانیارییەکانی ناو کتێبەکە هەڵەن. من لێرە هەوڵ ئەدەم کورتەیەکی بنووسمەوە (ساڵی خوێندنی (١٩٨٤- ١٩٨٥) هەر لەپۆلی یەکەمی پەیمانگا بووم، بەعس ئەو ساڵە بڕیارێکی دەرکرد کە دەبێ قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان جەیشی شەعبی یان (مەشقی سەربازی)بکەن. قوتابیانی تورکمان و عەرەب و هەندێ خوێندکاری کوردیش ملیان دا و ئەوانی تر کەس ملی بەو سیاسەتە نەدا. ئەوەبوو لە زانکۆکان دەوام ڕاگیرا و خوێندکارەکان فەسڵ کران و گەڕانەوە ماڵەوە. بەڵام پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک جیاواز بوو. سەرەتا بەر لەوەش مانگرتنێکی قوتابیانی ئامادەیی لە کەرکووک ڕوویدا و ئەوە بوو خوێندکارێکی شۆڕشگێڕیش لە گەڕەکی شۆڕیجە بەناوی (نەجات ) شەهید کرا. لە پەیمانگاش ٥٨ قوتابی لە بەشە جیاجیاکان فەسڵ کران کە من یەکێک بووم لە قوتابییە دەرکراوەکان(فەسڵکراوەکان). بەو بۆنەیەوە تەبلیغاتێکی زۆرمان کرد و بڕیارماندا مانگرتن بکەین لەناو پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک. پەیوەندیمان کرد بە زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی موسڵ و لەولاشەوە چەند قوتابییەک خۆیان کردبۆوە دەم سپی یەکێتیی خوێندکاران و چوون بۆ سەرکردایەتی و چاویان کەوتبوو بە مام جەلال.

کێشەکەیان بۆ باس کردبوو و مام جەلال لەبری پشتیوانی قوتابیان گوتبووی (ئینجا بۆ جەیشی شەعبی ناکەن)، ئەم هەڵوێستە نائومێدییەکی زۆری خستە دڵی خوێندکاران، بەڵام ئێمە گوێمان نەدا بە قسەکەی مام جەلال و لە مانگرتنی خۆمان بەردەوام بووین. هەرچەندە مفاوەزات هەر مابوو و یەکێتیی خوێندکارانی کوردستان گەلێ لاوا زبوو و کەس حیسابی بۆ نەدەکردن، هەرچەندەش خۆشم ‌هێشتا پەیوەندیم بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە مابوو، بەڵام تەواوی ئەو سیاسەتە ئینتیهازیەتەی یەکێتیم ڕەت کردەوە و سەرسەختانە تەبلیغم بۆ مانگرتن دەکرد. ڕۆژی مانگرتنەکەمان (هەرچەندە بە وردی ڕۆژ و بەرواری مانگرتنەکەم بیر نەماوە) ناو پەیمانگای تەکنەلۆجی پڕ بوو لە ئەمن و ئیستخبارات و ڕەفیق حیزبی. چواردەوی پەیمانگاش بە هێز تەنرابوو. پارێزگاری ئەوکاتی کەرکووک( محەمەد حمزە) بوو لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەمنی کەرکووک و بەرپرسی حیزبی فرقەی کەرکووک و بەرپرسی حیزبی پەیمانگا زۆر هەوڵیاندا بە هەڕەشە و گوڕەشە ساردمان بکەنەوە. بەڵام ئێمە سوور بووین لەسەر مانگرتن و جێبەجێکردنی داخوازییەکانمان. ئێمە لەبەردەم بەشی کارەبا لەناو باخچەکە دانیشتبووین و هەورێکی چڕیش بەئاسمانەوە بوو. دوای ئەوەی هەڕەشە و چاوترسێنەکانی بەعس نەیخوارد، پارێزگار پرسی داواکارییەکانتان چییە. هەرچەندە من لە ڕیزی پێشەوەی قوتابیان بووم و یەکێکیش بووم لە نوێنەران، بەڵام نوێنەرێکی ترمان داخوازییەکانی دایە دەست پارێزگار کە بریتبوون لە یەک : گەڕانەوەی خوێندکارە فەسڵکراوەکان.
دوو : دووبارە کردنەوەی تاقیکردنەوەکان و وانەکانی ئەو ماوەیەی لەدەستمان چووە.

لەگەرمەی موناقەشەی ئێمە و پارێزگار، باران دەستی بە بارین کرد. پارێزگار داوای لێکردن با بچینە قاعەیەک(هۆڵێك) و لەوێ قسە بکەین، ڕەتمان کردەوە لەشوێنی خۆمان بچووڵێین. ناچار پارێزگاری کەرکووک لەوێ و لەژێر ئەو بارانەدا بڕیاریدا داخوازییەکانتان هەمووی جێبەجێ دەکەین. ئێمەش لە خۆشیاندا هەرلەژێر ئەو لێزمەی بارانە دەستمان کردە شایی و پارێزگاریش تێر هەڵپەڕی لەگەڵمان. ئەم سەرکەوتنەی ئێمە لە پەیمانگای کەرکووک بەسەر بەعسدا جۆش و خرۆشی زۆری پێبەخشین و ئەو وانەیەی لێوە فێربووین کە بە یەکگرتن دەتوانین داخوازییەکانمان بەدەست بهێنین.دوای سەرکەوتنمان لە مانگرتنەکەی پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک، چووینەوە دەوام و تاقیکردەوەکانیان بۆ دووبارە کردینەوە و تامی سەرکەوتن لە کەللەی داین.)(٣)
شەش : لایەنێک کە بە هاوڕێ سالار ڕەشیدیشم وتووە ئەوەیە کە دەبووایە کۆمەڵی وێنەی جۆراوجۆری ئەو گیانبەختکردووانەی تیا بووایە و هەورەها ئەو دۆکیمێنت ونامیلکانەی کە لە کۆتایی کتێبەکە دانراون و زۆر کاڵ و ناڕوون دەرچوونە، بەجوانی وێنەی بگرتنایە و بڵاوی بکردنایەتەوە.
حەوت : دواجار جگە لەپیرۆزبایی، بە تووندیش دەستی ئەم هاوڕێیە(سالار ڕەشید) دەگووشم کە جارێکی تر بەم بەرهەمە جوان و ناوازەیە، توانی کەلێنێک لە مێژووی نادیار و لایەنە پەنهانەکانی بزووتنەوەیەکمان لە شارێکدا نیشان بدات کە ڕۆژگارێک کاریگەرییەکی زۆری بەسەر زۆربەی تێکۆشەرانی ئەو شارە و کوردستاندا هەبووە.

٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠
ڤانکۆڤەر – کەنەدا

———————————–

پەراوێزەکان :
(١)ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو سالار ڕەشید چاپخانەی تاران، چاپی یەکەم ٢٠٢٠ لاپەڕە ٤٣.
(٢)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٧٨.
(٣)کتێبی لەودیو پەنجەرەی ڕۆژەکانەوە ڕاوەستاوم و دەڕوانم .. یادەوەری شاعیرێکی جەنگاوەری مارکسیست نووسینی عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ) ئامادە بۆ چاپ.

Previous
Next