له ژووانه‌وه بۆ دابڕان له شیعری به‌یه‌كگه‌یشتنێكی دڵزار_دا … سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
زمان، یه‌كێكه له ڕه‌گه‌زه سه‌ركییه‌كانی شیعر. هه‌روه‌ك مالارمێی شاعیری جیهانیش ده‌ڵێت:(شیعر ته‌نها زمانه). بێگومان زمان لێره‌دا ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی هه‌یه. چونكه ئه‌گه‌ر زمانی شیعری هه‌مان زمانی ئاسایی ده‌ربڕین بوو، ئه‌وا جیاوازییه‌ك نامێنێته‌وه له ڕووی فۆڕمی زمانه‌وه. زمان له شیعردا،وێنه‌ی هونه‌ری، واتا،شیعرییه‌ت و چێژ‌و ئستاتیكایه. ئه‌وه گرنگ نییه زمانی ده‌قێك ساده‌یه یان ئاڵۆَز، ڕوونه یان ته‌مومژاوی، به‌ڵكو ئه‌و زمانه چه‌ند ده‌توانێت له خولقاندنی شیعرێكی جوان‌دا، ڕۆڵ ببینێت ئه‌وه گرنگه.زۆربه‌ی شیعره‌كانی عه‌بدوڵا په‌شێو، له ڕووی زمانی شیعرییه‌وه، هه‌ڵگری وێنه و ده‌ربڕینی ساده‌ن، كه به ڕاده‌یك هه‌موو خوێنه‌رێك لێی تێده‌گات، وه‌لێ په‌یام و مانای شیعره‌كان، وێنه و ئستاتیكای زمان لای ئه‌و شاعیره، به شێوه‌یه‌كه كه ئه‌گه‌ر به‌ر شیعرێكی بكه‌وین ناتوانین له یادی بكه‌ین. واتا زمانی شیعری ئه‌و شاعیره، زمانێكی سه‌رنجڕاكێشه، زمانێكه كه لهوشهو كه‌رسته ساده‌كانی زمان پێكهاتووه. به‌و مانایه‌ی هیچ ئاڵۆزییه‌ك نابینین له ئه‌زموونی شیعریدا.بێگومان زمان وه‌ك ئامرازێك، به پێی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانی به‌سه‌ر دادێت و پێش ده‌كه‌وێت.
له شیعری كلاسیك‌دا،ژماره‌یه‌كی زۆر وشه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی و توركی ده‌بینین، چونكه ئه‌و كات زمانی كوردی له ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و زمانانه دابووه‌و هێشتا زمانی كوردی نه‌بۆته به شێك له دنیابینی نووسه‌ران و گوتاری ده‌قه‌كان. وه‌لێ له دوای ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای بیسته‌كانی ڕابردوو، ورده ورده زمانی كوردیش جۆرێك له فۆڕمی په‌تی بوونی كوردی وه‌رده‌گرێت و شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌زموونی شیعری له‌سه‌ر ده‌ستی گۆران دادێت. به‌ڵام هێشتا وشه و زاراوه‌ی عه‌ره‌بی له به‌شێكی زۆری ئه‌و شیعرانه‌ش ده‌بینین كه ئه‌و كات نووسراون. له گه‌ڵ به‌ره و پێشه‌وه چوونی ئه‌زموونی شیعریی و زمانیشدا، دواجار زمانی كوردی ده‌بێته زمانی سه‌ره‌كی ده‌قی ئه‌ده‌بی و شیعریش به تایبه‌تی. له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، زمانی شیعری ده‌قه‌كان زمانێك بووه، تێكه‌ڵییه‌ك له زمانی عه‌ره‌بی و كوردی.
زۆربه‌ی ده‌سته‌واژه و ده‌ربڕینه شیعرییه‌كان عه‌ره‌بین. ئه‌مه‌ش وه‌ك سیمایه‌كی ئه‌ده‌بی به شیعری ئه‌و قۆناغه‌وه ده‌بینرێت.شیعری(به‌یه‌كگه‌یشتنێكی)دڵزاری شاعیری دیاری كورد، یه‌كێكه له‌و شیعرانه‌ی كه جۆڕێك له په‌تیبوون و ڕهسهنیبوونی زمانی كوردی له ڕووی وێنه‌ی شیعری و ده‌ربڕینه‌وه تێدایه.ئه‌م شیعره له ساڵی 1946نووسراوه. كاتێ ده‌یخوێنینه‌وه(چه‌ند وشه‌یه‌كی كه‌می لێده‌رچێت كه عه‌ره‌بین)واهه‌ست ده‌كه‌ین شیعرێكه به زمانی ئێستا نووسراوه. له‌كاتێكدا زمانی كوردی له سه‌ره‌تای چله‌كاندا، زمانێكی تێكه‌ڵ له عه‌ره‌بی و كوردی بووه‌وه له زۆربه‌ی شیعری شاعیرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا،د‌رك به‌و خاسیه‌ته‌ی شیعردهكهین. وه‌لێ له‌و شیعره‌ی دڵزاردا، زمانێكی هونه‌ری، جوان،مۆزیكی له ده‌ربڕین و وێناكردن تێدایه. ئه‌م شیعره‌ی دڵزاری شاعیر،وه‌ك وێنه‌یه‌كی سێ ڕه‌هه‌ندی وایه و له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه بۆی بڕوانی، جوانییه‌كی تێدا ده‌بینی. جوانی له‌و شیعره‌ی دڵزاردا، كه بێگومان جوانی ئافره‌ته، له دیمه‌نی وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی ده‌چێت، كه به كامیرای فول ئێجدی چریكابێت. چونكه ئه‌ویش به شێوه‌یه‌ك وه‌سفی یار ده‌كات له ژووانێك، كه تیایدا هونه‌رێكی به‌رز له كاری وه‌سفكردن بنوێنێت.
ئه‌گه‌رچی وه‌سف، ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی ڕۆمان و چیڕۆكه،به‌ڵام له‌و شیعره‌ی دڵزاردا، بونیادێكی هونه‌ری دیاری ده‌قه‌كه‌یه. چونكه ئه‌و به ئه‌ندازه‌یه‌ك وه‌سفی هاتن و ڕۆیشتنی یاردهكات، كه ببێته جێی تێڕامانی مرۆڤ، به بێ ئه‌وه‌ی له ئاستی دیتن و به‌ریه‌ككه‌وتندا ئهوجوانهی هه‌ر بینیبێتیش، به‌ڵام بزانێت له به‌رامبه‌ر چ جوانێكه. واته ئێمهجوانێكی دیكه كه به‌رمه‌بنای جوانی ئه‌و وه‌سفه‌ی دڵزاره له شیعره‌كه‌دا ده‌بینین.له‌لایه‌كی دیكه‌وه،ته‌واوكاری مانای شیعری له‌و شیعره‌ی شاعیردا له ئاستێكدایه، كه له خاڵێكه‌وه ده‌ست پێده‌كات و به‌رده‌وام ده‌بێت تا دواخاڵ.
به‌و مانایه‌ی ئێمه له خوێنه‌وه‌ی ئهوشیعرهدا، له به‌رده‌م نیوه مانا‌و پارادۆكسی واتای شیعری نین، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای به‌شێكی نه‌وه‌ی نوێی دوای ڕاپه‌ڕین بوونی هه‌یه. به‌ڵكو كه شیعره‌كه ده‌خوێنینه‌وه، وه‌ك ئه‌وه وایه چیڕۆكێك گوێبیست ببین، یان دیمه‌نه‌كانی فلمێك ببینین، كه هه‌موویان ته‌واوكه‌ری یه‌كترین و به قرتاندنی دیمهنێكییان، مانای ئه‌وی تریان نامێنێت. به‌ڵام له‌و شیعره‌ی دڵزاری شاعیردا، كه شیعرێكی هاوسهروایه و له سه‌ر شێوه‌ی شیعری كلاسیك نووسراوه، په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تی و ئۆرگانیكی له نێوان وشه و ده‌ربڕینه‌كان، وه‌سف و وێنه‌كان هه‌یه.شاعیر له‌و شیعره‌یدا، وه‌سفی ده‌ركه‌وتنی یارمان بۆ ده‌كات، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ده‌گاته لای ئه‌و، دواتریش كه ژووانهكهیان به له یه‌كتری جیابوونه‌وه كۆتایی دێت.ئه‌مه‌ش به‌شێكه له ته‌واوكاری مانای شیعری. وێنه و ده‌ربڕینه‌كان، دیمه‌ن و گوزارشتكردنهكان،هه‌موویان یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن، تاسه‌ره‌نجام له‌و شیعره‌دا جوانی هه‌ڵبه‌ست ده‌گاته ترۆپك. دڵزار له سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:_
نیگاری نازدار به‌لارو له‌نجه..
هات له‌دڵ ده‌ركا ئێش و ئه‌شكه‌نجه.
هه‌روه‌كو جاران له باخ و ڕه‌زان
له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له لێو قورمزان..
گه‌ڕا تا گه‌ییه لای من هه‌ر ئێسته..
پێی ڕاگرت وه‌ستا به‌و چاوه مه‌سته..
بێگومان ده‌سپێكی هه‌ر ده‌قێك، ئه‌ڵقه‌ی به یه‌كه‌وه گه‌یاندنی خوێنه‌رو ده‌قه، دڵزار له‌و شیعره‌یدا، هێنده هونه‌رییانه باسی یارمان بۆ ده‌كات، كه به تاسه‌وه چاوه‌ڕوان بین كه دواتر چی ڕووده‌دات. به ده‌ربڕینێكی تر، ده‌سپێكی ئه‌و شیعره، فۆڕمێكی چیڕۆك ئامێزی هه‌یه كه گێڕانه‌وه ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌كیه‌تی. بۆیه كاتێ ده‌سپێكی شیعره‌كه ده‌خوێنینه‌وه، وه‌ك ئه‌وه وایه چیڕۆكێكمان بۆ باس بكرێت، كه له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه دابین ئاكامه‌كه‌ی به‌چی ده‌گات. شاعیریش وه‌سفی هاتنی یاره‌كه‌ی به له نجه و لاردهكات.ده‌ركه‌وتنی یار لێره، هه‌ر ته‌نها تاسه‌ی بینینی شاعیر ناشكێنێت، به‌ڵكو ڕۆڵی حهكیمێكیش ده‌بینێت، كه ئه‌و ئێش و ئازاره له‌دڵ ده‌رده‌كات كه پێی گیرۆده‌یه.پێشتریش ئه‌و، چه‌ند جاری تردهركهوتووه، بۆیه به دابڕانی جارێكی دیكه هه‌مان ئێش و ئازار لای ئه‌و نوێده‌بێته‌وه. هه‌ر وه‌كو جاران، مانای وایه پێشتریش یار ده‌ركه‌وتووه وهه‌مان ئێش و ئازاری له دڵ سڕیوه‌ته‌وه. هاتنی یار، له گه‌ڵ پۆلێك له لێو قورمزان بۆ ناو باغه‌كان، هاتنێكی تایبه‌ته.
لێو قورمزهكان ئه‌گه‌ر له‌و دهركهوتنهیان مه‌به‌ستێكی گشتییان هه‌بێت، ئه‌وا یاره‌كه‌ی شاعیرله نێو ئه‌واندا، ده‌ركه‌وتنی بۆ مه‌به‌ستێكی دیكه‌یه، ئه‌ویش شادبوونه‌وه‌یه به یاره‌كه‌ی. بۆیه ئه‌و له هیچ شوێنێك ئۆقڕه ناگرێت تا نه‌گاته لای ئه‌و.ئه‌مه سه‌ره‌تای ئه‌و ژووانهیه كه شاعیر له په‌راوێزی هاتنه ده‌ره‌وی یار له ماڵ چاوه‌ڕێی ده‌كات.ئه‌گه‌ر چی یار له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له لێو قورمزان دێته ده‌ره‌وه بۆ ده‌شت وده‌ر، وه‌لێ ئه‌مه به‌هانه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و هاتنه ده‌ره‌وه‌یدا چاوی به خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بكه‌وێت. كه دهگاتهلای ئه‌و،ئیدی وه‌سف لێره‌دا له جوانی سرووشته‌وه ده‌گۆڕێت بۆ جوانی یار. وه‌ك چۆن گۆرانی داهێنه‌ریش، ته‌بیعه‌ت به بێ ڕووناكی ده‌بینێت ئه‌گه‌ر بزه‌ی یاری له‌گه‌ڵ نه‌بێت. دڵزاری شاعیریش، له وه‌سفی جوانی یاردا، له شیعری به‌یه‌كگه‌یشتندا ده‌ڵێت:_
ئه‌و خورده ساڵه‌ی كه بێ دیعایه..
شوعله‌ی كوڵمانی وه‌ك شه‌و چرایه..
بۆ سووتانی دڵ چه‌شنی ئاگره..
هه‌رچه‌ند له په‌ڕه‌ی گوڵ ناسكتره..
ئێمه لێره‌دا له به‌رده‌م جوانییه‌ك داین، كه ڕه‌سه‌ن و سرووشتتیه، جوانییه‌ك نییه ده‌ستكرد ومكیاژی و فریوده‌ر(وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه) به‌ڵكو جوانییه‌كه كه خۆی پیشانی هه‌مووان ده‌دات وپێویست به‌وه ناكات ڕیكلامی بۆ بكرێت.ئه‌گه‌رچی ئه‌و جوانییه بۆ شاعیر، سه‌رچاوه‌ی سووتان و ژانه،تینی له ئاگر به هێزتره، به‌ڵام وه‌ك په‌ڕه‌ی گولیش ناسكه. بێگومان یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته‌كانی شاعیری جواننوس و داهێنه‌ر، خوڵقاندنی وێنه‌یه‌كی هونه‌ری جوانه به زمان،دڵزار لێره‌دا،دووهاودژی كۆكردۆته‌وه و وێنه‌یه‌كی باڵای هونه‌ری شیعری لێ دروست كردوون.هه‌رچه‌نده كوڵمه‌كانی شوعله‌یان تێدایه،به‌ڵام له په‌ڕه‌ی گوڵیش ناسكترن.به‌مه‌ش شاعیرنهك ههرههست به هیچ ئازارێك ناكات له كاتی بینینی جوانی یار، بگره واهه‌ست ده‌كات په‌ڕه‌یه‌كی گوڵ ده‌بینێت كه ناسك و جوانه و تازه شكۆفه‌ی كردووه.شاعیر وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ڤاڵێكی جوان بنه‌خشێنێ، به‌رده‌وام ده‌بێت له وه‌سفی ئهوخورده، ئیدی هه‌موو ئه‌دگاره‌كانی وه‌سف ده‌كات. به‌ڵام وه‌زیفه‌ی دیتن لێره‌دا كۆتایی نایه‌ت، به ده‌ربڕینێكی تر،شاعیر هه‌ر ته‌نها له پێناو جوانیدا وه‌سفی ئه‌و خورده باڵابه‌رزه كه ئه‌گه‌ر ئاوریشم بگرێت په‌نجه‌كانی ده‌گوێن،ناكات، به‌ڵكو مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی هه‌یه كه ده‌شێ ته‌نها به هێمای چاوه‌كان بیگه‌یه‌نێت.ئه‌ویش ژووان و به‌یه‌كگه‌یشتنی نێوانیانه. بۆیه ئه‌مجاره‌یان شاعیر ده‌ڵێت:_
منیش چاوێكم بڕیه چاوانی….
به زمانی عه‌شق زۆر به ڕه‌وانی..
بێگومان زمانی گۆڕینه‌وه‌ی ڕاز‌و عه‌شقی نێوان ئه‌و دووكه‌سه، زمانی گوزارشتكردن نییه، به‌ڵكو زمانی هێما،چاو، ڕازهكانه, واتا ته‌نها به ڕوانین یار ده‌زانێت مه‌به‌ستی ئه‌و سهیركردنه چییه، ڕوانینێكی ڕاگوزه‌ره، یاخود بینینێكی قووڵه كه ڕاز‌و مه‌به‌ستی دیكه‌ی له پشته كه ئه‌ویش خۆشه‌ویستی و ژووانی به یه‌كگه‌یشتنه. شاعیر له بری زمان، به‌چاو ئه‌وه ئاماژه‌یه بۆ یاردهگهیهنێت كه خۆشی ده‌وێت.وه‌ڵامی یار لێره‌دا، وه‌ڵامی گفتوگۆ‌و قسه‌كردن نییه، به‌ڵكو ئاماژه‌كانی چاون. دوای ئه‌وه‌ی شاعیر به چاو مه‌به‌سته‌كه‌ی به یار ده‌گه‌یه‌نێت، یاریش ده‌زانێت ئه‌و ڕوانینه بێ مه‌به‌ست نییه، بۆیه هه‌ر به ئاماژه‌ی چاوه‌كانی، وه‌ڵامی تهماشاكردنهكهی شاعیر ده‌داته‌وه كاتێ ده‌ڵێت:_
نهێنی دڵم له دیده‌كانی
یه‌ك یه‌ك خوێنده‌وه سهرپاكیم زانی.
زانیم كه ئه‌ویش ئه‌و گۆنا گوڵه..
وه‌ك من گیرۆده‌ی ئازاری دڵه..
ئه‌و گۆڕینه‌وه‌ی ڕاز‌و نیازه‌ی نێوانیان، سه‌ره‌نجام ئه‌و ئاماژه‌ی بۆ هه‌ردووكییان گه‌یاند، كه وه‌ك یه‌ك گیرۆده‌ی خۆشه‌ویستی نێوانیانن. هه‌ردووكیییان یه‌كتریان خۆشده‌وێت و له ڕازی دڵی یه‌كتری ئاگادارن.دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیشیان گه‌یشتنه ئه‌و ڕاستیه‌ی كه ئاشقی یه‌كترین، ئیدی ئه‌و ژووانه كۆتایی دێت و هه‌ریه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه شوێنه‌كه‌ی خۆی. له پاش ئه‌و دیداره‌ی هاوشێوه‌ی بروسكه‌یه‌ك به خێرایی هاتوو نه‌ما، ئه‌مجاره‌یان شاعیر ده‌ڵێت:_
له پاش دیده‌نی و ئه‌وگفتوگۆیه..
هه‌ریه‌ك به‌لایه‌ك چووینه‌وه كۆیه…
ئه‌وله‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ده‌سته خوشكانی..
منیش له‌گه‌ڵ دڵه‌ی زام و بریانی..
ژووان و یه‌كتر بینینی ئه‌وان لێره‌دا ته‌واو ده‌بێت، وه‌لێ كۆتایی نایه‌ت، چونكه مه‌به‌سته‌كه گه‌یشت.له‌و دوودێڕه‌ی دواییدا، خوێنه‌ر هه‌ست به هوشیاریی و ئاستی توانای نووسینی شیعری دڵزاردهكات، له سه‌ره‌تاوه.چونكه ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین شاعیرده‌ڵێت هه‌ریه‌كه‌مان به‌لایه‌كه‌وه چووینه‌وه كۆیه. واتا نه‌یویستووه كه‌س به‌و خۆشه‌ویستیه‌ی نێوانیان بزانێت.چونكه ئه‌وسه‌رده‌مه، سه‌رده‌مێكی دواكه‌وتوو میللی بووه. خۆشه‌ویستی نه‌بووه، ته‌نانه‌ت دژ به نه‌ریته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ش بووه.
بۆیه شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی یاره‌كه‌ی له هه‌موو پلارو شكاندنهوهیهك به دووربگرێت، به شێوه‌یه‌ك وه‌سفی دابڕانهكهیان ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ههریهكترییان نه‌بینیبێت. ئه‌م شیعره‌ی دڵزار،ئاستی ته‌واوكاری مانای تیادا به شێوه‌یه‌كه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه سه‌ره‌تا، ناوهڕۆك و كۆتایی چیڕۆكێك ببینین و بخوێنینه‌وه. ئه‌میش، شیعره‌كه‌ی به هاتنه ده‌ره‌وه‌یه‌ك، دواتر گۆڕینه‌وه‌ی ڕاز‌و نیاز، پاشان له یه‌كتری دابڕان،ده‌ست پێده‌كات و كۆتایی پێ دێنێت. شیعرێك كه هه‌فتاو سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نووسراوه، وه‌لێ وه‌ك ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر شیعرێك بخوێنێته‌وه له ئێستا نووسرابێت وایه. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه ده‌قی جوان، نه‌مره و هه‌موو سنووره‌كان ده‌بڕێت..
*ئه‌م شیعره له كتێبی(بژارده‌یه‌ك له شیعره‌كانی دڵزار)له‌ساڵی_2018بڵاوكراوه‌ته‌وه…