Skip to Content

منداڵی ترسنۆک و شەرمن.. محەمەد بەرزی

منداڵی ترسنۆک و شەرمن.. محەمەد بەرزی

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2024 General, Kids Literature

بە گشتی هەموومان منداڵەکانمان بە بوونەوەرێکی زۆر هەستیار دەزانیین . واش بیردەکەینەوە ، کە نابێ بە هیچجۆرێک ڕێگا بدەین ماندووبن و خەم و ئازار بکێشن . هەر بۆیە هەموو خەون و خولیا و بیرکردنەوەیەکمان تەنها ئەوەیە ، بە هەموو شێوەیەک یارمەتییان بدەین ، بەبێ ئەوەی ڕێگایان پێ بدەین تواناکانی خۆیان دەربخەن . جا یان لە ئەنجامی خۆشەویستی بێ سنورەوەیە ، یان لە بێ ئاگاییەوە ئەو کارە دەکەین . بێ ئاگا لەوەی منداڵانیش دەتوانن ئاگاداری خۆیان بن وکارەکانی خۆشیان ئەنجام بدەن . بۆیە پێویستە سنورێک بۆ ئەو خۆشەویستییە زۆرە دابنرێت ، کە هۆکاری سەرەکی ترسنۆکی و شەرمنی منداڵە . چونکە ئەنجامدانی هەموو شتێک بۆ منداڵ خۆشەویستی نییە ، بەڵکو داوەشاندن و کرمێکردنی ناخی منداڵە و داهاتووی وێران دەکات . خۆ ئەگەر بەردەوام لە هەموو شتیکدا یارمەتی بدرێت ، لە داهاتوودا کەسێکی ترسنۆک و شەرمن و لەرزۆک و بەزیو دەردەچێت ، ناتوانێت سەربەخۆ و ئازادانە داکۆکی لە خۆی بکات ، لە هەموو کێشە و ئاستەنگێک دەپرینگێتەوە و هەرگیز سەرکەوتوو نابێ و وەک ترسنۆکێک بەردەوام چاوی لە یارمەتی دایک و باوکی و دەوروبەری دەبێ . ئەوەی شایانی باسە کەسایەتی منداڵ پەیوەندی بە سروشتەوە نییە ، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەستراوە بە کاریگەری ژینگە و جۆری پەروەردەکردنی دایک و باوکییەوە . ڕەنگە هەندێک منداڵ لە تاریکی و سێبەری خۆشیان بترسن ، یان نەتوانن لەبەرامبەر کەسانی نامۆدا قسە بکەن و لەگەڵ دایک و باوکیشیاندا زۆر شەرمن و داخراوبن . لەم کاتانەدا پێویستە دایک و باوک بە خۆیاندا بچنەوە و ژیرانە ئەو ترسانە بڕەوێننەوە ، تا لە گەڵیاندا گەورە نەبن . پاشان نابێ هەرگیز دایک و باوک زمانی زبر و توند و توڕەی وەک : ( تۆ منداڵێکی ترسنۆکی … کەسێکی بێ کەڵکی ) بەرامبەر بە منداڵ بەکار بهێنن . تا ترس و دڵەڕواوکێ و هەستێکی خراپ لە دەروونی منداڵەکەدا هێلانە نەکات . هەر بۆیە ئەرکی دایک و باوکە وەک فریادڕەسێک ، بەرلەوەی بیر لە ئامۆژگاری و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان بکەنەوە ، بە وردی لە هۆکارەکانی شەرمنی و ترسنۆکیان بکۆڵنەوە . پێویستیشە ئەم خاڵانەی لای خوارەوەش لەبەرچاو بگرن :
١ – ئەگەر منداڵێک لە منداڵییەوە لە چوارچێوەی بازنەیەکی پاراستنی بەهێزی دایک و باوکیدا ژیابێ ، ئەوا منداڵەکە دەرفەتی ئەوەی نەبووە بە خواستی خۆی هەڵسوکەوت بکات و ڕێگای پێنەدراوە ئازایەتی خۆی دەربخات . هەموو بڕیاری هەڵسوکەوتەکانی لە پشت پەردەوە دراون . ئەرکی منداڵەکەش ئەوەبووە بێ خواستی خۆی پابەندی ئەو بڕیارانە بێ . ڕەنگە لەم حاڵەتانەدا دایک و باوک لایان وابێ ئەوە خۆشەویستی خۆیانە بۆ منداڵەکەیان ، بەڵام لە ڕاستیدا خۆیان فریو دەدەن ، چونکە ئەو هەڵویستانە ئارەزووی منداڵەکەیان ناهێڵن ، تا خۆی کارەکانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدات و لە دواڕۆژیشدا ئازایەتی خۆی دەربخات .
٢ – کاتێک منداڵ لە باوەشی دایک و باوکیدا گەورە دەبێ ، خۆشییەکانی تەنها سنوری ناو ماڵەکەیە ، ئەو کەسانەی دەورووبەریشی تەنها دایک و باوک ، یان کەسانێکی بە تەمەنن و ناشتوانێ منداڵی هاوتەمەنی خۆی ببینێت . هەر بۆیە ئەگەر منداڵ لە ژینگەیەکی داخراودا بژی ، بە جارێک بێزار دەبێ ، وردە وردەش کەسایەتی دادەبەزێت و هەلی گفتوگۆکردنی ئازایانەشی لەگەڵ کەسانی تردا لەدەستدەدات و تەنها لەگەڵ چەند کەسێکی دەورووبەری خۆیدا ڕادێت .
٣ – ئەگەر منداڵەکەت باوەڕی بە خۆی لاواز بوو ، ئەوە لەبەر ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی هانی بدەیت ، ئامۆژگاری زۆری دەکەیت .
٤ – کاتێ منداڵەکەت نەیتوانی داکۆکی لە خۆی بکات ، نیشانەیە لە تەمەنێکی بچووکدا و لە بەردەمی خەڵکیدا بەجۆرێک ئامۆژگاریت کردووە ، بە تەواوەتی شکاندووتە .
٥ – ئەگەر منداڵەکەت دەستبەرێ بۆ شتێک ، کە هی خۆی نییە . ئەوە لەبەر ئەوەیە کاتێک شتێکی بۆ دەکڕیت ، ڕێگا نادەیت بە خواست و ئارەزووی خۆی شتەکانی هەڵبژێرێت .
٦ – ئەگەر منداڵەکەت ڕێزی لە هەستی کەسانی تر نەگرت ، نیشانەیە لە جیاتی ئەوەی بە جوانی قسەی لەگەڵدا بکەیت ، بەردەوام فەرمانی پێدەکەیت و مێشکی دەکرۆژی .
٧ – کاتێ منداڵەکەت بێزار و تووڕەیە ، ئەوە لەبەر ئەوەیە زیاتر گرنگی بە ڕەفتارە خراپەکانی دەدەیت و کەمتر بە ڕەفتارە باشەکانی .
٨ – ئەگەر منداڵەکەت بە ئەنقەست بێزاری کردی ، ئەوە لەبەر ئەوەیە ، تۆش بە ڕادەی پێویست سۆز و خۆشەویستیت بەرامبەری نییە .
٩ – کاتێک منداڵەکەت گوێی لە کەسانی تر دەگرێت و گویێ لە تۆ ناگرێت ، ئەوە نیشانەیە ، بێ بیرکردنەوە و کوێرانە بڕیاری خێرا لە ئەنجامەکان دەدەیت .
١٠ – ئەگەر منداڵەکەت یاخی بوو ، دیارە زیاتر گرنگی بە بۆچوون و بیرکردنەوەی کەسانی تر دەدەیت ، نەک ئەوەی ڕاستە .
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم : منداڵ ئەگەرچیش شاد و دڵخۆشبێ ، بەڵام ژاوە ژاوی شەر و ئاژاوەی نێوان دایک و باوکی ترس و دڵەڕاوکێ دەخەنە ناخی دڵییەوە . هەمیشە ئەو ترسەش لە دەروونی منداڵەکە نابێتەوە . بێگومان دایک و باوکی توڕەش کاریگەری گەورە لەسەر کەسایەتی منداڵ بەجێدەهێڵن . کەواتە هۆکاری سەرەکی شەرم و ترسنۆکی منداڵ خێزانە نەک سروشت . هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک بە ئاگابن و لە شەڕ و ئاژاوە خۆیان بە دووربگرن . پاشان پێویستە دایک و باوک سێ شت بە باشی ئەنجام بدەن ، تا یارمەتی منداڵەکەیان بدەن ، بە تەواوی لـە کەموکورتییەکانی کەسایەتییەکەی ڕزگاری بێت .
یەکەم : ڕێنمایی دەروونی : شەرمنی منداڵ کێشەیەکی دەروونی و کەسییە ، هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک هەوڵی چارەسەکردنی بدەن . لەکاتی کێشەدا ، کە منداڵەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدایە ، پێویستە دایک و باوک کیشەکەی بە هەرا و هەلوەسە و تووڕە بوونەوە نەگرن ، بەردەوام منداڵەکە هێوربکەنەوە و بە منداڵەکەش بڵین : ( ئەوەی ڕوویداوە کیشەیەکی ئاساییە ) . پاشان واز لە فشار خستنە سەری بهێنن و تۆنی دەنگتانی بەسەردا بەرزمەکەنەوە ، تا ناخی بە تەوای هێوردەبێتەوە .
دووەم : شەرمکردنی منداڵ هەڵەیەکی گەورە نییە ، بۆیە پێویستە دایک و باوک بە خۆیاندا بچنەوە و پشتگیری و هانی منداڵەکەیان بدەن و واز لە تووڕەبوون و هاتوهاوار و سەرکۆنە بهێنن .
سێیەم : ئەگەر منداڵ شەرمن بوو ، دیارە هۆکارێکی لە دواوەیە ، کە دایک و باوک نازانن ئەو هۆکارە چییە . بۆیە پێویستە کێشەی پچووکی بۆ گەورە نەکەن ، تا منداڵەکە بتوانێ ئازایانە ڕووبەڕوویان ببێتەوە . خۆ ئەگەر توانی لە کاتی کیشەدا خۆڕاگربێ ، شەرمی ناخی بە شێوەیەکی سروشتی نامێنێت .. جا ڕێی ڕاست ئەوەیە ، وەک باڵندەیەکی ڕۆحسووک منداڵ ئازاد بکەین ، تا بتوانێ خۆی بڕیاری خۆی بدات . ڕەنگە لە سەرەتادا هەڵە بکات و بڕیاری خراپیش بدات ، بەڵام هەڵە و تاقیکردنەوەی خراپ ، ئەزموونی بە سوودن بۆی و دەتوانن فێری بکەن چی ڕاستە و چی هەڵەیە . بە مەش زیاتر متمانەی بە خۆی دەبێت و لە بەردەمی کەسانی تردا ، نە دەترسێت و نەشەرمیش دەکات .

+++++
تێبینی : ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە .

٢٧ / ١ / ٢٠٢٤

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish