Skip to Content

شیعر: ئێوارانە.. سەردار جاف

شیعر: ئێوارانە.. سەردار جاف

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 16, 2022 General, Poems

( ٥ )

ئەم ئێوارە پياسەيەک بە کۆڕنيشی کتێبخانەکەما دەکەم

ئەو بوخچەيەک تووڕەبوونی جێهێشتووە

ئەڵقەی خەياڵمەندانی بە حەرفێکی دوايين شيعرمەوە لکاند بوو

ئەو هەميشە بە سەر رستەکانی ئێوارانا دەچوو بۆ مەلە

من لە قوولەقاپێکی کتێب دەخنکێم

ئەو هەموو ئەو کاتانەی لە مەلە دەگەڕايەوە لە تەک وشە ونبووە نەنووسراوەکانم دەنووست

خەونی بە شەپۆلە گەرمەکانی شيعری منەوە دەبينی

من لە خەڵوەتێکا گەوج ببووم بۆ خۆيشم لێی حاڵی نەدەبووم هێندە نەبێ کە قەڵەمەکەم ئيدی ياخييە و نانووسێ

بە هەواری چۆڵەوانی سەردار فوويەک بە باخچەی سينەی دەکا

ئەو هێشتان لە کەنار زرێبارەوە رەدووی بوخچەکراوەکانی ئاوە

گرێکوێرەی بوخچە سپييەکەی بۆ ناکرێتەوە

لەو ئاوێنە سەرابييەوە خۆی دەبينی کەچی من ون دەکا

پەنجەکانی بە خونچە لە ئاو شەڵاڵبووەکەی باران تەڕ تەڕ

سەرکز و شەرمن ، ئيدی لە حەسرەت فەرسەخە دوورەکانی من ناچێتەوە سەر زرێبار

نازانم بەفر ئاودامانبی ئەو دۆڵەی داگرتووە

يان رچينی چيرۆکێکم گيرۆدەی کونی کوانوو و کوليتەی ماڵی کردووە

ئەو تووڕە بوونی لە برغووە سلاکێکی گەڵابەکەی مام عەودل دەچێ کە ئيدی ئاشتبوونەوەی مەحاڵە

ئەو ياخی لە قەڵەمەکەی من و گريان و داد و فيغانێتی

هاوار و ناڵەی گوێی ئەسپەکەی باوکم کەڕ دەکا

من ئاتەشخانە ميوانداری کردووم و هێدی هێدی دەبم بە ژيلەمۆ

دەست و پەنجەکانی خۆيم پێ گەرم دەکاتەوە

من پوکانەوەی خۆم دەبينم و ئەو نە ماچم دەکا و نە ماچيشم دەداتێ

گزنکێ کە لە سوتان دەچێ وەئاگای هێنامەوە

سووراوەکەييم بە قەد کتێبە تازەکەمەوە بينی

لێی نووسرابوو ئيدی چاوەنواڕم مەبە.

ئەڵمانيا ١٦ / ١٢ / ٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish