Skip to Content

گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند سەڵاح محەمەد عەلی.. ئامادەکردنی: کامەران حاجی ئەلیاس

گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند سەڵاح محەمەد عەلی.. ئامادەکردنی: کامەران حاجی ئەلیاس

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 30, 2023 General, Literature

سەڵاح محەمەد عەلی: زیاتر حەز لە (نواندن) دەکەم چونکە زیاتر لە بینەران نزیکە
سەڵاح محەمەد عەلی: بەهۆی نەخۆشییەوە نەمتوانی بەشداری لە درامای “8 دیوار” بکەم
هونەرمەند”سەڵاح محەمەد سەڵاح” زیاتر لە (50) ساڵە،لەرێگەی هونەرکانی (نواندن، کاریکاتێر، گۆرانی وتن) ،خزمەت بە هونەری کوردی دەکات ئەو هەرلەتەمەنی منداڵیەوە لەرێگەی لاساییکردنەوە بەهرەی نواندنی دەرکەوتەوە بەهۆی پیشەی دارتاشی باوکیشی، توانی بەهرەی هونەری کاریکاتێری خۆی بدۆزێتەوە ،جگە لەوەش لە هونەری گۆرانی وتن توانی چەندین گۆرانی بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک لە ساڵی هەشتایەکانی سەدەی رابردوو تۆمار بکات بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە هونەرکەی لەنزیکەوە بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردوە.

هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

  • سەرەتا وەکوپرسیارێکی کلاسیک ئەگەر بکرێت باس لە ژیانی هونەری خۆت بکەیت.
  • من( سەڵاح محەمەد عەلی) لەساڵی 1951 لە گەرەکی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایک بووم هەر لەتەمەنی هەرزەکارییەوە خوولیای زۆربەی هونەرەکانم هەبوو، وەکو نواندن حەزم بەلاساییکردنەوە ئەو فلیمانەم دەکرد کەلە هۆڵی سینەماکانی شاری هەولێر نمایش دەکران، لە هەمان کات لاسایی ئەو دراما عەربیانەم دەکردەوە کە لە تەلەفزیۆنەکان نمایش دەکران، سەبارەت بە هونەری کاریتاتێریش کە بەشێکە لە هونەری شێوەکاری ،کاتی خۆی باوکم (محەمەد عەلی) سندوقی ڕەنگاو ڕەنگی بۆماڵان دروست دەکرد کە بەکاردەهات بۆ یاتاخ ودۆشەگیان لەسەر دادەنا باوکم ئەم سندوقەی بەچەندین وێنەی رەنگاو ڕەنگی سەرنج راکێش وەکو تاوس ، کۆتر ..دەڕازاندەوە،لە هەمان کاتدا باوکم دارتاشێکی دەست رەنگین و ناسراو بوو بۆیە دەتواتنم بڵێم کاریگەری باوکم وای لێکردم دەست بۆ هونەری شێوەکاری ببم بە تایبەت لە هونەری کاریکاتێر و هونەری منداڵان نابێ ئەوەش لەبیر بکەم کە لە قوتابخانە بەشداری چالاکییەکانی ناوپۆل و گۆڕەپانی قوتابخانە دەکرد ئەم حەزوو ئارەزووە بەردەوام بوو.
  • بەڵام هەگبەی ئەرشیفی شانۆ و دراماتان دەوڵەمەندە ئەگەر بکرێت ئاماژە یان پێ بدەیت؟

    -وایە راست دەکەی یەکەمین شانۆگەری بەشدابووم لەساڵی (1971) بەناوی (داسەکەی شاسوار) لە نووسینی (ئەمین میرزاکەریم) و دەرهێنانی هونەرمەند (فەتاح خەتاب) ئەم شانۆگەرییە لە شاری هەولێر و بەغدا نمایش کرا.دوای ئەوە بەشداری چەندین شانۆگەریم کردن لەوانە : شانۆگەری (زەنگی تەلەفۆن) ساڵی 1972 لە نووسینس (رسمی جەلال) و دەرهێنانی هونەرمەند (فەتاح خەتاب) لەهەولێر و کەرکووک نمایش کرا، شانۆگەری (ئەو دەمەی ئەڤین مەزن تردەبێت) لە نووسینی مامۆستا (ئەحەمەد سالار) دەرهێنانی هونەرمەند (فەرهاد شەریف) لە ساڵی 1992 لە هەولێر نمایش کرا،شانۆگەری (مەملەکەتی ئەفیون) نووسینی ودەرهێنانی هونەرمەند (تەحسین فائق) لە رۆژی جیهانی شانۆ لە ساڵی 1994 لە هۆڵی گەل نمایش کرا، شانۆگەری (کەچەڵ قاقا) نووسینی شێرزاد پۆلیس دەرهێنانی هونەرمەند(ژیلوان تاهیر) ساڵی 200 لە هۆڵی گەل نمایش کرا،شانۆگەری(پەپوکێ بردی) لەنووسین (ئورگەن) دەرهێنانی هونەرمەند(سەباح عەبدولڕەحمان) ساڵی 2008 لە هەولێر نمایش کرا ،درامای (نامە) لە نووسینی هونەرمەند (چەتۆ حەسن) دەرهێنانی هونەرمەند (وەلید نانەکەلی)،درامای (هەڵگەڕانەوە) نووسینی کەریم بایز دەرهێنانی هونەرمەند (تەڵعەت سامان) ،درامای (ترس و ئەڤین) نووسینی(عەبدولڕەحمان پاشا) دەرهێنانی هونەرمەند (رەفیق نووری حەنا) ،فلیمی(گەرەکی داهۆڵەکان) نووسینی (شێرزاد عەبدولڕەحمان) دەرهێنانی هونەرمەند (حەسن عەلی) ساڵی 2009، درامای (خەونە ئازادەکان) نووسینی و دەرهێنان (سەباح عەبدولڕەحمان) 2003،درامای (چارەنووس) نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند (حەسن عەلی) ساڵی 2000 ،درامای (کێ بەرپرسیارە) نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند ( ئەحمەد سابیر باڵا بەرز) بۆ تەلەفزیۆنی هەرێم، درامای (مەمی ئالان) لە نووسینی (ئەحمەد خانی) دەرهێنانی هونەرمەند (ناسر حەسن) لەگەڵ چەندین کاری تر..
  • ئەی چالاکییەکانت لە بواری هونەری کاریکاتێری؟
  • سەبارەت بە هونەری کاریکاتێریش سەرەتای دەست پێکردنم بە ساڵی 1984 دەستم پێکردوە لەو ساتەوە تائێستا (10) پیشانگای تایبەتیم کردوە لە شارەکانی هەولێر و کۆیە و پیرمام و دیانا و شەقڵاوە کردۆتەوە.. لە زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارەکان کاریکاتێرەکانم بڵاوکردۆتەوە ..
  • لە هونەری گۆرانی چرینیش خاوەنی چەند گۆرانییەکن دەتوانیت ئاماژەیان پێبدەیت؟

    -لەبارەی هونەری گۆرانی ووتندا خاوەنی چەندین گۆرانیم وەکو ( لەرێگەی کانی ئاو دێنێ بۆمان)، (ئەی کچی کوردەواری )،(بای شەماڵ) کە لەساڵی 1984 لە تەلەفزیۆنی کەرکووک تۆمارکرابوون ، بەڵام بەردەوام نەبووم تەینا لە بەرنامەو دراماکان جار جار گۆرانی دەڵێم.
  • لە بواری هونەری کاریکاتێری و نواندن شوێن پەنجەتان دیارە،لە کامەیان زیاتر خۆت دەبینیتەوە؟
  • ئەوەی راستی بێت زیاتر حەز لە هونەری (نواندن) دەکەم ،چونکە زیاتر لە بینەرانیش نزیکە بەتایبەتی کاتێ لەگەڵ هونەرمەندان (سەلام کۆیی و ئیبراهیم حەکیم )، وەک ئەکتەربەشدار بووم لە بەرنامەی (ئاوێنە) ،کە لە کوردستان تیڤی پێشکەش دەکرا ،هەروەها لە بەرنامەی (هەگبەی کوردەواری) لە گەڵ هونەرمەندان (ئەنوەر شێخانی و چەتۆ حەسن) هەستم کرد جەماوەر منیان زیاتر ناسی بۆمنیش زیاترحەزو ئارەزوم بۆ هونەری نواندن بوو.

    *لەگەڵ هونەرمەندی کۆچکردوو (ئەنوەر شێخانی )،بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لە تیڤی کوردستان هەبوو بیرۆکەو ناوەڕۆکی بەرنامەکە چی بوو؟
  • بەرنامەکە ناوی (ئاوێنە) بوو،گوزراشتی لە داب و نەریتی کوردەواری دەکرد ،لە هەمان کات دا خەندە ئامێز بوو بینەر چێژی لێوەر دەگرد،سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێنا ،بەجۆرێک جگە لە هاوڵاتی ئاسایی زۆرێک لە بەرپرسان چاوەڕوانی کاتی پەخشکردنی بەرنامەکەیان دەکرد ،بەرنامەکە بە شێوەیەکی رەخنەی بونیادنەر رەخنەی لە دامودەزگاکانی حکومەت دەکرد بەگرە زۆر جاریش لەرێگەی بەرنامەکە کێش و گرفتەکانی هاوڵاتیانی لە نێو داموودەزگاکانی حکومەتی چارەسەر دەکرد.
  • بۆچی لە ئێستادا بەرهەمی هونەریت کەمە؟
  • ئەوەی راستی بێت بەهۆی نەخۆشی بەتایبەتی نەخۆشی شەکرە و چەوەری و فشاری خوێن و چاوەکانم ..باری تەندروستیم رێگام پێ نادات کارەی هونەری بکەم ،ئەگەرنا زۆرێک لە دەرهێنەران داویان لێکردوم بەشداریان لەگەڵ دا بکەم هەر بۆنموونە لەم ماوەی دواییەدا مامۆستا “کارۆخ ئیبراهیم حەکیم ” داوای لێکردم بەشداری لە درمای “8 دیوار” بکەم بە ڵام بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی نەم توانی .

    *وەکو شانۆکارێک بینەری شانۆی لە ئێستاداحەز بەچ جۆرە نمایشێک دەکات؟
  • بینەری شانۆ لە ئێستادا حەز بەجۆرەنمایشێک دەکات کە ناسۆرییەکانی خۆی تیادا ببینێتەوە یاخود حەزدەکات کەنمایشەکان بۆن و بەرامی کەلتووری کوردەواری لێبێت بەداخەوە لە ئێستا ئەو جۆرە نمایشانە زۆر کەمن ،کاتێ خۆی ئێمەمان کە شانۆگەریمان نمایش دەکرد هۆڵەکان جمەیان دەهات ،بگرە زۆر جار دەرگاو پەنجەری هۆڵەکان دەشکا بۆ ئەوەی نمایشەکە ببنین ،نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت پەیدابوونی ئەو تەکنەلۆژیاییەی ئێستا وسۆسیال میدیا تارادەیەک هۆکار بووە بۆ ئەوەی بینەر کەم رووبکاتە هۆڵەکانی شانۆ.

    *پێتان وایە هونەری کاریکاتێری دەتوانێت رەخنە لە داب و نەریتە سلبییەکان نێو کۆمەڵگا بگریت؟
  • زۆر جار ئێمەی هونەرمەندانی کاریکارتێر لە رێگەی هونەری کاریکاتێر، چەندین رەخنەی جۆراجۆری نمایش کردووە بەڵام بە داخەوە وەک پێوست بەهەند وەرنەگیراوە ،بۆیە دەتوانم بڵێم نەک هونەری کاریکارتێر بەڵکو هونەرکانی تریش وەکو شانۆ و سینەمایش نەیتوانیوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وەرگر کردبێت.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress