خرۆچۆف و ئه‌ده‌ب و ئەدیبانی روسیا.. د. ضیا‌ء نافیع.. له عه‌ره‌بییه‌وه: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
نیكیتا خرۆچۆف (له ساڵی 1894 له‌دایك بووه، له ساڵی 1971 كۆچی دوایی كردووه) سێهه‌مین رابه‌ری یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت بوو له پاش لینین ( له شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری1917 ه‌وه تاوه‌كو 1924 حوكمی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی كردووه) دواتر ستالین هاته گۆڕه‌پانه‌كه‌وه، له ساڵی 1924 ه‌وه تاوه‌كو ساڵی 1953 حوكمی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی كرد. گه‌رچی خرۆچۆف ته‌نها له ساڵی 1954 تا 1964 حوكمی سۆڤیه‌تی كرد. به‌ڵام هیچ شوێنێكی له‌ناو دڵی گه‌لانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا داگیرنه‌كرد. به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له رووی شكڵییه‌وه بۆ نموونه هیچ په‌یكه‌رێك یان شه‌قامێك، ده‌زگایه‌ك به ناوییه‌وه نه‌كراوه، ئه‌مه‌ش له چاو ستالین و لینین‌دا، دیارده‌یه‌كی نامۆیه به یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو، چونكه ئه‌و دوانه‌ی تر له زۆر شوێندا ناویان دیاره.
كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی روسی هه‌بووه
هه‌رچه‌نده ناوی خرۆچۆف به كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری ریشه‌ییه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، كه رۆڵیان له كاروانی مێژوویی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و جیهانیشدا هه‌بووه، چونكه یه‌كێتی سۆڤیه‌ت زلهێزێكی جیهانی بووه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له كاره‌كانی خرۆچۆف رۆڵیان له داهاتووی ئه‌م زلهێزه جیهانییه كردووه. به‌دڵنیاییه‌وه هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده سیاسییانه‌ی سۆڤیه‌ت كه پێشتر باسم كردن، رۆڵ و جێ په‌نچه‌یان به‌سه‌ر كاروانی ئه‌ده‌بی روسیی و چاره‌نووسی ئه‌دیبانی سۆڤیه‌تییه‌وه دیاربووه، به‌تایبه‌تی له‌سه‌روه‌ختی حوكمڕانیاندا، كه باوه‌ڕیان به فه‌لسه‌فه‌ی تاك حزبی هه‌بووه.
له‌باره‌ی لینین و ستالینه‌وه، خوێنه‌ری عه‌ره‌بی كه‌م تا زۆر زانیاریان له باره‌یانه‌وه هه‌یه، هه‌ر لێكۆڵه‌وه‌ر و مێژوونووسێكیش به‌پێی تێڕوانینی خۆی هه‌ڵوێستی ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌ی باس كردووه له باره‌ی ئه‌ده‌بی روسییه‌وه هه‌یه، تاوه‌كو ئه‌مڕۆش نووسه‌ره عه‌ره‌به‌كان له‌م باره‌یه‌وه كتێب و لێكۆڵینه‌وه ده‌نووسن. به‌داخه‌وه هه‌موو ئه‌وانه‌شی له‌م باره‌یه‌وه نووسیویانه زیاتر تێگه‌یشتنی سیاسیی و فیكری خۆیان به‌سه‌ریاندا زاڵبووه، تاوه‌كو پشت به‌ستن به بابه‌تی بوون و ئه‌كادیمی بوون.( ئه‌مه‌ش ئامانجی ئێمه نییه له‌م وتاره‌دا).
خرۆچۆف و ئه‌ده‌بی روسی
بابێینه‌وه سه‌ر جێ په‌نچه‌ی خرۆچۆف به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی رووسییه‌وه، هه‌رچه‌نده تاوه‌كو ئه‌مڕۆش ئه‌مه دیارنییه، له‌كاتێكدا ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌و به”توانه‌وه‌ی سه‌هۆڵبه‌ندان” ناسراوه، كه قۆناغێكی گرنگ و پڕ بایه‌خی ئه‌ده‌بی روسیش بووه. ئه‌مه‌ش ئامانجی ئێمه‌یه ده‌مانه‌وێت به كورتی باسی بكه‌ین و ئاماژه به ئه‌دیبه ناسراوه‌كانی ئه‌و قۆناغه بده‌ین و هه‌ڵوێستی خرۆچۆفیش له‌باره‌یانه‌وه ده‌ربخه‌ین.
پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌وه بڵێم خرۆچۆڤ له چاو لینین و ستالین‌دا، زۆر له كه‌شی رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بییه‌وه دوور بوو، هێنده دوور بوو به جۆرێك پڕۆفیسۆر كۆرمیلۆف ” مامۆستای مێژووی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی روسی له سه‌ده‌ی 20 و 21 له زانكۆی مۆسكۆ ” ساڵی 2018 لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له گۆڤاری ” زنامیا نووسی ” ئه‌م گۆڤاره‌ش گۆڤارێكی مانگانه‌یه یه‌كه‌م ژماره‌ی له ساڵی 1931 ده‌رچووه و تاوه‌كو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه.” لێكۆلینه‌وه‌كه به‌ناونیشانی” نیكیتا خرۆچۆڤ وه‌كو ره‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی.”
له سه‌ره‌تای لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه خرۆچۆف له هه‌موو سه‌رانی تری یه‌كێتی سۆڤیه‌ت نه‌خوێنده‌وارتر بووه، ته‌نها قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندووه. هه‌ندێك كه‌سیش ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌شتێكی گرنگ دانانێن، چونكه له زۆر حاڵه‌ته‌دا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كاریگه‌ری نه‌بووه به‌سه‌ر مێژووی رابه‌ره سیاسییه‌كانی و كاروانی خه‌باتیانه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێكیتر ئه‌مه به‌لایانه‌وه گرنگه و ئاماژه به هه‌ندێك رووداوی تایبه‌ت له مێژووی ژیانی خرۆچۆف ده‌كه‌ن، بۆ نموونه رووداوی به‌كارهێنانی پێڵاوه‌كه‌ی له كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌مه‌ش رووداوێكی گرنگه له جیهاندا ده‌نگی دایه‌وه، ته‌نانه‌ت خه‌ریك بوو له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه له ده‌سه‌ڵات ده‌ربكرێت. هه‌ره‌وها ئاماژه‌ش به وته‌یه‌كی خرۆچۆف ده‌كه‌ن كه جارێكیان به وێنه‌كێش و په‌یكه‌رتاشی ناسراوی سۆڤیه‌تی نیزفیتنی وتووه، كاتێك سه‌یری تابلۆكه‌ی كرد، به‌به‌رچاوی خه‌ڵكییه‌وه، كه زۆرێك له ده‌زگای میدیاكان به‌شداربوون، كاتێك خرۆچۆف پێی ده‌ڵێت: ئه‌مه چییه دروستت كردووه؟ ئه‌مه كه‌ره كێویش ده‌توانێت ئه‌م جۆره تابلۆیانه بكێشێت!. ئه‌م خه‌ڵكانه پێیانوایه ئه‌مه و هه‌موو رووداوه‌كانی تریش، گوزارشت له ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی خراپی رۆشنبیریی و نه‌خوێنده‌واری خرۆچۆف ده‌كه‌ن، كه پێی ناسراو بوو.
رووداوی گه‌وره كه وابه‌سته‌یه به كاروانی ئه‌ده‌بی روسییه‌وه له سایه‌ی ساڵانی حوكمی خرۆچۆفدا په‌یوه‌سته به‌چه‌ند ناوێكی دیاری ئه‌ده‌بی روسییه‌وه، ناسراوترینیان پاسترناك و سولجینیستنه. هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندی خرۆچۆڤ به‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌وه، بۆ هه‌ریه‌كه‌یان وتارێكی پێویسته، هه‌ربۆیه ئێمه لێره‌دا ته‌نها چه‌ند سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك ده‌نووسین.
رازی نه‌بووه پاسترناك خه‌ڵاته‌كه وه‌ربگرێ
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ساڵی 1958 بۆریس پاسترناك خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئه‌ده‌ب پێ به‌خشرا، ئه‌وه‌ی دیاریشه حكومه‌تی سۆڤیه‌ت ئه‌و كاته كه خرۆچۆف سه‌رۆكی بوو، رازی نه‌بوو پاسترناك ئه‌و خه‌ڵاته وه‌ربگرێت، چونكه پێیانوابوو ئه‌م كاره، كارێكی دوژمنكارانه‌یه دژ به ده‌وڵه‌تی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، هه‌رئه‌مه‌ش وایكرد پاسترناك ناچاربكرێت خه‌ڵاته‌كه ره‌ت بكاته‌وه و وه‌رینه‌گرێت. خرۆچۆف له‌و كاته‌دا هیچ قسه‌ی نه‌كرد، به‌ڵام دواتر له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌نووسێت، من ئه‌و كاته رۆمانه‌كه‌ی باسترناكم نه‌خوێندبۆوه، به‌ڵام دواتر خوێندمه‌وه، پێموایه كارێكی خراپ نه‌بووه.
سۆلجینیستن به‌ختی هه‌بوو
ئه‌لكیسانده‌ر سۆلجینیتسن له زیندان ئازاد كرا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی خرۆچۆف هه‌ڵمه‌تی دژایه‌تی ستالینی راگه‌یاند و دژی حوكمی دیكتاتۆری ستالین وه‌ستایه‌وه، كاتێك له زیندان ئازاد ده‌كرێت، نۆڤڵێته‌كه‌ی “رۆژێك له ژیانی ئیڤان دینیسیفیچ” ده‌نێرێت بۆ گۆڤاری ” نوڤی میر” نۆڤڵێته‌كه‌ش باسی ژیانی زیندانیان ده‌كات له زیندانه‌كانی سۆڤیه‌ت له‌كاتی حوكمرانی ستالین‌دا. سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌كه ناوێرێت بڵاویبكاته‌وه، بۆیه سه‌ره‌تا ده‌ینیرێت بۆ خرۆچۆڤ، ئه‌ویش سه‌یر ده‌كات ئه‌م نۆڤڵێته شتێكی باش و گونجاوه و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا دێته‌وه كه دژی ستالین رایگه‌یاندووه، بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی شه‌خسی رازی ده‌بێت و نامه‌ش ده‌نرێت بۆ سه‌رنووسه‌ره‌كه كه بۆی بڵاوبكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌بێت له ناسراوبوونی سۆلجینیتسن له جیهان و دواتریش خه‌ڵاتی نۆبڵ وه‌رده‌گرێت.
لێكۆڵینه‌وه له هه‌ڵوێستی خرۆچۆڤ له ئه‌ده‌ب و ئه‌دیبه روسییه‌كان، ده‌توانێت هاوكارییمان بكات بۆ بینینی ئه‌و دیمه‌نه واقعیی و هه‌قیقی و دیاره‌ی كاروانی ده‌وڵه‌تی تاك حزبی، به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه كام سیستم حكومی ده‌وڵه‌ت ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌رده‌خات تا چه‌نده تاكه شه‌خسێك حوكمی وڵات ده‌كات، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ته‌واوی ژیانی ئه‌و گه‌لانه‌وه هه‌یه كه حوكمیان ده‌كه‌ن و داهاتوو چاره‌نووسیان دیاری ده‌كات.
ئامانجی سه‌ره‌كی ئێمه‌ش له‌باس كردنی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه و وتارانه ئه‌وه‌یه گه‌لانی تر ئاگاداری هه‌قیقه‌تی رووداوه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بن و سوودیش له‌و ئه‌زموونانه وه‌ربگرن.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی المدی