ڕامان … سمکۆ ئەحمەد
من کاتێ
کە سەیری هەور دەکەم
رووخساری تۆ دەبینم
من ساتێ
کە گوێ بۆ با شل دەکەم
ناوێ تۆ دەبیستم
من ئەو کاتەی خۆر لە باوەش دەگرم
یان ئەو ساتەی هێدی هێدی
بە لێوەکانم هەور دەگرم
زۆر لەسەرخۆ ئاسمان دەسڕم
بۆ نابینی دڵی پڕم؟
تۆ بۆ هێندەی زستان
دڵت ساردە
لە کاتێکا دەزانی دڵی من
هێندەی چلەی هاوین گەرمە؟
دایکم دەیوت کورم
دەست لە یەخەی با باردە
با کە توڕە دەبێ
ڕەش دادەگەڕی
چنگ بە خۆردا دەکاو
ئاگر لە خۆی و دارستان بەردەدا
تۆخوا ئافاتێکمان بۆ مەهێنە
چنگت لە یەخەی ڕەشەبا بەردە
کاتی تۆ دەبیتە ئەستێرە
من تاریك دادێم
تاریکتر لەشەوەزەنگی مارس
دەزانی بۆ؟
چونکە ئەستێرە بێ تاریکی
نادرەوشێتەوەو ناجریوێنێ
من بە سیس بوونی گوڵەکان
دڵتەنگ دەبووم
بۆیە لە ئاسن گوڵم بۆ دروستکردی
کەچی ئەوانیش سیس بوون
تۆ ڕۆیشتی هەموو بیرەوەیەکانمت برد
ڕۆیشتی هەموو شتێکت برد
من نەبێ
دوای تۆ
ڕۆژەکان تا دەهات رەساسیتر دەبوون
خەونەکان تا دەهاتن کورتر دەبوون
تۆ نازانی هەموو شتێک بە ئاگر دەسووتی و وون دەبێ؟
بەس خۆشەوویستی منت بە ساردبوونت لەناو برد
من ئەزانم ئیمە وەکو خۆشەوویست
خۆشەویستیمان نەکرد
بەس وەکو خۆشەویست شەڕمان دەکرد