Skip to Content

خوێندنەوەی ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟)ی (کاروان کاکەسوور).. ئاراس وەهاب

خوێندنەوەی ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟)ی (کاروان کاکەسوور).. ئاراس وەهاب

Closed
by October 1, 2021 General, Literature, Slider


کاتێ ڕۆمانی (یادەوەریی بووکەڵەکان)م خوێندەوە، هەستم کرد (کاروان) نەک هەر ئاستی ئەمڕۆی ڕۆمانی کوردی، بەڵکوو ئاستی پێشووی خۆیشی تێپەڕاندووە. لە خۆمم دەپرسی ئایا دوای ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی تر چاپ دەکات لانی کەم ئەم ئاستەی بپارێزێت، بەڵام (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟) ئەگەر لەو باڵاتر نەبێت، هەمان ئاستی ئەوی هەیە. بۆ ئەوەی ڕۆمانێک بە خوێنەری زیرەک بڵێت تێکستێکی داهێنەرانەیە و دنیایەکی گەورەتر لەوەی هەیەی ئەفراندووە، پێویستە بیرۆکەی قووڵی خستبێتە ڕوو، بەڵام لەوەیش گرنگتر ئەو ڕێگا و تەکنیکانەن، کە بیرۆکەکانیان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و جیاواز گەیاندووە.
بۆ ئەوەی باس لە تێکستی (کاروان) بکەین، پێویستە بیخوێنینەوە. ڕەنگە بوترێت ئەمە بۆ هەموو تێکستێک دروستە، بەڵام ڕاستییەکەی لێرەدا مەبەست لە چەمکی خوێندنەوە وەستانە لەسەر هەر وشەیەک، هەر ئاماژەیەک، هەر ڕستە و پەرەگرافێک، تەنانەت ناوی کارەکتەر و شوێن بێمەبەست نین. کەی دەتوانیت بڵێیت تێکستی (کاروان)م خوێندووەتەوە؟ کاتێ دەتوانیت باس لە پێوەندیی نێوان ڕەگەزەکان بکەیت و لە کاتی قسەکردندا نموونەیان لێ وەربگریت. ئەوە خوێندنەوە نییە کە من چەند لاپەڕەی سەرەتای بە پچڕپچڕی سەیر بکەم، یان لێرە و لەوێ سەرنج لە هەندێک ڕستە و زاراوە بدەم و بێم لەبارەیەوە قسە بکەم، گوایە خوێندوومەتەوە.
من بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کاتێکی زۆرم تەرخان کرد. تێکستی (کاروان) چ چیرۆک و چ ڕۆمان کورت ناکرێنەوە، چونکە لە کۆمەڵێک بیرۆکە پێک هاتوون، چەندان ئاڕاستەیان هەن، بێژمار کارەکتەر دەردەکەون، ڕووداوەکان تێک چڕژاون، کات تێک شکێنراوە و زۆری تر. (کاروان) لەگەڵ نەزانراو، نەوەک لەگەڵ زانراودا کار دەکات، بۆیە ئەو خوێندنەوەیەی ڕووبەڕووی ئەو نەزانراوانە نەبێتەوە، ناتوانێت هیچی نوێ بە دەستەوە بدات. سەرجەم بەرهەمی (کاروان) گەڕانە بە دوای ئەوانەی نین و ونن، نەوەک ئەوانەی هەن و ئامادەن. ئەو ژیانی خۆی نانووسێتەوە، بەڵام مەبەستیەتی ڕێگای تری ژیان بدۆزێتەوە، کە ئەدەبی گێڕانەوە گونجاوترین ژینگەیە تێیدا ئەو ڕێگا نەزانراوانە تاقی بکاتەوە. ئەم ڕۆمانە نموونەیەکی دیاری ئەو گەڕانەیە. پێت دەڵێت ڕێگای تری ژیان زۆرن، بەڵام لە واقیعدا ئێمە تەنیا یەکێکیمان تاقی کردووەتەوە، ئەو ڕێگایەی پێی ژیاوین و بەم ئێستایەی گەیاندووین. ئەم ڕۆمانە ژیانی زانراوی نووسەر و خوێنەریش بە لاوە دەنێت و چەند ڕێگایەکی تری نەزانراو پێشان دەدات. ئایا هەر بە ڕاستی هێشتا توانایەک لە ئارادا نییە ئێمە خودی ئەو تەمەنەی بەو ڕێگا زانراوەدا بە سەرمان بردووە، بە کۆمەڵێک ڕێگای تریشیدا ببەین و بە ئەنجامی دیکە بگەین؟ (کاروان) خۆی لە دەروازەی ڕۆمانەکەدا نووسیویەتی: ((ئەگەر پێت وایە دەبوو بەم خاڵەی ئێستای زەمەنت بگەیت، تۆ لە زەمەن نەگەیشتوویت. خۆ ئەگەر وا بزانیت تەنیا دەکرا بەم ڕێگەیە پێی بگەیت، ئەوا لە زەمەن هەر نەگەیشتوویت! ئەمە بۆیە دەڵێم، چونکە نووسین فێری کردم دەکرێت بە زۆر ڕێگەی جیاواز زەمەن ببڕم. ئەم (ئێستا)یەی ئێستام، یەکێکە لە هەزاران (ئێستا)کانم. ئایا تۆ دەزانیت من بە قەدەر (ئێستا)کانم، (ڕابردوو) و (ئاییندە)یشم هەن؟))
هەوڵ دەدەم لە ڕێگای چەند تەوەرەیەکەوە خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانەکە بکەم:

بەشەکانی ڕۆمانەکە:
لە هەشت بەش پێک هاتووە و دەروازەیەکی هەیە. هەموو ئەو پارچانەی (ئەو ئەفۆریسمانەی) لەو دەروازەیەدا هەن، لە تێکستەکەدا شوێنەواریان هەیە. ڕۆمانەکە لە دەرەوەدا لە مرۆڤ دەچێت و قۆناغەکانی گەشەکردنی بایۆلۆجییانەی مرۆڤیش دەردەخات. دەروازەکە کۆرپەلەی سکی دایکە، بەشی یەکەم ساوایە و لە بەشەکانی تردا گەشە دەکات، بەڵام لە ناوەوە ئەو سیستێمی کاتە تێک دەشکێنرێت و شێوەی بازنەیی شوێنی دەگرێتەوە. بۆ نموونە لە بەشی حەوتەمدا زۆر وردتر لە بەشی یەکەم باس لە قۆناغی منداڵی دەکات. واتە ئەو بیرۆکانەی سەرەتا بە سادەیی خراونەتە ڕوو، لەوێدا قووڵ دەکرێنەوە.

شێوازی ئەپیستۆلەری(Epistolary):
(کاروان) خۆی لە پێشەکیی (ڕاگەردان)دا لەبارەی ئەم شێوازەوە دەنووسێت: (واته‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ شێوه‌ی نامه‌دا، یان قسه‌کردن بۆ که‌سێک، یاخود زیاتر له‌ که‌سێک، که‌ ئه‌وانه‌ زیاتر گریمانین، نه‌وه‌ک ڕاستی. یەکێکە لە شێوازەکانی مەنەڵۆگ، بەوەی کارەکتەر بە پلەی یەکەم پشت بە یادەوەریی خۆی دەبەستێت. به‌ ناخیدا ڕوو ده‌چێت و ڕووداوەکان ده‌گێڕێتەوە، کە مەرج نییە بەدوای یەکدا بێن، به‌ڵکوو پاشوپێشیان پێ دەکرێت. ئەو تەکنیکە بەردەوام لای ڕۆماننووساندا جێگه‌ی بایەخ بووە. بۆ نموونه‌ کامیلۆ خۆسێ سێلا له‌ ڕۆمانی خانه‌واده‌ی پاسکوال دوارتێدا به‌ کاری هێناوه‌).(1)
لەم ڕۆمانەدا (کاروان) هەموو شتەکانی خۆی بۆ (کارا فاتیح) دەگێڕێتەوە.(2) واتە لێی دەپرسێت هاوڕێیەکی هەیە و نیازی وایە سەردانی بکات، ئاخۆ ئەو لەو بارەیەوە چی دەڵێت. بۆ ئەوەی (کارا فاتیح) بۆچوونی خۆی پێ بڵێت، سەربردەی هەموو تەمەنی دەگێڕێتەوە، کە پێوەندیی بەو هاوڕێیەوە هەیە. بەکورتی (شەکشەک)، ئەو هاوڕێیەی منداڵیی (کاروان) لە منداڵییەوە گەیشتبێتە هەر کەسێک، شوێنێکی شکاندووە. (کاروان) بڕیاری داوە نەیبینێتەوە و ماوەیەکی زۆریش لە ئەوروپا لە ژیانیدا گوم دەبێت، بەڵام ئەمجارە تەلەفۆنی بۆ دەکات و پێی دەڵێت دیسان دەیەوێت سەردانی بکاتەوە. لەمەوە (کاروان) پەنا بۆ (کارا فاتیح) دەبات بەو هیوایەی لەم ڕووەوە بۆچوونی خۆی بڵێت.
بایەخی ئەم شێوازە لەوەدایە کە هەمیشە ناراتێیەک، واتە کارەکتەرێکی ناوەوە هەیە، گوێی گرتووە و لە گێڕانەوەکەدا بە بێدەنگی بەشدارە، کە لێرەدا (کارا فاتیح)ە. هەروەها ئەو شێوازە وای کردووە کات بە شێوەی زنجیرەیی نەچێتە پێشەوە، بەڵکوو ئاڕاستەی جۆراوجۆر وەربگرێت. دواتر بە تایبەت بۆ ئەم خاڵە دەگەڕێمەوە.

بایۆگرافیا:
ئەوەی پێشتر بەرهەمەکانی (کاروان)ی خوێندبێتەوە، بە تایبەتی (منداڵیم ئاسکێک بوو بەسەر پەلکەزێڕینەکاندا بازبازێنی دەکرد) و گفتوگۆکانی، دەزانێت ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەک لە شێوەکان ژیاننامەی نووسەر لە خۆی دەگرێت، بەڵام ژیاننامەیەکی دەقاودەق نا، بەڵکوو هەندێک خەسڵەت و ئاماژەی ژیانی خۆی بە کار هێناون. وەک (ژیڤان بەکر) دەنووسێت ((ئەم کتێبە ژیاننامەیە، وەلێ بە تامی ڕۆمان نووسراوە، هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا، نووسەر باڵ بەسەر گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا دەکێشێت. وەگێڕەوەی هەمووشتزان بە کاتی ئێستە و بەردەوام ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، جیاواز لە تەکنیکە باوەکانی تر، کە چیڕۆکی هونەریی کلاسیکیی کوردی پێ دەنووسران. بە دیوێکی دیکە، گێڕەرەوە خۆی لە کاری ڕابردووی (بوو) دەرباز کردووە، بۆیە بە کاتی ئێستە و بەردەوام ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە)).(3)
بۆ نموونە باوکی هەمیشە لە سیاسەت ترساوە و دایکی کەسێکی بەپارێز بووە، بە تایبەتی لە پاکوخاوێنی و ڕێکخستنی ماڵدا زیادەرۆیی کردووە. منداڵێک لەنێوان ئەو دایک و باوکەدا سەری لێ تێک چووە و بە مانای وشە دەچەوسێنرێتەوە. لای باوک خوێندن هەموو شتێکە و جگە لە کتێبی خوێندنی فەرمی، هەر شتێکی تر قەدەغەیە. دایک دەیەوێت هەموو شتێک بە ڕێکی بچێتە پێشەوە. نابێت کوڕەکەی نەخۆش بکەوێت، نابێت بە ئاوی زۆرگەرم خۆی بشوات و ئاوی زۆرساردیش هەر خراپە. ئەو دوو خەسڵەتەی دایک و باوک تا قۆناغی لاوێتییش بەردەوامن و ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەو کوڕە دەبنەوە، کە لێرەدا ناوی (جیهانگر)ە. نەبوونی ئازادی لەو ماڵەدا وای کردووە (جیهانگر) هێندەی لە خەیاڵدا بژی، هێندە لە واقیعدا نەژی. لەبەر ئەوەیشە خەیاڵێکی چڕی هەیە، بەڵام لە ڕووی جەستەوە شەتەک دراوە. وایش ڕێک کەوتووە هاوڕێی نزیکی (شەکشەک) بێت، کە ئەو تەواو پێچەوانەیەتی. ئەوە وای کردووە هێڵە درامییەکە گەرم ببێت و ژیانی پڕ بێت لە ڕووداو. ئەو خەیاڵە هاتووەتە ناو ڕۆمانەکە و نەیهێشتووە بە تەواوی ببێتە ئەدەبی ژیاننامە، بەڵکوو هەر ئەوەیە ژیاننامە لە پاڵ کۆمەڵێک ڕەگەزی تردا بایەخی هەیە.

زۆریی کارەکتەر:
یەکێ لەو ڕەگەزانەی ڕۆمانی نوێ لە ڕۆمانی تەقلیدی جیا دەکاتەوە، زۆریی کارەکتەرە، بە مەرجێ ئەو کارەکتەرانە خاوەنی زمان و تێگەیشتنی خۆیان بن، نەوەک زمانی نووسەریان بەسەردا زاڵ بێت. لە ئەدەبی کوردیدا (کاروان) بەوە دەناسرێتەوە، کە بەردەوام کارەکتەر دروست دەکات، بەڵام هەر کارەکتەرێک چیرۆکی خۆی هەیە و خاوەنی زمانی خۆیشیەتی. لەناو یەک خێزاندا کەسەکان تەواو جیاوازن. هەتا ئەگەر ناویان نەهێنێت، خوێنەر لە ڕێگای زمانەوە دەیانناسێتەوە. (جیهانگر) و (شەکشەک) هاوڕێی منداڵیی یەکترن، لە یەک کۆڵان و لە یەک ڕۆژدا هاتوونەتە دنیاوە، کەچی دوو دنیای تەواو جیاوازن. زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟) هەزار کارەکتەر زیاتر لە خۆی دەگرێت، کە چیرۆکی یەکێکیان لەوەی تریان ناچێت و زمانی هەر یەکەیان لەوەی تر جیاوازە. واتە ڕۆمانەکە فرەدەنگە. (کاروان) لە سەرەتاوە بایەخی بە فردەنگی داوە. بووەتە ئەزموونی خۆی، بۆیە دەیشتوانێت لە گفتوگۆکانیدا بە چاکی لەبارەی ئەو چەمکەوە بدوێت. نوێترین گفتوگۆی لەژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دایە، کە (شاخەوان سدیق) لەگەڵیدا کردووە. ئەو چەمکەی بە فەلسەفەی جیاوازییەوە گرێ داوە و بەوردی ڕەهەندەکانی دەرخستووە.(4) (د. حەمە مەنتک) پێی وایە (کاروان) ئەو ڕۆماننووسەیە، کە لەبارەی تەکنیکەکانی گێڕانەوەوە شارەزاییەکی دەگمەنی هەیە.(5) من لەگەڵیدا هاوڕام. لەم ڕۆمانەدا بۆ دەرخستنی تێکڕای ڕەهەندەکانی کارەکتەر کۆمەڵێک تەکنیکی نوێی بە کار هێناون، بۆیە تێگەیشتن لە ڕۆمانی (کاروان) پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر هەیە.
منداڵی و گەورەیی پێکەوە:
لە پێشەوە وتمان ڕۆمانەکە لە دەرەوەدا لە مرۆڤ دەچێت و قۆناغەکانی گەشەکردنی بایۆلۆجییانەی مرۆڤیش دەردەخات، بەڵام لە ناوەوە ئەو قۆناغانە تێکەڵ دەبن. دەرخستنی قۆناغی منداڵی لای (کاروان) مانای گەڕانەوە نییە بۆ ئەو قۆناغە، بەڵکوو پێشخستنە. تەمەنی مرۆڤ لە دیدگای ئەودا بەم شێوەیە دابەش ناکرێت: منداڵی، هەرزەکاری، لاوی، کامڵی، پیری، بەڵکوو ئەوانە هەموویان پێکەوە هەن، بۆیە شتێک نییە بە ناوی گەڕانەوە بۆ منداڵی. واتە فڵاشباک نییە، بەڵکوو فلاشفۆوەردە، چونکە منداڵی قۆناغێک نییە، تا تەواو بووبێت، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوی کاتی ناوەوەیە. ئەو لە چاوی منداڵێکەوە دنیای گەورەکان دەگێڕێتەوە. (کاروان) نایەوێت بڵێت منداڵی بەهەشتە، بۆ ئەوەیشی نییە داخ بۆ بەسەرچوونی ئەو قۆناغە هەڵبکێشێت، بەڵکوو بۆ ئەوەیەتی دنیای ساختەی گەورەکان دەربخات. لە بەشی حەوتەمدا منداڵێک لە ماوەی یەک ساڵدا دوو جار ون دەبێت، یان سەر هەڵدەگرێت. لە ونبوونەکانیدا نهێنیی دنیای گەورەکان دەدۆزێتەوە و پێمان دەڵێت چۆن دەژین. لەو دوو ونبوونەدا کوژرانی چەند کەسێک دەبینێت و نهێنیی دوو سێ ماڵ ئاشکرا دەکات، کە ئەگەر ئەو منداڵە نەبووایە مەحاڵ بوو بیزانین. لە (کاروان)م پرسی ئەو تەکنیکە چییە، کە وا دەکات منداڵێک دنیای گەوران بگێڕێتەوە، بێ ئەوەی منداڵیی خۆی لە دەست بدات. واتە بێ ئەوەی هەست بکەین گەورەیە. گوتی نارەتەرێکی دووڕەگ هەیە. واتە تێکەڵە لە منداڵی و گەورەیی، تا بە جارێ دوو دیدگە دروست بکات. دیدگەی نارەتەرێک، کە هیی گەورەییە و نارەتەرێک، کە خودی منداڵەکەیە. بۆ ئەمەیش زەمینەی ساز کردووە. بۆ نموونە هەر لە بەشی حەوتەمدا، نارەتەرێک هەیە تەمەنی بیستوحەوت ساڵە و لە ئەنکارەیە لەگەڵ نارەتەرێک یەک دەگرێت، کە منداڵێکە لە تەمەنی پێنج و شەشدایە. کەواتە نارەتەرێک کاتێ بە زمانی منداڵێکەوە ڕووداو دەگێڕێتەوە، ئەوە لە ناخیدا نارەتەرێکی گەورەیش هەیە. وەک پێشتر وتمان بە شێوازی ئەپیستۆلەری نووسراوە. هۆشیاریی گەورەیەک و چاوی تیژی منداڵێک یەکیان گرتووە و ڕووداوەکان دەگێڕنەوە. واتە هۆشیارییەکی دووڕەگ ئامادەیە، بۆیە زمانی منداڵێک لەم ڕۆمانەدا هەمان زمانی زمانی منداڵێک نییە لەو واقیعەی ناسیومانە.

چەمکی کات:
بۆ ئەوەی هەر تێکستێکی (کاروان) بخوێنینەوە، پێویستە واز لەو تێگەیشتنە سادەیە بهێنین، کە لەبارەی چەمکی کاتەوە هەمانە، بێ ئەوەی هیچ تێگەیشتنێکی تری پێشوەختیش دروست بکەین، بەڵکوو دەبێت ڕووبەڕووی تێکستەکە ببینەوە، تا لەوێدا وردەوردە تێگەیشتنی خۆمان هەڵبچنین. لەم ڕۆمانەیشدا وەک هەموو بەرهەمەکانی تری بایەخی سەرەکیی بە کات دراوە. بایەخی ئەو بە کات ڕوویەکی فەلسەفەییانەی هەیە، کە بەردەوام لە گفتوگۆکانیدا دەریخستووە. هەر ئەمساڵ لە ڕێی دوو ئەزموونەوە باسی لەو دیوە فەلسەفییەی کات کردووە. یەکەمیان، لە وتارێکدا بە ناونیشانی (کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا)،(6) بەڵام دووەمیان، لەو گفتوگۆیەی لەژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا چاپ کراوە. لە شوێنێکی ئەوەی دووەمیاندا پێی لەسەر جینالۆجیای بەهادا گرتووە، کە لای (نیتشە) هەیە (بەو مانایەی ڕێگەی تێکشکانی حەقیقەت و دەرکەوتنی بەهای ڕاستییە، کە ئەمەیش لە دوو ئاستدا دەردەکەوێت: ئاستی یەکەم، ئەو بەهایە، یان ئەو بیرۆکەیە لە ڕووی مێژوویییەوە چۆن سەری هەڵداوە و چۆن گەشەی کردووە، بەڵام ئاستی دووەم، ڕەخنەیە لەو بەهایە و لابردنی ئەو چینە پیرۆزییەی سەری، تا ناوەوەی بکرێتەوە. بە مانایەکی دی، گومانکردن لە حەقیقەتی ئەو بەهایە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی. لێرەدا لە ئاستی ڕەهاوە دەچێتە ئاستی ڕێژەیییەوە. ڕووکەش لا دەچێت و ڕەسەن دەگەڕێتەوە، کە یەکەمیان لەسەر مێتافیزیکا دامەزراوە و لاوازە، بەڵام دووەمیان خاوەنی هێزە و توانای بەردەوامیی هەیە.)(7) واتە ئەو فەیلەسووفە بە هیچ بەهایەک ڕازی نییە، کە ئەوانەی تر بۆمانی پێناسە دەکەن، بەڵکوو پێویستە خۆمان هەڵیانبکۆڵین، تا هەرچی خڵتە هەیە لەسەریان لا دەبەین و ڕەسەنێتییان دەدۆزینەوە. لەم ڕۆمانەدا گەڕانەوە بۆ منداڵی، بۆ خودی منداڵی نییە وەک پێشتر وتم، بەڵکوو بۆ ڕەسەنێتی بەهاکانە، کە هەتا هاتووە بە خڵتە داپۆشراوە. کەواتە لە دنیای (کاروان)دا هەڵکۆڵێن هەیە، نەوەک گەڕانەوە، چونکە نە بە ئاڕاستەیەکی دیاریکراو دەگەڕێتەوە و نە بۆ خاڵێکی دیاریکراویش دەگەڕێتەوە، بەڵکوو هەموو شتێک هەڵدەکۆڵێت. بەکورتی تێکشکاندنی کات پێوەندیی بە بەهاکانی ژیانەوە هەیە. ئەو ئێستاتیکایەیش کە لەو هەڵکۆڵینەدا دەردەکەوێت ئێستاتیکای ژیانە. هەر بە ڕاستی ڕۆچوون بە ناو دنیای (کاروان)دا ڕۆچوونە بە ناو بەهاکانی ژیاندا و چێژی ئەو ڕۆچوونە لەوەدایە، کە وەک خوێنەر بەشداریت. خوێنەری هەڵکۆڵەر، ئەو خوێنەرەی بەوە ڕازی نییە لە ڕێی وەسفی درێژدادڕەوە نووسەر شتی پێ بڵێت، چێژ لە بەرهەمی (کاروان) دەبینێت، چونکە وەک ئەوە وایە خۆی نووسیبێتی. من خۆم لە خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمانەکانیدا دەیان جار بۆ بڕگەکانی پێشوو دەگەڕێمەوە، تا لەگەڵ ئێستا گرێیان بدەمەوە، کە دەزانم دواتریش دەبێت ئەمانە بە کۆمەڵێکی ترەوە ببەستمەوە. بۆیە دەڵێم هەڵکۆڵین، نەوەک گەڕانەوە.

ناوی کارەکتەر:
هەر لە سەرەتاوە (کاروان) مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵ چەمکی ناودا کردووە. لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تا ئەمڕۆ ئەو چەمکە هەڵکۆڵینی نوێی تێدا دەکرێت. ئەزموونەکە لەوە دەرچووە تەنیا لە چیرۆک و ڕۆماندا دەربکەوێت، بەڵکوو چووەتە ئاستی تیۆرییشەوە. لە گفتوگۆ و وتاردا لێوەی دواوە. ئەو تەنیا بۆ ڕازاندنەوە ناو لە کارەکتەر نانێت، بەڵکوو خودی ناوەکە کاری پێ دەکرێت. پێچەوانەی ئەو بۆچوونە تەقلیدییەی پێی وایە ناوی ڕازاوە بۆ کارەکتەری پۆزەتیڤ گونجاوە، بێ ئەوەی ناوەکە هیچ ئەرکێکی لە ئەستۆ گرتبێت، ئەو لە دەرەوەی نەگەتیڤ و پۆزەتیڤەوە لەو چەمکە دەڕوانێت. لەم ڕۆمانەدا ئەزموونێکی تری ناونانی کارەکتەر دەبینین. واتە ناوی هەر کارەکتەرێک بە چیرۆکێکەوە بەندە، کە ئەو چیرۆکە وای کردووە کارەکتەر ناوی خۆی لە دەست بدات و ناوێکی تر هەڵبگرێت. واتە ناو بەشێکە لە پێوەندیی نێوان (من) بەوەی ترەوە، نەوەک شتێکی ئەزەلی بێت. ئەوانەی دەرەوەی خۆت ناوت لێ دەنێن و چیرۆکەکانیش لەو ڕێگایەوە دێنە ئاراوە. ناو چەسپاو نییە، بەڵکوو لە جووڵەدایە و جووڵەکەی بەندە بەو پێوەندییەوە. لە ڕۆمانی تەقلیدیدا ناو چەسپاوە و ناگۆڕێت. لای (کاروان) ناو دەچێتە ئاستی ململانێوە و کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت، بۆیە خودی ناوەکە چیرۆکی هەیە. هەتا ئەگەر چیرۆکی ناوی کارەکتەرێکیش نەگێڕدرابێتەوە، ئەوە ئاماژە بەوە دراوە، کە هەیەتی. بۆ نموونە نازانین چیرۆکی ناوی (شەکشەک) چییە، بەڵام وردەوردە بۆمان دەردەکەوێت لە (شکاندن)ەوە هاتووە. هەندێک ناو لە شێوەی تیپدا کورت کراونەتەوە وەک (پ….ن)، (م..ز..ن)، (ست ج..هـ..ن) و (د.ا.و.ر). هەندێک ناوی وەک (کچی میستەر گرین)، (ویتی)، (داچە)، (تیئێنتی)، (نارکۆ)، (پاژان)، (کاردی)، (ئالیلی)، (نازی)، (نیرڤاسەنا)، (سەرجۆنی ئەکەدی)، (گەربووشە)، (کولدیساک:Cul-de-sac)، (شیپە)، (برای مارلین مۆنرۆ)، (مام پەلەکەن)، (ئاڤا گاردنەر)، (کوڕی ژنە بێبرژانگەکە)، (ترینیتی)، (تیتیتی)، (وازا) و(نیدی)مان هەن، کە بەردەوام دەردەکەون و ون دەبن. ناومان هەیە حەقیقەتێکی دیکەی مێژوومان بۆ دەردەخات، جیاواز لەوەی هەتا ئێستا زانیومانە. بۆ نموونە (سۆمارتۆ)، کە ناوی کارەکتەرێکە، نەنک و باپیری لە بیستەکانەوە هاتوونەتە ئەم شارە و بە کوردی دەدوێن. ئەگەرچی مێژووی فەرمی پێمان دەڵێت سامەڕا شارێکە عەباسییەکان دروستیان کردووە، کەچی دەردەکەوێت وشەکە لە (سۆمارتۆ)وە هاتووە و لە سەردەمی بەردینەوە هەیە. کارەکتەرێکی تر بە (دیکفلاش:Dickflash) بانگ دەکرێت. بۆچی؟ چونکە چیرۆکێکی نووسیوه‌ و گوتوویەتی (دیکفلاش:Dickflash)ی تێدا بە‌ کار هێناوە، گوایه‌ ویستوویەتی بڵێت (فلاشباک:Flashback). کارەکتەرێکی تر ناوی (کاکۆ فانۆس)ـە، بەڵام دەرکەوتووە‌ (کەکۆفەنۆس:cacophonous)، یان (cacophonous words) واته‌ ئەو وشانەی لە‌ گوێچکەدا قورسن و دەنگدانەوەی ناخۆشیان هەیە. بەردەوام گەمەی سەیر و سەمەرە لەگەڵ ناودا کراوە. ئێمە هەر ئەو چەند نموونەیەمان لێ وەرگرت، دەنا لە هەر لاپەڕیەکدا شتێکی وات بەر چاو دەکەوێت.

زمان:
بایەخی (کاروان) بە زمان لە لە هەردوو ئاستی تیۆری و پراکتیکدا دەردەکەوێت. لە ڕووی تیۆرییەوە شارەزاییەکی باشی لە قوتابخانە زمانەوانییەکاندا هەیە و چەند جارێک لەو بارەیەوە نووسیویەتی. واتە تێگەیشتن لە پێوەندیی زمان و فەلسەفە بەردەوام خەمی ئەو بووە. لە ڕووی پراکتیکیشەوە وردبینییەکی بەرچاو بە کارەکانیەوە دیارە. یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی لە ڕێنووس، وشەسازی، ڕستەسازی و خاڵبەندی شارەزان. بایەخی سەرەکیی (کاروان) بۆ ڕێتم ئاڕاستەیە، بۆیە لە خۆیەوە وشە فڕێ نادات و دەزانێت چ وشەیەک لە کوێدا بە کار بهێنێت. ئەو بیرۆکانەی (کاروان) بە چەند وشەیەک دایاندەڕێژێت، لای ئەو نووسەرانەی شارەزای زمان نین، بۆ چەند لاپەڕە درێژ دەبنەوە. لەم ڕۆمانەیشدا ئەو شارەزاییەی کۆمەکی کردووە، تا قووڵایی وشە دەربخات. ئەو خوێنەرانەی لە (کاروان) ناگەن، لەبەر ئەوە نییە نازانێت بیرۆکە بە چاکی دابڕێژێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە ئاستی زانراوی شت بە لاوە دەنێت و ئاستە نەزانراوەکانی دەردەبڕێت. (کاروان) وەک (ژیڤان بەکر)یش هەر لەو گوتارەیدا نووسیویەتی ڕووداوەکانی ڕابردوو لە شێوەی ئێستادا دەگێڕێتەوە. (دەخوات، دەڕوات، دەبات، دەنووسێت، دەشوات، دادەنیشێت)، نەوەک (خواردبوو، ڕۆیشتبوو، بردبوو، نووسیبوو، شووشتبوو، دانیشتبوو). ئەوە لە لایەک پێوەندیی بەو تێگەیشتنەی ئەوەوە هەیە بۆ کات، کە پێی وایە ڕابردوو و داهاتوویش هەر ئێستان، لە لایەکی تر نایەوێت هێندە (بوو)ی ڕابردوو ڕێتمی زمانەکەی خاو بکاتەوە.

تراجیدیا و کۆمێدیا:
ڕەگەزی تراجیدیا لە هیچ کارێکی (کاروان) جیا نابێتەوە. لە پێشەوە وتم لە دنیای ئەودا بەهاکان هەڵدەکۆڵرێن، تا ڕەسەنێتییان بدۆزرێتەوە. ئەوە ناوەرۆکی تراجیدیایە و (نیتشە) بەردەوام پێی لەسەر بایەخی ئەو تراجیدیایە داگرتووە، کە خودی ژیانە. تراجیدیا ڕوانینی مرۆڤە بۆ قووڵاییەکان. واتە باوەڕنەکردنە بەو مژدە ساختانەی بە مرۆڤ دەدرێن، گوایە هێزی فریادڕەس هەن و بە هانامانەوە دێن. بەڵام ئایا لە دنیای (کاروان)دا تەنیا تراجیدیا هەیە؟ نەخێر، کۆمێدیا لە پاڵ تراجیدیادا دەردەکەوێت، چونکە هەردووکیان یەکێکن. بۆیە زۆر جار چەمەکە لای توێژەرەوان دەبێتە (تراجیکۆمێدی). خودی کۆمێدیایش واتە ترازاندنی ئەوەی هەیە، بەو مەبەستەی ئەو لایەنانەی دەربکەون، کە نەناسراو و نەزانراون. لەم ڕۆمانەیشدا تراجیدیا و کۆمێدیا تێکستەکە دەجووڵێنن. لەو شوێنانەی ئازار هەیە، (ئازار بەو پێناسەیەی نیتشە بۆی کردووە)، پێکەنینیش ئامادەیە. پێکەنین واتە کردنەوەی دەرگەی تر بەسەر بابەتدا. تا ئەو ڕۆمانە تەواو دەکەیت بێژمار لە قاقای پێکەنین دەدەیت. وای لێ دێت هەر ناوی (شەکشەک) بێت، پێکەنین دەتگرێت. لەو کاتانەی ژیان گەورەترین مەترسیی لەسەرە و وا دەزانیت ئێستا مەرگ دەردەکەوێت، دیمەنێکی کۆمێدی وات لێ دەکات قاقا پێبکەنیت. بۆ نموونە لە بەشی هەشتەمدا، کاتێ (پاژان) دەگەیەننە بەغداد، خوێنەر دەستی بە دڵیەوە گرتووە، ئاخۆ کەی دەگیرێن، کەچی هەر لەوێدا قاقا پێدەکەنێت. لەم ڕۆمانەدا خۆشەویستیی بۆ ژیان فۆکەسی گەورەی لەسەر کراوە. ئەو (شەکشەک)ەی سەرەتا وا دێتە بەر چاو کەسێکی بێباکە، بەڵکوو توندوتیژە، بەڵام دواتر بە تایبەتی لە بەشی هەشتەمدا دەردەکەوێت چەند ژیاندۆستە و هەموو هەوڵێکی ئەوەیە (جیهانگر) ئاسوودە بکات.

شەکشەک وەک تێرمێکی فەلسەفی:
زۆر تێرمی فەلسەفی و سایکۆلۆجی لە تێکستی ئەدەبییەوە وەرگیراون. بۆ نموونە سادیزم، ماسۆکیزم و دۆنکیخۆت. دەکرێت لەمەودوا (شەکشەک) بەوانە بگوترێت، کە ئەگەرچی هیچ ئارەزوویەکی ئازاردانیان نییە، بەڵام بگەنە هەر کەسێک شوێنێکی دەشکێنن و خوێنی لێ دەهێنن. (شەکشەک) لە ڕۆمانەکەدا وای لێ دێت، هەر دەربکەوێت خوێنەر چاوەڕێیە، خوێن لە جەستەی کەسێکەوە بهێنێت، لە کاتێکدا ئەوانەی تر بۆی دەپۆشن و دەڵێن نەیزانی. نووسەر لە سنووری هونەردا ئەتمۆسفێرێکی میتۆلۆجییانەی هێناوەتە کایەوە، تا کاری (شەکشەک) بە چاکی مەیسەر ببێت و بە پێوەری واقیعی زانراو لێی نەڕوانێت. (شەکشەک) دژی سیستێمە. ناهێڵێت هیچ پرۆسێسێک تەواو ببێت، بەڵکوو لە ڕێی شکاندنەوە تێکی دەدات. (شەکشەک) ئەو هەموو خوێنە لە جەستەکان دەهێنێت، بەڵام کەس ناکوژێت. تەنیا باوکی خۆی کوشتووە، ئەویش لە ڕێی گاڵتەوە، کە ئەمە مانایەکی سایکۆلۆجییانەی هەیە. لە تێکستەکەدا هیچ ئاماژەیەک نییە خوێنی لە جەستەی دایکی هێنابێت. ئەو دایکەی تەنیا یەک جار لە بەشی هەشتەمدا بە ڕاستی دەردەکەوێت، لە کاتێکدا دوای مردنی مێردی سۆندەیەکی بە دەستەوەیە و باخ ئاو دەدات. جلی ڕەشیشی نەپۆشیوە، گوایە مێردی وەسیەتی کردووە ڕەش نەپۆشێت.

لایەنی دەروونی:
شێوازی نووسینی (کاروان) بە پلەی یەکەم دەروونییە. تێکشکاندنی کات و دابەشکردنی بەسەر یەکەی وردورددا پێوەندیی بە لایەنی دەروونییەوە هەیە. وەک (نەهرۆ هۆمەر) دەڵێت (ئەم ڕۆمانە پارچەپارچەیە و ھەر پارچەیەکی لە نێو دوو سێ بەش خۆی تەواو دەکات، یا بڕێکیش بە کراویی ھێڵدراونەتەوە).(8)
ڕووداوەکانی دەرەوە لە ناوەوەدا دەبنە ئاماژە. واتە لە ئاستی وشەوە دەچنە ئاستی نیشانە. (کاروان محەمەد فەتاح) پێی وایە بەرهەمی (کاروان کاکەسوور) (بریتییە لە ئاماژە، چونکە شتەکانی دەرەوە لە ناوەوە بۆ ئاماژە دەگۆڕێت. ئەوە تەنیا گۆڕینی یاساکانی کاتی دەرەکی نییە، بەڵکوو گۆڕینی ئاستەکانی زمانیشە لە ڕاستەوخۆیییەوە بۆ ناڕاستەوخۆیی. خوێنەر لێرەدا بوونەوەرێکی دەستەپاچە نییە، کە تەنیا گوێ بگرێت، بەڵکوو ئەرکی هەیە. ئەوە خوێنەرە هەر لە ڕێی ئاماژەوە ئەو دیمەنانە بە شێوازی خۆی پێک دەبەستێتەوە و مانایان لێ پێک دەهێنێت.)(9) فاکتەری کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕۆڵی گەورەیان هەیە، بەڵام لە ناوەوە بەو زەقییە دەرناکەون. ئەمە تەنیا پێوەندیی بە (کاروان)ەوە نییە، بەڵکوو بە گشتی ئەو ڕۆمانانەی بایەخ بە لایەنی دەروونی دەدەن، کێشە زەقەکانی دەرەوە بۆ ئاماژە دەگۆڕن، بۆیە تێگەیشتنیان سەختترە لەوانەی دیوی دەرەوە پێشان دەدەن. بەرهەمەکانی (دۆیستۆیەڤسکی) لەم بابەتەن. (تاوان و سزا) بە تایبەتی. دوای ئەوەی (ڕاسکۆلینکۆڤ) لەژێر فشاری دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا ژنێکی بەتەمەن دەکوژێت و پارەکانی دەدزێت، تووشی دۆخێکی دەروونیی دژوار دێت و دەکەوێتە لێکدانەوەی خودی تاوانەکەی. جارێک پاساوی بۆ دەهێنێتەوە و جارێک خۆی دادگایی دەکات. ناوەناوە کێشەی خێزانیی خۆی دێنێتە ناوەوە، کە هەم دایکی و هەم خوشکی بە دەست کۆمەڵێک گرفتەوە دەتلێنەوە. دەگاتە ئەوەی (ڕاسکۆلینکۆڤ) زمانی بشێوێت و وشەکانی لە شێوەی وڕێنەدا گوێیان لێ بگیرێت، تەنانەت کاتێ دەچێتە بنکەی پۆلیسیش، وا دەزانن تێک چووە. واتە هۆکاری دۆخە دەروونییەکەی (ڕاسکۆلینکۆڤ) ئابووری و کۆمەڵایەتییە، بەڵام زۆر بە ناڕاستەوخۆیی ئاماژەیان پێ دراوە. (کاروان) ئەگەرچی خۆی لە دەیان کێشەی گەورەی وەک شۆڕش، شەڕ، ڕاونان، گرتن و کوشتن دەدات، بەڵام ئەوانە دەکاتە شتی لاوەکی. ئەوەی بایەخی سەرەکیی هەیە کاریگەریی ئەوانەیە لەسەر دۆخە دەروونییەکاندا. شتێکی سەیر نییە ئەگەر دەبینین لە ڕۆمانی ئەودا وەسف زۆر کەم هەیە، چونکە هەمیشە چیرۆک ئامادەیە. واتە زنجیرەچیرۆک شێوەی وەسفی درێژدادڕی گرتووەتەوە. (پێشڕەو عەبدوڵا) پێی وایە (کاروان) بایەخ بە قووڵایی کارەکتەر دەدات، بۆیە خوێنەر نابێت لە بەرهەمەکانیدا وەک ڕۆمانی هەندێک ڕۆماننووسی تر بە دوای وەسف و گوتەی زەقدا بگەڕێت.(10) (سابیر ڕەشید) پێی وایە ناکرێت بە یەک جار لە (کاروان) بگەیت، چونکە هەم هۆشیارییەکی فرەوانی هەیە و هەم ئەو شێوازەی پێی دەنووسێت جیاوازە لەو شێوازە باوانەی ئەمڕۆ.(11) (دڵزار حەسەن) هۆکاری ئەوەی کەم قسە لەبارەی دنیای (کاروان)ەوە کراوە هەر بۆ ئەو فاکتەرە دەگەڕێنێتەوە.(12)
ڕاستییەکەی وەسفی دەروونی لای (کاروان) هەیە، کە مادام لە ناوەوەیە نابێتە هۆی وەستانی پرۆسێسی گێڕانەوە، بەڵام وەسفی دەرەکی وەک (پێشڕەو عەبدوڵا) دەڵێت کەمە، یان نییە. زۆر جار نووسەران لە نەبوونی بیرۆکەوە پەنا بۆ وەسف دەبەن، بەڵام توانای (کاروان) لەوەدایە بەردەوام چیرۆک دروست دەکات، بۆیە پێویستی بەو وەسفە نییە. هەتا کاتێ وەسفی دەرەوەیش دەکات، هەر وەک ئەوە وایە لە ناوەوە بێت. لێرەدا پێم خۆشە نموونەیەک بهێنمەوە، کە باس لە ماڵێکی دەوڵەمەندە، دوای ئەوەی سەفەریان کردووە کوڕەکەیان ماوەتەوە و هاوڕێکانی بۆ ماڵ دەباتەوە. ئەوان وەک ئەوە وایە چووبێتنە دنیایەکی تر. هەموو شتەکان دەپشکنن. لەبارەی وێنەی دایک و باوکیەوە ئەم پەرەگرافە دەخوێنینەوە:
(هاوڕێیان بە‌ بۆنی‌ خۆش مەست دەبن و خۆیان هەڵدەدەنه‌ سەر تەخته‌ نایابەکەی نووستن‌. ئینجا لەو وێنانه‌ دەڕوانن، کە‌ لە‌ دیوار دراون. یەکێکیان دووقۆڵییە‌ و بە‌ بۆنەی زەماوەندەکەیانەوه‌ گرتوویانە. دایکی درێسێکی سپیی، کە‌ بە‌ جلی بووکێنی ناسراوه‌؛ پۆشیوە. دەستی چەپی خستووەته‌ ناو دەستی مێردەکەیەوه‌ و بە‌ ڕاستەی چەپکێ گوڵی گرتووە. ئەگەرچی وێنەکە‌ ڕەشوسپییە، بەڵام دیاره‌ ئەو نینۆکانەی لە‌ بنەڕەتدا سوورن، کە‌ ئەوەتا لەسەر پەڕەی گوڵه‌ سپییەکاندا جیاواز خۆیان دەنوێنن. چەپکەگوڵەکەی بە‌ سکیەوه‌ ناوه‌ و تا نزیک ئەژنۆی هاتووە. دەکرێت بڵێین لە‌ پلاستیک دروست کراوه‌ و خاوەنی ستۆدیۆ‌ بەو مەبەسته‌ دایناوە، کە‌ هەر بووکێکی دیکە‌ بە‌ دەستیەوه‌ بگرێت، کاتێ بۆ وێنەگرتن ڕێی دەکەوێته‌ لای. زنجیرێکی سپیی لە‌ مل کردووە، کە‌ هەمان ڕەنگی کاتژمێرەکەی مەچەکی هەیە. پەپوولەیەکی پێوەیه‌ و لەسەر سنگی هەڵنیشتووە. قژی گەیشتووەته‌ سەر شانی و تارایەکی سپیی تەنک بەشێکی داپۆشیوە. تاراکە‌ لە دواوه‌ شۆڕ بووەتەوه‌ و لە‌ زەوی خشاوە. وەک بڵێی ویستبێتی هەقی ئەو شوێنانەی‌ جەستەی بکاتەوە، کە‌ تەواو ڕووتن، بە‌ تایبەتی قۆڵەکانی و بەشێکی زۆری سنگی. بزەیەکی خستووەته‌ سەر لێوی، بە‌ ڕادەیەک ددانه‌ وردەکانی لە‌ شێوەی نیمچەسێگۆشەیەکدا دەرکەوتوون. برۆ باریکەکانی نەخشێکیان پێک هێناوە. بوونەته‌ سنووری نێوان ناوچەوان و دەموچاوه‌ درێژکۆلەکەی. مەمکە خڕەکانی لەژێر درێسەکەدا دەرپۆقیون و جیاوازییەکیان لە‌ تۆپۆگرافیای قوماشەکەدا‌ دەرخستووە، بە‌ ڕادەیەک هەر دەڵێی ئەو دوو تۆپه‌ بەشێکن لە‌ درێسەکە، نەوەک لە‌ جەستەی. مێردی بە‌ قاتێکی ڕەشەوه‌ لە‌ تەنیشتی وەستاوە، بگره‌ جەستەی بە‌ جەستەیەوه‌ لکاندووە، بە‌ ڕادەیەک ئەوەی لێکیان جودا دەکاتەوە، تەنیا ڕەنگە، کە‌ ئەمیان سپی و ئەویان ڕەشە. جووتێ دەستکێشی سپیی بە‌ دەستەوه‌ گرتوون، کە‌ دیاره‌ هیی ژنەکەین. ڕەنگه‌ لەوەیاندا ویستبێتی مانایەک پێشان بدات. خۆ دەشێ‌ نەریتێکی ستۆدیۆکە‌ بێت. ئەگەرچی باڵای کورت نییە، بگره‌ بەرزە، بەڵام نەیتوانیوه‌ لە‌ سێ چوار سانتیمەتر زیاتر بەسەر هیی ژنەکەی بکەوێت. ئەویش وەک ئەم پێڵاوی فلاتی لە‌ پێ کردووە).

———————————

سەرچاوەکان:
1 کاروان عومەر کاکەسوور، ڕاگەردان، پاشکۆی بەرهەمەکانم، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپی یەکەم، 2017، ل16
2 ئەگەرچی لە تێکستەکەدا تەنیا ناوی (کارا) هاتووە، بەڵام وەک لە کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا نووسیویەتی مەبەستی لە (کارا فاتیح)ی هاوڕێیەتی. لە نێوان هاوڕێیاندا تەنیا یەک ناو دەهێنرێت، ناوی خۆی. (کاروان) چیرۆکی لەدایکبوونی ئەم ڕۆمانەی بۆ گێڕاومەتەوە.
3 ژیڤان بەکر، ڕۆمانی ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە، ماڵپەڕی ژنەفتن. لینک:
ڕۆمانی “ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟” – ژنەفتن (jineftin.krd)
4 ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ، گفتوگۆی شاخەوان سدیق لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسووردا، چاپی یەکەم، 2021
5 دیبەیتێکی کراوە لەبارەی دنیای ئەدەبیی کاروان کاکەسوور. لە یوتیوب وەرگیراوە.
(6) Plican l Debayti krawa l Dnyayi Adabi Karwan Kakasur – YouTube
6 کاروان عومەر کاکەسوور، کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا، ژمارە یەکی گۆڤاری گێڕانەوە، 2021
7 ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ، گفتوگۆی شاخەوان سدیق لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسووردا، چاپی یەکەم، 2021، ل20
8 نەهرۆ هۆمەر، ڕۆمانی تێپەڕ؛ «ئەو ھاوڕێیەی منداڵیی ببینەوە؟»ـی کاروان کاکەسوور بە نموونە، ماڵپەڕی ژنەفتن. (هەڵەی چاپ لە ناونیشانەکەدا هەیە!) لینک:
ڕۆمانی تێپەڕ؛ «ئەو ھاوڕێیەی منداڵیی ببینەوە؟»ـی کاروان کاکەسوور بە نموونە – ژنەفتن (jineftin.krd)
9 کاروان عومەر کاکەسوور، مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ، ڕۆمان، ناوەندی ئاشتی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپی یەکەم، 2021 پێشەکییەکەی (کاروان محەمەد فەتاح).
10 هەمان سەرچاوەی سێیەم.
11 سەرچاوەی پێشوو.
12 هەمان سەرچاوە.

Previous
Next