نووسینی ئۆتۆماتیكی یان شیعری ئۆتۆماتیكی؟.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
سه‌رنجێك له باره‌ی كتێبی_ نووسینی ئۆتۆماتیكی له شیعری نوێی كوردیدا
1
به درێژایی مێژووی شیعر وه‌ك ژانڕێك له ئه‌ده‌بی كوردیدا، هه‌میشه هه‌ڵگری ناوه‌ڕۆك و گوتارێك بووه، كه له شێوه‌ی په‌یامێكی سیاسی یاخود كۆمه‌ڵایه‌تی، گوزارشتی لێكراوه. ئه‌زمووی شیعری ئێمه له قۆناغی كلاسیكه‌وه تاكو شیعری ئازاد كه له (گۆران) ی شاعیره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات‌و ئیدی كێش‌و سه‌روا له شیعردا نامێنێت‌و فۆڕمێكی ئازاد وه‌رده‌گرێت، هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره بووه. شاعیرانی ئێمه گه‌رچی ده‌رچووی هیچ نێوه‌ندێكی ئه‌كادیمی و مه‌عریفی نه‌بووینه، بگره ده‌رچووی ته‌كیه و خانه‌قا و مزگه‌وته‌كان بووینه، به‌ڵام به‌رده‌وام دیدێكی ڕه‌خنه‌یی و په‌یامێكییان پێ بووه به ئامانجی ڕیفۆرمكردنی كۆمه‌ڵگه. بۆیه پێگه‌ی شیعر له ئه‌ده‌بی كوردیدا، پێگه‌یه‌كی دیاره و ته‌نانه‌ت مێژووی فه‌رهه‌نگی كوردی، له شیعره‌وه ده‌ست پێ ده‌كا و به درێژایی مێژووش تاكو ئێستا، شیعر وه‌ك ژانرێكی سه‌ربه‌خۆ، له ئه‌ده‌بی كوردیدا بینراوه و ده‌ناسرێته‌وه و شوناسی ناسینه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به شیعر خۆیه‌وه. واتا شیعر، له چوارچێوه‌ی شوناسی شیعر دایه و ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نها شیعره، نه‌ك ژانرێكی تر بكرێته ئاماژه‌یه‌ك بۆ ناسینه‌وه‌ی شیعر و گوتاری شیعری، له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا.
_ 2_
لێره‌دا وه‌ك خوێنه‌رێك، ئێستێك له ئاست كتێبی ( نووسینی ئۆتۆماتیكی له شبعری نوێی كوردیدا ده‌كه‌ین) و مه‌به‌ستمانه ڕوونی بكه‌ینه‌وه كه ئایا له شیعردا شتێك هه‌یه به ناوی نووسینی ئۆتۆماتیكی؟ یاخود تا چه‌ند ئه‌و نموونه و شڕۆڤانه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه، وه‌ك نموونه‌ی شیعری ئۆتۆماتیكی هێناویه‌تییه‌وه ، یه‌كانگیره له‌گه‌ڵ ناونیشانی كتێبه‌كه و ئاماژه‌كانی ئه‌و بابه‌ته. ئه‌م كتێبه ، له بنه‌ڕه‌تدا نامه‌یه‌كی ئه‌كادیمییه و وه‌ك به‌شێك له پێویستییه‌كانی وه‌رگرتنی پله‌ی ماسته‌رله ئه‌ده‌بی كوردیدا نووسراوه. كتێبه‌كه له چه‌ند باسێكی سه‌ربه‌خۆ پێكهاتووه، وه‌لێ ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌وه‌یه، كه ئایا نووسینی ئۆتۆماتیكی هه‌یه له شیعر؟ به تایبه‌تیش كه نووسه‌ری كتێبه‌كه په‌یوه‌سته به‌و باسه، ئه‌و شێوازه له نووسین ده‌به‌ستێته‌وه به ڕێبازی سوریالیزم. سه‌ره‌تا، له ناونیشانی كتێبه‌كه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین. ناونیشانی كتێبه‌كه ( نووسینی ئۆتۆماتیكی له شیعری نوێی كوردی) یه، كه مه‌به‌ستی نووسه‌ر، شێوه‌ی نووسینی ئۆتۆماتیكییه له شیعردا. لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌مان لا دروست ده‌بێت، كه ئاخۆ شتێك هه‌یه به ناوی نووسین له نێو شیعردا؟ مه‌گه‌ر شیعر بۆ خۆی وه‌ك ژانرێكی سه‌ربه‌خۆ، نووسین نییه و وه‌ك تێكستێكی نووسراو هه‌ڵگڕی ئاماژه‌كانی نووسین نییه؟ به ده‌ربڕینێكی تر، ئایا شوناسی ده‌قی شیعری، وه‌ك شوناسی ده‌قێكی نووسین، كه پێكهاته‌یه‌كه له ڕێزمان و بونیادی زمانه‌وانی و ئاماژه و واتا و ده‌لاله‌تی شیعری، نووسین نییه؟ كه واتا به بڕوای من، ناونانی نووسینی ئۆتۆماتیكی له شیعردا هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌وه‌ی له نێو شیعردا هه‌یه، به‌شێك له‌و ڕووبه‌ر و تۆپۆگرافییا شیعرییه‌ی، كه فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی ده‌قێكی نووسین به ناوی شیعره‌وه پێك دێنێت. ئه‌وه‌ی له شیعردا هه‌یه، نووسینه، نه‌ك ئه‌وه‌ی نووسینێك له نێو شیعردا هه‌بێت، كه جیاوازه له ده‌قی شیعری. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه، هه‌موو ئه‌و نموونانه‌ی وه‌ك ده‌قی ئۆتۆماتیكی هێنراونه‌ته‌وه، له بنه‌ڕه‌تدا شیعرن، نه‌ك نووسین. چونكه شیعر، به تایبه‌تیش شیعری نوێ، ڕواڵه‌ت و تۆپۆگرافییا و ئاماژه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه، كه هیچ په‌یوه‌ندی به‌و شێوازه‌وه نییه، كه تێكستێك وه‌ك نووسین، بۆ نموونه (وتار یان چیڕۆك) جیا ده‌كاته‌وه له شیعر. لێره‌وه‌ش ناونانی كتێبه‌كه، یه‌كه‌م گیر‌و گازه كه خوێنه‌ر ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه. بۆیه ده‌بووایه ناونیشانی كتێبه‌كه ( شیعری ئۆتۆماتیكی بووایه، نه‌ك نووسینی ئۆتۆماتیكی له نێو شیعردا) به‌و مانایه‌ی شیعر، دوا جار شیعره و له جیاكردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی دیكه، وه‌ك شیعر ده‌خوێنرێته‌وه و ده‌ناسرێت، نه‌ك نووسین. ئه‌گه‌رچی شیعریش دواجار به‌شێكه له تێكستێكی نووسراو، به‌ڵام بێگومان ده‌قی شیعری، ئاماژه و بنه‌ما و خاسیه‌تی هونه‌رییانه‌ی خۆی هه‌یه، كه جیای ده‌كاته‌وه له نووسینی ژانره‌كانی تر. به‌و مانایه‌ی خوێنه‌ر كه له به‌رده‌م ده‌قێكی شیعری دایه و ده‌یخوێنێته‌وه، له بنه‌ڕه‌تدا شیعر ده‌خوێنێته‌وه نه‌ك نووسین، كه ئیحا و فه‌زای ئه‌ده‌بیشی جیایه له ژانره‌كانی تر. وێرای ئه‌مه‌ش، دیسانه‌وه ده‌كرێ ئه‌و پرسیاره بكه‌ین، كه ئایا ده‌كرێ نووسینێك ئوتۆماتیكی بێت؟ ئه‌مه‌ش پرسیارێكی دیكه‌یه. كه پێویستی به هه‌ڵوه‌سته‌كردن وتێ هزرین هه‌یه. بێگومان هه‌موومان ده‌زانین، دوو له بنه‌ما هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی چه‌مكی (ئۆتۆماتیكی) ئه‌وه‌یه، كه خۆكاریی و فیزیكیبوونه. به‌و مانایه‌ی كرده‌ی ئۆتۆماتیكی، كرده‌یه‌كی خۆرسكی و خۆكارییه و خۆی كاره‌كانی خۆی، به بێ هه‌بوونی هیچ پاڵنه‌ر و فاكتێكی ده‌ستكرد ده‌كات. كاتێ شتێك ئۆتۆماتیكییانه كار ده‌كات، ئه‌وا بكه‌ری نییه، چونكه كرده‌كه‌ی خۆكاره. واتا له ده‌ره‌ووه‌ی ده‌سته‌ڵات و هێز و پاڵنه‌ری مرۆییانه‌یه. بۆیه‌شه كاتێ كرده‌ی ئۆتۆماتیكییانه ده‌ده‌ینه پاڵ هه‌ر شتێك، له سه‌ره‌تاوه هه‌موو ئه‌و هێز و بزوێنه‌ر و جوڵانه‌ی لێ دا ئه‌ماڵێن، كه له په‌یوه‌ندی دان به مرۆڤه‌وه. لێره‌وه‌ش ئه‌گه‌ر شیعر، وه‌ك دنیابینی مرۆڤێك كه شاعیره و، وه‌ك خه‌یاڵ و تێگه‌یشتنی هزرییانه‌ی شاعیر ببینین، كه واتا شیعر كرده‌یه‌كی ئۆتۆماتیكییانه نییه، به‌ڵكو كرده‌یه‌كه كه بكه‌ر و بزوێنه‌رێكی هه‌یه كه ئه‌ویش بیر و ویست و توانای هزریی و جه‌سته‌یی مرۆڤه. به ده‌ربڕینێكی تر، شیعرێك بوونی نییه، ئه‌گه‌ر شاعیرێك نه‌ینووسیبێت، هیچ شیعرێك دنیابینی و گوتار و زمان و مانای نییه، ئه‌گه‌ر شاعیرێك به‌رجه‌سته‌ی نه‌كات، كه واتا له هه‌موو ڕووێكه‌وه، كرده‌ی شیعر نووسین، كرده‌یه‌كی خۆكاری نییه، به‌ڵكو به‌ركارییه و كه‌سێك به كرده‌كه هه‌ڵده‌ستێت، نه‌ك خۆی بیكات. شیعر، خۆی خۆی نانووسێت، شاعیر ده‌ینووسێت. شیعر به‌رهه‌می هه‌ردوو دیوی هه‌ستی و نه‌ستی شاعیره و به تایبه‌تیش له‌و سه‌رده‌مه‌دا، شیعر چیتر ده‌ره‌نجامی هه‌ستێكی ڕۆمانسییانه‌ی ڕووت نییه، به‌ڵكو ئاگایه‌كی گه‌وره‌ی هزریی و زمانییه. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ناونیشانی كتێبه‌كه، جۆرێك له ئاڵۆزیی تێدایه، وه‌لێ چونكه یه‌كه‌م كاره له باره‌ی ئه‌و چه‌مكه‌وه له شیعری كوردیدا ده‌كرێت، ئیدی نووسه‌ری كتێبه‌كه به پێویستی زانیوه‌وه وه‌ك كارێكی تازه و جیاواز، ناوی بنێت (نووسینی ئۆتۆماتیكی له شیعردا). نووسه‌ر له درێژه‌ی كتێبه‌كه‌یدا، بنه‌ما و ڕێسكانی نووسینی ئۆتۆماتیكی ده‌خاته ڕوو. لێره‌دا، ئێمه له سه‌ر ئه‌و باسانه ناوه‌ستین، كه نووسه‌ری كتێبه‌كه له ڕوویی مێژوویی و میتۆدی و ئه‌ده‌بییه‌وه باسیان ده‌كات، ته‌نها له سه‌ر ئه‌و باسه ده‌وه‌ستین كه ئایا نووسینی ئۆتۆماتیكی چییه و خاسییه‌ت و ڕواڵه‌ت و بنه‌ماكانی چین؟ ئایا ئه‌و نووسینانه‌ی له نه‌سته‌وه دێن، ده‌كرێ پێیان بگووترێت نووسینی ئۆتۆماتیكی؟ یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه‌ی به درێژایی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه نووسه‌ر باسی ده‌كات ئه‌وه‌یه، كه نووسینی ئۆتۆماتیكی ده‌به‌ستێته‌وه به ڕێبازی سوریالیزم و به بڕوای ئه‌و، هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ی به شێوه‌یه‌كی سوریالی ده‌نووسرێن، نووسینی ئۆتۆماتیكین. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ده‌نووسێت:( سوریالییه‌كان دووركه‌وتنه‌وه له هه‌موو بوونیادێكی عه‌قڵانی و زمانه‌وانی و بیركردنه‌وه و ئاماده‌سازیی پێًش وه‌خته‌ی نووسین، ئه‌مه‌ش خۆی له نوووسین به شێوه‌ی ئۆتۆماتیكی ده‌بینییه‌وه. لا26 ) بێگومان سوریالیزم، ڕێبازێكی ئه‌ده‌بی سه‌ربه‌خۆیه، به‌رمه‌بنای ئه‌و ڕه‌شبینیی و نائومێدییه بوو، كه شاعیران له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م تێی كه‌وتن. واتا ڕه‌شبین و داڕووخاو بوون و بڕوایان به هیچ پێوه‌رێكی ئه‌قڵانی نه‌ما، چونكه پێیان وابوو شه‌ڕ و كوشتاره‌كان به‌رهه‌می ئه‌قڵی مرۆڤن. ئه‌مانه جۆره نووسینێكی تازه‌یان تاقیكرده‌وه كه ڕه‌چاوی هیچ بنه‌مایه‌كی هزریی و ئه‌ده‌بی و زمانی تێدا نه‌ده‌كراو چی‌یان به خه‌یاڵ داهاتبا، ئه‌وه‌یان ده‌نووسی. شیعره‌كانی ئه‌و ڕێبازه، ده‌چنه نێو پێناسه‌ی سوریالیزم خۆیه‌وه، نه‌ك شوناسی تر، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌ر دیدگای نا ئه‌قڵانی و نا لۆژیكی و زمانی نا فه‌رهه‌نگی و ئه‌بستراكت وه‌ك ئه‌دگاره‌كانی سوریالیزم بناسێنین، ئه‌وا هه‌موو ئه‌وانه، دواجار به‌رهه‌می نه‌ستی مرۆڤن و نه‌ستی مرۆڤیش هاوشان له‌گه‌ڵ هه‌ست، دیوه‌كه‌ی تری مێشكی مرۆڤ پێكدێنن. به‌مه‌ش دیسانه‌وه ئێمه له به‌رده‌م نووسینێك نین خۆكارو خۆكرد، به‌ڵكو له به‌رده‌م نووسینێك داین، كه به‌رهه‌می ئه‌قڵی مرۆڤه، به‌ڵام به دیوێكی نا ئاگایانه‌دا. لێره‌وه‌ش كرده‌كه خۆكار و له خۆوه نییه، به‌ڵكو بكه‌رێكی هه‌یه، كه ئه‌ویش نائاگاییانه‌ی شاعیره. بۆیه كورتكردنه‌وه‌ی نووسینی ئۆتۆماتیكی له وێنه سوریالییه‌كاندا، به بڕوای من شتێكی نوێ و تازه نییه و پێشتریش ده‌یان تێزی ئه‌كادیمی له باره‌ی سوریالییه‌ته‌وه نووسراون. نه‌ست ئه‌گه‌ر پاڵنه‌ری هه‌موو گوتن و كرده‌یه‌كی نا ئاگایانه‌ش بێت، به‌ڵام به‌شێكه له هزری مرۆڤ و فرۆیدیش به پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی زۆر كرده‌وه و هه‌ڵسه‌كه‌وتی مرۆڤه‌كانی ده‌زانێت. كه‌واتا دیسانه‌وه ئێمه و له به‌رده‌م نووسینێك نین خۆكاری، ئه‌گه‌ر له نه‌سته‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی ئاگایی و ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤیشه‌وه له ڕووی هزریی و زمانییه‌وه بێت، چونكه دواجار سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ده‌ربڕینه نا ئاگاییانه، هه‌ر مرۆڤ خۆیه‌تی و به‌مه‌ش دیسان نووسین بكه‌رێكی هه‌یه و نه‌ك ئه‌وه‌ی خۆرسكانه خۆی كاری خۆی بكات، وه‌ك هه‌ر ئامێر‌و كه‌رسته‌یه‌كی دیكه‌ی ئۆتۆماتیكی. ئه‌گه‌ر ئه‌و مرۆڤه نه‌بێت، لایه‌نی نه‌ستی و زمانی بێ ئاگاییانه‌ی نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و نووسینه‌ش بوونی نابێت. نووسه‌ری كتێبه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:(نووسینی ئۆتۆماتیكی جه‌ختكردنه له كاری ئه‌فراندن و داهێنان به بێ بوونی هیچ چاودێریه‌كی ئه‌قڵی ولۆژیكی. لا 154) ئه‌گه‌ر له په‌راوێزی ئه‌و بۆچوونه‌وه بڕوانینه كرده‌ی ئه‌فراندن و داهێنان به گشتی و داهێنانی ئه‌ده‌بیش به تایبه‌تی، ئه‌وا ده‌بێ بپرسین ئایا هیچ نوێكردنه‌وه و داهێنانێك له ده‌ره‌وه‌ی لۆژیك و ئه‌قڵ بوونی هه‌یه؟ ده‌كرێ پرسیاره‌كه به شێوه‌یه‌كی دیكه بكه‌ین، ئه‌گه‌ر نووسینی ئۆتۆماتیكی به‌شێك بێت له سه‌رچاوه‌ی نه‌ست و ئه‌قڵ و ئاوه‌ز تیایدا هیچ سه‌نته‌ر و ڕۆڵی ئاراسته‌كردنێكی لۆژیكی تێدا نه‌بینن، ده‌كرێ داهێنانێك بێته كایه‌وه؟ مه‌گه‌ر داهێنان زاده‌ی بیركردنه‌وه و ئه‌زموونێكی درێژ و قووڵ و كاركردنێكی به‌رده‌وام نییه له هه‌موو ڕووێكه‌وه؟ ده‌شێ كه‌سێك له خۆیه‌وه شتێك بڵێت و هیچ جۆره ڕێكخستنێكی هزریی و زمانه‌وانی و لۆژیكی نه‌بێت و دواجار داهێنانێكیش بكات؟ ئایا سوریالییه‌كان توانییان داهێنانی گه‌وره‌ی شیعری بۆ نموونه وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕامبۆ كردی بێننه ئاراوه؟ ئه‌گه‌ر سوریالییه‌ت، به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌شبینانه و ده‌ره‌نجامی دۆخێكی ده‌روونییانه‌ی ئاڵۆز و پڕ له نائومێدییانه بێت، ئایا كه‌سانی ڕه‌شبین و نا‌ئومێد و داڕووخاو، ده‌توانن داهێنانی گه‌وره له ژیانییان بكه‌ن؟ لێره‌دا باسه‌كه ئه‌وه نییه كه نووسینی ئۆتۆماتیكی و نا ئاگاییانه، گوتار و مانایه‌كی هه‌یه، یان ده‌لاله‌تێكی هزریی و لۆژیكی ده‌گه‌یه‌نێت، به تایبه‌تیش كه سوریالییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ڕوانین و دیدی ئه‌قڵانییانه شیعری‌یان ده‌نووسی، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه، ده‌كرێ له ڕێگه‌ی خه‌یاڵ و هزراندنێكی پووچ و بێ مانه‌وه، داهێنانێكی گه‌وره ئه‌نجام بدرێت و بێته كایه‌وه؟ هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌وه، نووسه‌ر ده‌نووسێت:(ئامانج له نووسینی ئۆتۆماتیكی بریتییه له‌وه‌ی تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك، ده‌ق بارگاوییه به واتا و ده‌لاله‌ت و دۆزینه‌وه‌ی نادیار. لا 171) ئه‌گه‌ر به‌و دیدگایه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه بێت، ئه‌وا ئێمه له به‌رده‌م جۆره نووسینێك داین، كه به‌و په‌ڕی ئاگایی زمانی و هزری، به دیدگایه‌كی لۆژیكییانه نووسراوه.له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی نووسه‌ر وه‌ك ئه‌تمۆسفیرێك بۆ ده‌قی ئۆتۆماتیكی دیاری كردووه، ته‌نها له‌و كاتانه‌دا بونییان هه‌یه، كه شاعیر له‌و په‌ڕی ئاگایی، بیر كردنه‌وه و ڕوانینی قووڵی شیعریاینه بێت. ئه‌گه‌ر شاعیرێك به‌مه‌به‌ستی ده‌لاله‌تی بزر و نادیار له شیعردا شیعری نووسی، كه‌واتا ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌و شاعیره‌وه گرنگه، مانا و ده‌لاله‌تی بزره به مه‌به‌ستی كه‌شفكردنییان لای خوێنه‌ر، نه‌ك هه‌ڕه‌مه‌كییانه و خۆرسكانه چی به خه‌یاڵ و سه‌ر زمان داهات بینووسێت. به بڕوای من پارادۆكسێكی گه‌وره، له بێ ئاگاییه‌وه بێت، یان له تێنه‌گه‌یشتنه‌وه له شیعر بێت، له‌و بۆچوونه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه هه‌یه. مانای نییه نووسینی ئۆتۆماتیكی هه‌ڕه‌مكییانه و بێ كۆنترۆلی هزرییانه بنووسرێت، كه چی نووسه‌ره‌كه‌ی ڕه‌چاوی مانای بزر و ده‌لاله‌تی قووڵی شیعری بكات. هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و باسه‌وه نووسه‌ر درێژه‌ی پێ ده‌دات و ئه‌مجاره‌یان ده‌نووسێت:(شیعری ئۆتۆماتیكی بریتییه له په‌یام و خاوه‌ن ئامانج و په‌یامی خۆیه‌تی. لا132) ئایا هیچ په‌یامێك، به بێ پلان و ڕێكخستنی هزریی و ستراتیژیه‌تێك بوونی هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر شیعری ئۆتۆماتیكی هه‌ڵگڕی په‌یامێك بێت، مانای وایه ئامانج له‌و شیعره، كاركردنه له پێناو دۆزێكی سیاسی ، كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕیی، كه ئه‌مه‌ش به بێ هه‌بوونی دیدگایه‌كی هزرییانه بوونییان نابێت. كه په‌یام له شیعر هه‌بوو، مانای وایه ئامانجێك هه‌یه، كه ئامانجێكیش هه‌بوو، ئه‌وا كاركردنێكی هزرییانه و لۆژیكییانه‌ی ده‌وێت. هیچ ده‌قێك نییه، هه‌ڵگڕی ئامانج و په‌یامێك بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌قه له دنیابینییه‌كی قووڵ و ڕوانینێكی لۆژیكییانه، سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێت. ئه‌وانه‌ی به پووچی و نائومێدییه‌وه ده‌ڕواننه ژیان و شیعر له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو جۆره كرده‌یه‌كی ئه‌قڵانی و زمانی و لۆژیكی ده‌بینن، له ڕاستیدا نه ده‌توانن په‌یامێكییان هه‌بێت، نه ئامانجێكیشییان هه‌یه، تاكو له ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یامه‌وه پێی بگه‌ن. بۆیه ده‌بینین، كه هه‌میشه فه‌لسه‌فه‌ی وجودی و شیعری سوریالیی و دادایه‌كان، ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵگڕی هیچ په‌یامێكی ڕوون، واتادار، ئامانجێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیاریی و ئه‌ده‌بی نین. به‌ڵكو ڕووكه‌شانه و عه‌به‌سییانه ده‌نووسن و بیر ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر شیعرێك له بێ ئاگاییه‌وه نووسرابێت و ته‌نها قسه ڕێزكردنێكی خۆكارانه‌ی بێ ڕێكخستنی زمانه‌وانی و هزری بێت، ده‌كرێ بڵێین ئامانج و په‌یامێكی هه‌یه؟ گریمان ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی ئه‌و په‌یامه نائومێدی و ڕه‌شبینانه بێت، كه سوریالییه‌كان هه‌ڵگری بوون، ئه‌وا ده‌بێ بزانین كه هیچ كاتێك كه‌سانی داڕووخاو، ڕه‌شبین و نا‌ئومێد، ناتوانن په‌یامی گه‌وره‌یان هه‌بێت. چونكه ئه‌وان له بنه‌ڕه‌تدا، له ده‌ره‌وه‌ی بازنه كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌رییه‌كه ده‌ژین و بیر ده‌كه‌نه‌وه و هه‌موو شتێك ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، كه به‌رهه‌می ئه‌قڵ و بیر كردنه‌وه بێت، وه‌ك چۆن دادایه‌كان ده‌یانكرد. بۆیه په‌یامێك نییه، ئه‌گه‌ر هزرێك نه‌بێت، ئامانجێك نییه، ئه‌گه‌ر نه‌خشه ڕێگه‌یه‌ك و پلانێك و كاركردنێكی گه‌وره‌ی هزرییانه نه‌بێت.
3
له پاژی سێیه‌می كتێبه‌كه‌یدا، نووسه‌ر به پراكتیكی نموونه له چه‌ند شیعرێك دێنێته‌وه، كه به تێ گه‌یشتنی ئه‌و، ده‌لاله‌ت له نووسینی ئۆتۆماتیكی له شیعردا ده‌كه‌ن. سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م، كه گه‌لێك له‌و ده‌قانه‌ی وه‌ك نموونه هێناویه‌تییه‌وه، ناچنه خانه‌ی نووسینی ئۆتۆماتیكییه‌وه، چونكه كاتێ ناوه‌ڕۆك و دنیابینی ده‌قه‌كان، به پێوه‌ری نه‌ست و ناگاییانه ده‌خوێنینه‌وه، كه نووسه‌ری كتێبه‌كه وه‌ك بنه‌مای نووسینی ئۆتۆماتیكی دایانده‌نێت، ئه‌وا ئه‌و شیعرانه به‌و په‌ڕی هزری و درككردنه‌وه نووسراون، له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به بڕوای من، به ته‌نها دیوانی (ئیكسیل) ی فه‌رهاد پیرباڵ، به ته‌نها به‌س بوو، بۆ ئه‌وه‌ی بیكاته نموونه‌ی پراكتیكی باسه‌كه‌ی. چونكه پیرباڵ له‌و دیوانه‌یدا، بنه‌ماكانی شیعری ئۆتۆماتیكی زۆر جوان به‌رجه‌سته كردووه، به تایبه‌تیش له ده‌قی شیعری ( خلود) دا. ئه‌م ده‌قه، چ وه‌ك تۆپۆگرافییای شیعری، چ وه‌ك ناوه‌ڕۆك، هه‌ڵگری نووسینی ئۆتۆماتیكییه. له سه‌رێكه‌وه، شیعره‌كه وێنه‌یی و له ده‌ره‌وه‌ی تۆپۆگرافییای شیعری ئازاده، له سه‌رێكی دیكه‌شه‌وه، كۆی شیعره‌كه دووباره كردنه‌وه‌ی یه‌ك وشه‌یه كه ئه‌ویش (خلود) ه. به‌مه‌ش ده‌قه‌كه، وه‌ك ئامێرێكی ئۆتۆماتیكی خۆی به‌به‌رده‌وامی دووباره كردۆته‌وه و خولاوه‌ته‌وه. ئه‌و ده‌قانه‌ی نووسه‌ر به نموونه هێناویه‌تییه‌وه، ده‌كرێ بڵێین جگه له هه‌ندێك له شیعره‌كانی (عه‌باس عه‌بدوڵا یوسف) نه‌بێت، ئه‌وانیتر كه‌مترین و هه‌ندێكییان هه‌ر بنه‌مای نووسینی ئۆتۆماتیكیشیان تێدا نییه. بۆ نموونه: نووسه‌ر شیعرێكی (ئه‌حمه‌دی مه‌لای) به نموونه هێناوه‌ته‌وه، ئه‌حمه‌دی مه‌لا له شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:_
ئای جانتكانی من گرانن هه‌ردوو بازووم شل ده‌بێت
تا ده‌گه‌مه ئوتێلێك یان ماڵی خۆم
شاعیر له‌و وێنه شیعرییه‌دا، نه‌ك ئۆتۆماتیكییانه نادوێت، به‌ڵكو به‌و په‌ڕی ئاگاییه‌وه ده‌زانێت بۆ كوێ ده‌چێت و چی پێیه و چه‌ندیش ماندووه. هه‌ڵبه‌ته هه‌موو به‌ركه‌وتنه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ، كاردانه‌وه له سه‌ر مێشك دروست ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ی، ئیعاز له مێشك وه‌رده‌گرن و مێشكیش، سه‌نته‌ری كۆنتڕۆڵكردن و ئاراسته كردنی هه‌سته‌كانی مرۆڤه. ئه‌گه‌ر شیعری ئۆتۆماتیكی، شیعریی خۆرسكی و بێ ڕێكخستنی زمانه‌وانی و هه‌موو دیدێكی ئه‌قڵانی و ئاگاییه‌كی هه‌ستییانه و هزرییانه بێت، ئه‌وا له‌و شیعره‌دا، ئه‌حمه‌دی مه‌لا به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ست به ماندووه‌تی ده‌كات، ده‌زانێت دوو جانتای گه‌وره‌ی پێیه، زۆر باشیش ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵه كه ده‌چێته ئوتێلێك یان ماڵی خۆی، ئه‌مه‌ش مانای وایه، شاعیر به ئاگاییه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاره‌كانی، پراكتیزه ده‌كات و كۆنتڕۆلی كردوون و مێشك ڕۆڵی له ئاراسته كردنییان بینیوه. ئه‌م وێنه شیعرییه، ده‌له‌لات له هزر و ئاگایی مرۆڤێك ده‌كات، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێك به بێ ئاگاییه‌وه كرده‌وه‌یه‌ك بكات و نه‌ست پاڵنه‌ری بێت. یه‌كێكی دیكه له‌و ده‌قانه، كه نووسه‌ری ئه‌و كتێبه وه‌ك نموونه‌ی نووسینی خۆكاریی و بێ هه‌موو جۆره كرده‌یه‌كی لۆژیكی و زمانی ده‌یهێنێته‌وه، شیعرێكی (ئیسماعیل به‌رزنجی) یه. به‌رزنجی له شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
كه ویستم سه‌ره خه‌وێك بشكێنم
سعات سێ و چل و پێنچ ده‌قه‌ی به‌یانی بوو
145 مه‌لا پێكرا گوتییان
الصلاه و خیر من النوم
هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژه و ده‌ربڕٍینه شیعرییانه‌ی له‌و وێنه‌یه‌دا هاتوون، ده‌ربڕینی ئۆتۆماتیكی و عه فه‌وی نین، به َكو به پێچه‌وانه‌وه، زۆر به ئاگاییانه‌وه ده‌ربڕدراون و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن و شوێن و كرده‌یه‌كی ئایینی دیاریكراون. له‌و شیعره‌دا، شاعیر زۆر باش دركی به هه‌موو شتێك كردووه، بۆنموونه: ئاماژه به‌و هه‌موو مه‌لایه، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ولێر شارێكه پڕه له مزگه‌وت، كاتی بانگدانه‌كه دروست و لۆژیكی و له جێی خۆشیه‌تی. هه‌موومان ده‌زانین له وه‌رزی هاویندا، شه‌و كورت ده‌بێت و ڕۆژ درێژ ده‌بێت، به‌مه‌ش گۆڕانكاری به سه‌ر كاتی بانگی به‌یانی دادێت و له هاویندا به‌ره و ژوور ده‌بێته‌وه و له زستانیش، تا نزیك هه‌فتی به‌یانی ده‌ڕوات. شاعیر، دركی به‌وه كردووه كه به‌یانییه و له چ كاتێك بانگ ده‌درێت و له شارێكیشه، كه پڕه له‌مه‌لا و مزگه‌وت. كه‌واتا شیعره‌كه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه ده‌روونی و هزریی و هه‌سته‌یه، كه شاعیر له په‌یوه‌ندی به‌شه‌و و خه‌وه‌وه تیایدا بووه. من نازانم، ئه‌گه‌ر شاعیرێك، به وردی كات و شوێن و جۆری ڕووداوێك دیاری بكات، ئه‌م كرده‌یه‌ی له ئاگایی و درككردنه‌وه هاتووه، یان له بێ ئاگاییه‌وه؟ یه‌كێكی دیكه له‌و شیعرانه‌ی نووسه‌ر وه‌ك نموونه‌ی نووسینی خۆكاری و نالۆژیكی و نه‌ستییه‌وه ده‌یهێنێته‌وه، شیعرێكی (عه‌باس عه‌بدوڵا) یه. شاعیر له‌و شیعره‌یدا ده‌ڵێت:_
مه‌ی ناخۆم
به‌یانییان گۆپاڵه‌كه‌م چه‌ور ده‌كه‌م
نه وه‌كو مۆرانه دار بێ
خه‌نه له سمێڵم ده‌ده‌م
له سه‌ره‌تای وێنه شیعرییه‌كه‌وه، شاعیر بانگه‌شه‌ی ئه‌نجام نه‌دانی كارێك ده‌كات، كه له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌وه، نامۆیه (یاخو به نامۆ ده‌زانرێت) كه ئه‌ویش مه‌ی خواردنه‌وه‌یه. ئه‌م كرده‌یه، به‌شێكه له ئازادی مرۆڤه‌كان و بۆ هیچ كه‌سێك نییه سنووری له به‌رده‌م دابكێشێت، به‌ڵام شاعیر، ئاگاییانه دركی به‌وه كردووه كه مه‌ی خواردنه‌وه، كردارێكی چه‌ند نه‌نگه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، بۆیه لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه. واتا شاعیر، به هوشیاریی و خۆپارێزییه‌وه له‌كارێك دوور ده‌كه‌وێته‌وه، كه ده‌زانێت ئه‌نجام دانی، گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و جۆرێك له ڕووشاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌كات. به هه‌مان شێوه، شاعیر ده‌زانێت، مۆرانه له دار ده‌دات، بۆیه گۆپاڵه‌كه‌ی چه‌ور ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی مۆرانه نه‌یخوات. یاخود خه‌نه له سمێڵی ده‌دات كه یا بۆ جوانییه، یان شاردنه‌وه‌ی ته‌مه‌ن. ئه‌م كردانه، كرده‌یه‌ك نین له بێ ئاگایی نه‌ستییه‌وه هاتبن، كرده‌یه‌ك نین، عه‌فه‌وییانه شاعیر ده‌ریان ببرێت و بیانكات، چونكه خه‌نه له‌و شوێنانه ده‌درێت، كه مووی سپییان لێ دێت. ده‌بووایه دركی ئه‌وه نه‌كات گۆپاڵه‌كه‌ی چه‌ور بكات، به‌ڵام كه د‌رك به‌وانه ده‌كات، مانای وایه به هوشیارییه‌وه ئه‌و كاره ده‌كات و ده‌زانێت مۆرانه چی له دار ده‌كات. ئه‌م وێنه شیعرییانه، ده‌لاله‌ت له نه‌ست و نا ئاگایی ناكه‌ن، به‌ڵكو ئاماژه‌یه‌كن بۆ هه‌ست و ئاگایی و بیركردنه‌وه‌ی شیعرییانه. یه‌كێكی دیكه له‌و شیعرانه‌ی كه نووسه‌ر وه‌ك نموونه‌ی نووسینی ئۆتۆماتیكی هێناویه‌تییه‌وه، ده‌قێكی (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) یه. شاعیر له‌و ده‌قه‌یدا ده‌ڵێت:
هه‌ولێر: ماڵی عه‌بدولخالق مه‌عروف
سلێمانی: ماڵی دڵشاد مه‌ریوانی
كه‌ركوك : ماڵی ئازاد هه‌ورامی
زاخۆ: ماڵی خانی
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و كۆپڵه شیعرییه بده‌ین، ده‌بینین شاعیر زۆر به هوشیارییه‌وه ئه‌دره‌سی هه‌ریه‌ك له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی نووسیوه ده‌زانێت، ناونیشان و شوێن و ماڵی‌یان له كوێیه؟ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌یه، كه شیعری ئۆتۆماتیكی، ده‌باته‌وه سه‌ر نه‌ست و خۆرسكانه‌ی زمان و هزر و بێ هیچ كۆنترۆڵكردنێكی لۆژیكی و هزری. چونكه ئه‌گه‌ر به‌و تێگه‌یشتنه بێت، ده‌بوو دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، ناونیشانه‌كانی تێكه‌ڵ بكردایه، نه‌ك به وردییه‌وه بیاننووسێت .ئه‌مه مانای وایه، له‌و په‌ڕی ئاگایی و هوشیارییه‌وه، شاعیر ناوی كه‌سه‌كان و شاره‌كانی نووسیوه‌و ئه‌وه نییه له بێ ئاگایی دابێت. له ئاستی واقیعیش، ئه‌م كه‌سانه خه‌ڵكی ئه‌و شارانه‌ن كه شاعیر نووسیویه‌تی. لێره‌وه‌ش ئێمه له به‌رده‌م وێنه‌یه‌كی شیعریی نین، كه شاعیره‌كه‌ی نه‌زانێت چی نووسیوه و چی ده‌نووسێت، به پێچه‌وانه‌وه زۆرباش دركی كردووه و به ئاگایه له‌وه‌ی ده‌یڵێت. هه‌رله‌و ڕوانگه‌یه‌وه، نووسه‌ری كتێبه‌كه شاعیرێكی دیكه‌ش ده‌خاته چوارچێوه‌ی شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی ئۆتۆماتیكییانه و خۆ كردانه‌وه ده‌نووسرێن، كه ئه‌ویش (سه‌باح ڕه‌نجده‌ره). له ڕاستیدا، هیچ شیعرێكی ئه‌م شاعیره ناچێته خانه‌ی نه‌ست و بێ ئاگاییه‌وه، ئه‌و یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی، به ئاگاییه‌كی زۆر و وردی زمانی و هزری و لۆژیكی شیعر ده‌نووسێت و شیعر لای ئه‌و، خۆكاری وشه و ده‌ربڕینی عه‌فه‌وییانه و نه‌ستییانه نییه، به‌ڵكو ده‌ره‌نجامی ڕامان و تێ هزرینێكی قووڵی هزریی و لۆژیكییه. ده‌شێ شاعیره‌كانی دیكه، بكه‌ونه ئه‌و حاڵه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌زموونی ئه‌م شاعیره، به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌زموونی نا ئاگاییانه‌ی شیعریی نییه و به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و زۆرباش ده‌زانێت چی ده‌نووسێت و چۆن وشه و ده‌ربڕینه شیعرییه‌كان، له شیعردا به‌رجه‌سته بكات. شیعر لای ئه‌و یه‌كسان نییه یه كرده‌یه‌كی نه‌ستی وخۆكارانه، به‌ڵكو شیعر لای ئه‌و شاعیره، به مانی ڕامان و بیركردنه‌وه‌و قووڵبوونه‌وه‌یه له نێو زمان و مانا و شیعرییه‌تدا. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م ده‌قه‌ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، كه باس له گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوو ده‌كات، نوستالۆژیایه‌كی مێژوویی تێدایه، كه شاعیر سه‌رجه‌م ئه‌و ڕووداوانه‌ی بینیویه‌تی، وه‌ك فلمێك دێنێته‌وه به‌ر چاو. ڕاسته ئه‌مه خه‌یاڵ و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ یاده‌وه‌رییه‌كان، به‌ڵام مانای وانییه شاعیر نه‌زانێت بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه ڕابردوو، یاخود چی دێنێته‌وه نێو خه‌یاڵی. به تایبه‌تیش كه شیعره‌كه، وه‌ك پانۆڕامایه‌كی ژیانی شاعیره و به وردی ڕووداو بیره‌وه‌رییه‌كانی گێڕاوه‌ته‌وه. نه‌ك ته‌نها له نموونه‌ی ده‌قه شیعرییه‌كان، به‌ڵكو نموونه‌ی ئه‌و به‌یت و چیڕۆكه میللی و فۆلكلۆریانه‌شی كه نووسه‌ر به نموونه‌ی نووسینی خۆكار و نه‌ستی هێناویه‌تییه‌وه، هه‌ندێكییان ناچنه دووتوێی شوناسی ئه‌و جۆره نووسینه‌وه. به‌ڵكو ئاماژه‌یه‌كی واتایی و ده‌لاله‌تێكی هزریی و زمانییان هه‌یه كه ڕه‌نگه ئێره كات و شوێنی شڕۆڤه‌كردنییان نه‌بێت.
4
ئه‌م كتێبه، گه‌رچی وه‌ك ناونیشان و تێزێكی ئه‌كادیمی، كارێكی نوێیه به تایبه‌تیش له ڕووی ناونانی بابه‌ته‌وه، كه باس له نووسینی ئۆتۆماتیكی ده‌كات، به‌ڵام كارێكی ته‌واوه‌تی نییه، چونكه نموونه‌ی ئه‌و جۆره شیعرانه زۆرن و ده‌بوو نووسه‌ر پراكتێزه‌ی زیاتری شیعره‌كانی بكردایه، به تایبه‌تیش نموونه‌ی له شیعری ده‌یه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕینیش بهێنابایه‌وه. دواجار شیعر شیعره، له ناسینه‌وه و پێناسه‌كردنیدا، نابه‌سترێته‌وه به هیچ ژانرێكی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی، به‌ڵكو وه‌ك شیعر ده‌بینرێت و ده‌ناسرێت و ده‌خوێنرێته‌وه. هه‌ر شیعرێكیش له ده‌ره‌وه‌ی ئاگایی شاعیر و كۆنتڕۆڵی هزری و لۆژیكی شاعیرێك دابێت، له ڕاستیدا شیعر نییه، به‌ڵكو گوته‌یه، گوته‌ش وه‌ك ده‌قێكی نووسین، ناناسرێت و ناخوێنرێته‌وه، به‌و پێیه‌ی هیچ خاسیه‌تێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری نییه و ته‌نها له ڕووبه‌ڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه به‌های هه‌یه، نه‌ك وه‌ك ده‌قێكی شیعریی.
په‌راوێز: ناوی كتێب: نووسینی ئۆتۆماتیكی له شیعری نوێی كوردیدا، نووسینی: سالار كه‌ریم حوسێن، بڵاوكراوه‌ی: ده‌زگای سه‌رده‌م_ زنجیره 981_ ساڵی چاپ_2021
- ئه‌م بابه‌ته له لاپه‌ڕه‌ی (ئه‌ده‌ب) ی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ژماره (1190) ی ڕۆژی 1/9/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه.