Skip to Content

دوا مانیفێستی من.. شێرزاد حەسەن

دوا مانیفێستی من.. شێرزاد حەسەن

Closed
by October 30, 2021 General, Opinion

  • سڵاو دۆستانی ئازیزم.. ئەم کاتەتان باش.. بە بێ زێدەڕۆیی لە سەروەختی ‘راپەڕین’ەوە تا هەنووکە، رۆژانە و هەفتانە و مانگانە، تاوەکو ئێستاکێ کە دەکا پتر لە (٣٠/ سی) ساڵی رەبەق؛ جۆرەها کەس پەلاماریان داوم، لەسەر ئاستی تۆمار و زارەکی و رێبواری و فیزیکی و رۆحی و رەوانی، بە ناوی راستەقینەی خۆیانەوە بووبێت یان خوازراو و نادیارەوە، کە هەندێکیان بانگخواز و ئەندامی کارا و سەرانی حیزبە ئیسلامییەکانن، هاوکات هەیانە کە بێلایەنن و سەر بە هیچ گروپ و حیزبێکی سیاسی نین، کە بەردەوام لە رێگەی کەناڵەکانی ماس-میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی و بگرە لە رێگەی ‘مۆبایل’ەوە جنێوی سووکی زۆر و هەڕەشەی بەردەوامم بۆ دەنێرن کە گوایە من دژی ئەم ئایینە پیرۆزەی ‘ئیسلام’م، هەست و نەستی موسڵمانان بریندار دەکەم کە ناکرێت ئیمانیان وا تەنکۆڵە بێت. لە کاتێکدا ئەوان کە خودایەکی مەزن و پێغەمبەرێکی خاتەم و قورئانێکی پارێزراویان هەیە لە ” )لەوحی مەحفوز(دا و ئایین و ئیمانێکی وا تۆکمەیان هەبێت کە لە ملیارێک و نیو تێپەڕیانکردووە. ئاخۆ چۆن بە چەند گومان و پرسیارێکی من شێلوو دەبن و دەمارگیرانە بەرپەرچی من دەدەنەوە، نەک بە دیالۆگ، بەڵکو بە جنێوی سووک و بە زمانێک کە هی گفتوگۆ نییە؟!

ئەوان هەقە لە خۆیان بپرسن کە ئەگەر خودی “خودا” خۆی منی دروست کردبێت و ئاوەز و دەماغێکی پێبەخشیوم و رێگای داوم بیر بکەمەوە و قسان بکەم و تا هەنووکە خودی “زاتی ئیلاهی” بێزی نەهاتووە دەمم دابخات و کەڕولاڵم بکات یان بمکوژێت و مەحفم بکات، کە ئەم رستە و دەستەواژانە، لە پاڵ تەغارێک لە جوێن و هەڕەشە کە هی سەر زاری ناحەزەکانی منە کە من بە دۆستیان دەزانم، بەڵگەش ئەوەیە کە من تاوەکو ئێستاکێ بە یەک وشە کاردانەوەم نەبووە!

هەڵبەتە نەوەیەکیش پەیدا بوون کە بە هەزارەهایە و زمانی عەرەبی نازانن و هەر بە سیلەی رەحم موسڵمانن کە هونەر نییە، چونکە گەر لە هەریمی “تبێت/ تەیبت ” لە دایک بوونایە، دەبوون بە {بوودیست} و “گواتما بوودا” بە پەیامبەری خۆیان دەزانی و “دالای لاما”ش بە رەهبەری دینی و رۆحانی، ژمارەیەکی بێشومار ناشزانن ناوەرۆکی ئەو ئایینە پیرۆزەی ئەوان لە چی دەدەوێت و سوودی چییە بۆ ئەوان و مرۆڤایەتی و من؟ هەموو تێگەیشتنەکەی ئەوان لەسەر زاری ئەو مەزهەبزەدە و ئاخوند و زاتانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەسەر مینبەرەکانەوە بە فەرمی و نافەرمی خۆیان بە وتەبێژ و پارێزەر و زمانحاڵی ‘خودا’ دەزانن بێ ئەوەی بتوانن بێنە پای دیالۆگ و لۆژیک و گفتوگۆیەکی زانستیانە و شارستانی. هەڵبەتە من بە درێژایی ژیانم وەڵامی جنێوەکان و تەکفیر و تەخوین و هەڕەشە و گوڕەشەی هیچ مەردمگەلێکم نەداوەتەوە، چونکە هیچ جوانی و رێزێکی تێدا نابینم بۆ دیالۆگێکی کراوە!

ئەمن بڕوام بە وتە دروستەکەی “کارل مارکس: ١٨١٨-١٨٨٣”ی فەیلەسووف هەیە کە ناوەرۆکەکەی شیدەکەمەوە کە دەڵێت، ” پێشمەرجی هەموو رەخنەیەک سەبارەت بە هەر ئایدیا و بەهایەک و کایە و چالاکییەکی مرۆییانە بێت، ناچێتە خانەی رەخنەگرتنەوە، ئەگەر لە رەخنەکردنی ئایینەوە دەست پێنەکات.”

کە دیارە لای منیش ئەم پێشمەرجەی “مارکس” زێدە پەسندە چونکە خودی ئایین وەک کایەی تێفکرین زادەی تەئویل و تەفسیرێکە کە بە تەنها “خودا” و “پێغەمبەرەکان” کایەیان تێدا نەکردووە، بەڵکو لە ماوەی هەزارەها ساڵ ژمارەیەکی بێ شومار لە پیاوان و نێرگەل سەرگەرمی راڤە و توێژینەوە و شیکاری بوون و شەنوکەویان تێدا کردووە، بەو نیاز و مەرامەی کە بە رۆحێکی داخراو و دۆگماتیک و ئایدیۆلۆژستانە روانین و خواستی خۆیان هەبووە، نەک تێڕامانێکی مرۆڤپەروەرانە، کە زۆرینەیان نێرینە بوون، نەک مێینە کە بە روانینی من کرۆکی کارەساتێکی گەورەیە و جێگەی گومانە کە تیایدا سەر لەبەری مێژوو هی پیاوەکانە نەک هی ژنان، بە تایبەتی لە ناوئاخنی کایەی ئایین و سیاسەت و سەرمایەگوزاری و بزنسدا!

هەڵبەتە میراتێکی فیکری و فەلسەفی هەبووە کە لە لۆژیک و ئاوەزداری و عەقڵزەدەیی سەرشار بووە، بەڵام ئەوەی کە هەنووکە زاڵە و هەم دەچنەوە سەر میراتی فیکری “ئیبن تەیمییە: ١٢٦٣-١٣٢٨” و “ئیبن ئەلقەییم: ١٢٩٢-١٣٥٠” کە بە واتا پێچەوانەکەی دەبینین کە کۆمەڵیک بزافی وەک “قاعیدە” و “بوکوحەرام” و “داعش” و “تالیبان”ی خوڵقاند کە خاوەنی سەدەها سەرچاوەی خوێناوین، کە ئەوەیان بۆ من شاڕەگی گومان و پرسیاری منە بە درێژایی نیو سەدە، کەواتە ئێمە لە هەنووکەدا لە سەدەی بیست و یەکدا ناژین، بەڵکو لە سەدەی سیازدەی میلادیدا دەژین کە فیکری ‘ئیبن تەیمییە’ و ‘ئیبن ئەلقەییم’ و شاگردەکانی بوون بە ڕابەر؛ نموونەی سەرانی ترسناکترین رێبازی “وەهابیزم” کە پەیڕەوکەرانی ئەو دوو زاتەی سەرەوەن کە بوون بە مایەی فەزایەکی تاریکستان ئاسا لە نێو دونیای عەرەبی و ئیسلامیدا کە تا هەنووکەش بەردەوامە کە بە تەڵاقدانی عەقڵ کۆتایی هاتووە!

پارادۆکس و تەوس و بەزمە سەیرەکە لەوەدایە کە من بە رەوای دەبینم کە ملیارێک و نیو موسڵمان هەن لەسەر زەمین، بەڵام ئەو ملیۆنەهایە و ئەو هەزارەهایە لە خەڵکانی خۆمان و کورد-زبان بەرگەی ئەوە ناگرن کە بە قەولی خۆیان منی کافر و زندیق و و مورتەد و خوانەناس پرسیار و گومانم هەبێت، یان پێیان ئەستەمە کە رەخنەگری کۆی ئەم میراتەی باب و باپیران بم کە بڕێکی زۆری ئەو میراتە جێگەی گومان و پرسیاری منن، بە واتا شایستەی هەڵوەشاندنەوە و نەمان و سڕینەوەن، نەک بە پیرۆزکردن.

روانین و لێکدانەوەی منیش زادەی ئاوەز و عەقڵ و تێفکرین و تێڕامانێکی منە بۆ دین و دونیای لای خۆمان کە بایی ئەوەندەش هۆش و گۆشم هەیە کە ‘هەقیقەت’ لای من نییە و هەرگیز بە تەنها بۆ خۆمی قۆرغ ناکەم، چونکە من بڕوام بە “یەقین” و “تەلقین” و “نەقل” و تاکڕەوی هەقیقەتپەرستی رەها نییە کە دەگاتە دۆگما و وشکە باوەڕ و ئیمانی کوێرانە، کە سەهۆڵبەندانی عەقیدەیی لێ دەخوڵقێت کە ئیمانێکی تاریکپەرستانە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کە بە ناوی پیرۆزکردنەوە “عەقڵ” و تیفکرین و رەخنەکاری دەکوژن!

خۆ ئەگەر وابێت منی فەرمەسۆن دەچـمە دۆزەخ و “وە- بیئسەلمەسیر”، لەتەک “شەیتان”ی هاوکوفم پێکەوە بە ستوونێکی ئاگرینەوە لە ناوەراستی جەهەننەمدا دەبەسترێینەوە و بۆ هەتاهەتایە دەسووتێین کە من دەمێکە خۆمم بۆ ئامادە کردووە و گرفتێکم نییە، چونکە بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر سەرمام بووە تا رادەی ئەوەی کە ئێسقانەکانم بوون بە شەختەبەند و زوقمی ناو چللەی زستان، سەرمام بووە لە پای بەرکەوتنم بەو هەزارەها مەردمگەلەی کە زێدە سارد بوون بە ئەندازەیەک کە دەبوو بە چللەی هاوین پاڵتۆ/ساقۆ لەبەر بکەم، ساردتر لە ناو دەمی مردووەکان و بەفرەکانی سەر شاخەکانی ‘هیمالایا’، هاوکاتیش پیرۆزبایی لەو ملیارەهایەش دەکەم کە دەچنە فیردەوس و بە‌هەشت و جەنناتی عەدن-ی پڕ لە عەیش و نۆش و حۆری و غیلمان و شەرابەن تەهور و چی و چی کە من هەرگیز بۆ خۆمی ناخوازم، کە دیارە پێم شەرمە لە ژێر عەرشی “خودا” بە ڕووت و قووتی سەرگەرمی سەرمەقولات و گەوگەوزانێ بم لەبەر دەم و چاوی ‘یەزدان’ کە ئیماندارەکانی دیکە خەونی پێوە دەبینن!

جارێ ئەوان مەرجە بزانن کە ئەمن ‘حیکمەتی ئیلاهی’ جێبەجێ دەکەم کە ئەگەر ئەمن ‘ئەهلی دۆزەخ’ بم، چونکە زۆرینەتان دەزانن کە مەرجە دۆزەخی یەزدان پڕپڕ ببێتەوە وەک بەهەشتەکەی کە خزمان و خەڵکێکی زۆر خۆیان بۆ ساز و ئامادە کردووە، بە پای پیلان ببن بە خاوەنی کۆشک و تەلاری خۆیان لە ناو بەهەشتە بەربەرینەکەدا کە رازاوەتەوە بۆیان .. پیرۆزیان بێت؛ بەبێ من!
ئایەتێکتان هەیە کە دبێژی: ” يَوْمَ نَقُولُ لِجَهَنَّمَ هَلِ امْتَلَأْتِ وَتَقُولُ هَلْ مِن مَّزِيد؟ٍ

مەرجە ئەو بەهەشتییانە بزانن کە خودی ‘خودا’ خۆی بەرامبەر بە “شەیتان” کە هەڵگەڕایەوە و ئامادە نەبوو کرنوش بۆ “ئادەم” ببات سزاکەی کوشتن نەبووە، بەڵکو لە بەهەشت دەریکرد و بێبەری کرد لە فریشتەبوون و هەڵیدایە سەر ئەم ئەستێرە زێدە رەنگینە کە سەرزەمینی ئێمەیە و خەریکە بنیادەمەکان گڵاوی دەکەن، بگرە یەزدان ‘ئیبلیس”ی سەربەست و ئازادی کرد لەوەی کە لە فریودان و گوناهکردنی بەرامبەر بە مرۆڤ بەردەوام بێت کە بە دیدی من ئەفسانەیەکی رەمزدارە پتر لەوەی واقیع بووبێت!

دیسانەوە گەر ئاوڕ لە ‘نەخێر’ و هەڵگەڕانەوەی ‘ئادەم’ و ‘حەوا’ بدەینەوە بەرامبەر بە ‘خودا’ کە رێنماییکردن و بگرە هەڕەشەی لێکردوون کە لەو سێوە یان گوڵەگەنمە یان لەو میوەی حەرامکراوەی درەختی ناسراو بە ‘درەختی مەعریفە’ نزیک نەبنەوە و نەیخۆن، بەڵام خواردیان و سزاکەیان تڕۆکردن و وەدەرنانیان بوو لە بەهەشت و فڕێدانیان بۆ سەر زەوی و بەس، نەک کوشتن!

ئەمن وەک کادیرێکی پەروەردەکار بۆ ماوەی سێ سەدە و نیو وا سەیری دەکەم کە ماقووڵ نییە من پیرۆزبایی لە ملیۆنەها دەکەم کە دەچنە بەهەشت و بە رەوای دەبینم و هەست و نەستم بریندار نابێت، بەڵام ئەو ملیۆنەهایە یەک کافر و زەندیق تەحەمول ناکەن کە منم. هەر بە راست تۆ بڵێیت من ئەوەندە ترسناک و ئاوقات و بەرباد بم کە بتوانم ئایینی ئیسلام هەڵبوەشێنمەوە کە پتر لە چواردە سەدەیە ڕەگوریشە دادەکوتێت کە لە رێگەی ‘فتوحات و غەزەوات’ەوە هاتوون و وڵاتانیان داگیرو تاڵان کردووە، کە بە ناوی “جیهاد”ەوە کراوە و دەکرێت، واتا چلە زەیتوونیان پێنەبووە و کۆتری ئاشتیەوانی نەبوون، بەڵکو شمشێرەکانیان خوێنی لێتکاوە.. نەک شیر و هەنگوین.

منێک کە کادرێکی پەرەوەردەم و بڕوام وایە کە وانەی یەکەم و ئەرکی پەروەردەکاری تازەگەر ئەوەیە کە لە ‘کیندەر گارتن’ و ‘باخچەی ساوایانەوە’ دەست پێبکەین بەوەی کە کچان و کوڕانی خۆمان وەک نەوەیەکی نوێ و ڕاچەنیو فێری ئەوە بکەین کە ئێمەی کوردگەل بۆ هەزارەها ساڵە داگیرکراوین لە لایەن چەندەها نەتەوەی جیاوازەوە، بگرە لەسەر ئاستی دونیادا بە خاک و خەڵکەوە بووین بە موستەعمەرە وکۆلۆنیالێکی نێونەتەوەیی و جیهانگیری و گلۆبال، چ بە ناوی ‘خودا’وە بووبێت یان گەمەی چەپەڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئێمە لە ناوەکانی خۆمانەوە بۆ ناوەرۆک و سەر پەڕەی رۆحمان داگیر کراوین، پرۆسەی داگیرکاری و ئاکام و دەرئەنجامە زۆر خراپ و کوشندەکانی وانەی یەکەمی پەرەوەردەناس و فەیلەسووفی بەرازیلی “پاولۆ فرێری: ١٩٢١-١٩٩٧”ی مامۆستامە کە فێری کردووم، بە تایبەتی لە رێگەی کتێبە دانسقەکەی بە ناوی “پێداگۆگی ستەمدیدە” کە تیایدا بە قووڵی ئاماژە بەوە دەدات کە ستەمدیدە و ستەمکار بۆ هەمیشە جێگۆڕکێ دەکەن، چونکە رۆحی داگیرکاری لە لای هەردووکیان پتەوە و بنەبڕ نەکراوە تا هەنووکە، بە تایبەتی لە “ڕەشهەلاتی ناوەراست”!

کۆی مێژووی ئیسلام کە عەرەبی بیابان-نشین بوون بە خاوەنی لە بەرژوەندی شۆڤێنیزمی دینی و هەم فاشیزمی میلیتاری و عەسکەرتاری پان-عەرەبیزم کۆتایی هاتووە کە هەزار و چوار سەد ساڵ پترە بەو رۆحە بارباریست و وەحشییەتگەرایە کوردگەل و نەتەوەکانی دیکە دەچەوسێنێنەوە، ئەوەی بۆ من سەیر و سەمەرەیە و هەم هێدمگرتیم دەکات ئەوەیە کە ماقووڵ نییە داگیرکەر و چەوسێنەری خۆمان بە ناوی ئاسمانەوە بپەرستین و پرسیار و گومانێکمان نەبێت بۆ ماوەی چواردە سەدە؟!

واتا پێشمەرجی پەروەردە و فێرکردن هەر لە وانەی یەکەمەوە تا دوا وانە و بە درێژایی ژیانمان خوێندنەوە و هەڵكۆڵین و پشکنینە سەبارەت بەوەی کە ئێمە لە کەنگێوە داگیر کراوین لەسەر ئاستی رۆحی و رەوانی و فیزیکی کە بە داگیرکردنی “مێشک” و مێژوومان کۆتایی هاتووە؟ بۆچی و لەسەر چی و چۆن بووین بە کۆیلە و کرێچی و کرێگرتەی سەر خاکی خۆمان؟ بۆچی دوژمنانی داگیرکەر بوون بە خانەخوێ و سەرداری ئێمە؟ بە چ زمانێک و ئامرازێک و بیانوویەک و ئامانجێک وایانکرد داگیرکەرانی خۆمان بپەرستین و هیچ گومان و پرسیارێکمان نەبێت؟ بە راست ئێمەی کوردەیل رۆڵمان هەبووە لە میانەی پرۆسەی بە کۆیلەبوونی خۆمان؟ یاخود سوپەر پاوەر و زلهێزەکانی دونیا نەخشەی ژیانی ئێمەیان لە باری رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبزەدەیی و فەرهەنگییەوە داڕشت و سمیان پێوەنا کە ئێمە ببین بە سواڵکەر و دەرۆزەکەرانی سەرزەمین بۆ تۆزێک سەربەستی؟ یان هەتیوەکانی ژێر دەواری دڕاو و هەلاهەلای رژێمە بارباریست و وەحشیەتگەری وڵاتانی دراوسێ کە هەر هەموویان خۆیان بە جەنگاوەرانی ئاسمان و خودا و ئایینەکەی دەزانن کە وا نییە؟
“کارل مارکس” بڕوایە وایە کە “ستەمی رۆژهەڵاتیی” ستەمێکە کە وێنەی نییە لە توندوتیژی و وەحشییەتگەری لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی کە تا هەنووکەش ئەو روانینەی ‘مارکس’ بەردەوام و بەرجەستەیە و من لە رۆحی داگیرکاری و بارباریستی ئەو چوار وڵاتانەدا دەیبینمەوە کە بە ئاگر و ئاسن ئێمە لێدەخوڕن: تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا کە بەوەوە دەنازن کە خۆیان بە دەوڵەتی تیۆلۆژی و ئایین پەروەر و موسلمان لە قەڵەم دەدەن کە خراپترین چوار ولاتانی دونیان لەسەر هەموو ئاستەکاندا، هەڵبەتە لە پاڵ ئەو چوارەی سەرەوە مەرجە ئاماژە بە حوکمڕانی دکتاتۆریانەی ئەفغانستان و پاکستان و سودان و سعودیەی عەرەبی بدەین کە دۆزەخێکیان بۆ خەڵکانی خۆیان ئاگر داوە!

ئەم گومان و دڵەراوکێ و پرسیارانەی سەرەوە بۆ هەر خانەوادە و ماڵبات و تیرە و هۆز و خێڵ و مەزهەبدار و نەتەوەیەک پێویستە و پێشمەرجی زیندووییەتی هەر خەڵک و نەتەوەیەکە کە ئێمەی کوردگەل، لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، لە بواری پەروەردەدا تا هەنووکە ئەو پرسیارەمان لە خۆمانمان نەکردووە، دیارە کە خاوەنی قەوارەی خۆمان نەبین و دەوڵەتداری سێنترال جڵەومان بکەن، مەحاڵە لەم دۆخە تراژیک و دراماتیکە دەربچین!

ئایا بۆچی نەتەوەیەکی چل ملیۆنی بە درێژایی مێژووی رۆحی بەرگری و چەوساندنەوەی ئێمە و شكستی درامی و تراژیکی شۆڕشەکانمان و هەڵواسین و کوشتن و زیندانیکردنی رابەرەکانمان تاوەکو هەنووکە پلان و نەخشەیەکی سیاسی و ستراتیژی و لۆبییەکی یەکگرتوومان نییە؟ بۆ ئێمەی پەراوێزخراوی ناو مێژوو کە لە ساڵی (٢٠٢٣)دا دەکەوینەوە ناو بازنە و سەر یادی پەیماننامەی “لۆزان” کە لە بەرواری (٢٤/٧/١٩٢٣)دا بووین بە قوربانی و وەک بەرخەکەی “ئیبراهیم” سەر بڕاین و خوراین. گوایە دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی دوای یەکەمین جەنگی جیهانگیریی بە چاکیان زانیوە، بێجگە لە کوردگەل، زۆرینەی نەتەوەکانی دیکەی “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” شایستەی قەوارەیەکی سیاسی خۆیان بن، بێجگە لە ئێمە کە وەک (عیسا-ی مەسیح) بە خەڵک و خاکەوە لە خاچ دراین و “خودا”ش سەیری هەمووانی دەکرد و نەیدەکرد.

“رەجەب تەیب ئێردۆغان”یش کە خۆی بە جەنگاوەری ئاسمان و ئیسلام و خۆ بە خوداناس دەزانێت مرخی لەوە خۆشکردووە کە دیسانەوە بە ناوی “فتوحات و غەزەوات”ەوە کە چلۆن بەشێکی لە کوردستانی “رۆژئاوا” و “باشوور”ی داگیر کرد، بە موبارەکەی خودا و دونیا، لە خەونی ئەوەدایە کە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلی دێرین و لە دەستچووی زیندوو بکاتەوە، ئەو رۆژگارەی کە بە بەرچاوی هەموو دونیای دوون و خەوتووەوە هاواری کرد ئێمە بەرەو “عەفرین” دەچین، هەر وەک چلۆن باوک و باپیرانمان دەچوونە “فتوحات و غەزەوات”، بە واتا وانەی یەکەمی ئەوان داگیرکردنی خەڵک و خاکی دیکە بوون کە کوردەگەل تیایدا زۆرینەن بوون، لە دێر زەمانەوە تا هەنووکە!

بەڵام ئەوەیان چ ئایینێکە کە چوار وڵاتی خۆ بە موسلمان-زان بە موبارەک-بایی و موبارەکەکردنی زلهێزەکانی دونیاوە بۆ هەتاهەتایە لە خاچمان بدەن؟

بیرمەندی ئانگلۆ-ئایرش”جۆناتان سویفت:١٦٦٧-١٧٤٥” دەڵێت: “ئێمـە بڕی ئەوەندە زۆر ئایینمان هەیە کە بۆ هەمیشە کینە و رقمان لە یەکتری بێتەوە، بەڵام هەرگیز بایی ئەوەندە دین/ ئایینمان نەبووە کە یەکتریمان خۆشبوێت!”
ئەو روانینەی ‘جۆناتان سویفت’ مێژوویەکی دێرینی هەیە و دەنێو ‘ڕەشهەڵاتی ناوەراست’ و دونیای ئێمەدا تا هەنووکە لە برەودایە و خوێنبارانەکەش زەریای خوێنی بەرپاکردووە و هەر هەموومان مەلەی تێدا دەکەین!

“ئێردۆغان”ێک کە بە هەزارەها لە موسڵمانانی کوردگەل هەن کە ئەم چنک خوێناوییە بە نموونەی باڵای خۆیانی دەزانن، بێ ئەوەی تەماشا بکەن کە ئێمە خاوەن چ دیرۆکێک و چارەنووسێکین کە تا هەنووکە بەسەر خاچەکەوەین و خوێنمان لێدەچۆڕێت، گوایە چاوەڕوانی دونیای دوون و بێ مۆڕالین لەو خاچە دامانبگرن کە ئەوان لە تەختە و داری خۆمان ئەو خاچەیان بۆ ئێمە دروستکردووە!

پرسیاری من ئەوەیە کە ئەگەر خودا دادگاییەکی باڵای خۆی هەیە لە ئاسمانێ کە لە قیامەتێ و سەروەختی ‘حەشر و نەشر’ دادگایی هەموومان دەکات، مەڕ بە پێی خۆی و بزن بە پێی خۆی بە قەنارەوە هەڵدەواسرێت، کە دایکم و نەنکم بە هێوری و دڵنیاییەوە وایان دەگوت. دەی.. کەواتە ئەم سەدەها دادگا و دادوەری گشتییە چییە کە بە ملیۆنەها بە ناوی ئاسمانەوە لەسەر زەمین دایانمەزراندووە؟ ئەو هەزارەها و ملیۆنەهایە چلۆن وەکالەتی عام و خاسیان لە خودا وەرگرتووە؟ کەنگی و لە کوێندەرێ و بە چ هەق و مافێک؟ ئەوەی ئەوان دەیکەن رێک هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای “یەزدان”ی خۆیانە لە ئاسمانێ!

ئەمن لە کۆتایی ئەم مانیفێستەدا وەک هەمووان، چ بەهەشتی و چ دۆزەخی، منی فەرمەسۆن حەزمە زیندوو ببمەوە و دادگایی بکرێم و بە دۆزەخ شاد ببم، نەک بەهەشت، بەڵام ئەگەر لە دادگاکەی ‘باری تەعالا’ ماف و هەقی ئەوەم هەبێت لەتەک خودا و دادوەرەکانی چەند راز نیازێک بدرکێنم، ئەوسا چەند راستییەکی گەڵێک تاڵ و کوشندە هەن کە ئیماندارەکان حەز ناکەن لە منی ببیستن، کە مەحاڵە دڵی هیچ خوداناسێک خۆشبکات، چونکە پڕە لە گومان و پرسیار و سکاڵای جەرگبڕ، خۆ گەر خوداش گوێی لێنەگرتم و وەک باوکم راژدییەکی سراوەندە بناگوێم و دەمی منی داخست و بە دۆزەخی شاد کردم، ئەوسا دەزانم زۆر ئاسانە لەگەڵ دۆزەخدا هەڵبکەم و ئاشنا بم بە ئاگر و سووتان، چونکە من سەر بە خانەوادە و گەڕەکێک و شار و وڵاتێک و نەتەوەیەکم کە لە ناو جەهەننەمدا ژیان و زیندەگیان گوزەراند، کە وا مەزەندە دەکەم شورەییە کە دوای بینینی هەزارەها دۆزەخی سەرزەمین؛ دیسانەوە و سەر لە نوێ بچینەوە دۆزەخ، گەر وا بوو، من دەبم بە سەرقافلەچی کاروانی کوردگەل یان پاسەوان و پاشکۆی کاروانسەرای روو لە دۆزەخ، کە شکۆمەندانە و سەربڵندانە رووەو دۆزەخی هەڵایساو بە بەرگی بڵێسە و ئاگرەوە رێدەکەین و نالەرزین و ناترسێین، چونکە نە بەهەشت بەو شێوەیەی کە وەسفکراوە جێگەی خۆشحاڵی منە و نە دۆزەخیش جێگەی نیگەرانی و ترس تۆقاندنی منە!


(شێرزاد حەسەن)
پایزی/٢٠٢١

Previous
Next