Skip to Content

خوێندکارانی کوردستان و بڕێک سەرنج.. ئەمجەد شاکەلی

خوێندکارانی کوردستان و بڕێک سەرنج.. ئەمجەد شاکەلی

Closed
by تشرینی دووه‌م 29, 2021 General, Opinion

ئەمڕۆ لە دیدارێکیدا لەگەڵ هەندێک لە خوێندکارانی زانستگە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، مەسروور بارزانی، گوتی:”خوێندن لەو زانکۆیانەی کە حکومین بە خۆرایین و حکومەت بە خۆڕایی خوێندن دابین دەکات بۆ ئەو قوتابییانەی کە لەم زانکۆیانە دەخوێنن. داواکردنی دەرماڵە بۆ خوێندنی خۆڕایی لە هیچ شوێنێکی جیهان نییە…لەهیچ شوێنێک شتی وانییە کە بڵێی من بە خۆڕایی دەخوێنم و دەبێت بڕەپارەیەکیشم وەک دەرماڵە پێبدەن بۆ ئەوەی بخوێنم” .
ئەوانەی هاوڕێی سەرۆکی حوکوومەت بوون لەو دیدارەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانستگەیەک بوون، کە هەردوویان بەرپرسی ڕاستەوخۆی خوێندنی زانستگە و خوێندکارانن. بێجگە لەوە من هیچ گومانێکم لەوەدا نییە، کە سەرۆکی حوکوومەت و هەر بەرپرسێکی باڵای کوردستان، بەو دوو هاوڕێیەی لەگەڵ سەرۆکی حوکوومەتیشدا بوون لەو دیدارەیدا، دەیان و سەدان ڕاوێژکار و جێگر و سکرتێر و یارمەتیدەر و کارمەند و دەستوپێوەند و خەڵکیان لەبەردەستدایە و زۆر بە ئاسانی دەتوانن، دەستیان بە هەموو زانیارییەکی ڕاست و دروست و نوێوە، لەمەڕ هەر پرس و بابەتێکەوە، نەک تەنێ پێوەنددار بە کوردستانەوە، بەڵکە بە هەموو گەردوونەوە و بە زووترین کات، بگات. لەم سەردەمی جیهانگەری و پێشکەوتنی تەکنۆلۆگییەدا، دەستەبەرکردنی زانیاری کارێکی گەلێک سانایە بۆ هەموو مرۆڤێک، بەتایبەت بۆ کەسانێک، کە لە لووتکەی دەسەڵاتدا بن. لێ مخابن، لەو دیدارەی سەرۆکی حوکوومەتدا وا نەبوو! ئەو زانیارییەی سەرۆکی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەڕ خوێندنی خۆڕایی و دەرماڵەی خوێندکاران لە وەڵاتانی دیکەی جیهاندا، هەڵە بوو. ئەو دەبوو پێشتر داتای دروستی بۆ ئامادە کردبا، ئیدی بۆ خۆی یا بە کۆمەکی دەستەکەی، کە لەگەڵیدا کار دەکەن.
من بۆ خۆم ماوەی چل ساڵێکە لە وەڵاتی سوێد دەژیم و بڕێکیش خوێندوومە و قەرزی خوێندنم وەرگرتووە و تا ڕادەیەکیش ئاگاداری وەڵاتگەلی ئەوروپا و دەوروبەری سوێدم. تەواوی خوێندنی سوێد، لە هەموو خوێندنگە و زانستگەکاندا هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تا پۆست دۆکتۆرایش، هەمووی بە خۆڕایی و مفتە و خوێندکار یەک قل پارە بە خوێندن نادات. تاکە تاکەیەک خوێندنگەی تایبەت لێرە و لەوێ هەن، بە پارە تێیاندا دەخوێنرێت، لێ ژمارەیان ناگاتە ژمارەی پەنجەی دەست. هەموو شاگردێک لە تەمەنی نێوان 16-20 ساڵان و لە پۆلی دەیەمەوە، مانگانە وەک دەرماڵە 1250 کرۆنی سوێدی مفتی دەدرێتێ. کە خوێندکار دەچێتە خوێندنی دوای ئامادەیی و زانستگە، ئیدی ئەگەر ئارەزووی لێبێت، دەتوانێت قەرزی خوێندن(بە عەرەبی:منحة دراسية، بە فارسی:کمک هزینه تحصیلی، بە ئینگلیزی: Study grant) وەربگرێت، چون هەن قەرز وەرناگرن و لەگەڵ خوێندنەکەیاندا کار دەکەن و خۆ دەژێنن. ئێستا لە ساڵی 2021دا مانگانەی هەر خوێندکارێکی زانکۆ، ئەگەر قەرز وەرگرێت 10928 کرۆنە، کە 7328 کرۆنی بە قەرز دەژمێردرێت و 3600 کرۆنی بە دەرماڵە، واتە: مفت وەریدەگرێت. لە ساڵی 2022دا ئەو پارەیە دەگۆڕێت و دەبێتە 11088 کرۆن لە یەک مانگدا، کە 7436 کرۆنی قەرزە و 3652 کرۆنی دەرماڵەی مفتە. ئەو پارەیەی خوێندکار وەک قەرز وەریدەگرێت، پاش تەواوکردنی خوێندن گەرەکە مانگانە بەشێکی بگێڕێتەوە بۆ حوکوومەت تا بەرەبەرە هەمووی تەواو دەبێت، کە ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت، ئەو بەشەی دەرماڵەیە، ئەو وەک شیری دایکی نۆشی گیانی دەکات و هیچ لەسەری ناکەوێت. خوێندکار دەتوانێت تەنیا دەرماڵەکە وەرگرێت و قەرزەکە وەرنەگرێت، ئەگەر بتوانێت بەو دەرماڵەیە بژێت. خوێندکار چ ئەوانەی قۆناخی ئامادەیی و چ هی زانستگە، مافی ئەوەی هەیە کارتێکی مانگانە یا ساڵانە بۆ هاتوچۆی نێو ئەو شارەی تێیدا دەژی و دەخوێنێت، بۆ ئۆتۆبووس، شەمەندەفەری سەرزەوی و میترۆ بکڕێت بە نیوەی نرخی ئاسایی خەڵکی ئاسایی و بۆ هاتوچۆی نێو تەواوی سوێدیش هەر بە نیوە نرخە ئاساییەکە دەتوانێت بگەڕێت. خوێندکار، بە نیوە نرخ دەچێتە سینەما، شانۆ، مەلەوانگە و دەیان جێگەی دیکە. لە تەواوی ئەوانەدا خوێندکار و خانەنشین وەک یەک دەژمێردرێن، هەردوویان نیوەنرخ دەدەن. خوێندکار لەو خواردنگە و ڕیستۆرانتانەی نێو زانستگەکان، بە نیوە نرخ دەخۆن. بێجگە لەوانە، خوێندکار زۆر شتی دیکە دەیگرێتەوە و سوودمەند دەبێت لێیان.
خوێندکارانی کوردستان تەنیا کێشەی دەرماڵەیان نییە، ئەوان کێشەی بەشە ناوخۆییەکانیشیان هەیە، کە پڕن لە ناڕێکی و پڕگرفت و سەختی.
ئەو هەموو زانستگە و خوێندنگە تایبەت و ئەهلی و بیانیانەی لە کوردستان کراونەوە و هەن و ڕیگەپێدراون، زیانێکی یەکجار مەزن و کاریگەرییەکی یەکجار خراپیان لەسەر جڤاک و فەرهەنگی گەلی کوردستان و زمانی کوردی داوە و کردووە. کارێکی وایان کردووەتە سەر خوێندن و خوێندکار، کە بەسەر دوو جەمسەردا دابەش بن. بەچکە دەوڵەمەند و سەرمایەدار و بەرپرس و مشەخۆران، دەچنە خوێندنگە و زانسگەی تایبەت، کە خوێندن تێیاندا بە پارەیە و بە زمانانی ئینگلیزی، فرانسی، تورکی، ئەڵمانی و… فرەتر بە ئینگلیزییە. ئەو جۆرە خوێندنگە و زانستگەیانە خوێندکارێکی تەمبەڵ و کەمنمرە، کە لە پۆلی دوانزدەی ئامادەییدا 50ی هێناوە، کە لە زانستگە حوکوومەتییەکە وەرناگیرێت، لەوێ تەنیا لەبەر ئەوەی پارە دەدات، وەردەگیرێت. کاتێکیش ئەمەی زانستگەی تایبەت خوێندن تەواو دەکات، لەبەر زمانە ئینگلیزییەکەی و لەبەر ئەوەی بێچوە دەوڵەمەند و بەرپرسە، زۆر بە ئاسانی کاری دەستدەکەوێت و بێچوە هەژارە دەرچووەکەی زانستگە حوکوومەتییەکەیش، کە دەبێ ڕکابەری بێچووە دەوڵەمەندەکەی دەرچووی خوێندنی تایبەت و زمانی ئینگلیزییەکە بکات، پێی ناکرێت و لەو پێشبڕکێ نایەکسانەدا دەدۆڕێت.
هەزاران بەرپرس و دەستڕۆ و دارا و گیرفانپڕی کوردستان، کە بەشێکی زۆریان لە کوردستان خوێندیان تەواو نەکردووە و بڕوانامە و بەڵگەی ساختەیان بۆ کراوە، ساڵانە دەچنە دەرێی کوردستان، تورکیا، ئێران، لبنان، میسر و…هەر وەڵاتێکی دیکە یا خۆیان لە کەرکووک، ڕەمادی، شارەبان، باقوبە، مووسڵ و تەنانەت چەپەکترین شوێنی عیراق ناونووس دەکەن و دوای ماوەیەک پلەی ماستەر یا دۆکتۆرا وەردەگرن و دێنەوە و دەبنە بەڵا بۆ ئەو هەژارانەی لە زانستگە حوکوومەتییەکانی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە و ڕکابەرییان دەکەن.
خوێندکارانی کوردستان مافی ڕەوای خۆیانە دەرماڵەیەکی باش وەرگرن و منەتیان بەسەردا نەکرێت. ئەگەر ئەوە بکرێتە بیانوو، کە حوکوومەتی عیراق لە ساڵی 2014ەوە چەندین ملیار دۆلاری بۆ کوردستان نەناردووە و قەرزداری کوردستانە و ئەوە پارەی خوێندکارانە و بەغدا خواردوویەتی و هەموو جارێک ئەو ڕستەیە بدرێت بە گوێی خوێندکار و کارمەند و کارگەر و چینەکانی خوارێی کۆمەڵدا، ئەدی وەزیر و گزیر و جێنێراڵ و ڕاوێژکار و جێگری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییە خانەنشینکراوە بندیوارەکان، بۆ مووچە و دەرماڵە و پشتماڵە و ژێرماڵە و بانماڵەی خۆیان ڕێک و بێ کێشە وەردەگرن، ئەوە لە کاتێکدا، کە بەردەوام باس لە چاکسازی دەکرێت! تەواوی پارەیەک بۆ ئەو دەرماڵەیەی خوێندکاران دەڕوات، بە قسەی مەلا بەختیار، کە یەکێکە لە سەرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، 10 میلیۆن دۆلارێک دەکات.
لە کوردستان، دەیان هەزار لەو بندیوارە مفتەخۆرانە هەن، هەریەکە و مانگانە دەیان هەزار دۆلاریان بۆ خەرج دەکرێت، کە سەرلەبەری پارەیەکی وەریدەگرن، وەک چۆن گۆشتی بەراز و سەگ لە ئایینی ئیسلامدا حەرامە، ئەو پارە و مووچەیەی ئەوانیش وەها حەرامە. ئەوانە لە ساڵانی 1990وە تا هەنووکە ئەو مووچە و پارەیە وەردەگرن، حوکوومەت بە بڕینی ئەو پارە حەرامەی ئەو مفتەخۆرانەی بندێوارێ، نە تەنیا دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر مەبەستی بێت، دەتوانێت دەرماڵەی تەواوی خوێندکارانی هەموو کوردستانی گەورە دابین بکات.
بەشە هەرێمەکەی باشووری کوردستان، سیستمێکی خوێندن پێڕۆ دەکات، بێجگە لەوەی ئاستی زانین و زانست چەندی بیری لێ بکەیتەوە نزمە، کادرێکی زۆری ناکارایش لە بواری ناپێویستدا دێنێتە بەرهەم و دەخاتە نێو جڤاک و بازاڕی کارەوە، کە بێجگە لە زیان چ سوودێکیان نییە، چون ئەوانە دەبنە لەشکرێکی بێکار و بێبەرهەم.
تەواوی ئەوانە کێشەن، لێ مرۆڤی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و تێر و دەسەڵاتدار، لەبەر ئەوەی بۆ خۆی لە وەها حاڵێکدا ناژی، هەرگیز ناتوانێت هەست بەو جیاوازییانە بکات. پیرەمێردی شاعیر لەمێژە گوتوویەتی:
پیاوی تێر ئاگای لە برسی نییە، بە ماڵ ئەخوڕێ هیچ ترسی نییە.


27-11-2021
ئەمجەد شاکەلی

Previous
Next
Kurdish