
ئێوه ( لوبنان )ی خۆتان هه‌یه .. منیش ( لوبنان )ی خۆم.. جوبڕان خه‌لیل جوبڕان و : نه‌ژاد عزیز سورمێ
ئێوه لو‌بنانی خۆتان هه‌یه به هه‌رچی به‌رژه‌وه‌ندی و
ناكۆكییه‌كانی تێیدایه ،
منیش لو‌بنانی خۆم به هیوا و خه‌ونه‌كانییه‌وه ..
لو‌بنانی ئێوه گرێیه‌كی سیاسییه ڕۆژگار ده‌كۆشێ بیكاته‌وه ،
لێ لو‌بنانی من
چه‌ند گردۆڵكه‌یه‌كن به شكۆ و مه‌زنییه‌وه ڕووه‌و شینایی ئاسمان
به‌رز ده‌بنه‌وه ..
لو‌بنانی ئێوه كێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه شه‌و هه‌ڵیان ده‌دا ،
به‌ڵام لو‌بنانی من دۆڵی هێمن و ئه‌فسوناوین ،
زایه‌ڵه‌ی ستران و زه‌نگی له كه‌ناره‌كاندا شه‌پۆل ده‌ده‌ن ..
لو‌بنانی ئێوه ململانێی پیاوێكه له ڕۆژئاواوه هاتووه
له‌گه‌ڵ یه‌كێكی دی له باشوور ،
به‌ڵام لو‌بنانی من نوێژێكی باڵداره
به‌یانییان كه شوان مێگه‌ل به‌ره‌و مێرگان ده‌به‌ن له شه‌ققه‌ی باڵ ده‌ده‌ن ، ئێوارانیش كه جووتیار له كێڵگه و ڕه‌زان دێنه‌وه هه‌ڵده‌كشێن ..
لو‌بنانی ئێوه حكوومه‌تێكه سه‌ره‌كانی له ئه‌ژمار نایه‌ن ،
لو‌بنانی من
چیایه‌كی سامناكی ئارامه له نێوان ده‌ریا و پێده‌شته‌كاندا ڕوونیشتووه ،
ڕوونشتنی شاعیر له نێوان ئه‌به‌دییه‌ت و ئه‌به‌دییه‌تدا ..
لبنانی ئێوه فێڵێكه ، ڕێوی كه له‌گه‌ڵ كه‌متیاردا كۆ ده‌بێته‌وه ده‌یكا و
كه‌متیار له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گورگ دا ،
لو‌بنانی من ئه‌و یادگارییانه‌ن
سترانی كچان له هه‌ویه‌شه‌واندا و گۆرانی كیژانم له ناو خه‌رمان و
گوشینگه‌كان به گوێدا ده‌ده‌نه‌وه ..
لو‌بنانی ئێوه چوارگۆشه‌ی شه‌تره‌نجن له نێوان سه‌رۆكی دین و فه‌رمانده‌ی سوپا ،
لو‌بنانی من په‌رستگه‌یه‌كه به ڕۆح ده‌چمه ناوی
كاتێ وه‌ڕس ده‌بم له ته‌ماشای ئه‌و شاره‌ی
به‌سه‌ر ڕه‌وڕه‌وه‌دا ڕێ ده‌كا ..
لو‌بنانی ئێوه تایه‌فه و حزبه ،
لو‌بنانی من ئه‌و كچه جحێڵانه‌ن به گابه‌ردان هه‌ڵده‌گه‌ڕێن و
له‌گه‌ڵ جوێباران ڕا ده‌كه‌ن و
تۆپ له گۆڕه‌پانان هه‌ڵداوێن ..
لو‌بنانی ئێوه وتار و وانه‌دان و مشتومڕه ،
لو‌بنانی من خوێندنی قومریانه ..
لو‌بنانی ئێوه درۆیه‌كه له ژێر ڕووپۆشێك له زیره‌كیی خوازراو و
دووڕووییه‌ك له به‌رگی داب و نه‌ریت و خۆنواندندا ،
لو‌بنانی من ڕاستییه‌كی ساده و ڕووته ..
لو‌بنانی ئێوه چه‌ند قانوون و چه‌ند بڕگه‌یه‌كی سه‌ر كاغه‌ز و
چه‌ند به‌ڵێن و په‌یماننامه‌ی ناو ده‌فته‌رانن ،
لو‌بنانی من خۆڕسكایه‌تیی
نهێنییه‌كانی ژیانه و نازانێ كه ده‌زانێ ..
لو‌بنانی ئێوه پیره‌مێردێكه ده‌ستی به ڕدێنه‌وه گرتووه و
برۆی وێك هێناونه‌ته‌وه و بیر له‌خۆی نه‌بێ له هیچی دی ناكاته‌وه ،
لو‌بنانی من تۆلازێكه وه‌ك قولله به‌رز ڕاده‌وه‌ستێ و وه‌ك سپێده زه‌رده‌مسكه ده‌بێته‌وه و
چوون هه‌ست به‌خۆی ده‌كا هه‌ست به‌وانی دیكه‌ش ده‌كا ..
لو‌بنانی ئێوه هه‌ندێ جار له سوریا جیا ده‌بێته‌وه ، جاریش هه‌یه
پێیه‌وه په‌یوه‌ند ،
هه‌ندێ جاریش فێڵ له هه‌ر دوو لا ده‌كا
تا له ناوه‌ندی گرێ‌دراو و پچڕاودا بێ ،
لو‌بنانی من نه په‌یوه‌نده ، نه جیا ده‌بێته‌وه ،
نه خۆی به گه‌وره و نه به بچووك داده‌نێ ..
ئێوه لو‌بنانی خۆتان و ڕۆڵه‌كانی ،
منیش لو‌بنانی خۆم و ڕۆڵه‌كانی
گه‌لۆ داخۆ ڕۆڵه‌كانی لو‌بنانی ئێوه كێن ؟
ئه‌وانه‌ن ڕۆحیان له نه‌خۆشخانه‌كانی ڕۆژئاوا له دایك بووه .
ئه‌وانه‌ن ئاوه‌زیان له باوه‌شی چاوچنۆكێك بێ‌دار بووه‌ته‌وه
ده‌وری دڵفراوانان ده‌گێڕێ .
ئه‌و شووڵانه‌ن بێ خواستی خۆیان به ڕاست و چه‌پ لار ده‌بنه‌وه ..
ئه‌وان ئه‌و كه‌شتییه‌ن بێ سوكان و بێ چارۆگه به گژ شه‌پۆلاندا ده‌چێ ،
كه‌شتییوانه‌كانی دوودڵ
به‌نده‌ریان ئه‌شكه‌وتێكه دێوودرنجی تێدایه ،
ئه‌ی باشه هه‌ر پێته‌ختێكی ئه‌ورووپا
ئه‌شكه‌وتێك نییه بۆ دێ‌و و درنجان ؟
ئه‌وان بۆ یه‌كدی میرغه‌زه‌ب و زمانڕه‌وان و ڕه‌وانبێژ
له به‌رابه‌ر فه‌ڕه‌نگانیش ، لاڵ و بووده‌ڵه ..
ئه‌وان ئازادیخواز و چاكسازی شێلگیر ،
لێ به ته‌نیا له ڕۆژنامه و له‌سه‌ر ستێجه‌كان ،
كۆنه‌په‌رست و ملكه‌چ له به‌رامبه‌ر ڕۆژئاواییه‌كان ..
ئه‌وانه‌ی برسیه‌تی ناناسن ئه‌گه‌ر نه‌گاته گیرفانیان ..
ئه‌وان ئه‌و كۆیلانه‌ن ڕۆژگار كۆتی ژه‌نگاوی گۆڕیون
به كۆتی بریقه‌دار ،
خه‌یاڵ ده‌كه‌ن ئیتر ده‌ست كراوه و ئازاد بوون .
ئه‌وانه‌ن ڕۆڵه‌ی لوبنانه‌كه‌تان ..
هه‌یه زاتی ئه‌وه بكا و بڵێ :
ئه‌گه‌ر مردم نیشتمانم نه‌ختێ باشتر به‌جێهێشت
له‌و كاته‌ی له دایك بووم ؟
ئای چه‌ند له چاوی ئێوه‌دا گه‌وره‌ن و له چاوی مندا بچووك ..
به‌ڵام نه‌ختێ بوه‌ستن ، با منیش ڕۆڵه‌كانی لو‌بنانی خۆمتان پیشان بده‌م :
ئه‌وان ئه‌و جووتكارانه‌ن به‌رده‌ڵانان ده‌كه‌نه باخچه و بێستان ..
ئه‌وان شوانن ..
ڕه‌زه‌وانن ..
دایكن .. باوكن ..
وه‌ستاكار و گۆزه‌ساز و ته‌ونكه‌رن ..
ئه‌وان ئه‌و شاعیرانه‌ن ڕۆحیان له پیاڵه‌ی نوێ‌دا ده‌كه‌ن ،
ئه‌و شاعیره خۆڕسكانه‌ی( عه‌تابه و معه‌ننا و زه‌جه‌ل)(*) ده‌چڕن ،
ئه‌وانه‌ی كه لوبنان جێده‌هێڵن چیدییان پێ نییه
به‌ده‌ر له خوێنگه‌رمیی دڵیان و پشت ئه‌ستووری به بازوویان
كه ده‌شگه‌ڕێنه‌وه بۆی
به‌خششی خاكیان له له‌پی ده‌ست و تاجی غاڕیان به‌سه‌ره‌وه‌یه ..
ئه‌وانه‌ی بۆ هه‌ر كوێ چوون به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ریاندا زاڵ ده‌بن ،
له هه‌ر كوێیش بن ، دڵان به لای خۆیاندا ڕاده‌كێشن .
ئه‌وانه‌ی له كۆڵیتان له دایك ده‌بن و له كۆشكه‌كانی زانست‌دا ده‌مرن ..
ئه‌وانه‌ی به بڕوای پته‌وه‌وه به‌ره‌و حه‌قیقه‌ت و جوانی و كه‌ماڵ
وه‌ڕێ كه‌وتوون ..
داخۆ دوای سه‌ت ساڵ چی له لوبنان و ڕۆڵه‌كانی لوبنانتان ده‌مێنێته‌وه ؟
ئایا وای لێك ده‌ده‌نه‌وه ڕۆژگار له یاداوه‌ری خۆیدا
ڕواڵه‌تی چاوبه‌ستیی و فریودان و مه‌رایی ده‌پارێزێ ؟
پێتان ده‌ڵێم له‌سه‌ر چ دینان نین ، ئه‌گه‌ر بتانزانیبووایه له‌سه‌ر هیچ نین
ئه‌وه بێزلێكردنه‌وه‌م شێوه‌یه‌ك له به‌زه‌یی و سۆزی وه‌رده‌گرت
به‌ڵام ئێوه نایزانن .
()مه‌به‌ستی ئه‌و شیعر و گۆرانییه لیریكیه میللیانه‌ن كه به تایبه‌تی له كه‌له‌پووری میللی شامێ دا باون به‌تایبه‌تی له لوبنان . * له كتێبی ( جبران خلیل جبران بایجاز ) ئاماده‌كردنی وه‌زحاء فه‌خری تاڵب – بڵاو كردنه‌وه‌ی ده‌زگای به‌یسان – بێرووت – چاپی دووه‌م 2002 ل 133 .