فه‌رهاد شاكر: په‌روه‌رده‌كارێكی به ئه‌زموون و شاعیرێكی كوردپه‌روه‌ر.. یاسین برایم
فه‌رهاد كێیه؟
فه‌رهاد شاكر عه‌بدولعه‌زیز مجروم له ساڵی 1936 له چه‌مچه‌ماڵ له دایكبووه، چونكه باوكی ئه‌وكات كاتبی دادگای به‌رایی چه‌مچه‌ماڵ بووه. له شاری ڕواندز خوێندنی بنه‌ڕه‌تی و ناوه‌ندی خوێندووه. له ساڵی 1957 خانه‌ی مامۆستایانی به‌عقوبه ته‌واو ده‌كات. له ساڵی 1958 له گوندی ده‌رگه‌ڵه ده‌بێته مامۆستا. له ساڵی 1953 له‌گه‌ڵ له‌تیف نادر په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به پارتی دیموكراتی كوردستان. له ساڵی 1961_1963 له‌سه‌ر كاری سیاسیی و چالاكیی كوردایه‌تیی له كوت زیندان ده‌كرێت. دواتر زیندان ده‌شكێنێت و ڕاده‌كات. پاشی له گوندێكی نزیك به‌غدا، به‌ناوی سه‌عیده داده‌مه‌زرێته‌وه. له ساڵی 1965 ده‌گوازرێته‌وه بۆ گوندی (باوه‌كوچك) له هه‌ڵه‌بجه. له ساڵی 1969 ده‌گوازرێته‌وه بۆ نێو شاری سلێمانی، له قوتابخانه‌ی زانستی ئێواران، وانه ده‌ڵێته‌وه. پاشی ده‌گوازرێته‌وه پارێزگای هه‌ولێر و قه‌زای ڕواندز له قوتابخانه‌ی جوندیان و دواتر قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره له ڕواندز. له ساڵی 1972 له ڕواندز ده‌یگوازنه‌وه بۆ شارۆچكه‌ی مه‌خموور و پاشان بۆ هه‌ریر و بۆ شاری هه‌ولێر و دواتر ده‌یگوازنه‌وه هه‌مان قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره له ڕواندز. له ساڵی 1974 ئاواره‌ی ئێران ده‌بێت. دوای گه‌ڕانه‌وه له قوتابخانه‌ی مهاباد له گه‌ڕه‌كی ئازادی شاری هه‌ولێر ده‌بێته مامۆستا. له‌به‌ر شاره‌زایی له بواری شێوه‌كاری و خۆشنووسیدا، وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ستڕه‌نگین و ڕۆشنبیرێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و مامۆستایێكی به ئه‌زموون ده‌یگوازنه‌وه بۆ فه‌رمانگه‌ی هۆیه‌كانی فێركردن وه‌كوو سه‌رپه‌رشتیاری چاپ و دیزاین، ده‌ستبه‌كارده‌بێت. تا ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌هه‌ده‌كان، له‌م فه‌رمانگه‌یه خزمه‌تی كردووه و جێی په‌نجه‌ی دیاربووه. نزیكی 15 ساڵ، به سه‌دان له هۆیه‌كانی فێركردنی بۆ گشت وانه‌كان و سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كان دروستكردووه. سه‌رپه‌رشتی ژمارێكی زۆری په‌رتووكی قوتابخانه‌ی كردووه، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی خانه‌نشین ده‌بێت. له ساڵانی هه‌شتایه‌كان له‌گه‌ڵ پێنج كه‌س ڕه‌وانه‌ی سوێد ده‌كرێت، شاره‌زایێكی باشی وه‌رده‌گرێت له‌كاركردن له‌سه‌ر چاپخانه‌كانی ئه‌وكاته‌ی په‌روه‌رده. به‌شی زۆری پۆسته‌ره‌كانی بابه‌تی فیزیا و ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ و كۆمه‌ڵه‌ی خۆر و زینده‌وه‌رزانی و بابه‌ته‌كانی تر بۆ په‌روه‌رده‌ی چاپكردوون، ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر بۆ په‌روه‌رده‌كانی كوردستان، به‌ڵكوو بۆ سه‌رجه‌م شاره‌كانی عێراق ده‌نێردران، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێك وانه‌ی به عه‌ره‌بی وتووته‌وه و به‌هۆی سه‌فه‌ر و گه‌شتكردنیش، شاره‌زایێكی باشی له زمانی توركی و ئینگلیزی هه‌یه(1).
له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجایه‌كان به‌سه‌ره‌وه و شیعری نووسیوه و له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی ئه‌وسای كوردستانی بڵاو كردۆته‌وه، به تایبه‌تی گۆڤاری هه‌تاو (1954_1960). شیعره‌كانی باسی كوردایه‌تی و سروشتی جوانی كوردستان و هوشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه. شاره‌زایێكی باشی له شیعر و ئه‌ده‌بی كوردی هه‌یه و شیعری زۆریشی له‌به‌ره. له خێزانێكی شیعردۆست په‌روه‌رده‌بووه و (مه‌جروم(2))ی باپیری شاعیریكی دیاربووه و چه‌ند زمانێكی زانیووه. باوكیشی هاوڕێیه‌كی نزیكی شێخ مه‌حمودی نه‌مر بووه، له حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ویش ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته و گه‌یاندن. دوای هاتنی ئینگلیزه‌كان بۆ شاره‌كه، له سلێمانی دووری ده‌خه‌نه‌وه بۆ به‌غدا. ناهێلن به هیچ شێوه‌یێك ڕوو بكاته‌وه ئه‌و شاره. ئه‌وه بوو له دوایدا ڕوو ده‌كاته قه‌زای ڕواندز و نیشته‌جێ ده‌بێت. شاكر مه‌جروم، باوه‌ڕپێكراوی ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه و ژین و گۆڤاری په‌یژه و گۆڤاری زاری كرمانجیی بووه له به‌غدا و له ڕواندزیش تا ڕۆژی مردنی باوه‌ڕپێكراوی گۆڤاری هه‌تاو بوو(3) . فه‌رهادیش له بنه‌ماڵێكی كوردپه‌روه‌ر و ڕۆشنبیر، ده‌بێته شیعردۆستێكی باش و شیعری چه‌ندین شاعیری كورد له‌به‌ر ده‌كات. به خۆشی شیعر ده‌هۆنێته‌وه. خاوه‌ن شیعری زۆر بووه له ڕووداوه‌كانی ساڵی 1974 به‌شێكی زۆری ئه‌رشیڤ و به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌فه‌وتێت و به‌م شێوه‌یه‌ش شیعره‌كانیش ده‌بنه خۆڵه‌مێش شه‌ڕ و بارودوخی ئه‌وكاته‌ی كوردستان(4).
مامۆستا فه‌رهاد، ئێستا له شاری سلێمانی نیشته‌جێیه و كه‌سێكی ڕووناكبیر و شاره‌زایه له بواری مێژوو و ئه‌ده‌ب و شیعر به‌تایبه‌تی مێژووی شاری ڕواندز و جوڵانه‌وه‌ی سیاسیی و شۆڕشگێریی و حزبایه‌تی و هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول. كه‌سێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و بوێربووه. كه‌سێكی خۆشه‌ویست و دڵسۆز و چالاك و پڕ وزه و توانا بووه. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه، باجی ئه‌و كوردبوونه‌ی بدات، ڕه‌نگه گواستنه‌وه‌ی له كاری مامۆستایه‌تی له‌و شاره بۆ ئه‌م شاره گه‌واهی ئه‌م ڕاستیه‌مان بێ.
زرار محه‌مه‌د، مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی دیاری كورد له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه، ده‌ڵێت:”ده‌ستی شیعری هه‌یه ئه‌و پیاوه زۆر به‌هره‌داره، له شیعر له نووسین له هونه‌ر. براده‌ری منه و ڕۆح به ڕۆحه و زۆرم خۆشده‌وێت. فه‌رهاد زۆر زۆر زیره‌كه، ده‌ستی وێنه‌كێشانی زۆر به‌هێزی هه‌یه، به‌ڵام هیچ پێشانگایی نه‌كرده‌وه. زۆرم هانده‌دا. له هۆیه‌كانی فێركردن بوو، ناردیان بۆ سوێد نزیكه‌ی دووسێ مانگان له سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌ت له‌وێ مانه‌وه. له پێشه‌نگی ئه‌و مامۆستایانه‌یه كه بوونه پارتی. كه‌سێكی كوردپه‌روه‌ر و لێهاتووه. وه‌خته‌كی له‌گه‌ڵ من پێشمه‌رگه‌بوو.”(5)
له ده‌سپێكی ئه‌م نووسینه‌دا، ژیاننامه‌ی شاعیرمان كرده، په‌نجه‌رێكی قه‌شه‌نگ، تا ئاوڕێك له‌و شاعیره و مامۆستا دڵسۆزه بده‌ینه‌وه، كه له‌ته‌مه‌نێكی بچووك شیعری بڵاوكردوته‌وه، واته ئه‌و شیعرانه‌ی له ده‌سپێكیی نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان. سه‌ره‌تا به شیعرێكی منداڵانه‌ی ئه‌و ده‌ست پێ ده‌كه‌م، كه ئه‌وكات، به ته‌مه‌نێكی كه‌م، ناوی ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه. ئه‌م شیعره به زمانی منداڵ بۆ (ڕواندز) نووسراوه، ئه‌وكات ته‌مه‌نی پازده ساڵان بووه. ئه‌مه یه‌كه‌مین شیعری ئه‌و شاعیره‌یه، كه ئه‌وكات له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر(6)بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌و ڕۆژنامه‌یه یه‌كه‌م ژماره‌ی له 16/12/1950 و دوا ژماره‌شی له 28/12/ 1953 ده‌رچوو، 140 ژماره‌ی لێ ده‌ركراوه. شیعری ڕواندز، چوار كۆپله‌یه، پێنجخشته‌كییه. دێڕه‌كان له ڕووی برگه‌یه‌یه‌وه ناته‌واون و له‌گه‌ڵ یه‌ك ناهێنه‌وه. وه‌لێ له ڕووی جوانی وشه‌كه و ڕسته شیعریه‌كان جوان و خاسیه‌تی شیعری منداڵانه‌ی پێوه دیاره، ئه‌گه‌ر چی خۆشی ئه‌و منداڵه به‌هره‌مه‌نده بووه، ڕواندزی خۆش ویستووه وه‌ك: (دین) و (چاو)، ناساندنی وه‌كوو به‌هه‌شت، ئاماده‌شه له پێناو شار هه‌رچی شار لێی داوا بكات، به‌چاوان بۆی جێبه‌جێ بكات. پاش ئه‌م شاره‌ش، هه‌موو شارێكی ئه‌م دونیایه‌ی لێ حه‌رامه. له جوانیی و له خۆشه‌ویستی. ئه‌مه نموونه‌یێكی جوانه، هه‌ستێكی كوردانه‌یه، خۆشویستنی شار و وڵاته. له‌م شیعره‌دا، ده‌ڵیت:
ڕواندز
رواندزه شاره‌كه‌م به‌هه‌شت و كوێستانه‌كه‌م
گوڵ و گوڵزارو ڕه‌یحانه‌كه‌م دین و ئیمان و چاوه‌كه‌م
تۆ پێم بڵێ بۆ وانه‌كه‌م
من له دونیا تا ماوم چی بفه‌رمووی سه‌رچاوم
بۆ ڕواندز زۆر سووتاوم به‌و دڵه‌ی غه‌مگین و پڕ تاوم
له ناویا سه‌یران ئه‌كه‌م
كزه‌ی شه‌ماڵی ده‌می به‌یانی بولبول ده‌خوێنێ له ناو گوڵانی
به هه‌زاران دڵ ببێ حه‌یرانی با بۆ خۆم بكه‌م به‌زم و سه‌یرانی
جوانه چیا و دۆڵه‌كه‌م
لوتكه‌ی به‌رزی سه‌ربه‌ستی چیاكه‌ت به‌فرو چنوور و ڕێواسه‌كه‌ت
ده‌رمانی ده‌رده بۆ برین و زامه‌كه‌ت حه‌رامه دونیا پاش شاره‌كه‌ت
جوانه كه‌ژو كێوه‌كه‌م (7)
هه‌ر له‌م ڕۆژنامه‌یه، ناوی فه‌رهاد هاتووه له هه‌واڵێك به ناوی (لێژنه‌ی مه‌درسه له ناوه‌ندی ڕواندز (8) ئه‌و كات پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندی بووه، له لێژنه‌ی زمانی ئینگلیزی ناوی هاتووه. له‌گه‌ڵ چه‌ند قوتابییه‌كی تری ئه‌م قوتابخانه‌یه‌یه. كه ژماره‌یان شه‌ش قوتابی بووه، ئه‌و بچوكتریینان بووه. ئه‌و لێژنه‌یه‌یه له ڕووی بڵاوكراوه و نووسینی سه‌ر دیوار و چیڕۆك و شتی وا گرنگی به زمانی ئینگلیزی بده‌ن له‌م قوتابخانه‌یه. ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه، ئه‌و هه‌ر له ته‌مه‌نی بچووك، به‌هره‌مه‌ند و زیره‌كبووه، هه‌م له قوتابخانه و هه‌م له بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ریشدا.
فه‌رهاد هه‌ر له زوو به‌هره‌ی شیعر و زیره‌كی لێ به‌ده‌ركه‌وتووه. هه‌روه‌ها بڵاوكراوه‌كانی ئه‌وكات، به‌تایبه‌تی گۆڤاری هه‌تاو، شیعری تێدا بڵاوكردۆته‌وه. له ته‌مه‌نێكی بچووك، خاوه‌ن ده‌نگێكی جوان و وشه‌ی ناسك، به‌تام و بۆنی كورده‌واری و كه‌متر وشه‌ی بێگانه‌ی تێدا ده‌بینیت. ئه‌مه به‌ده‌ر له‌و وێنه‌ی جوانی هونه‌ری ئه‌و شاعیره و ڕِسته‌كان پڕن له هه‌ڵوێست و هوشیاری و ئاگاداركردنه‌وه‌ی تاكی كورد و جۆشدانی به فرچكی كوردایه‌تیی و خه‌بات و قوربانیدان. شیعره‌كان بۆنی شۆڕش و جوانی وڵات و سروشتی لێدێت. بۆ ئه‌م كات بۆ گه‌نجكێ كه‌مته‌مه‌ن، به‌ڵام خاوه‌ن خامه‌ی ڕه‌نگین و وشه‌ی شیرین و ملوانكه‌ی جوانی باڵای شیعری ئه‌و ده‌شه‌كێته‌وه و بۆن و هه‌ناسه‌ی سروشتی كوردستانی لێدێت. له‌م نووسینه دوو شیعری تر، ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ین. شیعری یه‌كه‌م به‌ناونیشانی كوردێك و پیرێكی هه‌ژار(9) خودی ناونیشانه‌كه پێمان ده‌ڵێت، ئه‌مه ده‌مه‌ته‌قێیه‌كه له‌نێوان دوو مرۆڤ. یه‌كه‌م، وه‌كوو نه‌ته‌وه‌یێكی چه‌وساوه و ژێرده‌ست و دووه‌میش، (پیرێكی هه‌ژار)، كه ئه‌ویش له ژێر زوڵم و سته‌می داگیركه‌ر و نه‌بوونی دادی كۆمه‌ڵایه‌تیی و جیاوازی چینایه‌تیی و نه‌بوونی ده‌رفه‌تی خۆشگوزه‌رانی، جا به هه‌ر هۆیه‌كه‌وه بێت. له ده‌سپێكی شیعره‌وه له ڕێگه‌ی بینینی خه‌ونه‌وه ئه‌و گفتوگۆیه ده‌سپێده‌كات، خه‌وبینینه‌كه خودی شاعیره، كه تازه پێناوه‌ته ته‌مه‌نی لاوی، خه‌ونی لاوێكی (نوزده ساڵان). له‌و ته‌مه‌ن مرۆڤ به‌ره‌و كامڵبوون و پێگه‌یشتن ده‌چێت له ڕووی جه‌سته و ئه‌قڵ و ده‌روونه‌وه، ڕه‌نگه خه‌ونی ئه‌و ته‌مه‌نه خه‌ونبینین بێت به جوانی یار و حه‌ز و كه‌ف و كۆڵی هه‌رزه‌كاریی و عه‌شق و دڵداریێكی ساده و بینی خه‌ون ته‌ڕ و پڕ شه‌هوه‌ت. كه‌چی خه‌ونبینینی ئه‌م گه‌نجه، خه‌می ملله‌تێكی فرامۆشكراو و داگیركراو و مافخوراو هه‌ڵده‌گرێت. خه‌می نیشتمان، خه‌می كورد و خه‌می ژیان و ئازادیی. پیری هه‌ژاریش، كه خۆی ده‌ناسێنێت وه‌ك لوقمانی حه‌كیم. وه‌كوو شاره‌زا و ته‌گبیركه‌رێكی لێزان و ئاقڵمه‌ند. ئه‌مه‌ش وه‌ك نیشانه‌یێكه بۆ فڕیادره‌سێك، سه‌ركرده‌یێك ئه‌م گه‌له هه‌ژاره، له سته‌م و زوڵم داگیركه‌ر ڕزگار بكات. تێدا وڵاتێك له‌تله‌تكراو دیارده‌كات كه كوردستانه. خه‌باتكردن و قوربانی ده‌وێت، له هه‌مانكاتیش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، نه‌زانینیش ده‌ردێكی كوشنده‌یه (هه‌رده‌م دوژمنی جه‌هاله‌تیش بن)، چونكه نه‌زانینیش ئاسۆیی ئه‌م گه‌له‌ی ڕه‌شتر كردووه. شاعیر له ڕێگه‌ی ئه‌م گفتوگۆ شیعرییه، ڕێگای خه‌باتمان نیشانده‌دات. خه‌باتكردن له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ماف و ڕزگاری نیشتمان و نه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شمان پێده‌ڵێت، ئه‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌و خه‌باته نه‌كه‌ن و له پێناوی خۆیان نه‌كه‌نه قوربانی ئه‌وانه زۆڵن:
ئه‌وه‌ی كــــــــورده بۆ كوردستان
نه‌چێته كــــــــــــۆڕی تیكۆشان
هه‌رگیــــــز به‌وه ناڵێم كورده
به‌ڵكو ئه‌ڵێم : (… ڵه) كورده
ئه‌م شیعره دوای شۆڕشی عه‌بدولكه‌ریم قاسم نووسراوه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌یه، كه گه‌لانی ئه‌وسای عێراق به ئومێدێكی گه‌وره ده‌یانڕوانه‌یه ئاینده‌ی عێراق. تێدا په‌یامی ئه‌وه ده‌گه‌ینێت له عێراق ئه‌و ئازادییه له‌دایكبوو وه‌كوو حه‌كیمی لوقمان، له لانه‌ی شۆڕش ده‌چێته ئێران و ئه‌وجا توركیا و سووریا. واته گه‌ڕان به‌نێو هه‌رچوار پارچه‌ی داگیركراوی كوردستان. تا ئه‌و په‌یامه به كوردان بدات و كه ئه‌وانیش بێنه نێو خه‌بات و داوای ماف و ئازادی بكه‌ن، شۆڕش بكه‌ن. له دێڕه شیعرێكی تر، ئاماژه به‌وه ده‌دات لێره ده‌چێته بارزان و ده‌رسیم، ئاماژه‌یه بۆ شۆڕشی بارزان له عێراق و شۆڕشی ده‌رسیم له توركیا. بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر، ئازادی وڵات بگه‌ینێته ئه‌و شوێنانه. له كۆتاییدا شاعیر ئه‌و خه‌ونه به‌وه كۆتایی دێنێت كه كوردی عێراق ئازادبوو، له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب بوون به برا. لێره‌دا وه‌كو بێكه‌س (10) ده‌ڵێت:
دۆستیی كورد و عه‌ره‌ب زۆر كۆنه ته‌ئریخ شاهیده
ناحه‌زی ڕووڕه‌ش له‌داخا با یه‌خـــه‌ی خۆی دادڕێ
جارێكی تر گه‌لانی عێراق له ژێر چه‌تری سه‌ركرده (عه‌بدولكه‌ریمی دلاوه‌ر)خه‌ونی ئازادیان هاته دێ. ئه‌گه‌ر ئه‌م شیعره له ڕووی خه‌ونه‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه، له هه‌مانكاتیش نموونه‌یه‌كی واقیعی ژیانی دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایه‌تی و هاتنه سه‌ر حوكمی عه‌بدولكه‌ریم قاسمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. ڕاستی ئه‌و ڕووداوانه، كه گه‌لانی عێراق له ژێر زوڵم و سته‌می داگیركه‌ر ڕزگاربوون.
ئه‌م شیعره زۆر ساده و ساكاره، به‌ڵام له‌ناوه‌رۆك، قووڵ و هه‌ڵگری په‌یامێكی مرۆڤایه‌تیی و گه‌لێكی سته‌مدیده‌یه، ئه‌گه‌رچی شیعره‌كه له‌نگی له دێڕه‌كان ده‌بیندرێت، به‌ڵام له‌به‌های شیعره‌كه كه‌م ناكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌یش بۆ ئه‌وكاته‌ی شاعیر له شیعره‌كه ئاماژه‌ی پێكردووه (ته‌مه‌نم گه‌یشت به نۆزده ساڵان) واته ته‌مه‌نێكی بچووك بوو، شاعیریكی گه‌نج شیعرێكی وا درێژ بنووسێت، كه له (35) دێڕ پێكهاتووه. شیعره‌كه‌ش له ساڵی 1959 بڵاوكراوه‌ته‌وه، من بۆ كاتی نووسینی شیعره‌كه وا ده‌ڵێم ته‌مه‌نێكی بچووكبووه. جیاوازی هه‌یه له ساڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعره‌كه. وشه‌كان، په‌یڤی كوردی ناسك و جوانن، ئه‌و وشانه بۆنی خه‌بات و شۆڕش و كورد ده‌ده‌ن. وه‌ك: (كورد، گه‌لی كورد، میلله‌ت، ئاوات، خه‌ون، وڵات، ماف، كوردستان، خه‌بات، كوردایه‌تی، تێكۆشان، له‌شكر، كۆڕی تیكۆشان، كوردی دڵسۆز، بارزان، ده‌رسیم، ئاڵا و سوپای تێكۆشه‌ر… هتد.) شیعرێكی درێژ به‌ده‌گمه‌ن وشه‌ی بێگانه به‌كاری هێناوه. شیعره‌كه ده‌ڵێت:
كوردێك و پیرێكی هه‌ژار
ئه‌مشه‌و دیم له‌خه‌و پیرێكی هه‌ژار
له ڕێگا په‌یتا په‌یتا دێته خوار
بانگێكی كردم به‌ده‌نگێكی به‌رز
ده‌نگه‌كه‌ی دونیای ده‌هینایه له‌رز
پێی گوتم: كورده بۆ وا هه‌ژاری
هه‌رده‌م گرژوكاڵا بۆ وا خه‌مباری
گوتم: خاڵه گیان وازم لێ َبێنه
ڕێگاكه‌م به‌رده، دڵم برینه
چونكه ناتوانم وه‌ڵامت بده‌م
له‌شم برینه و دڵم پڕ له‌خه‌م
ناتناسم تۆ كی ئه‌ی خاڵی پیر
بۆ وا به‌خه‌می بۆ كوردی فه‌قیر
خاڵه‌ی پیر به‌ده‌نگێكی نزم:
ڕۆڵه‌گیان وه‌ره پێت نیشان بده‌م
ده‌ردی ئه‌م كورده بۆتان چار بكه‌م
میلله‌تی كوردیش ئه‌گاته ئاوات
گه‌ر خۆیان یه‌ك بن له هه‌موو وڵات
چونكه ئه‌زانین مافیان خوراوه
ئه‌م كوردستانه‌ش له‌تله‌ت كراوه
به‌هێزی میللی زۆر چاك تێكۆشن
له‌ناوی به‌رن له‌شكری دوژمن
هه‌رده‌م دوژمنی جه‌هاله‌تیش بن
به‌هه‌وڵا و خه‌بات له‌ناوی به‌رن
كه‌سێ كه بیری كوردایه‌تی بێ
جیهان قه‌ت نابێ له‌بیری بچێ
كورده‌كه ده‌ڵێ:
ئه‌ی خاڵه، تۆ كێی توخوا پێم بڵێ
له‌كوێوه هاتووی له كوێوه بۆ كوێ؟
شاهده بۆ خه‌باتی كورد
تێكۆشانی درشت و ورد
گه‌لی كورد سه‌ر ئه‌كه‌وێ
هێزی دوژمنان ئه‌نه‌وێ
ئه‌وه‌ی كورده بۆكوردستان
نه‌چێته كۆڕی تیكۆشان
هه‌رگیز به‌وه ناڵێم كورده
به‌ڵكو ئه‌ڵێم : (… ڵه) كورده
ته‌مه‌نم گه‌یشت به نۆزده ساڵان
گه‌وره‌بووم له‌ناو خاكی كوردستان
نه‌مدیوه ئه‌به‌د پیاوێكی وه‌ك تۆ
چه‌ند قسه خۆش و چه‌ند به‌گفتوگۆ
پێم بڵێ توخوا چی ئه‌كه‌ی لێره
له‌ناو ئه‌و كورده بێ كه‌س و دلێره
خاڵه‌ی پیر ده‌ڵێ:
من هاتووم بۆناو ئه‌و كورده‌واره
بۆ سه‌ر ئه‌م خاكه‌و بۆناو ئه‌م شاره
ئه‌گه‌رێم به‌سه‌ر خاكی كوردستان
بۆ ناو میلله‌تی كوردی بێ تاوان
هاتم بۆ عێراق، ده‌رچم بۆ ئێران
له بۆ توركیا و سوریای وێران
تا هۆشیار ببن هه‌موو گه‌لی كورد
به گه‌وره‌و بچوك، به‌درشت و ورد
وه‌ره پێت بڵێم: ئه‌ی كوردی دڵسۆز
من زانایه‌كم له‌ناو گه‌ل و هۆز
پێم ئه‌ڵێن: لوقمان، لوقمانی حه‌كیم
وا ده‌رۆم به‌ره‌و بارزان و ده‌رسیم
ده‌رمانی ده‌ردی میلله‌تم پێیه
وا به پێ ئه‌ڕۆم ئه‌م دووره ڕێیه
تاكو تێ بگه‌ن، گه‌لانی جیهان
گه‌لێكیش هه‌یه، له‌ناو كوردستان
پێی ئه‌ڵێن: كورده و له‌ناو ئه‌م خاكه
ئاڵای به‌رزیان چه‌ند جوان و پاكه
وا ڕزگاری بوو، كوردانی عێراق
له‌ناو كورداندا، نامینێ نیفاق
كورده‌كه ئه‌ڵێ:
ئه‌ی خاڵه‌ی پیر، قسه‌ت زۆر ڕاسته
ئه‌ی كوردی دڵسۆز، ده‌زووبه هه‌ڵسته
با به گوێی خاڵه‌ی هه‌ژارمان بكه‌ین
تف له چاره‌ی ئیستیعمار بكه‌ین
هه‌موومان یه‌ك ده‌نگ، بڵێین: بژی كورد
دوژمنی گه‌وره‌ی له‌ناو خۆ ده‌ركرد
له‌نێو عێراقا، سوپای تێكۆشه‌ر
به‌سه‌ركرده‌یی، كه‌ریمی دلاوه‌ر
دوژمنه‌كه‌مان له‌ت و په‌ت كرا
جا كورد و عه‌ره‌ب، وا بوون به برا
شیعری دووه‌میش، كه له‌هه‌مان گۆڤار په‌خشی كردووه. به‌ناوی ڕزگاری(11) . ئه‌م شیعره پێكدێت له پێنج كۆپله شیعری پێنج دیڕی، ده برگه‌یی. وشه‌ی ناسك و ئاسان و به‌زمانێكی بێ گرێ و ئاڵۆز. ئه‌م شیعره‌ش هه‌ڵقوڵاویی ئێش و ئازاره‌كانی نیشتمان و گه‌له‌كه‌یه‌تی. تێدا سوێند به‌گه‌له‌كه‌ی ده‌خوات، كه قوربانی داوه و كه‌چی خاكه‌كه‌ی پارچه پارچه كراوه. ئه‌ویش وه‌ك تاكێكی كورد و دڵسۆزی ئه‌م خاكه له ڕێگه‌ی شیعره‌وه په‌یامی خۆی ده‌گه‌ینێت. خزمه‌تكردنی وڵات له سه‌ر خۆی ده‌كاته مه‌رج، خه‌باتكردن له پێناو نیشتمان:
مه‌رجه تێكۆشم له‌ڕێی كوردستان
ده‌بێ هه‌وڵده‌م، به دڵ و به‌گـیان
تا ڕزگاری كه‌م له چنگ دوژمنان
دیاره شاعیر ڕاستگۆیانه ده‌ئاخڤێت و ئه‌م ڕه‌وشته و كاره جوانه‌ی ڕه‌نگده‌داته‌وه له‌خۆی. وه‌ك شاعیر و مامۆستایێكی دڵسۆز، هه‌ر له‌ته‌مه‌نێكی زوو قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ده‌خاته خزمه‌تی میلله‌ت و داوای یه‌كێتیی و تێكۆشانمان لێده‌كات و ئاگادارمان ده‌كاته‌وه، كه دوژمن چ له كورد ده‌كات. ڕه‌نگه ئه‌م دوو شیعره به‌س بێت له تێگه‌یشتن و په‌یامی جوانی ئه‌و شاعیره، كه بۆنی كوردایه‌تی له‌په‌یام و په‌یڤ و هه‌ڵوێسته جوانه‌كه‌ی ده‌بینین.
سوێندم به‌و گه‌له‌ی قوربانی داوه له‌ژێر چه‌پۆكی دوژمن داماوه
خاكی پیرۆزی دابه‌شكراوه هیچ سات و كاتێ ، نابێ بسره‌وم
تا تنۆكی خوێن له له‌شما ماوه
مه‌رجه تێكۆشم له‌ڕێی كوردستان ده‌بێ هه‌وڵده‌م، به دڵ و به‌گیان
تا ڕزگاری كه‌م له چنگ دوژمنان كه‌سیش ناتوانێ بگرێ جله‌وم
تا كوردیش دێته ڕێزی میلله‌تان
ئه‌ی كورد دره‌نگه ده‌به‌سه نووستن چاوێ هه‌ڵێنن، بزانه دوژمن
چۆن جه‌رگی كوردان ئه‌وا هه‌ڵئه‌دڕن ده‌هه‌ستن ئێمه‌ش هه‌موومان یه‌كجار
به‌یه‌كیه‌تیمان، دوژمنمان ده‌مرن
گه‌ر باوه‌ڕ ناكه‌ی به‌م وته جوانه دابه‌شكراوی ئه‌م كوردستانه
چیمان لێ ئه‌كه‌ن ئه‌م دوژمنانه بزانه جووتیار بێچاره‌و هه‌ژار
كورد چی به‌سه‌ر هات له ئه‌م ئێرانه
هه‌رلێدان كوژتن، بۆچی وا ئه‌كه‌ن؟ بۆچی ئه‌م كورده به‌م ده‌رده ئه‌به‌ن
نابێ بڵێن كوردین بابكه‌ین شیوه‌ن ئه‌مه‌یه دوژمن له‌گه‌ڵا ئیستیعمار
به‌هێزی پیسیان هه‌ر له كورد ئه‌ده‌ن
هه‌روه‌ها شاعیر هه‌ر له‌م گۆڤاره به شیعر وه‌ڵامی مه‌ته‌ڵی شاعیرانی داوه‌ته‌وه. بۆ نموونه:
مه‌ته‌ڵ چنارۆك گه‌لێ ئاسانه
هه‌وارگه‌یێكی خۆشی كوردانه
یاخوا هه‌ر بژی گۆڤاری هه‌تاو
هه‌لێنی ئێمه‌ش با بكا بڵاو(12)
وه‌ڵامی مه‌ته‌ڵێكی محه‌مه‌د عه‌لی شێخ نوری جه‌لی _ كۆیی داوه‌ته‌وه كه له ژماره (64) بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌م چه‌ند دێڕه شیعره، كه قسه‌مان له‌سه‌ر كردن، سه‌ره‌تایی ده‌سپێكی كاری شیعری شاعیره، ئه‌وه ده‌هێنێت، گرنگی زیاتر به شیعره‌كانی تر بدرێت و ئه‌وانه‌ی ماون، له ئاینده‌دا چاپبكرێن و تا دۆستانی شیعر سوودی لێ ببینن. ڕه‌نگه ئه‌م نووسینه‌ش، هه‌ر ئاوڕدانه‌ویێكی بچووك بێت له ئه‌زموونی ئه‌و شاعیره، هیواخوازم شاعیر خۆی خه‌مێكی ئه‌و كاره بخوات و ژیان و شیعری خۆی ئاماده بكات، بیخاته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ر.
سه‌رچاوه‌كان:
- فه‌ریدوون فه‌رهاد شاكر، 1972 هه‌ریر، ده‌رچووی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری، دانیشتووی سلێمانی، نامه‌ی فه‌یسبووك.
- مجروم، شاعیر و فه‌رمانبه‌ر و پیشه‌زان، یاسین برایم، گۆڤاری نما، ژماره (48)، هاوینی 2019.
- شاكر مه‌جروم… باوه‌ڕپێكراو و خه‌مخۆرێكی دیاری ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، یاسین برایم، هه‌فته‌نامه‌ی زاری كرمانجی، ژ(589)، 23/4/2019.
- ژیاننامه‌كه به هاوكاری و پشتیوانی شاعیر نووسراوه.
- دیمانه: زرار محه‌مه‌د مسته‌فا، هونه‌رمه‌ند، 1937، ڕواندز، ڕۆژی 23/7/2020، ئاكۆیان.
- هه‌ولێر. ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و پهقافی هه‌فته‌یییه، پاڕێزه‌ر: تارق جامباز، ئه‌كادیمیای كوردی، هه‌ولێر، 2018.
- فه‌رهاد شاكر مجرم، رواندز، ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، ژماره (17)، 7/4/1951.
- ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، ژماره (98)، 2/12/1952.
- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره (168)، 31/12/1959، ل13_14.
- دیوانی بێكه‌س، شیعری داری ئازادی، محمدی مه‌لا كه‌ریم، چاپی سێیه‌م، 1986. ل83.
- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره (169)، 15 /1/1960، ل12.
- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره (65)،20ی حوزه‌یران 1956.