لە سێبەری شەڕدا.. شیعری نەوزاد مدحەت
لەوێ لە لا شانی ئەو شەقامە
تەباشیر چوارگۆشەی خانە خانەی دەکێشا،
کۆڵان پڕ دەبوو لە تریقەی مناڵان
ژیان لەو پەڕی سادەیی خۆیدا
باوەشی بە خۆشەویستیدا دەکرد.
ئێستا شەقام چۆڵ و
داپۆشراوە بەخۆڵی باڵەخانە رووخاوەکان
وردیلە خەمگینەکان لە پەنجەرەکان دانیشتوون،
چاوەڕێی ئەو باوەشانەن کە دوێنێ لەباوەشیدەکردن.
جۆلانەکانی باخچەی گەڕەک
بێدەنگ دەجووڵێنەوە،
بای خەمبار بێ ترس لە گیزەی گولە و
رمبەی تۆپەکان
پاڵیان پێوە دەنێت.
چیتر زەنگی قوتابخانە کات دیاری ناکات ،
دەنگیان کپ کراوە بە دەنگە تاریکەکان
لە ژێرزەمینە قووڵەکان ،
فریشتەکانی ئەهریمەن لایەلایە دەچڕن،
دایکەکان زەردەخەنەی دڵنیایی
لە دەم و چاویان دەنەخشێنن
ترسەکانیان لە پشت چاوەکانیان دەشارنەوە.
بەڵام دڵی منداڵان
هێشتا خەونی ئاشتی دەبینێ،
ڕۆژانی پڕ لە وزەو راکەراکی ناوکۆڵان
کێکی لەدایکبوون وچاوەشارکێی دۆستانە،
هەموو ئەوانەی کە شەڕ ناتوانێ بیانسڕێتەوە.
هیواکانیان بە قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشن،
لەسەر ئەو دیوارانەی
کە برینی شەڕ هەڵدەگرن،
ئازایەتیان وەک گوڵی کێوی
بەهێز دەڕوێت لە درزەکانەوە
کە منداڵی ڕاستی دەکاتەوە.
کاتێک بەیانی دێت، وەک دەبێت بێت،
ئاشتی تۆزی شەقامەکان رادەماڵێ
کات لە زەنگی قوتابخانەکانەوە دەڕژێتە کۆڵانەکان
باخچەی گەڕەک پڕدەبێت لە گەورەو بچووک
لەوێیە پێکەنینی منداڵان بە ئازادی دەڕژێت،
شەڕ دەبێتە چیرۆکێکی کۆن.
شیعری نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)