Skip to Content

بنكه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی (كه‌ی  وه‌ن),  درووستبوونی مه‌ترسی له‌ ناوچه‌كه‌دا … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

بنكه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی (كه‌ی وه‌ن), درووستبوونی مه‌ترسی له‌ ناوچه‌كه‌دا … ئه‌حمه‌د كامه‌ران

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 30, 2019 General

ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 27|12|2019 هێرشێكی مووشه‌كی كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی ئه‌مریكا كه‌ ناوی (كه‌ی وه‌نه‌)، هاوكات به‌یه‌كێك له‌ بنكه‌ سه‌ربازیه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌مریكا داده‌نرێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژئاوای شاری كه‌ركوكه‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هێرش نیه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق كه‌ له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ململانێ و ئاڵۆزیانه‌ی له‌نێوان تاران و واشنتۆن هه‌یه‌ كه‌ هه‌تاوه‌كو دێت كێشه‌و ئاڵۆزیه‌كانی نێوان ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ گاریگه‌ری مه‌ترسیدار به‌دوای خۆی درووست ده‌كات به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تیش به‌سه‌ر عێراقدا.
ئەم هێرشه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ ڕۆژئاوای كه‌ركوك به‌ لێدانی زه‌نگێكی تر داده‌نرێت بۆ ئه‌مریكا به‌تایبه‌تیش كه‌ له‌ ئێستادا دۆخی عێراق له‌ ناسه‌قامگیریه‌كی مه‌ترسیدار دایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌م نێوه‌نده‌دا تاران و واشنتۆن ده‌ستی خۆیان ناوه‌ته‌ كاروباری عێراقه‌وه‌ .
ئێران ناڕازییە بەوەی ئه‌مریكا ده‌ستی خۆی وه‌ربداته‌ نێو كاروباره‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌بینین ئه‌مریكا ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تاران هه‌ژموونه‌ سیاسی و مه‌زهه‌بیه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر عێراق دا بسه‌پێنێت.
ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق به‌ده‌ستی شیعه‌كانه‌ هه‌ر بۆیه‌ بۆته‌ ڕێگا خۆشكه‌ر بۆ ئێران كه‌ ته‌واوی هه‌ژموونه‌كانی خۆی له‌ ڕێگای میلیشیاكانیه‌وه‌ له‌ عێراق بسه‌پێنێت , كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ده‌رئه‌نجامدا وای كردووه‌ گۆڕه‌پانێكی مه‌ترسیدار و نائارم درووست بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا. ئه‌مه‌ش لە خۆیدا دەبێتە مایەی ئەوە لە هەر چركه‌ ساتێكدا جه‌نگ و تووڕه‌یی له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكادا درووست بێت.
له‌كاتی ڕوودانی ئه‌و جه‌نگه‌ نه‌خوازراوه‌ی ئه‌مریكا و ئێران، كه‌هیواخوازم شتێكی له‌و جۆره‌ ڕوونه‌دات هیچ كاتێك چوونكه‌ ئه‌مریكا سه‌رجه‌م بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی خۆی له‌ عێراق و كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست جێگیركردوه‌ ئه‌مه‌ش وا له‌ ئێران ده‌كات وه‌كو گورگێگ سه‌ره‌تا په‌له‌ماری ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازیانه‌ی ده‌ورووبه‌ری خۆی بدات كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ده‌رئه‌نجامدا گۆڕه‌پانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تیش بۆ پێگه‌ی كورد ناوچه‌كه‌ ده‌بێته‌ دۆزه‌خێكی ڕه‌ش ته‌نیا له‌م نێوه‌نده‌شدا خه‌ڵكی هه‌ژار ده‌بێته‌ قوربانی جه‌نگه‌كه‌, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانم به‌ ڕوودانی ئه‌م جه‌نگه‌ی نێوان ئێران و ئه‌مریكا به‌ جه‌نگی جیهانی سێیه‌م ناوی بهێنم چوونكه‌ ئه‌م جه‌نگه‌ی نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ جه‌نگی نێوان دوو وڵاتی دراوسێ نیه‌, به‌ڵكو جه‌نگی نێوان دوو ئاراسته‌ی گۆی زه‌ویه‌ كه‌ ئه‌ویش (ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوایه‌) هه‌ربۆیه‌ ده‌رئه‌نجامی ڕوودانی جه‌نگه‌كه‌ بێ سه‌رو به‌ریه‌كی گه‌روه‌ به‌دوای خۆی ده‌هێنێت و به‌تایبه‌تیش بۆ گۆڕه‌پانی ئه‌مڕۆی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress